بابور: زیندانیان ڕووبەڕووی ستەم و ئەشکەنجە دەبنەوە

ئەدیبە بابور، هاوسەرۆکی لقی وانی توھای-دەر ڕایگەیاند، ئەو گۆشەگیرییەیی لە ئیمراڵی بەڕێوەدەچێت، سەرجەم زیندانەکانی تەنیوەتەوە، وتیشی: "زیندانیان ڕووبەڕووی ستەم و ئەشکەنجە دەبنەوە".

ئەدیبە بابور، هاوسەرۆکی لقی وانی کۆمەڵی پشتیوانی و ھاوکاری بنەماڵەی زیندانیان و سزادراوان (توهای-دەر)، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی فورات (ANF) ڕایگەیاند، وەرنەگرتنی زانیاری لەبارەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە. وتیشی: گەلی کورد نیگەرانە، چونکە ٣١ مانگە نەیتوانیوە زانیاری لەبارەی عەبدوڵا ئۆجالان وەربگرێت. ئەگەر زانیاریی لەبارەی بەڕێز ئۆجالان وەرنەگیرێت، شەڕەکە هێندەی تر دژوار دەبێت.

بابور ئاماژەی بەشکرد، ئەو گۆشەگیرییەیی لە ئیمراڵی بەڕێوەدەچێت، سەرجەم زیندانەکانی تەنیوەتەوە، وتیشی: "ماوەی ٣١ مانگە ڕێگە بە پارێزەران و بنەماڵەی نادرێت دیدار لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام بدەن و چاویان پێی بکەوێت، هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە بەردەست نییە، ئەوەش تاوانێکی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتییە. گۆشەگیری ئەمڕۆ هەموو زیندانەکانی تەنیوەتەوە، گۆشەگیری نە تەنیا لە زیندانەکان، بەڵکوو لە هەموو شوێنێک بوونی ھەیە، گۆشەگیری کۆمەڵگاشی گرتووەتەوە.

هاوسەرۆکی لقی وانی توھای-دەر جەختیشیکردەوە، "دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان دەستبەجێ بتوانێت پارێزەرەکانی و بنەماڵەکەی ببینێت، بەهۆی گۆشەگیرییەوە، ڕێگەش نادرێت کتێب بە دەستی زیندانییان بگات، چارەسەری پزیشکیان بۆ ناکرێت، دەرمانیان پێنادرێت. دۆخی زیندانەکان زۆر خراپە. ئەشکەنجە و ستەم لە زیندانەکاندا بوونی هەیە."