بەبۆنەی رۆژی ٨ی مارس کە دەکاتە رۆژی جیهانی ژنان، سەبارەت بە دۆخی ئیستای ژنان و ئەنجامی ئەو تێکۆشان و قوربانیەی ئەم رۆژەی دروست کرد، ئەو بەربەرست و ڕێگریانەی بەردەم داواکاری لە مافەکانیان، هەروەها توندوتیژی دژی ژن لەسایەی زاڵبوونی عەقڵیەتی پیاوسالاری لەناو کۆمەڵگا و دەسەڵات لە وڵات و چەند پرسێکی دیکەی گرێدراوی ئەو بابەتە، چالاکوانانی بواری ژنان لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) دووان.
'ژنان قوربانیان داوە لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان'
سەرگۆڵ محەمەد، چالاکوانێکی بواری ژنانە و بەرپرسی ڕێکخراوی مینا بۆ رۆشنبیری ژن و منداڵە، سەرگۆڵ بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان پیرۆزبایی لە هەموو ژنانی جیهان بەگشتی ژنانی کوردستان و شاری کەرکوکی پێکەوە ژیان بەتایبەتی کرد، و باسی لە مێژووی رۆژی جیهانی ژنان کرد کە تێکۆشان و قوربانی دراوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی، هەروەها باسی لەوەش کرد کە ئەم رۆژە بەرهەمی قوربانی دانی ژنانە لەپێناو بەدیهێنانی مافی یەکسانی لە کارکردن و ژیان کردن دا.
'تاوەکو ئێمەی ژنان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆمان بدەین'
دەربارەی رۆڵی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیار لە عێراق و باشوری کوردستان، ئەو ژنە چالاکوانە ئاماژەی بەوەکرد، "تێکۆشان و قوربانی دانی بەردەوامی ژنان وایکردووە کە ئەمرۆ لە هەموو کایەکانی کۆمەڵگادا رۆڵیان هەبێت و بەشداری هەڵبژاردن بن و لە ووڵاتێکی وەکو عێراق ٢٥٪ی ئەندامانی پەرلەمان ژنن، بەڵام ئێمەی ژنان لەو ٢٥٪ زیاترمان دەوێت، پێویستە ژن بگاتە دەسەڵاتە باڵاکانی وڵات تاوەکو بتوانین بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆمان بدەین، جێگای ڕەخنەیە کە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێگە خۆشکەرنەبوونە بۆئەوەی ژنان بگەنە دەسەڵاتە باڵاکانی بڕیاردان".
'کۆمەڵگای عێراق پیاوسالارە و پیاو یاساکان دادەنێن'
سەبارەت بە زاڵبوونی عەقڵیەتی پیاوسالاری بەسەر کۆمەڵگادا و کاریگەرییەکانی لەسەر مافەکانی ژنان، سەرگۆڵ محەمەد، ئاشکرای کرد: "بەداخەوە کۆمەڵگای عێراق کۆمەڵگایەکی پیاوسالارە و پیاوان یاسا دادەنێن و دەستور دەنووسنەوە، ژن ناتوانێت دەستور بنووسێتەوە، بۆیە هیوادارین گۆڕانکاری لە دەستور بکرێت و هەموار بکرێتەوە بەشێوەیەک کە مافی زیاتر بە ژن بدرێت، مافیش وەردەگیرێت ناتوانین بیکڕین، داکۆکی کردن و بەدەستهێنانی مافەکانمان قوربانی زۆری دەوێت".
'ژنان کۆڵ نەدەن تا دەگینە ئامانجی خۆمان'
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرگۆڵ محەمەد، چالاکوانی بواری ژنان و بەرپرسی ڕێکخراوی مینا بۆ رۆشنبیری ژن و منداڵ، دووبارە پیرۆزبایی رۆژی ٨ی مارسی لە تەواوی ژنانی جیهان و کوردستان کرد، و ووتی: "هیوادارم کە ژن کۆڵ نەدات تاوەکو بگەین بە ئامانجی خۆمان، ئەو ئامانجەی کە ئەمانەوێت ببینە بڕیاردەر و خاوەنی بڕیاری خۆمان نەوەک پیاوان زاڵ بن لەسەر بڕیاردان لەسەر چارەنووس و مافەکانی ژنان، هەروەها پێویستە سنورێک بۆ ئەو داب و نەرێت و کولتوورەی زاڵبوونی پیاو بەسەر ژنان دابنین".
'گەورەترین بەربەستە لەبەردەم ژن بۆ داواکردنی مافەکانی'
ئامانج عاسی، بەرپرسی کاروباری ژنان لە سەندیگای پیشەیی تەندروستی، کە ناوبراو لەهەمان کاتدا توێژەری چارەسەری دەروونییە و پاڵپشتی دەروونی پێشکەش بە ژنان دەکات، ئامانج باسی دۆخی ژنانی کرد لەنێوان ڕابردوو و ئیستادا و ڕایگەیاند: "هەرچەندە توندوتیژی دژی ژنان تائیستا بەردەوامی هەیە بەڵام بەراورد بە ڕابردوو دۆخی ژنان ئیستا باشترە و ئەتوانن داوای مافەکانی خۆیان بکەن، ڕێگری بنەماڵەکان گەورەترین بەربەستە لەبەردەم ژنان بۆ داکۆکی و داواکردنی مافەکانیان".
'دەبێتە هۆی دروست بوونی ژینگەیەکی توندوتیژ بۆ ژن'
سەبارەت بە هۆکارەکانی بەردەوامی و زیادبوونی توندیژی دژی ژنان، ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، "عەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵە بەسەر کۆمەڵگا و هەندێکجار ئەمەش دەبێتە هۆی دروست بوونی ژینگەیەکی توندوتیژ لەناو خێزانەکان، لە ئەنجامی ژینگەیەکی توندوتیژی ژن دەترسێت داوای مافەکانی بکات، وەکو توێژەری دەروونی هەولمانداوە پاڵپشتی دەروونی ژنان بکەین و هۆشیاریان بکەینەوە لەپێناو پاراستنی مافەکانیان بەڵام ئەو ژنانەی کە لەناو خێزان توندوتیژی بەرامبەریان دەکرێت هاوکاریی کردنیان قورسترە".
'ژنان نەترسن لە داکۆکی کردن لە مافەکانیان'
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئامانج عاسی، توێژەری چارەسەرەی دەروونی تایبەت بە ژنان، پەیامێکی ئاڕاستەی ژنان و کرد و ڕایگەیاند: "هەرچەندە قسەی کۆمەڵگا کاریگەری زۆرە لەسەر ژنانی ناو کۆمەڵگاکەمان بەڵام داواکارم لە ژنان کە نەترسن لە داکۆکی کردن لە مافەکانیان و هەوڵبدەن مافەکانیان بەدەستبهێنن، هەروەها بەبۆنەی رۆژی ٨ی مارس کە دەکاتە رۆژی جیهانی ژن، پیرۆزبایی لە هەموو ژنانی جیهان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم".