تاڵیبان قوتابخانەی کچان دادەخات

لە شارەکانی قەندەهار و هەلمەند، چەند قوتابخانەیەکی ژنانی داخست کە ڕێکخراوە مەدەنییەکان پاڵپشتییان دەکردن.

لەوکاتەوەی لە مانگی ئابی ٢٠٢١ تاڵیبان گەیشتۆتە دەسەڵات، چەندین کۆتوبەند بەسەر ژناندا سەپێنراوە. بزووتنەوەی تاڵیبان ناوەند و پەیمانگا پەروەردەییەکانی سەر بە ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە شارەکانی قەندەهار و هەلمەند لە باشوری وڵاتەکە دادەخات.

بەگوێرەی هەواڵەکانی (NûJINHA) کچە خوێندکارەکانی پۆلی شەش و سەرووتر، لەم قوتابخانانەدا وانە دەخوێنن. لە ڕاگەیاندراوی وەزارەتی پەروەردەی سەر بە بزووتنەوەی تاڵیباندا هاتووە، بڕیاری داخستنی قوتابخانەکانی هەردوو شاری قەندەهار و هەلمەند، بەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی شاندەکەیانە و قوتابخانە هاوشێوەکانیش ئاگادار کراونەتەوە.

ئەم دوو شارە لە هەموو شارەکانی تر زیاتر هەژموونی تاڵیبان باڵادەستە، هێشتا هۆکاری داخستنی قوتابخانەکان ئاشکرا نەکراوە.

ف.ق