نیوەى دانیشتوانى کەمپی هۆل خەڵکی عێراقن

ژمارەى بنەماڵەی چەتەکانی داعش لە کەمپى هۆل لە باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا بۆ ٤٣ هەزار کەس کەمی کردووە، نیوەی ئەو ژمارەیە خەڵکی عێراقن.

ڕاوێژکارى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق قاسم ئەعرەجى، لە نووسینێکی سەبارەت بە کەمپی بنەماڵەی چەتەکانی داعش لە هۆل ئاشکرای دەکات کە نیوەی ڕاگیراوانی ناو کەمپەکە خەڵکی عێراقن .

لە نووسینەکەیدا قاسم ئەعرەجی ئاماژەى بەوە کردوە، ژن و منداڵى چەتەکانی داعش کە خەڵکى ٦٠ وڵاتى جیهانن لە کەمپى هۆل و دواى هەوڵە بەردەوامەکانى عێراق، ٢٤ وڵاتى دیکەش دەستیانکردووە بە وەرگرتنەوەى هاوڵاتییەکانیان کە ئێستا لە کەمپەکەدا راگیراون.

جێی ئاماژەیە کەمپى هۆل دەکەوێتە باشوورى پارێزگاى حەسەکە لە باکوورى ڕۆژهەڵاتى سووریا، ئەگەرچی مێژووی ئەم کەمپە کۆنە و بەردەوام ئاوارەى تێدا جێگیرکراوە، بەڵام بە دیاریکراوە لەساڵى ٢٠١٤ وە کاتێک چەتەکانى داعش ڕوویان لە سوریا و عێراق کرد، لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتیکەوە و بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان پاش کۆنتروڵ کردنەوەی زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بنەماڵەی چەتەکانى داعش لەو کامپەدا ڕاگیراون، کە لەچەندین نەتەوەى جیاوازی جیهان پێکدێن.

بە درێژایی ١٠ ساڵی ڕابردوو، دەوڵەتى داگیرکەری تورک بەمەبەستى ئازادکردنى ئەم بنەماڵانە و زیندوو کردنەوەی چەتەکانی داعش بە پیلان و هێرشەکانی بۆسەر ئەم کەمپە هەوڵی زۆریداوە، بەڵام بەردەوام شکستى هێناوە.