کشاناک: رەنج و ئیرادەی ژن داهاتوی دیموکراسی بونیات دەنێت

گوڵتان کشاناک هاوسەرۆک شارەوانیى گەورە شاری ئامەد بۆ چالاکیى ناساندنی کتێبەکەی بە ناوی "رەنگی مۆر لە سیاسەتى کورددا" پەیامێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند "ئێمە بە ئەندازەى باڵندەکان ئازادین".

کتێبی "رەنگی مۆر لە سیاسەتى کورددا" لەلایەن گوڵتان کشاناک هاوسەرۆک شارەوانیى گەورە شاری ئامەد لە زینداندا نووسراوە. ئەو کتێبە لە کتێبخانەى مەپهیستۆ لە ناوچەى بەشیکتاش لە ئیستەنبول لەلایەن ئەنجوومەنى ژنانى هەدەپەوە مەراسیمى ناساندنی بۆ ئەنجامدرا.

ئەڤین کشاناک، کچی گوڵتان کشاناک، پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە، پەرلەمانتارانی هدەپە هودا کایا، دیلان دیرایەت تاشدەمیر، دڵشاد جانسز، زوڵێخا گیولوم، ئۆیا ئەرسۆی، فیلیز کەرەستەچی ئۆغڵو، سەرپیل کەمال بای و ئەسەنگول دەمیر هاوسەرۆکى هەدەپە لە ئیستەنبول، هولیا ئۆسمانئاگا ئۆغڵو نووسەری فیمینیست، گولسوم ئاگائۆغڵو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى ناوەندیى هەدەپە، پنار ئایدنلاری هونەرمەند، ئایشەگول تۆزەرەنی نووسەر، ژنانی ئەندام لە بزووتنەوەى ژنانى ئازاد (TJA)، رێکخراوى هەوڵی ژنان بۆ ئاشتی، کۆمەڵەى مافی مرۆڤ (ÎHD)، رێکخراوی هەوڵەکانى ٨٧ و رێکخراوى ژنانى دێرسیم و چەندین ژنی فیمینیست بەشداری چالاکیی ناساندنی کتێبەکەى گوڵتان کشاناک بوون.

تولای ئایدن بەڕێوەبەری هەدەپە لە ئیستەنبول کتێبەکەی کشاناکی بە ئامادەبووان ناساند.

 'یەکێک لە ژنە خۆراگرەکان، گوڵتان کشاناکە'

دوای ناساندنى کتێبەکە، پەروین بوڵدان هاوسەرۆکى گشتیى هەدەپە رایگەیاند "نووسینى کتێب لە زینداندا کارێکى ئاسان نییە. بە تایبەتى نووسینى کتێبیکى لەمجۆرە لەو هەلومەرجە زۆر دژوارەدا زۆر قورسە. ئەوەش بوو بە نسیبی گوڵتان کشاناک. گوڵتان کشاناک نەک تەنها بەم کتێبەى خۆی چیرۆکى خۆی گێڕاوەتەوە، بەڵکو لە هەمان کاتدا سەرنجی خستووەتە سەر تێکۆشانی ئازادیى ئەو ژنە سیاسەتمەدارانە کە وەک خۆی دیلکراون. لەم کتێبەدا ئێمە ئەو زەحمەتى و ناڕەحەتییانە دەبینین، کە لە کاتى تێکۆشانی ئازادیدا بۆ ژنان روودەدات. ئەو ژنانەى کە لە بەرامبەر ئەو زەحمەتى و دژواریانەدا خۆڕاگرییان کردووە لەم کتێبەدا دەبینرێن. یەکێکیش لەو ژنە بەرخودێر و خۆڕاگرانە گوڵتان کشاناکە".

بوڵدان راشیگەیاند "کشاناک بەم کتێبەی رێگاکەى خۆی بە تەنها نەهێشتووەتەوە، بەڵام ئێستا سەرەى ئێمە. بۆ ئەوەى کشاناک و هەموو هەڤاڵە ژنە سیاسەتمەدارەکانمان کە دیلکراون و بە تەنها نەمێننەوە، ئێمە خاوەنداری لەم کتێبە دەکەین. ئەم کتێبە کتێبى هەموو ژنانە. ئەو پێشەنگایەتیى بۆ ئەمکارە کردووە و ئێمەش خاوەنداریى لێدەکەین".

هولیا ئۆسمانئاگا ئۆغڵو چالاکوانى فیمینیست لە چالاکیی کتێب ناسینەکەى کشاناک دا وتى، زۆر دڵخۆش بووە بەوەى پیاچوونەوەى بە کتێبەکەی کشاناکدا کردووە.

وتیشی، لە کتێبەکەدا ٢٢ چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنە سیاسەتمەداران و چالاکواناندا ئەنجامدراوە و ئاماژە بە دژواری و زەحمەتییەکانى سەر رێگاى ئەو ژنانە کردووە، کە کار و چالاکیى سیاسی ئەنجام دەدەن.

هولیا ئۆسمانئاگا ئۆغڵو لە کۆتایى قسەکانیدا سوپاسی کشاناک و هەموو ئەو ژنانە کرد کە بەهۆی رەنجی ئەوانەوە ئەو کتێبەی تیادا بەرهەمهاتووە.

"ئیمە داهاتوومان لەسەر بنەمای رێنوێنییەکانى ژنان دەئافرێنین"

لەو دواى پێشکەشکردنى ئەو وتانە، ئەڤین کشاناک، کچی گوڵتان کشاناک پەیامەکەى دایکى خوێندەوە، کە لە زیندانەوە بۆ چالاکیی ناساندنی کتێبەکەى ناردبووی.

کشاناک لە پەیامەکەیدا وتویەتی "ئێمە هەوڵمانداوە کارێکى پێکەوەیی بۆ تێکۆشانى ئازادی ئەنجام بدەین. هیوادارم ئەو کتێبە ئازایەتی و بوێری بە هەموو ژنان و سیاسەتى دیموکراتیک ببەخشێت. ئێمە داهاتووی خۆمان لەسەر بنەمای رێنماییەکان، بۆچوون و ئیرادەى ژنان دەئافرێنین. هیچ زەحمەتی و دژوارییەک ناتوانێت رێگر بێت لە داهاتوومان. ئەوان ناتوانن یادەوەری و بیرەوەرییەکانمان، تێکۆشانەکەمان، رەنجی ئێمە دیل بگرن. دەمەوێت پێتان بڵێم، ئەمڕۆ لە دڵەوە بە هۆشمەندی و بەرخۆدانی خۆمەوە لەم هۆڵەدا لەگەڵ ئێوەم".

کشاناک لە پەیامەکەیدا بانگی لە هەموو ژنان کردووە و نووسیویەتى "سیاسەت رادەستى دەسەڵاتخوازیى مێشک و عەقڵییەتی پیاو نەکەن. رادەستى هیرارشێتیى زۆردارانە و کارەکتەرەکانى میلیتاریست نەکەن. بە ئازایى، بە رەنگی ژن جێ خۆتان لە سیاسەتدا بگرن و رۆڵی خۆتان بگێڕن. داهاتووی دیموکراتیک، چارەسەریى ئاشتییانە بە رەنجی ژن بەدی دێت. بانگهێشتى ئێوە دەکەم بۆ گەورەکردنی پشتیوانی و رێکخستنی ژنان. سەرکەوتن بۆ تێکۆشانەکەتان دەخوازم. ئێمە بە ئەندازەى باڵندەکان ئازادین و خەمی ئێمەتان نەبێت".

لە چالاکییەکەدا پەروین بوڵدان بە نوێنەرایەتیى گوڵتان کشاناک، کتێبەکانى بۆ ئامادەبوان واژۆ دەکردن و پێشکەشی دەکردن.

ر.م