جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، سەبارەت بە پێشهاتەکانی پاش بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد و ڕایگەیاند کە سەرکەوتنی بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ گرێدراوە بە هەنگاوەکانی تورکیاوە.
جەمیل بایک ئاماژەی بەوەدا، بۆ ئەوەی کۆنگرە ببەسترێت، دەبێت مەرجەکانی ئاگربەست جێبەجێ بکرێت و ڕێبەر ئاپۆ بتوانێ کۆنگرە بەڕێوە ببات و وتی: "جیا لە ڕێبەر ئاپۆ کەسی تر ناتوانێت کۆنگرە بەڕێوە ببات و ئەو بڕیارانە لە کۆنگرەدا بدات. بۆێە پێویستە هەموو کەس ئەمە بزانێت. چونکە ئەو کەسەی ئەم بزووتنەوەیەی دامەزراند و پەرەی پێدا ڕێبەر ئاپۆ بۆ خۆیەتی. هەروەها تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت کۆنگرە ببەستێ و بڕیار لەسەر کۆنگرە بدات و ڕێنمایییەکان بخاتە بەر پێشی کۆنگرە. بۆیە بەبێ ڕێبەر ئاپۆ، لەلایەن ئێمەوە هیچ کەس، بەڕێوەبەرایەتی پەکەکە و کادیرانی پەکەکە ناتوانین کۆنگرە ببەستن و تێدا بڕیار بدەن."
جەمیل بایک ڕایگەیاند؛ پێویستە دەرفەتی ئازاد و هەلومەرجەکانی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت و وتی: "دەبێت پارلمانی گەورەی تورکیا (TBMM) کۆمیسیۆن دابمەزرێنێت و هەندێک لە یاساکانی دەستوور هەموار بکاتەوە و سیستەمی ئیمرالی کۆتایی پێ بهێنێت. ئەگەر مەرجی ڕەوڵ و کارکردنی ئازاد بۆ ڕێبەر ئاپۆ دابین نەکرێت، ئەوا پرۆسەی چاوەڕوانکراو ناگاتە ئەنجام و وتی، ئەم پرۆسەیە لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە و پێویستە ئەم دەرفەتە مێژووییە بە باشی کەڵکی لێ وەربگیرێت.
دەبێت هێزە نێونەتەوەییەکان فشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورکیا هەنگاو بنێت
بایک ئاماژەی بەوەدا پێشهاتەکانی دوای بانگەوازەکە لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا ئەرێنی بوو، بەڵام دەبێت ئەم هێزانەی پەیوەست بە بانگەوازییەکە لە ڕاگەیاندراوەکانیاندا، لە پراکتیکدا ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و ئەمەی گوت: "چارەسەری پرسی کورد، دیموکراتیکبوونی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین تەنها بە ڕێبەر ئاپۆ، تەڤگەری ئازادی کورد و گەلی کوردەوە گرێدراو نییە. بەڵکوهەمووکەسێک دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت. لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ ناوەندی جەنگی جیهانی سێیەم ڕۆژهەڵاتی ناوینە و لەوێ خوێندەڕژێت. ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت ڕێگری لەم خوێنڕشتنە بگرێت. دەیەوێت دیموکراتیکبوون پەرەپێبدات، ئەمە لە چوارچێوەی بەرژەوندی هەمووکەسێکدایە. هەربۆیە پێویستە هەمووکەسێک لە پراکتیکدا هەنگاوی پێویست بنێت. بۆ پێکهێنانی بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، دەبێت هەمووکەسێک ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات. دەبێت داوا لە دەوڵەتی تورکیش بکرێت هەنگاو بنێت".
جەمیل بایک لە بەردەوامی قسەکانییدا سەرنجی خستەسەر هەندێک مەترسی دەوروبەر و دۆستانی پەیوەست بە پڕۆسەکە. بایک ئاماژەی بەوەشدا بەهایەکی زۆردراوە، ئازاری زۆر بینراوە و دەستکەوتی زۆر گەورە بە دەستهێنراوە و هیچ کەسێک نایەوێت ئەم دەستکەوتانە لاواز بکرێن و وتی، ڕێبەر ئاپۆ ئەم دەستکەوتانە دەپارێزێت و زیاتر پێشی دەخات و بەمجۆرە بەردەوامبوو: "ئێستا لەوانەیە هەندێک کەس ڕاستیی ڕێبەر ئاپۆ باش تێنەگەن و لەبەر ئەمەش بەمەترسیدار دەیبینن. ئەمە ئاساییە، بەڵام لەو باوەڕەدام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ئەم مەترسیانە دەڕەوێنەوە. لەبەر ئەوەی پێشتریش لە ناو گەلدا چەندینجار ئەم مەترسییانە ڕوویداوە و پاشان دەرکەوت بە ڕاستیی ئەم مەترسییانە بێ هۆکارن. چونکە ڕێبەر ئاپۆ هەموو جار تێکۆشانی زیاتر پەرەپێداوە و فراوانتری کردووە. هەربۆیە گەل و دۆستانمان متمانەی زۆریان بە ڕێبەر ئاپۆیە. وەک ئەوەی مادام ڕێبەر ئاپۆ هەندێک هەنگاو دەنێت، هەرکات لە شتێک دڵنیا بێت بیری لەسەر دەکاتەوە و دەیخوڵقێنێت،. تاوەکو ئێستاش فریوی نەخواردووە."
جەمیل بایک بانگەوازی لە هەمووکەسێک کرد پشتگری بانگەوازییەکەی ڕێبەرئاپۆ بکەن، خاوەندارێتی لێ بکەن و ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و دەبێت هەنگاوی جیهانی ئازادی لەگەڵ هەموو دۆستان فراوانتر بکرێت و دەبێت ڕێبەر ئاپۆ لە سیستەمی ئیمراڵی دەر بهێندرێت.
هەڵسەنگاندنەکانی جەمیل بایک بەم شێوەیە:
"ڕێبەر ئاپۆ مانیفێستۆی سەدەی ٢١یەکەمی نارد. بە ڕاستی دەبێت لە جەوهەری ئەم مانیفێستۆیە باش تێبگەین. ئەمە هەم ئێمە، هەم گەلەکەشمان دەگرێتەوە. هەڵبەت هەوڵدەدەین باش لە ڕێبەر ئاپۆ تێبگەین و پەیوەست بەم پڕۆسەیەوە، ئەرک و بەرپرسیارێتی پڕۆسەکە تێبگەین و جێبەجێی بکەین.
ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت چەمکێکی کارا لە سۆسیالیزمدا پەرەپێبدات
ڕێبەر ئاپۆ بەم مانیفێستەوە هەندێک لە کێشە سەرەکییەکان و چارەسەری ئەم کێشانەی خستۆتە بەردەمی هەمووان. بە هەڵسەنگاندن و بانگەوازییەکانی گرێدراو بەم مانیفێستەوە، دوور خستنەوەی پرسی کورد لە شەڕ ئامانجی ئەوەیە لە ڕێگەی سیاسی و دیموکراسییەوە چارەسەر بکرێت. ڕێبەر ئاپۆ هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا بەردەوام هەوڵی چارەسەری پرسی کورد دەدات. ئێستا نیشانی هەمووانی داوە کە چۆن پرسی کورد چارەسەر دەبێت. بۆیە ناوی لێناوە پارادایمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک.
هەروەها مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە دژی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستوەردانی کرد. بەم دەستوەردانەش زۆر شت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانی بەسەرهات. ئەمەش هێشتا بەردەوامە. ڕێبەر ئاپۆ خەباتی گەلی لە دژی ئەو دەستوەردانانە بەرەوپێش برد. ئەو ڕێگا و ئامرازانەی پێشکەش کرد کە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانن خۆیان لەسەر ئەو بنەمایە ئازاد بکەن و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی دیموکراتیک بنیات بنێن. ڕوانگەی ئەمەش پێشکەش بە گەل کرا.
هەروەها بەم مانیفێسته هۆکارەکانی داڕمانی سۆسیالیزمی ڕئال و بنەماکانی پەرەپێدانی چەمک و تێکۆشانی سۆسیالیستی له شوێنیدا ئاشکرا کرد. سۆسیالیزمی ڕئال بە پلەی یەکەم بە هۆکاری ناوخۆیی رووخا. لەوانەیە هۆکاری دەرەوەیش خێراتری کردبێت. بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەم رووخانە ناوخۆیی بوو. بە چەمکی دەوڵەت، دەسەڵات و نەتەوە، هەروەها پەیوەندی بە چەمکی حیزبەکەیەوە پەیوەندی هەیە. ڕێبەر ئاپۆ بەم مانیفێستەوە بەنیازە کاریگەرییەکانی سۆسیالیزمی ڕئال نەهێڵێت و چەمکێکی سۆسیالیستی ڕاست و کارامەتر پەرەپێبدات. بە رووخانی سۆسیالیزمی ڕئال لە یەکێتی سۆڤیەتدا، ئەو حکومەت و پارت و ڕێکخراوانەی کە لەسەر بنەمای سۆسیالیزمی ڕئال پێکهاتبوون، هەموویان هەڵوەشانەوە.
چۆن دەتوانرێت چەمکێکی سۆسیالیستی دروستتر و کارامەتر پەرەی پێبدرێت؟ هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕێبەر ئاپۆ چەمکی خۆی لە بەرامبەر هێزە سۆسیالیستەکان، هەموو ئەو ڕێکخستن و ناوەندانەی کە تێکۆشانی سۆسیالیستی بەرەوپێش دەبەن، بەکار دێنێت. دەیەوێت لەسەر ئەم بنەمایە پێگە بە سۆسیالیزم بدات.
لە بنەڕەتدا، ئەو بەم مانیفێستەوە کە هەڤاڵانی ژن بە دروستی وەک ڕونێسانسێک هەڵسەنگاندیان بۆ کرد دەستی پێکردووە. کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی و دیموکراسییە. ئەو گەشەسەندنی ژیان و کۆمەڵگا و کەسایەتییەکی ئازادە - چەمکی ئازادی لەسەر ئازادی ژن دامەزراندووە. بە ڕوونی نیشانی داوە کە بەبێ پێشکەوتنی ئازادی ژن هیچ ئازادییەک بە ئەنجام ناگات. هەموو ئازادییەکانی لەسەر ئازادی ژن بنیاتناوە. بە ڕوونی پەیوەندی نێوان ژن و سۆسیالیزم، ژن و دیموکراسی، ژن و ئازادی، ژن و سۆسیالیزمی ئاشکرا کردووە. هەروەها نیشانی داوە کە ئەوانەی ئامانجیان کۆمۆنیزم، ئازادی، دیموکراسی و سۆسیالیزمە، دەبێ کار و تێکۆشانیان لەسەر ڕزگاری ژن بنیات بنێن. ڕێبازی ژن و ڕێبازی هێڵی ئازادیی ژنانی وەک پێوەرێک بۆ سروشتی سۆسیالیست بوونی تێکۆشەرێک و کەسایەتییەک خستووەتەڕوو.
بەم مانایە ڕێبەر ئاپۆ مانیفێستی سەدەی ٢١ی لەسەر ئەو بنەما بنەڕەتییانە داناوە و پێشکەشی هەمووانی کردووە. هەروەها بزووتنەوەکەمان لەسەر ئەمانە پێداگری دەکات و هەوڵ دەدات ئەنجامی پێویست لەو بارەیەوە بەدەست بهێنێت و بەو پێیە درێژە بە تێکۆشانی دەدات.
ڕێکەوتنی مێژوویی گەلانی کورد-تورک
نیشتەجێبوونی تورکەکان لە ئەنادۆڵ بە ڕێکەوتنی گەلانی کورد-تورک ئەنجام درا. هەروەها پێشخستنی ئیمپڕاتۆڕێتیش لە لایەن تورکەکانەوە خۆی بەم ڕێکەوتنە دەسپێرێت. دەوڵەتی تورک، دەوڵەتی عوسمانی و گەلی تورک هەرکات ڕووبەڕووی مەترسی جدی بووبێنتەوە، دیسان لە سایەیی ئەم ڕێکەوتنە و پشتگیری گەلی کورد ئەو مەترسییەیان تێپەڕاندوە. ئەمە ڕاستییە دەزانرێت. هیچ کەسێک ناتوانێت ئەم ڕاستییانە پشتگوێ بخات و لە ناوی ببات.
هەر لە سەرەتادا ڕێکەوتن لەگەڵ سوڵتان سەنجەر پێشخرا بوو. ئەم ڕێکەوتنە دواتر لە مازگرت و چالدران و لە پەرەسەندنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا ڕۆڵی خۆی گێڕا. دواتر کاتێک عوسمانییەکان ڕووبەڕووی ڕووخان بوونەوە، کاتێک دەوڵەتی تورک و گەلی تورک ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بوونەوە، دیسان موستەفا کەمال خۆی بە ڕێکەوتن لەگەڵ گەلانی کورد-تورک سپارد و دیسان لەو کاتەدا لە سۆڤیەت پشتگیری وەرگرت، دەوڵەتی تورک و گەلی تورک خۆیان لەو بارودۆخە ڕزگار کرد. لۆزان پەیوەست بەمەوە پێشکەوت.
تاوەکو لۆزان دەوڵەتی تورک گرنگییەکی زۆری دا بە گەلی کورد. بە پشتگیری گەلی کورد خۆی لە دۆخە خراپەکان ڕزگار کرد و چووە لۆزان. تاوەکو ئەو کاتەش بۆ کوردان خۆبەڕێوەبەری دانیپێدانرا. هەروەها سەبارەت بەمە چەندین نووسین هەیە. دیسان یاسای بنەڕەتی ٢١ هەیە. دواتر کاتێک دەوڵەتی تورک لە لۆزان تاپۆی وەرگرت و مەترسییەکانی لە بەرانبەری نەما، ئەمجارەش بیری کردەوە کە پێویستییان بە پشتگیری گەلی کورد و سۆڤیەت نییە و پەیوەست بە یاسای بنەڕەتی ٢١ەمەوە هەندێک گۆڕانکارییان کرد. بەومانایە ڕێکەوتنی گەلی کوردیان تێکدا. بۆ ئەوەی ڕوو لە گەلی کورد بکەن، لە ساڵی ١٩٢٤دا سەرەتا یاسای تەقریری سوکوونیان دەرکرد و پەیوەست بەمەوە یاسای بنەڕەتی ساڵی ١٩٢٤یان دەرکرد، پاشان چەندین شتیان پێشخست.
هەڵبەت کاریگەری مۆدێرنیتەی سەرمایەداریش لەسەر ئەمە هەیە. لەبەر ئەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری تێگەی دەوڵەت نەوەتەوەی خستەبەردەم تورکیا. بە تەنها بۆ پێشخستنی ئەمە تورکیای ئەرکدار نەکرد، لە هەمانکاتدا ئەرک و بەرپرسیارێتی پێشخستنی تێگەی دەوڵەت نەتەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پێدا. دەوڵەتی تورکیش بەهۆی ئەمەوە تاکپەرەستی لە تورکیا بە بنەماگرت. بەومانایە دەوڵەتی تورک عەقڵیەتێکی فاشیستی وەک یەک نەتەوە، یەک ئاڵا و یەک زمانی بە بنەماگرت. نکۆڵیکردن لە گەلی کورد و لە ناوبردنی گەلی کورد لە ئەنجامی ئەمەدا دەرکەوت و بەردەوامە. چەندین کۆمەڵکووژی پەیوەست بەمەوە ئەنجامدران.
پەیوەندیی نێوان گەلانی کورد-تورک لە بنەڕەتدا دوای دامەزراندنی دەوڵەتی تورک کەم بووەو. ئەمەش بە تەواوی ئەنجامی عەقڵیەتی دەوڵەت نەتەوەیە کە لەلایەن سەرمایەدارییەوە بونیاتنراوە. چونکە دەوڵەت نەتەوە تاکپەرەستی بە بنەما دەگرێت. لەناوبردنی هەموو کەلتوور، گەل و زمانەکان و دروستکردنی یەک نەتەوە بە بنەما دەگرێت. ئەو شتەی کە دەوڵەتی تورکیش بە بنەما وەریگرتووە، ئەمەیە. ڕێکەوتنی درێژخایەنی گەلانی کورد-تورک ژەهراویکرا. گوزرێکی گەورەیان لە پەیوەندیی نێوان گەلانی کورد-تورک دا.
دەوڵەتی تورک و حکومەت هەمووکات گەلی کورد تاوانبار دەکەن. پڕوپاگەندەی وەک گەلی کورد خیانەتی لە وان کردوە و دەیانەوێت وڵات دابەش بکەن. پەیوەست بەمەشەوە کۆمەڵگە ژەهراوی دەکات. خوشک و برایەتی و یەکێتی لە ناودەبات. لە بەرانبەر گەلی کورد دووژمنایەتی پەرە پێدەدات.
لە کاتێکی زۆر گرنگدا کوردان پشتگیری گەلی تورکیان کرد
بەڵام ئەوانەی خیانەت دەکەن و دابەشکاری دەکەن، ئەوە خۆیانن. کاتێک لە مێژوو دەڕوانین، لە هەمووکاتە گرنگەکاندا کوردان پشتگیری زۆر گەورەیان لەگەلی تورک کردووە. بە پشتگیری کوردان هەموو مەترسییەکانیان تێپەڕاند. ئەگەر تورکیا خۆی کردووە بە وڵات، ئەمە لە سایەی کوردانەوە بووە. دەبینین کە ئەم ڕاستییە بە پێچەوانەوە دەکرێتەوە. ئەگەر پەیوەندییەکان خراپ بوون، خوشک و برایەتی لەناو چوو، کوردان خراپیان نەکردووە، دەوڵەتی تورک، حکومەتە تورکییەکان خۆیان هۆکاری ئەمانە بوون، سیستەمی مۆدێرنیزمی سەرمایەدارییە کە ئەوان پشتی پێدەبەستن خراپیان کردوە. ئەمە عەقڵیەتی دەوڵەت-نەتەوەیە.
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا عەقڵیەتی دەوڵەت-نەتەوە بە تایبەتی لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا هەڵدەوەشێتەوە. ڕۆژھەڵاتی ناوین دەشێوێنرێت و سەرلەنوێ بونیات دەنرێتەوە. دیار نییە ئەمە چۆن دەکرێت. بەھۆی ئەمەشەوە، دەوڵەتی تورک کە دەوڵەت-نەتەوەی لە تورکیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە بنەما وەردەگرێت، ئێستا ڕووبەڕووی قۆناغێکی جدییە. چیتر ناتوانێت وەک پێشوو پێداگری لە دەوڵەت-نەتەوە بکات. ھێشتا پێداگرە، بەڵام ئیدی چەندە پێداگربێت ئەم دۆخە لە دواوە ماوە. ئەمە پێویستە لەلایەن ھەموو کەسێکەوە باش لێی تێبگات. ڕەنگە دیسان پەیوەندییەکانی تورک-کورد سەرڕاست ببێت و چارەسەری و و تێگەیشتنی نەتەوەی دیموکراتیک بە بنەما وەربگیرێت. تاوەکو تێگەیشتنی نەتەوەی دیموکراتیک بە بنەما وەرنەگیرێت، تاوەکو لەسەر ئەم بنەمایە گۆڕانکارییەکی زیهنی ڕوونەدات، ئەگەر لە زیهنیەتی کۆنەپەرەستیدا پێداگری بکەن، واتە لە دەوڵەت-نەتەوەدا پێداگری بکەن، بێگومان ناتوانرێت ئەم پەیوەندییانە سەرڕاست بکرێنەوە. ڕێبەر ئاپۆ لەبەر ئەمەش مێژووی کورد-تورک سەرلەنوێ خستە بەر چاوی ھەموو کەسێکەوە. ڕێگای پێشخستنی ڕێکەوتنی لە پێش دوو گەلی مێژوویی کردەوە و خستیە پێش چاوی ھەموو کەسێکەوە. خوشک وبرایەتی و یەکێتی کورد و تورک تەنھا بە دانپێدانانی بوون و مافەکانی کۆمەڵگەی کورد پێک دێت. واتە بە دەستهەڵگرتن لە سیاسەتی نکۆڵیکردن-لەناوبردن، بە قبوڵکردنی مافە سروشتییەکانی گەلی کورد و پێشخستنی نەتەوەی دیموکراتیک دەتوانرێت چارەسەر بکرێت. لە بنەڕەتی بانگەوازییەکە و مانفیستۆی ڕێبەر ئاپۆدا پێشخستنی ئەمە بوونی ھەیە.
ھیوادارین دەوڵەت و حکوومەتی تورک، بە تایبەتیش ئەوانەی تورکیایان خۆش دەوێت، وڵاتپارێز، گەلی تورک ئەم ڕاستییە ببینن و دەست لە پێداگری نکۆڵیکرد-لەناوبردن هەڵبگرن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کوردان کە خراپ کردبوو، سەرلەنوێ لەسەر بنەمای سیاسەتی دیموکراتیک بونیاتی بنێنەوە.
ڕێبەر ئاپۆ، گەلی کورد و تەڤگەری ئازادی بۆ ئەوەی ئەم پەیوەندییانە جارێکی تر دروست بکرێنەوە و ئەو پێچەوانەیەی کە دروست کراوە لە ناو بچێت، ھەوڵ دەدەن ئەو بەرپرسیارییە مێژوویییە کە دەکەوێتە سەریان جارێکی تر جێبەجێ بکەن. ھیوادارم کە دەوڵەت و حکومەتی تورک و بە تایبەتیش کۆمەڵگەی کورد ئەم بەرپرسیارییە مێژوویییە جێبەجێ بکەن.
تێکۆشانی چەکداری بۆ ئەوەی زەمینەی سیاسەتی دیموکراتیک بکرێتەوە پەرەی سەند
لەو کاتەوە کە سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا جێبەجێ دەکرا، هەموو ئەو شتانەی کە هی کورد بوون لەناوچوون. کۆمەڵگای کوردی ڕووبەرووی لەناوچوونێکی یەکجاری بووەوە. ڕێبەر ئاپۆ لەو کاتەدا دەستوەردانێکی مێژوویی کرد. چونکە ئەو دۆخەی کە هاتە ئاراوە تەنها بە زیانی کورد نەبوو، بەڵکوو بە زیانی تورکیش بوو. ڕێبەر ئاپۆ زۆرجاران ئەم بابەتەی وروژاند. وتی: "تورک بەبێ کورد ناتوانێت بژی و کوردیش بەبێ تورک ناتوانێت بژی. زۆرجاران ئەم بابەتەی پەرە پێدا. بەو پێیەی هەموو ڕێگاکان داخران و گەل و کۆمەڵگای کورد ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورەی لەناو چوون بووەوە، ڕێبەر ئاپۆ ناچار بوو تێکۆشانی چەکداری دەست پێبکات بۆ ئەوەی زەمینە بۆ سیاسەتی دیموکراتیک خۆش بکات. هیچ ڕێگایەک نەمابوو بۆ ئەوەی کورد خۆی بپارێزێت مەگەر لە ڕێگەی پەرەپێدانی تێکۆشانی چەکدارییەوە هەموو ڕێگاکان داخرا بوون؛ بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتی دیموکراتیک، پاراستنی بوونیەتی خۆی زۆر گرنگ بوو. تەنها بە پاراستنی هەبوونی خۆی دەیتوانی ئەم ڕێگایە بکاتەوە.
هەتا شەهیدبوونی هەڤاڵ حەقیقی قەرار، ئامانجی پەرەپێدانی تێکۆشانی چەکداری لە ئارادا نەبووە. تا ئەو کاتە کار لە ناو کۆمەڵگادا دەکرا. ئەو کارەی کە کرا کارێکی سیاسی بوو. دوای تیرۆرکردنی هەڤاڵ حەقیقی قەرار، دەرکەوت کە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە ئەنجام بگەیەنیت، دەبێت خۆت بپارێزیت. چونکە هیچ ڕێگایەکی تر نییە. تێکۆشانی چەکداری لەو سەردەمەدا کەوتە ڕۆژەڤی ئێمە. ئامانج لێی دروستکردنی دەرفەتێکی سیاسی بوو بۆ کورد؛ دروستکردنی کەشێکی سیاسی و یاسایی بوو. ئەم زەمینە بە تێکۆشانی چەکدارییەوە دروست بووە. بەم مانایە تێکۆشانی چەکداری فراوانکراو دروست و ڕەوا بوو. گەلی کورد زیندوو بووەوە، سەر لەنوێ ژیایەوە، هەستا و لە بە ڕاپەڕینەکانەوە، بوو بە گەلی نەورۆز.
هەوڵدانی ئاگربەست و ئاشتیی تێکدرا
ڕێبەر ئاپۆ ئەم ئامانجەی بەم شێوازە جێبەجێ کرد. زۆرێک لەو کەسانەی کە لە هەر هەلومەرجێکدا خاوەنداریان لە ئازادی و بەهاکانیان کردووە. ئیدی گەلی کورد دەبێت بە ئەوینداری ئازادی و دیموکراسی بۆیان. ئیدی ئەو شتەی کە پێویستە بکرێت ئەوەیە کە ژیانەوە بە ئازادی دەگاتە ئەنجام. ڕێبەر ئاپۆ لەبەر ئەمەش گوتی "ژیانەوە کاری خۆی تەواو کرد، ئێستا کاتی ڕزگاربوونە". واتە ویستی کە پرسی کورد لە زەمینەی تێکۆشانی چەکدارییەوە دەربێنێت و بیهێنێتە سەر زەمینەی سیاسەتی دیموکراتیک و ویستی لەسەر ئەم بنەمایە پرسی کورد چارەسەر بکات. لە ساڵی ١٩٩٣دا هەنگاو بۆ ئەمە نرا. تورگوت ئۆزاڵ هەوڵی دا ئەم زەمینە بئافرێنێت. چونکە تورگوت ئۆزاڵ هەوڵێکی گەورەی دا بۆ کۆتایی هێنان بە تەڤگەرەکەمان، بەڵام لە کۆتاییدا بینی کە بەم شێوازە چارەسەر ناکرێت. تێگەیشت کە تورکیا زیان دەبینێت. هەربۆیە ئەمەی کرد بە ئامانج کە پرسەکە بە ڕێبازی سیاسەتی دیموکراتیک چارەسەر بکات. بینی کە ئەمە لە سوودی تورکیایە، لەسەر ئەم بنەمایە هەنگاوی نا. ڕێبەر ئاپۆ بۆ پێشخستنی ئەم پرۆسەیە، ئاگربەستێکی لایەنی ڕاگەیاند. مام جەمال لەو کاتەدا بۆ پێشخستنی ئەم پرۆسەیە لە نێوان تورکیا و ڕێبەر ئاپۆدا نێوەندگیری کرد، هەوڵی دا.
بەڵام بەهۆی ئەوەی زیهنیەتی دەوڵەتی تورک لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن-لەناوبردنە، ئەمە تێکدانەی کرد. تورگوت ئۆزاڵ لە ناوبرا، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ دەستی لە ئامانجەکەی خۆی هەڵنەگرت. بە بەردەوامی هەوڵی دا بۆ ئەوەی تەڤگەر و تێکۆشان بباتە سەر زەمینەی دیموکراتیک. ئەرکێکی وەهای دانا لە کۆنگرەی پێنجەم. ڕاپۆرتەکەی کە پێشکەشی کۆنگرەی پێنجەمی کرد، هەموو کەس دەتوانێت بیخوێنێتەوە. گۆڕان و گۆڕانکارییەکانی تەڤگەر، سەرلەنوێ ژیانکرنەوەی خستە پێش کۆنگرە. هەرچەندە کۆنگرە لەم لایەنەدا هەندێک هەنگاوی نا، نەیتوانی ئەو بونیاتنان و گۆڕان و گۆڕانکارییە کە ڕێبەر ئاپۆ دەیویست، بهێنێتە ئاراوە. ڕێبەر ئاپۆ دیسان بەردەوامبوو. ویستی ئەم ئامانجەی جێبەجێ بکات.
لە تورکیا نەجمەدین ئەرباکان بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە نامەیەکی نارد. ڕێبەر ئاپۆش وەڵامی ئەو نامەیدایەوە. ئەرباکان بینی بەرژەوندی تورکیا بە چارەسەرکردنی پرسی کورددا تێپەڕ دەبێت. لەسەر ئەو بنەمایەش هەوڵی دا زەمینەیەک بئافرێنێت، بەڵام ئەرباکان لە دەسەڵات دوورخرایەوە. ڕێبەر ئاپۆ ویستی ئەو پڕۆسەی لە ساڵانی ١٩٩٣، ١٩٩٥دا لەگەڵ ئەرباکان دەستی پێکردبوو، لە هەڵسەنگاندنەکانی لە ١٥ی ئاب کە لە ساڵی ١٩٩٨دا کردی، بگاتە ئامانجەکەی. ویستی سەرلەنوێ بونیاتنانەوە، گۆڕانکاری و گۆڕانکارییەکان بەئەنجام بگەیەنێت. بەم ئامانجەش دیسان ئاگربەستی یەک لایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام بە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی وەڵام درایەوە. بۆچی؟ چونکە مانەوەی پرسی کورد لە زەمینەی شەڕدا، نەک تەنها ڕانت لە تورکیا بۆ چەندین بازنە قازانجی دەهێنا، لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا کەسانی تر هەبوون کە قازانجیان لێدەکرد. بۆیە نەیانویست پرسی کورد بە ڕێبازی سیاسەتی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت، تێکیاندا. هێزی ئێمەش ئەوندە تێرکەر ننەبوو کە ئەو هەوڵە تێکدانانە بێ کاریگەری بکەین. هەرچەندە ویستمان ئەمانە بێ کاریگەری بکەین، بەڵام هەوڵەکانمان کەم مایەوە.
کاتێک ڕێبەر ئەپۆ بە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی دەستگیرکرا، لە هەلومەرجی ئیمراڵییدا کە سەختترین هەلومەرجەکانی جیهانە، لە ناو ئەوەندە ناڕەواییدا گۆڕان، گۆڕانکاری و سەرلەنوێ بونیاتنانەوە کە لە ساڵی ١٩٩٣ەوە پێشکەوتوو تەواوی کرد. تەڤگەری سەرلەنوێ گەیاندە پارادایمێکی نوێ. پارادایمی بونیاتنانی کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیک، ئازادیخوازی ژن و دیموکراتیکی پێشخست. بەمەش ویستی تەڤگەر بباتە سەر زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی و لەسەر ئەم بنەمایە پرسەکە چارەسەر بکات، بەڵام پیلانگێڕی نێونەتەوەیی و هێزە وابەستەکانی، هەندێک هێز لە تورکیا، دیسان لە باشوور، هەندێک لە ناو خۆماندا دەستیان کرد بە دەستێوەردانی ئەمە. بە تەسفیەکردن وەڵامیان دایەوە. ئامانجیان ئەوە بوو تەڤگەر کۆتایی پێبێن، بەڵام تەڤگەر لە دژی ئەمە ڕاپەڕی و ڕێبەر ئەپۆ لە ساڵانی ٢٠٠٣، ٢٠٠٥، ٢٠٠٩، ٢٠١٣دا لەو هەوڵدانەکانی بەردەوابوو.
کاتێک لەم هەوڵدانانەی بەردەوامبو، هەمیشە بە تێکدان وەڵامیان دەدایەوە. بۆیە نەیتوانی پێویستییەکانی پارادایمەکە بە تەواوی جێبەجێ بکات. هەرچەندە هەندێک هەنگاو نرابوو، بەڵام تەواوی تەکنیکی پارادایمەکە جێبەجێ نەبوو. بە پێی پێویستییەکانی ڕێکخستن و تێکۆشان پێشنەخرا. ڕەنگە دوای پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لەسەر بنەمای پارادایمی نوێ هات ئیدی فەرمانی پەکەکە تەواو بووە، ئەرک، بەرپرسیارێتی و ڕۆڵی خۆی جێبەجێ کردوە و بۆیە لە جێگەی ئەو ڕێکخستنبوونێک بە پێی پارادایمەکە پێشخرا. تاوەکو لە لە کۆنگرەدا بڕیاری ئەمە درا. پەکەکە هەڵوەشایەوە، کادەک لە شوێنی دامەزرا، بەڵام بە لەگەڵ تێپەڕبووندا لەگەڵ کادەک ڕێکخستنێک بە پێی پارادایمەکە پێشنەخرا. دۆخی مەترسی تێنەپەڕی. لەبەر ئەمەش ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی بەوەدا پەکەکە سەرلەنوێ لە بوونی خۆی بەردەوام دەبێت. ئەمە بە تەواوی بۆ لابردنی مەترسییەکانی تەسفیەکردن بوو کە لەو کاتەدا دەرکەوتبوو.
پەکەکە ڕۆڵی خۆی بە جێگەیاندووە
دەڵێم نەهێشتنی پەکەکە بابەتێکی نوێ نییە. پرۆسەیەکە لە ساڵی ١٩٩٣ـەوە دەستی پێکردووە و تا ئەمڕۆش پەرەی پێداوە. چونکە پەکەکە ڕۆڵی خۆی بەئەنجام گەیاندووە. لەهەمانکاتدا بەهۆی ئەوەی لەژێر هەلومەرجی سۆسیالیزمی ڕئالدا دامەزرا، بەهۆی کاریگەرییەکانی سۆسیالیزمی ڕئال، هەروەها لە هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ کە بۆ پەرەدانی سۆسیالیزم بەس نەبوو و پەکەکە ئێستا ڕۆڵی خۆی بە ئەنجام گەیاندووە، خۆی تێپەڕاندووە و لەبەرئەوەی بزووتنەوەیەکی گەورە سەریهەڵداوە، بۆیە دەبێت بڕواتە ناو ڕێکخستن و تێکۆشانێکی نوێیەوە.
ئەمەش ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ لە پێشی بزووتنەوەکەیدا دایناوە. بە هۆی ئەوەی تا ئاستی خوازراو پێش نەکەوت، ئێستا دەیەوێت بەئەنجامی بگەیەنێت. بە واتایەکی تر هیچ گۆڕانکارییەک لە ئایدۆلۆژی، فەلسەفە و پارادایمدا ناکرێت. گۆڕانکارییەکە تەنها لە تێگەیشتن، ڕێکخستن و تێکۆشاندایە. پێویستە بەم شێوەیە تێبگەین.
هەرکەسێک پشتگیری کورد بەدەست بهێنێ ئەنجام وەردەگرێت
ڕێبەر ئاپۆ هەم بارودۆخی تورکیا و هەم بارودۆخی پەرەسەندنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوامی تێکۆشانی بزووتنەوەکەی هەڵسەنگاندووە و لە ئەنجامدا داوای ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکی کرد. بە دڵنیاییەوە ئەم بانگەوازییەی لەبەرامبەر هیچ سەودایەکدا نەکردووە. ڕێبەر ئاپۆ بە دەستپێشخەری خۆی ئەم هەنگاوەی ناوە. چونکە ڕێبەر ئاپۆ ئەمەی دەستنیشان کرد؛ ئێستا هەلومەرجی تورکیا، هەلومەرجی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو تێکۆشانەی کە بزووتنەوەکەمان بەڕێوەی دەبرد و دەرەنجامەکانی دەرفەتی ئەوەی کردەوە کە هەنگاوێکی وا هەڵبگرێت. ئەو هەلومەرجەی ڕەخساند کە لە ساڵی ١٩٩٣بەدواوە دەیویست بە ئەنجامی بگەیەنێت بەڵام ڕێگەی پێنەدرا. ئەو ئەمەی تەنها بۆ کورد نەکرد، بەڵکو بۆ گەلانی تورکیا و بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ مرۆڤایەتیش ئەنجامدا و وتی: "ئەگەر هەلومەرج دابین بکرێن، من هێزی تیۆری و پراکتیکیم هەیە کە کێشەکە بگوازمەوە بۆ گۆڕەپانی یاسایی و سیاسی و چارەسەری بکەم". ئەمەی زۆر بە ڕوونی راگەیاند. ئەمە تەنها شتێک بوو کە ئەو دەیویست. وە هەندێک بژاردەی خستە بەردەم تورکیا. وتی: "ئەگەر دیموکراتیزەبوون لە تورکیا پێشکەوێت، نکۆڵی و لەناوبردنی کورد بوەستێندرێت، هەنگاوەکانیش بەرەو چارەسەری دیموکراتیک و سیاسی لە بەدیهێنانی پرسی کورددا بنرێت، ئەوە لە بەرژەوەندی هەمووان دەبێت". تورکیا سوودێکی زۆر لەم کارە وەردەگرێت. گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی جارێکی تر دەستکەوتێکی گەورە بەدەست دەهێنن. ئەگەر ئەم هەنگاوە نەگیرێتەبەر، سیاسەتی ئێستا بەردەوام بێت و پێداگری لەسەر بکرێت، ئەمە کێشەکانی تورکیا قورستر دەکات، تورکیا زیانی گەورەی پێ دەگات. بۆچی؟ چونکە تورکیا لە سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێنا. هەموو دەرفەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بەکارهێنا. پاڵپشتی ناتۆ و پاڵپشتی پەدەکە و پشتیوانی عێراقی وەرگرت، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێنا. ئەم سیاسەتە شکستی هێنا. لە کاتی پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتەدا، هەموو سەرچاوەکانی بە هیوای گەیشتن بەو ئەنجامە کۆتاییهات و ئێستا هیچی نەماوە بۆ بەکارهێنانی. تورکیا ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووەوە. گۆڕانکارییەکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات، بەردەوامیش دەبێت. ئەم پێشهاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش پەیوەندی زۆر نزیکی بە تورکیاوە هەیە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە کێشەکانی تورکیا، پرسی کورد پەرەی سەندووە. بۆ ئەو هێزانەی کە هەوڵی بەدەستهێنانی ئەنجام دەدەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کێ پشتیوانی کورد بەدەست بهێنێت و پشتگیری کورد بکات کێشەکانی چارەسەر دەبێت و ئەنجامی ئەرێنی بەدەست دەهێنێت.
سەرکەوتنی بانگەوازییەکە گرێدراری هەنگاوەکانی تورکیایە
ئیسرائیل لەسەری ڕادوەستێت، ئێران لەسەری ڕادوەستێت و تورکیا لەسەری ڕادوەستێت. ئەگەر تورکیا هەنگاوی دیموکراتیکبوون نەنێت و پرسی کورد چارەسەر نەکات، پرسی دیموکراتیکی چارەسەر نەکات، بێگومان تورکیا زیانێکی گەورە لەمە دەبینێت. ڕێبەر ئەپۆ تورکیا بە بنەما وەردەگرێت، دەیەوێت تورکیا دیموکراتیک ببێت. ئەمەش تەنها بە پشتگیری و ڕێکەوتنی کوردان دەبێت. دیسانەوە ئاماژەی بە فەلسەفەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا کرد، گووتی 'ئەگەر تورکیا هەنگاو بنێت، ئەوا بنەمای ئەمە دروست دەبێت' و ئەم هەنگاوەی نا.
لەم لایەنەدا سەرکەوتنی بانگەوازەکە بێگومان گرێدراوی هەنگاوەکانی تورکیایە. لە جیهاندا هیچ پرسێک بە هەنگاوی یەک لایەن چارەسەر نەکراوە. نمویەکی وا نییە. ڕێبەر ئاپۆ لەلایەن خۆیەوە ئەو هەنگاوانەی کە دەبوو بینات، نای و گووتی 'بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە پێشبخەم، دەبێت دەرفەتم بۆ دابین بکەن. واتا دەبێت هەلومەرجی من بگۆڕدرێت، دەبێت ئەم سیستەمەی ئیمراڵیە هەڵوەشێتەوە'.
دەبێت ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و هەلومەرجی تێکۆشانی ئازاد مسۆگەر بکرێت. دەبێت لە پەرلەماندا کۆمیسیۆنێک بونیات بنێت و لە دەستوور و یاسادا چەند گۆڕانکارییەک بکرێت. باخچەلی دەڵێت ڕێبەر ئاپۆ "با بێت و لە پەرلەماندا قسە بکات، با لە گرووپی دەم پارتی دا قسە بکات". چۆن قسە بکات؟ دەرفەتی قسەکردنی نییە، بەڵام ئەگەر یاسا بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ و کوردان بگۆڕن، ئەگەر هەلومەرجی تێکۆشانی ئازاد مسۆگەر بکرێت، ئەگەر سیستەمی ئیمراڵی هەڵبوەشێتەوە، ئەوا دەتوانێت کاری وا بکات. ئەوەی دەبێت بکرێت ئەمەیە. و چاوەڕوانیی هەموو کەسێکیش ئەمەیە.
هەموو کەس باسی ئەمە دەکات، تەنها سری سورەیا ئۆندەر باسی ئەمەی نەکرد. سری سورەیا ئەوەی لە دڵ و مێشکی هەموو کەسێکدا هەبوو، هێنایە سەر زمان. ئەوەی دەیکات ئەمەیە. پێویستە دەوڵەتی تورک ئەم هەنگاوانە بەنێت. هەتا دەوڵەت هەنگاو نەنێت، شتێک کە ڕێبەر ئاپۆ زیاتر بیکات بوونی نییە.
بۆیە ئەگەر تورکیا دەیەوێت ئەم پرۆسەیە پێش بکەوێت، دەبێت هەلومەرجی تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ سەرڕاست بکات. دەبێت بە شێوەیەکی ئازاد بتوانێت تێکۆشان بکات. دەبێت سیستەمی ئیمراڵی هەڵبوەشێتەوە. ئەو کاتە پێویستییەکانی بانگەوازییەکە جێبەجێ دەکرێن.
دەبێت بارگرانیەکان لەسەر رێبەر ئاپۆ کەم بکرێتەوە، بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن
گەلی کورد تێکۆشانێکی گەورەی ئەنجام داوە. لەم تێکۆشانەدا باجی قورسی داوە و ئازاری گەورەی چێشتووە. لە ئەنجامدا بەهای گەورەی بەدەست هێناوە. گەلی کورد نەک تەنها بۆ خۆیان، بەڵکو بۆ گەلانی تورکیا و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتیش بەهای گەورەیان بەرهەم هێناوە. بۆیە هەموو چاوەکان لەسەر ڕێبەر ئاپۆ و ئەو تێکۆشانەیە کە بەڕێوەی دەبات.
چونکە ئەو تێکۆشان کە بەڕێوەچووە ئەنجامێکی گەورەی لێکەوتووتەوە. بۆیە هەمووان چاک دەزانن کە ئەرکێکی گەورە لە سەر شانی ڕێبەر ئاپۆیە و ڕاست دەکەن. بەڵام لە کاتێکدا کە هەمووان ئەمە دەزانن، دروست نییە هەموو بارگرانییەکە بخەنە سەر شانی ڕێبەر ئاپۆ. ڕێبەر ئاپۆ هەر لەسەرەتاوە هەتا ئێستا بەرپرسیارێتی و ئەرکە قورسەکانی بەرامبەر گەلەکەی، گەلان و مرۆڤایەتیی لە ئەستۆ بووە و هەمیشە هەوڵی زۆری داوە بۆ بەجێگەیاندنی لە سەختترین بارودۆخەکاندا.
بۆیە لەم ڕوانگەوە دروست نییە هەموو بەرپرسیارێتییەکە بخرێتە سەر شانی رێبەر ئاپۆ. بۆیە دەبێت هەمووان هاوبەشی ئەم بەرپرسیارێتییە بن. ڕێبەر ئاپۆ بە ناوی خۆیەوە بەرپرسیارێتی و ئەرکە پێویستیەکانی لە ئەستۆ گرتووە و لە هەوڵی جێبەجێکردنیانیەتی. بۆ ئەوەی هەوڵ و تێکۆشانەکان بگەنە بەرهەم، پێویسته هەموو لایەک لەم پرۆسەیەدا ئەرک و بەڕپرسیاریەتی خۆی به جێ بهێنێت.
ئەگەر بەهۆی ئەو پێشهاتانەی ڕوویانداوە، لای گەلی کوردستان و هەندێک ناوەندی دۆستانی گەلی کورد نیگەرانی هەبێت، دەبێت ئەوەش تێبگەین، سروشتییە. چونکە وەک وتم ئەوان باج و بەهایەکی قورسیان داوە و ئازاریان چەشتووە و لە ئەنجامدا دەستکەوتێکی گەورەیان هەیە. بە دڵنیاییەوە ئەوان نایانەوێت ئەم دەستکەوتانە لاواز بن. ئەوان چاوەڕوانن و دەیانەوێت ئەم دەستکەوتانە زیاتر بەهێزتر بن و بە ئەنجامی کاریگەر بگەن.
بە گشتی کارێک کە رێبەر ئاپۆ دەیکات. پاراستنی دەستکەکان و پێشخستنیانە. هەروەها بەدیهێنانی خواست، خەون و داواکارییەکانی گەلی کورد، گەلانی تورکیا و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتییە. ئەو هەنگاوەی کە نێردراوە لەسەر ئەم بنەمایەیە. وەک زۆرێک کە دەڵێن وازهێنان لە شەڕ پاشەکشەکردن و دەستبەرداری دەستکەوتەکان نییە. به پێچەوانەوە زیاتر هەوڵ دەدەین دەستکەوتەکانی ئێستا زیاتر و فراوانتر بکەین و بیانخەینه خزمەتی گەلی کورد، گەلانی تورکیا و مرۆڤایەتیەوە. بۆیە پێویستە بەم شێوەیە لەم ڕوانگەوە تێبگەین.
بێ ڕێبەر ئاپۆ و کوردان کەس ناتوانێت سیاسەت بکات
دەکرێت هەندێک کەس ڕاستیینەی ڕێبەر ئاپۆ بە تەواوی تێنەگەن، دەکرێت بیربکەنەوە، ئەمە شتێکی ئاسایییە. وابیردەکەمەوە کە بە پێی کات ئەم بیرکردنەوانە هێواش هێواش تێپەڕن. چونکە لە مێژووماندا زۆر جار ئەم بیرکردنەوانە دەرکەوتوون، گەل کەوتە بیرکردنەوەوە، بەڵام دواتر بۆیان دەرکەوت ئەم بیرکردنەوانە بەڕاستی بێ بنەماش بوون. چونکە هەموو جارێک ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشانی زیاتر گەورەی کرد و بەڕێوەیبرد. بۆ ئەمەش باوەڕی گەلەکەمان و دۆستانمان بە ڕێبەر ئاپۆ زۆر گەورەیە. دەڵێن ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ هەندێک هەنگاو دەنێت، ئەمە مانای ئەوەیە کە شتێک دەزانێت. هەتا ئێستاش هەڵە نەبووە. بەڕاستی ڕاستیینەی ڕێبەر ئاپۆ ئەوەیە کە هەڵە ناکات و کەس فریونادات. ڕێبەر ئاپۆ لە تەواوی ژیانیدا ئەمە نیشان داوە. ڕێبەر ئاپۆ بۆ خۆی ڕۆژێک نەژیاوە. لە ناو هەلومەرجی زۆر سەختدا، لە ژێر بێدەرفەتییەکاندا بۆ گەلی کورد، گەلانی تورکیا، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و مرۆڤایەتی بگاتە سەرکەوتن هەموو کات تێکۆشانی بەڕێوەبردوە. ئەو ئاستەی ئەمڕۆ بونیاتی ناوە لە لایەن هەموو کەسێکەوە دەبینرێت.
ئیدی کەس بەبێ ڕێبەر ئەپۆ و کورد ناتوانێت سیاسەت بکات. دۆخێک دروست بووە کە هەموو کەس موحتاجی کوردانە. ئەمە ئەنجامی ئەو تێکۆشانەیە کە ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەیبردوە. ئێستا گەلی کورد بووە بە گەلێکی زۆر بەنرخ. هەموو کەس گەلی کورد و پێشەنگی تێکۆشانی ئەم گەلە، ڕێبەر ئاپۆ بە بنەمای خۆی وەردەگرێت. ئێمە خۆمان ئەمە ناڵێین. زۆر کەس ئەمە دەڵێن و ئەمە لە ڕاگەیاندندا شوێن دەگرێت.
هەندێک دوژمنی سوێندخوراوی ڕێبەر ئاپۆبن. لە ڕۆژی دەستپێکەوە هەمووکات دوژمنایەتییان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و ئەو تێکۆشانە کردووە کە پێشی خستووە. دیسان لە ڕۆژی دەستپێکەوە لە دژی ئەم تەڤگەرە شەری دەروونی، بە تایبەتی لە ئاستێکی زۆر بەرزدا و لە زۆر لایەنەوە بەڕێوەیان بردووە. ویستیان هۆشیاری هەموو کەس تێکەڵ بکرێت. ویستویانە بێ باوەڕی و بێ بڕیاری پێش بخەن. هەرچەندە شەری تایبەت و دەروونی لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بەڕێوەچووبێت، گەلەکەمان ئیدی ئەمەش تێگەیشتووە. بۆچی ئەوەندە دوژمنایەتی ڕێبەر ئاپۆ، تێکۆشانەکەی و ئەو چارەسەرییانە کە پێشی دەخات دەکرێت، بە شێوەیەکی ڕوون دیارە.
چونکە ڕێبەر ئاپۆ، بە تێکۆشان، ژیان و بەها بونیاتنراوەکان ئەم ڕاستیەی خستۆتە ڕوو. بۆیە باوەڕی هەموو کەسێکی بەدەستهێناوە. دەکرێت ئەو هێزانەی شەری تایبەت بەڕێوەدەبن، دوژمنایەتی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن، دەیانەوێت باوەڕی بە ڕێبەر ئاپۆ نەهێڵن. بۆ ئەمەش کەوتنە نێو هەوڵدانی مەزنەوە. دوای ئەمەش دەکرێت لەم هەڵوێستەیان بەردەوامبن. وەک چۆن ئەم هەوڵدانانە ئەنجامی نەگرتووە، دیارە کە لێرەوەش ئەنجام ناگرن.
بانگەوازم ئەوەیە کە هەموو کەس هەوڵ بدات بانگەوازی 'ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ی ڕێبەر ئاپۆ باشتر تێبگات. ڕێبەر ئاپۆ لە بەرگرینامەکانییدا ئەمانەی زۆر بە فراوانی شڕۆڤە کردوە. دەقەکەی بانگەوازەکە بە شێوەی کورتەی ئەمانەیە. دەبێت بەم شێوەیە لێی تێبگەن.
ڕێبەر ئاپۆ ئەو بەرپرسیارێتی و ئەرکەی کە بۆ مرۆڤایەتی لەئەستۆی گرتووە، جێبەجێی دەکات
ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت لەپێناو گەلی کورد و گەلی تورک و هەموو مرۆڤایەتی هەڵسەنگاندن بۆ ئەم دەرفەتە مێژووییە بکات. هەوڵدەدات تێکۆشانێکی مەزن بکات و بیگەیەنێت بە سەرکەوتن. دەبێت پشتگیرییەکی مەزن لە هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ بکرێت. وەک جاران، پێویستە هەمووان لەدەوری ڕێبەر ئاپۆ یەکگبرن، بە هاوبەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان و تێکۆشان، ئەم سەرکەوتنە بەدەست بهێنێت. بۆ ئەمەش ئازادیی ڤەستەیی ڕێبەر ئاپۆ وەک ئامانجێک بخاتەبەرچاو، بۆ بەدیهێنانی تێکۆشانێکی مەزن بکات. پێویستە داوای هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ئیمراڵی بکرێت، داوا بکرێت پەرلەمانی تورکیا بە ئەرکی خۆی هەستێت.
ڕێبەر ئاپۆ ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییەی کە بۆ گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی لەئەستۆی گرتووە، جێبەجێی دەکات. تەنها کەسانی بێ ویژدان، ئەوانەی ئامانجیان ئازادی و دیموکراسی نییە، ئامانجیان خزمەتکردنی گەلی کورد و تورک و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی نییە، دەتوانن باس لەم شتانە بکەن. پەکەکە بەهای مەزنی بە گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی بەخشی. ڕێگەی لە سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردنی سەر کوردان گرت و دەرفەتی ئاشتی و چارەسەری بۆ کورد ڕەخساند. گۆڕانکارییەکی مەزنی لە زیهنیەت و کەسێتی و ژیانی گەلی کورددا هێناوەتە ئاراوە. گەلی کوردی گۆڕیوە بۆ گەلێک کە بۆخۆیان دەژین و تێدەکۆشن و عاشقی ئازادی و دیموکراسیین. بەهای گەلی کورد لە جیهاندا زیاد کردووە. ئەمڕۆ هەمووان وەک نموونەیەک چاو لە کورد دەکەن. دیسان ڕێبەر ئاپۆ، تەڤگەری ئازادی گۆڕان و گۆڕانکاری و بنیاتنانەوەیەکی گەورەی لە کوردستاندا هێنایە ئاراوە. گەلێکی ئافراند کە جێگەی خۆشەویستی و ڕێزە. گەلێکی هێناوەتە ئاراوە کە لە هەموو بارودۆخێکدا ئازادی خۆی خۆشدەوێت. شۆڕشی دیموکراتیکی لە کوردستاندا بەرەوپێش دەبرد. یەکێتی نەتەوەیی و لەسەر ئەم بناغەیە ڕێگەی بۆ پێشکەوتنی نەتەوەی دیموکراتیک کردەوە. بناغەی پێکهاتنی کۆنفرانس و کۆنگرەی نەتەوەیی ئافراند. زیهنیەت و کەسێتی و ژیانی دابەشبووی کوردی سەرلەنوێ ڕاست کردەوە و یەکێتی ئەم گەلەی مسۆگەر کرد. هەموو ئەو بەهایانەی بنیاتنایەوە کە پێشێلکرابوون. گرنگتر لەوەش، هێڵی ئازادی ژنی بەخشی بە تەڤگەری ئازادی کورد و تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی لە جیهاندا. بەڕوونی نیشانی داوە، ئەوانەی ئازادی و دیموکراسییان دەوێت، تەنها دەتوانن لەسەر بناغەی ئازادیی ژنان بگەن بەم ئامانجە.
کەس ناتوانێت تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە لەکەدار بکات
بۆیە ئەو تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسییەی ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە، ڕێگەی بۆ پێشکەوتنی وەها مەزن کردەوە. وەک پێشتر باسم کرد، هەندێک کەس شتانێک دەڵێن وەک "ئاپۆ و پەکەکە هیچیان پێشکەشی کۆمەڵگە نەکردووە، ئێستە پاشەکشەیان لە تێکۆشان کردووە و دەسکەوتەکان دەخەنە مەترسییەوە" بەمەش پرۆپاگەندە دەکەن. ئەمانە پرۆپاگەندەی دوژمنە سەرسەختەکانی پەکەکە و ڕێبەر ئاپۆن. پرۆپاگەندەی شەڕی تایبەت و سایکۆلۆژیین. سیاسەتی ئەو کەسانەیە کە هێشتا پێداگرن لەسەر سیاسەتی نکۆڵی و پاکتاوکردن دژی کوردان. ئەمانە هەوڵێکن بۆ ڕێگرتن لە تێگەیشتن و شێواندنی ڕاستیی تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ. پێویستە وەها تێبگەین.
دەبێت بزانرێت ئەوان هەرچی بکەن، ناتوانن بگەنە ئەنجام. یەکەمجار نییە دووچاری ئەم هەڵوێستانە دەبین. لەو ڕۆژەوە تەڤگەرەکەمان یەکەم هەنگاوی ناوە، هەردەم ڕووبەڕووی ئەم هەوڵانە بووینەتەوە بەڵام هەمیشە هەوڵەکان چوونەتە خزمەتی پێشکەوتنی تەڤگەرەکەمانەوە. چونکە ڕێبەر ئاپۆ هەموو ئەمانەی کردە هۆکاری بەهێزکردنی تەڤگەرەکە. بەم شێوەیە تەڤگەرەکەی بەرەوپێش برد.
هەندێک دەپرسن، پەکەکە هێزی خۆی لەکوێوە وەرگرت؟ ڕێبەر ئاپۆ هێزی خۆی لەکوێوە وەرگرت؟ ڕێبەر ئاپۆ هێزی خۆی لە فەلسەفە و ئایدۆلۆژی و پارادایم و گەلەکەی و ئەو تێکۆشانەی ئەنجامی داوە و ئەو بەهایانەی بنیاتی ناوە، وەرگرت. وەک ئەوەی بیری لێ دەکرێتەوە و هەندێک کەس پرۆپاگەندەی بۆ دەکەن، هیچ کەسێک هاوکاری کورد و ڕێبەر ئاپۆ و تێکۆشانی ئازادی نەکردووە. بەپێچەوانەوە، هەردەم هەوڵیانداوە ڕێگری لێ بکەن و قەتیسی بکەن و بیخنکێنن.
بەڵام ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدان و گەلەکەمان ئەم زنجیرانەیان شکاند و ئێمەیان گەیاند بەم ئاستەی ئەمڕۆ. ئەمە ڕاستییە. کەس ناتوانێت ئەم ڕاستییە لەکەدار بکات. زۆر کەس هەوڵیاندا بیشێوێنن، بەلام هەرگیز نەگەیشتنە ئەنجام و لە ئایندەش ناگەنە هیچ ئەنجامێک.
نوێ دەکرێتەوە...