ژنانی مەخموور پشتگرییان لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد

ئەنجوومەنی عەشتاری کەمپی مەخموور پشتگیری لە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد و گوتی: "پێویستە دەوڵەتی تورک دەستبەجێ وەڵامی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بداتەوە".

لە ٢٧ ی شوبات ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمراڵییەوە لەگەڵ زیندانیانی تری ئیمراڵی و شاندی دەم پارتی، بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی" کرد. ئەنجوومەنی عەشتاری کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور) بە ڕاگەیاندراوێک پشتگیری لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد.

ڕاگەیاندراوەکە لەبەردەم بینای ئەنجوومەنی عەشتار لە کەمپەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە تەواوی شەهیدانی تەڤگەری ئازادیی کوردستان دەستی پێ کرد و لەلایەن ئەندامی ئەنجوومەنی عەشتار ئایتەن کارتاڵ خوێنرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا تیشكخراوەتە سەر سەرهەڵدانی پەکەکە بەرامبەر ئەو زیهنیەت و سیستەمەی کە ژنان و مرۆڤایەتی بە کۆیلە دەکات، دەڵێت: "ئامانجی سەرەکی ئەم تێکۆشانە ٥٠ ساڵەیەی پەکەکە، پاراستنی مافی ژن و گەلانی بندەستە".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بە کەوتنی سۆڤییەت و داگیرکردنی کوەیت و ڕووخانی سەدام، پیلانگێڕی نێونەتەوەیی و جەنگی جیهانی سێیەم دەستی پێ کرد و دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بووە ڕۆژەڤی هێزە هەژموونگەراکان، بە تێپەڕینی سەدەیەک بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا، جەنگی جیهانیی سێیەم پێی نایە قۆناغێکی نوێوە، دەڵێت: "هەر هێز و دەوڵەتێک ویستی سەروەری خۆیان لەم دابەشکردنە نوێیەدا زیاد بکەن و یەکێک لەو دەوڵەتانەش، دەوڵەتی تورکە. لە هەمان کاتدا ئەوەی لە زۆرترین ترسدا دەژیا دیسان کۆماری تورک بوو. لەسەر ئەو بناغەیە لەسەر داوای دەوڵەت باخچەلی دیدارێک لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەچوو. هەرچەندە کۆماری تورک لە ترس و بەرژەوەندیی خۆیەوە دەستیپێکرد بە پرۆسەی دیدار، بەڵام دەزانین کە ئەم دیدارە لە ئەنجامی بەرخۆدانی ڕێبەرێتی و بینینی ڕێبەرێتی وەک چارەسەری ئایندە، بەدی هات. هەرچەندە ئەم دیدارانە لەسەر بناغەی بەرژەوەندی دەستپێکرابوون، بەڵام ڕێبەرێتی وەک ڕێبەرێکی سۆسیالیست وەڵامی دایەوە. ڕێبەرێتی وتی دەتوانم لەسەر زەمینەی سیاسی و یاسایی چارەسەرەکان پێش بخەم. لەسەر ئەو بنەمایە، لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥، بانگەوازێکی بەناونیشانی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و داوای کۆتایی هێنان بە کار و خەبات لەژێر ناوی پەکەکە کرد.

ئێمە وەک گەلی کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی لە ساڵانی نەوەدەکانەوە بە پەنابەرییەکی پڕ ئازار و بە پەنابەربوون لەسەر خاکەکەمان و گۆڕینی چەندین کەمپ تا ڕۆژی ئەمڕۆ هێناومانە. بەڵام سەرەڕای ستەم و کوشتن و ڕەشەکوژی، دەستبەرداری تێکۆشان و بەرخۆدان نەبووین و نابین. وەک ژنانی کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی کە ٣٠ ساڵە پەنابەرین، لەپێناو ناسنامە و کەلتوور و زمانی خۆمان، تێدەکۆشین. بۆیە بانگەواز لە دەوڵەتی تورک دەکەین بە عەقڵی سەلیم مامەڵە بکات، خۆی بۆ گۆڕانی مێژوویی ئامادە بکات. پێویستە بەرپرسانی دەوڵەتی تورک دەستبەجێ وەڵامی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بدەنەوە، لەم چوارچێوەیەدا هەنگاوی سیاسی و یاسایی بنێن. بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵە مێژووییەکەی بگێڕێت، دەبێت هەلومەرجی ڕێبەرێتی بگۆڕێت و مافی هیوا جێبەجێ بکرێت تاوەکو پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت".

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ژن ژیان ئازادی" کۆتایی هات.