سەرۆککۆماری ئێران سەردانی دیمەشق دەکات

ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران رۆژی چوارشەممە بە سەردانێکی دوو رۆژە دەگاتە دیمەشق.

ئاژانسی ئیرنای فەرمی دەوڵەت رایگەیاند، ئیبراهیم رەئیسی لەلایەن بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریاوە بانگهشێتی دیمەشق کراوە و بڕیارە دوو رۆژ بمێنێتەوە.

حسێن ئەکبەری باڵیۆزی ئێران لە سوریا وتی، " سەردانەکە بۆ گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکانی هەرێمەکە زۆر گرنگە."

ئەکبەری راشێگەیاند، سەردانەکە نەک تەنیا بۆ تاران و دیمەشق بەڵکو بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش سوودی دەبێت.

سەردانی رەئیسی لە کاتێکدایە کە پەیوەندیەکانی نێوان ئێران و سعودیەش ئاسایی دەبنەوە. سعودیە کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سوریا وەستاندووە، دەستی بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی کردووتەوە.

بەشار ئەسەد لە ئایاری ٢٠٢٢دا، دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆیی لە سوریا، دووەمین سەردانی خۆی بۆ تاران ئەنجام دابوو.

دوایین جار مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆککۆماری ئەو کاتەی ئێران لە ساڵی ٢٠١٠دا سەردانی سوریای کردبوو.

ف.ق