قەسەدە ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی بەرخۆدانی دژی داگیرکەران بڵاو کردەوە

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی قەسەدە ڕایگەیاند؛ لە ئەنجامی چالاکییەکانی پردی قەرەقۆزاق و دەوروبەری بەنداوی تشرین، داگیرکەرێکی زۆر کوژران و ژمارەیەکی زۆریشیان بریندار بوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ئاماری چالاکییەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بەم شێوەیەی خوارەوە بڵاو کردەوە:

لە ڕاگەیانراوەكەدا هاتووە، دوێنێ هێزەكانمان لە گوندەكانی باكووری بەنداوی تشرین لە باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج ئۆپەراسیۆنێكیان ئەنجامدا و خاڵێكی كۆبوونەوەی چەتەكانی سەر بە دەوڵەتی داگیركەری توركیان كردە ئامانج، لە ئەنجامدا كوژراو و برینداریان زۆر بوو، بەڵام ژمارەیان نەزانراوە. تەنیا برینداربوونی سێ چەتە پشتڕاستكراوەتەوە.

لە ئۆپەراسیۆنێكی دیكەدا دوو چەتەی سەر بەدەوڵەتی تورك، كە ماتۆڕسكیلیان پێبوو كوژران.

هاوكات، فڕۆكەی جەنگی و بێفڕۆكەوانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بەردەوام بۆردوومانی دەوروبەری بەنداوی تشرین و شوێنی حەوانەوەی كرێكارانی كردە ئامانج.

باس لەوەشكراوە، لە گوندی خەربەت تیونی دەوڵەتی داگیركەری تورك بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرشی كردە سەر خاڵێكی هێزەكانمان، لە ئەنجامدا شەڕڤانێكمان شەهید بوو و شەڕڤانێكی دیكە برینداربوو، كە برینەكەی سووكە.

ئاماژە بەوەشكراوە، فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك لە كۆبانی هێرشیان كردە سەر كێڵگەی "ئەحمەد مونیر" و زیانێكی زۆر روویداوە، هەروەها چەتەكانی گوندەكانی بەیادە، جەبنایان لە ڕۆژئاوای كۆبانی بە تۆپی قورس بوردوومان کرد، بەڵام هیچ زیانێک نەکەوتووتەوە.