محەمەد خەرزی هاوسەرۆکی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک داوای کرد دەستبەجێ کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان لە سووریا رابگیردرێت و گروپە تاوانکارەکانی بەرپرسیار لە کۆمەڵکوژییەکان بدرێنە دادگا.
سەرکردایەتی تەحریر شام (هەتەشە) کە ڕژێمی بەعسی ڕووخاند و دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت، لە ٨ی بەرفرانباری ٢٠٢٤ـەوە مافی گەل پێشێل دەکات. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە لە شارەکانی وەک لازقیە و تەرتوس دژی عەلەوییەکان ئەنجامی داوە، ڕاستی ئەو ڕژێمە ئاشکرا دەکات. لەگەڵ مەلا محەمەد خەرزی هاوسەرۆکی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک لەسەر ئەم رووداوانە و سیاسەتە کۆمەڵکوژییەکانی تەحریر شام و کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان چاو پێکەوتنمان کرد.
'ڕژێمی سووریا هی عەلەوییەکان نییە، بەڵکوو هی بەعسییەکانە'
مەلا محەمەد خەرزی لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: "کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک هەم بۆ بەدیهێنانی ئیسلامێکی ڕاستەقینە کاردەکات و هەم بۆ هۆشیارکردنەوەی گەل لە ئیسلامی ڕادیکاڵ و توندو تێژ. لە ڕاستیدا تا ڕووخانی ڕژێمی سوریا، لەم ١٤ ساڵەدا شتی زۆر قورس ڕوویدا. کۆمەڵکوژی و ئاوارەیی ڕوویدا. بەڵام ئێمە نەماندەزانی سوورییەکان سەرەڕای جیاوازییە زۆرەکانیان پێکەوە دەژین. ڕاستە بەشار لە ڕووی ئاینییەوە عەلەوی بووە بەڵام زۆرێک لە سەرباز و بەڕێوەبەرەکانی سوننە بوون. کاتێک بمانەوێ ڕژێمی سوریا پێناسە بکەین، باسی بەعس دەکەین. ئێمە وەک سیستەمی عەلەوی پێناسەیان ناکەین، بەڵکو بە سیستەمی بەعس پێناسەیان دەکەین. ڕژێمی بەعس لە عێراق و سووریا وەک یەکن."
'گەلانی سووریا خۆیان دەپارێزن'
مەلا محەمەد خەرزی ئاماژەی بەوەدا کە دەبوو گەلانی سووریا پێکەوە یەکگرتوو بوان و وتی: "دەبوو گەلانی یەکتریان قبوڵ بکردایە. دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، هەمووان شادیان کرد. بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێم، ئەو کەسەی جێگای گرتەوە، لە ڕژێمی بەعس باشتر نەبوو. هەردووکیان یەک عەقڵیەتیان هەیە. عەقڵیەتی ئەوان داگیرکاری و کۆمەڵکوژییە. ئایندەی سووریا ئایندەیەکی گەشاوە و بەختەوەرتر لە ڕژێمی بەعس نییە. تاوانکاری و کۆمەڵکوژی زیادی کردووە. گروپە تاوانکارییەکان کە لەلایەن حکومەتە کۆکراونەتەوە نەتەوەکانی دیکە بە کافر دەزانن و دەیانکوژن. ئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێندرێت، ئەو ڕووداوانەی کە لە ماوەی ئەو ٤ ڕۆژدا ڕوویانداوە، بە تەواوی سووریادا بڵاوی دەکانەوە، ئەم کردەوانە نە ئایین قبوڵی دەکات و نە ویژدان و نە سیستەمی نێونەتەوەیی قبوڵی دەکات. چۆ دەبێت مرۆڤ بەهۆی بیروباوەڕەکەیەوە بکوژرێت. ئەم کەسانەی کۆمەڵکوژی دەکەن، ماڵی خەڵک وێران دەکەن، خەڵک ئەشکەنجە دەدەن و دەیانکوژن، دەبێت هەموویان بدرێنە دادگا.
'مەبەست لە باوەڕەکان لابردنی سنووری نێوان مرۆڤەکانە'
مەلا محەمەد خەرزی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "قورئان پێغەمبەری بەردەوام هۆشیار دەکردەوە ودەڵێت، ئەگەر بمویستایە هەموو مرۆڤەکانم بە یەک بیرکردنەوە دروست دەکرد، من خودام، دەمتوانی بیکەم. قورئانی پیرۆز بە موشریکەکان دەڵێت: ئێوە نە خودای ئێمە دەپەرستن و نە خودای خۆتان دەپەرستن. بیری مرۆڤ ئازادی مرۆڤە. هەرچی باوەڕی پێی هەبێت، ئازادی خۆیەتی. بەڵام هەموو ئەمانە بە خودا خۆی پەیوەندی هەیە، نە بە پێغەمبەر و نە بە دەسەڵاتداران هیچ پەیوەندییەکی نییە. هەروەها قورئانی پیرۆز دەڵێت بە خەڵک بڵێ: ئەمەیە باوەڕی ئێمەیە. تەنها تۆ پیشانی خەڵکی دەدەیت. بەڵام جیالەوە پەیوەندی بە تۆوە نییە، بەڵکوو پەیوەستە بە ئێمەوە. سەبارەت بە گەلان و گۆڕانکارییان، قورئانی پیرۆز گەلان وەک باخچەی گوڵ تەماشا دەکات. نە نوسراوە نەتەوەی عەرەب یان نەتەوەی کورد، دەڵێت: "ئەی مرۆڤەکان باوک و دایکی ئێوە یەک بوون، جیا بوونەوە، زمانتان جیا بووەوە. ئیمانت جیا بووەوە، باوەڕتان جیا بووەوە، جوگرافیاتان لەیەک جیا بووەوە و بە هەموو جیهاندا بڵاو بووەوە. بەڵام دەبێت سوود لە یەکتر وەربگرن، دەبێت یەکتر بناسن و لەگەڵ یەکتر لە پەیوەندیدا بن. مەبەستی تێگەیشتنە لە کولتوور و باوەڕەکانی یەکتر. دەفەرموێت: "باشترینتان لای خودا ئەو کەسانە نیین کە بەڕۆژوو بن و زۆرتر نوێژ بکەن. بەڵکوو ئەوانەی لە خودا دەترسن و ڕاستگۆن. لێرەدا مەبەستی ئەوەیە بە ئاشتی بژین و دوور بکەونەوە لە شەڕ و کوشتنی یەکتر."
بانگەوازی بۆ سووریایەکی پێکەوە ژیان
لە کۆتایی قسەکانیدا مەلا محەمەد خەرزی بانگەوازی کرد: "لەم خاکەدا کورد و عەرەب، موسڵمان، مەسیحی و دروزی و ئیسماعیلی لە دەوری مێزێک دابنیشن و هەموو پێکەوە بە خوشک و برایەتی سیستەمێک لە سووریا دروست بکەن. دەبێت یاسایەک دابمەزرێنن. سووریا دەبێ هی هەمووان بێت. پێکەوە دەتوانین هەموو سوریا بپارێزین. نابێت خیانەت لە وڵاتەکەمان بکەین. نابێت کەس بە ناوی ئاینەوە کەسانێکی دیکە بچەوسێنێتەوە."