ڕۆژنامەوانێکی ئێزدی لە دهۆک دادگای دەکرێت

ڕۆژنامەوانی ئێزدی دیلمان فەرهەژ سلێمان کە پەیوەست بە کاروبارەکانی گەلی ئێزدی کاری ڕۆژنامەوانی دەکات و خەمساردی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر ئێزدییان نیشان دەدات، لە لایەن دادگای پەدەکەوە دادگای دەکرێت.

دیلمان خانکی

ڕۆژنامەوان دیلمان سلێمان کە وەک دیلمان خانکی دەناسرێتەوە، یەکێکە لە ڕۆژنامەوانەکانی پارێزی دهۆک، لە شارۆچکەی خانێ پەیوەست بە کاروبارەکانی گەلی ئێزدی کاری ڕۆژنامەوانی دەکات. دیلمان خانکی بەهۆی کار و خەباتە ڕۆژنامەوانییەکانیەوە لە ٢٠ی شوباتدا لە لایەن دادگای پەدەکەوە دادگای دەکرێت.

دیلمان خانکی لە ڕێگەی تێلەفۆنەوە زانیاری بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)دا، خانکی ئاماژەی بەوەدا کە چەندین جار دادگای سمێلی پەدەکە هەڕەشەی لێکردوە و چەندین جار لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکراوە. هەروەها باسی لەوەشکرد کە تاوەکو ئێستا ٣ جار زیندانی کراوە و ئەمجارەیان بە تاوانی جیاواز وەک بچوک بینینی حکومەت و دەسەلاتەکەی تۆمەتبار دەکرێت.

دیلمان خانکی ئەوەشی باسکرد کە ئەو تەنها لەسەر میدیا دیجیتاڵی تایبەت بەخۆی بەرنامە و هەواڵەکانی بڵاودەکاتەوە، زۆرینەی کار و خەبەتاکانی  دەربارەی ئێزدییەکان و کۆمەڵگەی ئێزدییە لە هەرێمی کوردستان. لە بەرنامەیەکی خۆییدا خەمساری حکومەتی لە بەرانبەر کۆمەڵگەی ئێزدی ڕەخنە کردوە، بەڵام ئاسایشی پەدەکە چەندین جارە لەسەر ئەو تۆڕانە ڕێگری دەکات و ڕێگەی نەداوە پۆستەکانی بڵاوبکاتەوە.

خانکی ئاماژەی بەوەدا کە لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە بادینان سەخترین کاری ڕۆژنامەوانی ئەوەیە وەک ڕۆژنامەوانێکی سەربەخۆ و بێلایەن خەباتی میدایایی بکەیت. چونکە یا شەهید دەکرێیت یان زیندانی دەکرێت و ناهێڵن وەک کەسێکی سەربەخۆ کاربکەیت.

دیلمان گوتی: "ماڵپەڕەکەمان ماڵپەڕێکی میدیای سەربەخۆ بوو، لە گروپێکی گەنجانی کورد و ئێزدی سەربەخۆ پێک دەهات کە خۆیان خۆیان بە ڕێکخستن دەکرد. ماڵپەڕەکە لەسەر ڕووداوەکانی شەنگال و دۆخی کۆچبەرانی بڵاو دەکردەوە. کەناڵەکەمان کەناڵێکی ئۆپۆزسیۆنبوو، زیاتر ڕەخنەی لە شێوازی بەڕێوەبەری دەسەلاتداری لە ژیانی ئێزدییان دەگرت.

لە بەردەوامی قسەکانییدا خانکی گوتی: "لەبەر ئەوەی بۆ کۆمەڵگەکەمان کار و خەباتمان دەکرد، بێ لایەن بووین و ڕەخنەمان لە کەم و کوتی حکومەت دەگرت، بە دەیان جار کەناڵەکەمان هاککرا و ڕێگری لە کار و خەباتمان کرا".

لە کۆتایی قسەکانییدا دیلمان گوتی: "ئەگەر شتێک بەسەرمدا بێت ئەوا پەدەکە و ئاسایش بەرپرسیارن. لە ٢٠ی ئەم مانگەدا دادگای دەکرێم و دەزانم زیندانی دەکرێم، بەڵام ئەوەی گرنگە تەواوی ڕۆژنامەوانان لە بەرانبەر ئەم کارانە بێدەنگ نەبن و ڕەخنە لەم کارانە بگرن".

شایەنی بیرهێنانەوەیە کە دەیان ڕۆژنامەوان لە زیندانەکانی پەدەکەدان و هەروەها دەیان ڕۆژنامەوان شەهید کراون.