دەم پارتی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز کرد

هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باقرخان جەژنی ڕەمەزانیان پیرۆز کرد و گوتییان: "بەبۆنەی ئەم جەژنەوە هیوادارین بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک جێبەجێ بکرێت. ئەو ڕۆژەی ئاشتی بە دی دێت، دەبێتە جەژنی مەزنی تورکیا."

هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری وتونجەر باقرخان بە ڕاگەیاندراوێک جەژنی ڕەمەزانیان پیرۆز کرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هیوایان خواستووە جەژن ببێتە هۆکاری ئەوەی بەیەکگرتووی ئازارە هاوبەشەکان تێپەڕنن، هیوا زیاد بکەن و دەستپێکێکی نوێ بونیات بنێن و گوترا: "هیوادراین جەژنی ڕەمەزان کۆتایی بە هەژاری، نایاسایی و نایەکسانی بێنێت و دەرگا لە سەردەمێکی نوێ بکاتەوە کە هەمووکەسێک لە ناویدا بە ئارامی تێیدا ژیان بکات."

لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لە ئەنجامدانی دیالۆگ کراوەتەوە و هاتووە: "ئەمڕۆ بەرپرسیارێتی هاوبەشی ئێمە ئەوەیە لە ڕێگەی دیالۆگ، ڕێکەوتنی دیموکراتیک و دانوستانەوە ئەو ئاڵۆزیی سیاسی و کۆمەڵگەییانەی وڵاتەکەمان تێپەڕێنین. دەتوانین هەموو پرسەکانمان بە هەڵوێستێکی ڕێزدار و لەسەر بنەمای دیموکراتیک چارەسەر بکەین."

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا سەرنج خراوەتەسەر پرۆسەی بانگەوازیی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ی ڕێبەر ئاپۆ و  گوتراوە: "بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە هیوادارین بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک جێبەجێ بکرێت. ئەو ڕۆژەی ئاشتی بە دی دێت، دەبێتە جەژنی مەزنی تورکیا.

هیوادارین جەژنی ڕەمەزان ببێتە هۆکاری ئاشتی و دیموکراسی بۆ ٨٥ میلیۆن هاووڵاتیمان و ئازادی هەموو زیندانیانی سیاسی کە لە زینداندان. جەژن لە هەموو کەسێک لە دڵەوە پیرۆز دەکەین."