"بە یەکگرتوویی کوردستان، پەیمانەکانی قڕکردن هەڵدەوەشێنرێنەوە"

فوزا یوسف ئەندامی کۆمیتەی سەرۆکایەتی پەیەدە ئاماژەی بە گرنگی کاری هاوبەشی پەیەدە و یەنەکە کرد لە پرسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان کورد. فوزا ئاماژەی بەوەشکرد، بە یەکگرتوویی کوردستان، پەیمانەکانی قڕکردن هەڵدەوەشێنرێنەوە.

فوزا یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە، زانیاری لەبارەی سەردانی باڤڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەنەکە و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو. فوزا یوسف ئاماژەی بەوەدا کە سەردانەکەی تاڵەبانی لە پرۆسەیەکی وەهادا زۆر گرنگە و وتی: لە رۆژئاوای کوردستان هەڕەشە زۆرە، سیاسەتی قڕکردن لەسەر هەموو کورد بەڕێوەدەچێت. بۆیە یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان و بەشەکانی کوردستان مێژوویی و ژیانییە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، مەبەست لە سەردانەکەی تاڵەبانی پشتیوانیکردنە لە دەستکەوتەکانی کوردستان و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "یەنەکە لە سەرەتای شۆڕشەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەڵوێستی نیشتمانی و زۆر بەهێزی هەبووە. بەم دەرفەتە سوپاسی سەرجەم بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) دەکەین. هەڵوێستی نەتەوەییان هەبووە، له بواری دیپلۆماسی و ماددی- ڕۆحی و هەموو بوارەکاندا ، لە ماوەی ١٢ ساڵی رابردوودا هاوکاری رۆژئاوایان کرد.

فوزا یوسف لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکاندا ئاماژەی بەوەدا کە تاوتوێی هەڕەشەکانی سەر چوار پارچەی کوردستان و گرنگی یەکڕیزی نیشتمانی و شەڕی داعشیان کردووە.

'گرنگی یەکێتی نەتەوەیی'

فوزا یوسف ئاماژەی بەوەشکرد، مەترسی لەسەر هەر چوار پارچەی کوردستان هەیە. هێزە داگیرکەرەکان پێکەو کار دەکەن بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد. بۆیە پێویستە ستراتیژیەکی هاوبەش لە نێو کورددا هەبێت بۆ ئەوەی مەترسییەکان بوەستێنین و سەختیەکان تێپەڕێنین. بۆیە هاوکاری نێوان هێز و لایەنە کوردییەکان زۆر گرنگە. لە بەرامبەر سیاسەتی قڕکردندا، جەخت لەسەر گرنگی ستراتیژی هاوبەش کرایەوە. وەک پەیەدە گوتمان ئێمە ئامادەین و پاڵپشتی هەموو ئەو چالاکییانە دەکەین کە خزمەت بە یەکێتی نەتەوەیی دەکەن. ئێمە پاڵپشتی هەموو چالاکییەکانی یەنەکە دەبین لەم بابەتەدا، پشتیوانی دەکەین و پێکەوە ئەم کارە ئەنجام دەدەین”.

فوزا یوسف دەشڵێت کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا تیشکیان خستە سەر رۆڵی یەنەکە لە پرسی یەکڕیزیدا و وتی: ئێمە سەرنجمان خستە سەر رۆڵی یەنەکە لە یەکڕیزی نیشتمانیدا. دەتوانین بڵێین دوژمن شەڕێکی زۆر قێزەون دەکات بۆ ئەوەی کورد و کوردستان پارچە بکات و ناکۆکی دروست بکات. بۆیە ئێمە رامانگەیاند کە ئامادەین رۆڵ ببینین لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکان و بەتایبەتی دەستکەوتەکانی باشور. لە داهاتوودا هەندێک کار لە چوارچێوەی ستراتیژی نیشتمانیدا دەکرێت. گوتمان پەیەدە و یەنەکە پێکەوە ئەم کارانە ئەنجام بدەن.

ئەندامی کۆمیتەی سەرۆکایەتی پەیەدە ئاشکرای کرد بافڵ تاڵەبانی هەروەها رایگەیاندووە تا کۆتایی پشتگیری رۆژئاوای کوردستان دەکات، هاوکات پشتیوانی خۆی بۆ (هەسەدە) دەربڕی و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا: "هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە کورد لە مەترسیدایە. بۆیە ئەوان لە چوارچێوەی یەکریزی کورددا تێدەکۆشن. لەو چوارچێوەیەدا دیداری ئەم دواییەی نێوان لایەنەکانی باشور زۆر گرنگ بوو. پێداگری بۆ ئەم جۆرە کارە نیشان دراوە. هەروەها پێشەنگایەتی هەندێک خەبات دەکەن. لەم بابەتەدا داوای پاڵپشتی لە پەیەدە و رۆژئاوای کوردستان کرد، بۆ ئەوەی پێکەوە ئەم کارە بکەین”.

وتیشی، " ئێمە سەرنجمان خستە سەر رۆڵی یەنەکە لە چارەسەرکردنی کێشەی سوریا. بەڕێز جەلال تاڵەبانی رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە ناوچەکەدا. هەروەها ئاماژەمان بەوەدا کە یەنەکە دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت بۆ سەقامگیری ناوچەکە. سەردانێکی زۆر سەرکەوتوو بوو، دڵنیام خزمەت بە هەڵوێستی نەتەوەیی و بەرژەوەندی گەلەکەمان و سەقامگیری ناوچەکە لە هەموو بوارەکاندا دەکات."

'یەنەکە و پەیەدە دەتوانن رۆڵ بگێڕن'

فوزا ئوسف راشێگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەسەر گرنگی ئەنجامدانی کاری دیپلۆماسی هاوبەش کردووە و وتی: "کورد پێویستی بەو جۆرە کارە هەیە، پەیەدە و یەنە دەتوانن رۆڵێکی لەو شێوەیە بگێڕن. ئەم سەردانە بۆ ئەم بابەتەش گرنگ بوو. هەردوولا دووپاتیان کردووەتەوە کە ئەو هەوڵ و هاوکارییانە بەردەوام دەبن. پێویستە هاوکاری نێوان باشور و رۆژئاوای کوردستان پتەوتر بکرێت. هەردوولا ئیرادەی خۆیان لەم بابەتەدا نیشان دا. ئێمە ویستمان پەیوەندی ستراتیژی لە نێوان کورددا پەرە پێبدرێت و پێویستە پەیەدە و یەنەکە پێشەنگ بن لەم کارەدا. هەروەها رایانگەیاند کە ئامادەن بۆ ئەم کارە. ئەم کارە هاوبەشە بە تایبەتی بۆ یەکێتی نەتەوەیی گرنگە."

'شەڕی دژی داعش'

فوزا یوسف باسی گفتوگۆیان لەبارەی داعشیشەوە کرد و دەڵێت، " باسمان لە تێکۆشانی هاوبەش دژی داعش کرد، باسمان لە گرنگی ئەم خەباتە کرد. ئێستا داعش لە رۆژئاوا، باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و عێراق خۆی ڕێکدەخاتەوە. بۆیە پەیوەندی خەباتی هاوبەش زۆر گرنگە. هەردوولا ڕایانگەیاند کە ئەم هاوکارییە بەردەوام دەبێت. هەروەها لەوانەیە ئەم کۆبوونەوانە لە داهاتوودا لە سلێمانی ئەنجام بدرێن.

لە کۆتایی قسەکانیدا، فوزا یوسف جارێکی دیکە جەختی لە گرنگی یەکێتی نەتەوەیی کردەوە و ئەم پەیامەی دا: "شەڕی قڕکردنی کورد بەڕێوەدەچێت. باکور و باشور و رۆژئاواش لە مەترسیدان. پێویستی بە رێککەوتنێکی هاوبەش هەیە لەنێوان کورد دژی رێککەوتنەکانی هاوشێوەی لۆزان کە لە سەدەمین ساڵیادی خۆی نزیک دەبێتەوە. بە یەکگرتوویی کوردستان، پەیمانەکانی قڕکردن هەڵدەوەشێنرێنەوە. ئەم جۆرە هەوڵانەش خزمەت بەم مەبەستە دەکەن. ئەگەر ئەم چالاکییانە ئەنجام بدەین، دڵنیاین کە مێژوو دووبارە نابێتەوە. ئەم ئیرادەیەمان لای بەڕێز بافڵ تاڵەبانی بینی و زۆر گرنگە."

ف.ق