ڕاگەیاندراوی یەکینەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان (یەرەکە - YRK) لەبارەی جموجوڵی تاوانکارانەى تیمە بە کرێگیراوەکانی رژێمی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی یەرەکە:
"بۆ ڕای گشتی و گەلەکەمان!
بەکرێگیراوکردن یەکێکە لە سیاسەتە چڵکاوخۆرانەکانی رژێمی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە هەموو کات بۆ قورسکردنی گوشارەکان لەسەر گەلی کورد لە ناوچە جیاجیاکاندا درێژەی پێدەدا. یەکینەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان (یەرەکە - YRK) ئاگادارکرانەوە، کە لەم رۆژانەی دوایدا گروپێک لە بەکرێگیراوەکانی رژێمی داگیرکەر و فاشیستی ئێران بە جلوبەرگی گەریلاوە لە ناوچەکانی مەریوان، کۆساڵان و هەورامان دەستیان بە جموجوڵ کردووە و سەرانە و باج لە خەڵکی ئەو ناوچانە دەستێنن، ئێمە بە توندی ئەو کردەوەیەی رژێمی داگیرکەر و فاشیست ئیدانە دەکەین.
سیاسەتی پاکتاوکارانەی رژێمی گەندەڵی ئێران بە شێوەی جۆراوجۆر و کردەوەی سوک و دزێو لە دژی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەى گەلەکەمان هیچ سنوورێک ناناسیت و بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامیی هەیە. هەوڵی رژێم بۆ دروستکردنی بەکرێگیراوان و بەکارهێنانی گروپە بەکرێگیراوەکان لە دژی بزووتنەوەی ئازادیخوازنەى گەلەکەمان هەمیشە بەشێک بوە لە بەرنامە ستەمکارانەکانی دوژمن. رژێم دەیەوێت لەو رێگەیەوە زیان بە وێنا و ڕوخساری جوان و بێگەردی گەریلاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بگەیەنێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە کارە بە کرێگیراوەکانی رژێم لەم دوایانەدا هەر وەک ئەوانەى پێشوو بێ ئەنجام دەبن و لە بەریەک هەڵدەوەشێت.
یەکینەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان (یەرەکە - YRK) ڕایدەگەیەنێت، گروپە چەکدارەکان بە جلوبەرگی هێزەکانی گەریلامانەوە لە مەریوان، کۆساڵان و هەورامان دەستیان بە جموجوڵ کردووە و گەلەکەمان لەو ناوچانەدا ئازار دەدەن، ئەو گروپانە هیچ پەیوەندییەکیان بە هێزەکانی ئێمەوە نییە. ئەوانە تیمی بەکرێگیراوی سەر بە رژێمی داگیرکەری ئێرانن بۆ بەدناوکردنی هێزەکانی گەریلا. بە ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنین، لە رۆژە زستانییەکانی ئەمدواییەدا ئەو تیمانە، کە دەستیان بە جموجوڵ کردووە لەلایەن دەزگا سیخوڕییەکانی رژێمی داگیرکەری ئێرانەوە بۆ سەرانەسەندن و ئازاردانی هاووڵاتییانی گوندەکان ناوچەکە خراونەتە کار. لەم رێگەیەوە داوا لە هاووڵاتییانی خۆشەویستی ئەو ناوچانە دەکەین، کە لە بەرامبەر کردەوە تاوانکارییەکانی تیمە بە کرێگیراوەکانی رژێم دا ئاگادار و هۆشیار بن. بێگومان ئەو پلانە قێزەونەی رژێم بە هاوکاری و یارمەتی گەلەکەمان شکست دەهێنێت".
ژ.ت