ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بۆ سەر بەنداوی تشرین و گوندەکانی باشوری رۆژهەڵاتی منبج راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە کاتژمێر ١٠:٤٠ ی پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە پێشەنگایەتی فڕۆکەی شەڕ و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و هێرشێکی چڕی کردووەتە سەر گوندەکانی عەلوش و تل عەریش، هەروەها گردی سریاتل لە دەوروبەری بەنداوی تشرین کە دەکەونە باشوری رۆژهەڵاتی منب.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە لە ئەنجامی شەڕی نێوان شەڕڤانان و چەتەکاندا، بە دەیان چەتە کوژراون و ئەوەی پشتڕاست کراوەتەوە، بینینی تەرمی ٣٧ چەتە بووە، ئەمە جیا لە برینداربوونی ٤ چەتە. هەروەها تانکێک و ٤ ئۆتۆمبێلی سەربازی چەتەکان تێکشکێندراون و گورز لە ٣ ئۆتۆمبێل لە جۆری ب ئێم بی وەشێندراوە.
هەر بە گورەی راگەیەندراوەکە، شەڕڤانانی قەسەدە لە نزیک گردی سریاتل بۆسەیان داناوە و چەندین چەتە کوژران و ژمارەیەکی زۆریشیان هەڵاتوون.
قەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە پێکدادانەکان تا کاتژمێر ١٧:٠٠ بەردەوام بوون و تەرمی چەتەکان بەهۆی گورزی قورسی شەڕڤانانەوە لە ناو گۆڕەپانەکاندا کەوتبوون و چەتەکان نەیاندەتوانی تەرمەکان هەڵبگرنەوە.