٨ رۆژە دەستگیرکراون و دەستگیرکردنەکەیان ٤ رۆژی تریش درێژکرایەوە

پۆلیسی دەوڵەتی تورک لە ٢٧ی شوبات هەڵیکوتایە سەر مەبیادەر ٢٩ ئەندام و بەڕێوەبەری مەبیادەری دەستگیرکرد. سەرباری ئەوەى ٨ رۆژ بەسەر دەستگیرکردنەکەیاندا تێپەڕیوە، ماوەی دەستگیرکردنەکەیانی بۆ ٤ رۆژی تر درێژکردوەتەوە.

هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورک لە ٢٧ی شوبات هەڵیکوتایە کۆمەڵەی رۆشنبیری و یەکێتیى پشتیوانی لە بنەماڵە و کەسوکاری بێسەروشوێنبوانی لانکەى شارستانی (مەبیا - دەر) و ٢٩ کەس لە بەڕێوەبەران و ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە دەستگیرکرد. ماوەی دەستگیرکردنی شێخموس کاراداگ و یوکسەل ئەڵماس هاوسەرۆکانی مەبیادەر و موراد ئوزگون و ئەمینە ئاکسۆی و ئایچە چەلیکبیلەک-یان بۆ ٤ رۆژی تر درێژ کردەوە.

هەروەها ئەو کەسانەشی لە ٣ی ئاداردا دەستگیرکراون، بڕیاری دەستگیرکردنەکەیان بۆ ماوەى ٤ رۆژی تر درێژ کراوەتەوە.

کەسە دەستگیرکراوەکان بریتی بوون لە: حەلیمە تۆپوز، عەزیز ئۆڵچەن، ئایسەڵ پەهلیڤان، محەمەد نور ساڤاشا، موستەفا کاراهان، سەعید بۆرتا، عایشە توتماز، هولیا ڤاران، محەمەد یڵدز، فەهیم ئازاک، یڵدز دالما، موستەفا یوگیونەر، تایلان ئاسلان و هیدایەت ئاسڵان.

هەر یەک لە ساڤاش، پەهیلڤان، توتماز، ئاسڵان و ئۆڵچەن مافی بێدەنگبوونیان لە دژی دەستگیرکردنەکەیان بەکارهێناوە، لەبەر ئەوەش ماوەی دەستگیرکردنەکەیان درێژ کردوونەتەوە و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە گوشاریان لێ بکەن، تاوەکو وتەیان لێوەربگرن.

ژنە دەستگیرکراوەکان لە رێگەى پارێزەرەکانیانەوە پەیامی پیرۆزباییان بۆ ٨ی ئادار بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "ئێمەی ژنان ئازاد و زەحمەتکێشین. ئەوە ٥ هەزار ساڵە لە دژی سیستمی زاڵمی باڵادەست بەرەنگاری دەکەین. بژی ژنانی ئازاد، بژی ٨ی ئادار رۆژی ژنانی زەحمەتکێشی جیهان".

ژ.ت