شاندی ئیمراڵی: چارەسەری بە پێشەنگایەتی عەبدوڵا ئۆجالان دێتەئاراوە

شاندی ئیمراڵی لە کاتی سەردانیکردنی مەزارگەی سکرتێری پێشووی یەنەکە و سەرۆککۆماری پێشووی عێراق جەلال تاڵەبانییدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ڕێکخست.

شاندی ئیمراڵی

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی شاندی ئیمرالی دەم پارتی لەگەڵ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەنەکە، شاندەکە سەردانی مەزاری مام جەلالی کرد و تاجە گوڵینەی ڕێزیان دانا و نامەیەکیان لە پەرتووکی یادەوەرییەکاندا نووسی.

پاشان لە هەمان شوێن، لەسەر ناوی شاندەکە کەسکین بایندر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ئاماژەی بە کۆبوونەوەکانیان دا و وتی: لەسەر گۆڕی مام جەلال و بە ڕێزدارییەوە بەبیری دەهێنینەوە، بەڕێز مام جەلال لە ساڵی ١٩٩٣ـەوە چەندین جار خاوەنی هەڵوێستبووە و خاوەن ڕۆڵێکی گرنگ بووە بۆ چارەسەریی و ئاشتیی، ئەمڕۆش لە تورکیا بە دەستپێشخەریی ڕێزدار ئۆجالان پێشدەکەوێت، لەبەر ئەوە پەیام و هەڵسەنگاندنی بەڕێز ئۆجالانمان گەیاند بە بەڕێزان بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی و بەڕێز شاناز ئیبراهیم.

ئاماژەی بەوەشدا، لەو کۆبوونەوانەدا گفتوگۆمان لەسەر دواڕۆژی کورد و ئاشتی ناو گەلی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان کرد، هەروەها بەڕێزان قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی دووپاتیان کردەوە لەم پرۆسەیەدا پێویستە هەموو لایەک ڕۆڵێکی کاریگەر و گرنگ بگێڕن.

وتیشی: هەروەها بەڕێز شاناز ئیبراهیمیش پشتیوانی خۆی بۆ پرۆسەکە دەربڕیی.

لە درێژەی قسەکانیدا کەسکین بایندر ئاماژەی بەوەدا، با هەموو کوردان دڵخۆشبن کە هەموو لایەنە کوردییەکان ئەمڕۆ پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکەن و لە ئەنجامی چاوپێکەوتنەکانمان دڵخۆشین.

سەرنجی خستەسەر ئەوەش هەرچەندە لە باکووری کوردستان و تورکیا ڕێگریی لە بەردەم پرۆسەکەش هەیە بەڵام هیوایەکی گەورەمان بە پرۆسەکە هەیە، ئەمڕۆ لەسەر بنەمای یەکێتی کوردان هەموو لایەنەکان بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن، هەموو لایەنەکان یەک شت دەڵێن، ئەوەش ئەوەیە کە بە دەستپێشخەریی بەرێز ئۆجالان بۆ چارەسەریی، هەموو کوردان دەستکەوتی گرنگ بەدەست دەهێنن.

سەبارەی بە ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بایندر وتی: دەمانویست لە باشووری کوردستان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکاندا کۆببینەوە بەڵام بە هۆی کەمی کات و نەبوونی دەرفەتەوە نەمانتوانی کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەنجام بدەین بۆ ئەو مەبەستەش داوای لێبوردنیان لێ دەکەین، بەڵام با بزانن بەڕێز ئۆجالان نرخ بە هەموو لایەن و کەسێک دەدات کە بۆ بەرژەوەندی کوردان کار دەکات و هەوڵ دەدات چارەسەری و ئاشتی پێشبکەوێت.

لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوەشدا، شاندەکەمان کۆبوونەوەکانی لە سلێمانی تەواو کرد و دەچێتەوە بۆ هەولێر، سبەینێش دەچینەوە بۆ تورکیا، لە داهاتوودا ڕاگەیاندراوێک لەسەر ئەو کۆبوونەوانە بڵاودەکەینەوە.