ڕێکخراوی کۆنگرە ستاری کانتۆنی فرات کە دوێنێ لەگەڵ هەزاران کەس بە ئامانجی پاراستنی بەنداوی تشرین چونە هەرێمەکە، ئەمڕۆ لەسەر بەنداوەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا.
ڕاگەیاندراوەکە بە ئامانجی ساڵیادی کۆمەڵکووژی یەکەمی پاریس لە (٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣) و شەرمەزار کردنی کۆمەڵکووژییەکانی دەوڵەتی تورک خوێندرایەوە. ڕاگەیاندراوەکە لە لایەن ئەندامی کوردیناسیۆنی کۆنگرە ستاری فرات پەیمان عەلۆشەوە خوێندرایەوە.
پەیمان عەلۆش ئەوەی یادکردەوە کە لە ٩ی کانوونی دوووەم لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا ٣ ژنی پێشەنگ (ساکینە جانسز، فیدان دۆغان، لەیلا شایلمەز) شەهید کران و گوتی: "ماوەی ١٢ ساڵ تێپەڕیوە بەڵام تاوەکو ئیستا بکوژەکان نەدراونەتە دادگا. هەڤاڵ ساکینە تەواوی ژیانی لەسەر هێڵی تێکۆشان و بەرخۆدان بۆ مرۆڤایەتی بەسەر برد. ئەم تێکۆشانە بوو بە موڵکی هەموو مرۆڤایەتیی. تێکۆشانی ژنانی پێشەنگ ئەمڕۆ لە تەواوی ڕۆژەڵاتی ناوین و کوردستان بڵاو بووتەوە".
پەیمان عەلۆش ئاماژەی بەوەکرد کە هەمان زیهنیەتی پیاوسالاری، لە شاری سلۆپیی باکووی کوردستان ٣ ژنی پێشەنگ (فاتمە ئویار، سێوە دەمیر و پاکیزە نایر)، دیسان لە پاریس ئەمینە کارا (ئەڤین گۆیی)، میر پەروەر و عەبدولڕەحمان کزڵ بە دەستی میتی دەوڵەتی تورک شەهید کران.
پەیمان باسی لەوەشکرد کە لە دەستپێکی شۆڕشی ١٩ی ئابی (٢٠١٢)وە گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕووبەڕووی کۆمەڵکووژی بوونەتەوە و گوتی: "لەم دواییانەدا گەلانی هەرێمەکە بە هەموو پێکهاتەوەکانیەوە، وەک منداڵ، ژن هەتاوەکو تەمەندار بۆ پاراستنی بەنداوی تشرین بە دروشمی 'خاک و ئاومان بپاریزین' چالاکیان ئەنجامداوە. زیهنیەتی فاشیست جارێکی تر بۆردوومانی کرد و کۆمەڵکووژی ئەنجامدا".
پەیمان عەلۆش هێرش و کۆمەڵکووژییەکانی بە توندی شەرمەزار کرد و گوتی: "بەرخۆدانی ئەمرۆ لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق بەڕێوەدەچێت، ئەنجامی بەرخۆدانی ساڵانێکی درێژە. تاوەکو خاکەمان بپارێزین و فاشیزم تێک بشکێنین، پێویستە لە تەنیشت هێزەکانی پاراستن جێ بگرین، تۆڵەی شەهیدەکانمان بکەینەوە".
ڕاگەیاندراوەکە بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" کۆتایی هات.