دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بە ناڕوونی ماوەتەوە

وەزیری نەوتی عێراق بۆ گفتوگۆ لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، لە ئەنقەرەیە و لەگەڵ هاوتاکەی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی تورکیا کۆدەبێتەوە، سیاسەتمەدارێكی عێراقیش ڕایدەگەیەنێت، جێبەجێکردنی مەرجەکانی دەوڵەتی توركیا ئەستەمە.

دوێنێ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت‌ و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا، ئەم سەردانە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت، بۆ گفتوگۆكردنە لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی عێراق‌ و توركیا لە بواری نەوت ‌و غاز و وزەدا، لە پاڵ ئەمەدا تاوتوێی پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكرێت كە لە بەرەبەیانی رۆژی ٢٥ـی ئازاری ئەمساڵەوە راوەستاوە.

لەو بارەیەوە حەیان عەبدولغەنی ئەم پرسانە لەگەڵ ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەكانی توركیا  تاوتوێ دەكات، دەیەوێت توركیا رازی بكات بەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان دەستپێبكاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان نەوتی كوردستان بە تەنیا لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە بفرۆشرێت.

لەم سەردانەی وەزیری نەوتدا، حكومەتی عێراق بە فەرمی نوسراوی ئاڕاستەی دەوڵەتی تورک كرد بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەڵام بەرپرسانی دەوڵەتی تورک مەرجیان هەیە، دەیانەوێت بەر لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، حكومەتی عێراق ئەو پارەیە بكات بە قیست كە دادگای ناوبژیوانی پاریس وەكو قەرەبوو بەسەر ئەنقەرەیدا سەپاندووە، کەبڕەكەی ملیارێك‌ و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە، سەرباری ئەمە توركیا دەیەوێت پێداچوونەوە بكرێت بە رێككەوتنی بۆرییەكان لە نێوان هەردوو وڵات ‌و عێراق ئەو سكاڵایەی تر بكێشێتەوە كە بەهەمان شێوە لە دادگای پاریس لەسەر توركیای تۆماركردووە.

دوابەدوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان عەبدولغەنی و بایراکتار لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند: " لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە دوای نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە هێڵی بۆڕیی گواستنەوەی نەوت کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ـی شوباتی ٢٠٢٣ زیانی بەرکەوتووە، گرنگە بە زووترین کات دووبارە دەست بە هەناردەی نەوت بکرێت"، بە بێ ئەوەی هیچ وادەیەک بۆ ئەو مەبەستە دیاری بکرێت.

بەپێی یاسای بودجەی ٢٠٢٣ـی عێراق كە بۆ ماوەی سێ ساڵ كاری پێدەكرێت، حكومەتی عێراق، هەرێمی كوردستانی پابەند كردووە بەوەی رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات، ئەگەر نەتوانرا نەوت لەرێگەی توركیاوە هەناردە بكرێت، دەبێت هەرێم رۆژانە هەمان بڕە نەوت ڕادەستی عێراق بكات بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی، بەڵام لە دوای پەسەندكردنی یاسای بودجەوە هەرێم رۆژانە لەنێوان ٥٠ هەزار بۆ ٦٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی عێراق دەكات بۆ پێداویستی ناوخۆ.

لەو چوارچیوەیەدا، پێشتر نەبیل مەرسومی شارەزای كاروباری ئابووریی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، توركیا شەش مەرجی داناوە بۆ عێراق لە بەرامبەر دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، مەرجەكانی توركیا بریتییە لە وازهێنان لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی نەوتی بەرامبەر بە غاز لەگەڵ ئێران، هەروەها پێدانی قەرەبوو بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم.

خاڵێكی دیكە، كشانەوەی داوای یاسایی عێراقە لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس، كە توركیا ناچارە پارەی قەرەبوو بدات بە عێراق، هەروەها توركیا لە بەرامبەر هەناردەكردنی هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم داوای  ١٣ دۆلار لە عێراق دەكات، دەبێت تێچووی نۆژەنكردنەوەی بۆری عێراق-توركیا لە ئەستۆی بەغدا بێت.

كۆتا خاڵی توركیا بریتییە لە بەردەوامبوون لە پێدانی پارەی گواستنەوە بە كۆمپانیای بۆتاسی توركیی كە بڕی حەوت دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك نەوت، كە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە هەناردە دەكرێت.

لای خۆیشیەوە فەلاح مەشعل، نووسەر و سیاسەتمەداری عێراقی ڕایگەیاند، ئەو مەرجانەی كە دەوڵەتی داگیركەریی تورك بۆ عێراقی داناوە، بە مەبەستی دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، مەرجی ئەستەمن.

هـ . ب