'پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەرامبەر سەرکوتی چالاکوانانی ئێران هەڵوێستیان هەبێت'

هیومان ڕایتس وۆچ، لە بارەی چڕکردنەوەی گوشارەکانی دەوڵەتی ئێران لە سەروبەندی یەکەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' و هەروەها ڕەشبگیری چالاکوانانی ئەو وڵاتە هۆشداریدا و داوای لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەی کرد، هەڵوێستیان هەبێت.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکەمین ساڵیادی سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'، ھێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران گوشارەکانیان بۆ سەر چالاکوانانی مەدەنی، سیاسی و بەتایبەتی ژنان، هەروەها پێکهاتەکان لەوانەش بەهاییەکان، خوێندکاران و توێژە جیاجیاکان چڕ کردووەتەوە. لە لایەکی دیکەوە بە شێوازی جۆراوجۆر هەڕەشە لە بنەماڵەی گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانەکە دەکەن، کە نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕێوڕەسمی یادکرنەوە بۆ ڕۆڵەکانیان ساز بکەن.

لەوبارەشەوە نووسینگەی بەیروتی ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاگەیەنراوێکدا، وێڕای شەرمەزارکردنی گوشارەکانی دەوڵەتی ئێران، داوای لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەی کردووە، ئەو پرسە بخەنە بەرنامەی کاریانەوە و هەڵوێستیان هەبێت.

لای خۆیەوە تارا سپێهری فەر، لێکۆڵەری باڵای کاروباری ئێران لە ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاندووە، "ئەو دەوڵەتانەی ئەندامن لە نەتەوەیەکگرتووەکان و پەیوەندییان لەگەڵ ئێراندا هەیە، دەبێت لە پەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ تاران پرسی دۆخی چالاکوانان و بەگریکارانی مافەکانی مرۆڤ، لەو وڵاتە بکەنە بنەما و پێوەرێک بۆ ئەو پەیوەندییانە".

'ئامانجییان لەو ڕەشبگیریانە، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی جەماوەریە'

سپێهری فەر سەبارەت بە دەستگیرکردنی ١٢ ژنە چالاکوان لە پارێزگای گیلان، کە ڕۆژی ١٦ی ئاب، لەلایەن هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران دەستبەسەر کرابوون، وتی: "ڕەنگە ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام کەم بووبێتەوە، بەڵام دەسەڵاتداران بەردەوامن لە سەرکوتکردن و بە ئامانجگرتنی چالاکوانانی دیاری مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ. ئامانجییان لەو ڕەشبگیریانە، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی جەماوەری بەرامبەر پێشێلکردنی بەردەوامی مافەکانیانە".

'کاربەدەستانی هەواڵگری و دادوەری تۆمەتی ناڕوونی ئەمنیی ئاراستەی چالاکوانان دەکەن'

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوەشکراوەتەوە، "کاربەدەستانی هەواڵگری و دادوەری ئێران بە گشتی لە دادگاکان، کە تێیاندا پێوەرە نێونەتەوەییەکان ڕەچاو ناکرێت، تۆمەتی ناڕوونی ئەمنیی ئاراستەی چالاکوانان دەکەن". 

هیومان ڕایتس وۆچ هەروەها سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشاوە، کە "دەسەڵاتدارانی تاران جگە لە دەستبەسەرکردنی ئەو ژنە چالاکوانانە، چالاکوانانی دیکەشیان لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە بانگهێشت کردووە و سەرکوتی بەهاییەکانیان چڕتر کردووەتەوە. هاوکات هەڕەشەیان لە بنەماڵەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان کردووە، کە نابێت بە هیچ شێوەیەک مەراسیمی یادکردنەوە ڕێکبخەن".

هەڕەشە لە دەیان خوێندکاری زانکۆ کراوە

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا هاوکات، دەیان خوێندکاری زانکۆ لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراون و هەڕەشەیان لێکراوە.

لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢، دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسی ئەخلاق لە تاران، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرفراوان کە بە سەرھەڵدان 'ژن، ژیان، ئازادی' ناسراوە، رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی دەستپێکردنی ئەو سەرھەڵدانە، گوشارەکانی ھێزەکانی دەوڵەت بۆ رێگری لە خۆپیشاندان و چالاکییە ناڕەزایەتییەکان زیادی کردووە.

ژ.ن