تاژێ: ئێمە هەمیشە پشتیوانی گەلی ڕۆژئاوامان دەبین

تاژێ ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری کرد بۆ سەر باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕوسیا و هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی لەو هێرشانەدا کرد و ڕایگەیاند، پشتیوانی گەلەکەمانین لە رۆژئاوای کوردستان.

بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی ئێزدی (تاژێ) لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

تاژێ ڕایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەم دواییانەدا بۆ سەر هەرێمەکە زیادیکردووە و وتی: "ئاشکرایە لە کۆبوونەوەکانی سۆچی و تاراندا گڵۆپێکی سەوز بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هەڵکراوە.

تاژێ ڕاشیگەیاند، کۆبانێ شوێنی بەرخۆدان و شوێنی تێکشکاندنی داعشە و ئەوەشی ڕاگەیاند، هێرشەکانی ئێستای دەوڵەتی تورک بۆ سەر کۆبانێ بە مانای هەوڵدانە بۆ تۆڵەسەندنەوەی تکشکاندنەکەى داعش لە کۆبانێ.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە:

"لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەتی کۆبانێ، منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵ بەناوی محەمەد شەهید بوو و سێ هاوڵاتیش برینداربوون. هەروەها ١٦ ئەندامی حکومەتی دیمەشق کوژران و ٣ کەسی دیکەش برینداربوون. ڕوسیا و هاوپەیمانی نێونەتەوەیی لەو هێرشانە بەرپرسیارن.، هەروەها بەرپرسیارێتیش دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی دیمەشق، بۆیە پێویستە لە دژی دەستێوەردانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکی سوریا هەڵوێستی هەبێت".

بەناوی تاژێوە ئیدانەی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان کرا و سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدان کرا.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "جارێکی تر ئەوەمان لە بیرە، کە کاتێک فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ کرایە سەر ئێزدییەکان لە شەنگال، گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ئەرکی مرۆیی خۆیان بە پشتیوانیکردن لە کۆمەڵگەی ئێزدی هەستان. ئێمە هەمیشە پشتگیری گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین".

ژ.ت