باهۆز ئەرداڵ: ئەزمونی شەڕی گەریلا بەهێزە و سوپاکەى بەرامبەریشمان دەناسین

ئەرداڵ رایگەیاند، کۆبوونەوەى ساڵانەى ئەنجوومەنی فەرماندەیی هەپەگە کاریگەرییەکی باشی لەسەر لێهاتوویی شەڕی گەریلای دەبێت و وتی، "لە بریی ٤٠ فڕۆکەى جەنگی ئەگەر ٤ کەسی دیموکرات و ئاشتیخوازیان بناردایە کێشەى دیلەکان بە ئاسانی چارەسەر دەبوو".

باهۆز ئەرداڵ فەرماندەی بڕیارگەى ناوەندیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بەشداریی لە بەرنامەى تایبەتی ستێرک تیڤی دا کرد. لە بەرنامەکەدا باسی لە کۆبوونەوەى ئاسایی ساڵانەى ئەنجوومەنی فەرماندەیی هەپەگە، کە لە مانگی رابردوودا بەڕێوەچوو و هەروەها باسی لە سەرکەوتنی گارە کرد.

چاوپێکەوتنەکەى باهۆز ئەرداڵ فەرماندەی بڕیارگەى ناوەندیی هەپەگە:

- سەرکەوتنی گارە لە رووی سیاسی و سەربازییەوە چ کاریگەرییەکی دەبێت؟

گەریلا لە گارە گورزێکی گەورەی لە دوژمن دا. هێزی گەریلا جارێکیتر دەرکەوتەوە. دەوڵەتی تورک لەم ساڵانەى دوایدا هەموو کات پڕوپاگەندە و بانگەشەى ئەوە دەکات، کە بەهۆی چەکە پێشکەوتوو و تەکنەلۆژیا سەربازییەکانیانەوە 'ئیدی گەریلا ناتوانێت شەڕ بکات، ناتوانێت بەرەنگاری بکات، گەلی کوردیش ناتوانێت درێژە بە دۆزی ئازادی بدات'، بەڵام لە گارە شەهید شۆڕش و هەڤاڵەکانی بە بەرخودانی خۆیان پڕوپاگەندەکانی دەوڵەتی تورک-یان پووچ کردەوە. لە رووی ورە و مەعنەوی و دەروونییەوە ئەنجامی زۆری بە دەستهێنا. داگیرکەران جارێکیتر لەوە تێگەیشتن، کە هاتن بۆ چیاکانی کوردستان زۆریش ئاسان نییە. هەر هەنگاوێک لە چیاکان باجێکی قورسی دەبێت بۆیان. جارێکیتر بۆ ئۆپراسیۆنی لەو شێوەیە نەک ١٠ جار، بەڵکو دەبێت ٤٠ جار بیر بکەنەوە. ئەو سەرکەوتنە ورە و خرۆشانێکی گەورەی بەگەلەکەمان دا.

گەریلا جارێکیتر خاوەنداریی لە هیوا و ئیرادە و بڕواکانی گەلەکەمان کرد. چ لە باکوور و چ لە باشوور گەریلا جارێکیتر سەلماندی، کە بەرگری لەم گەلە و لەم وڵاتە دەکات. بەڕاستی لە دەوری سەرکەوتنی گارەدا رۆح و ئیرادەیەکی نەتەوەی، ورەیەکی وڵاتپارێزی دروستبوو و سەرکەوتی گارە بووە سەرکەوتنی هەموو کوردان. ئێمە لە ناویداین و دەبینین، ئەوەى زۆر زۆر دڵخۆش و پێی سەربڵند و بۆیان شانازی بوو، گەلی باشوور بە تایبەتی گەلی بادینان بوو.

ئەگەر بەڕێوەبەریی باشووری کوردستان رێگای بدایە، گەلەکەمان لە ئاکرێ، ئامێدی، سەرسنگ ئاهەنگ و شاییی گەورەیان دەگێڕا. ئەوەش نیشانی دەدات، کە بەڕاستی ئیدی گەلەکەمان لە باشووری بەوە گەیشتوە، کە هێرشەکانی سوپای تورک بۆ سەر هەموو کوردستانە و بەرخودانی گەریلایش نەک تەنها بۆ پەکەکە بەڵکو بۆ هەموو گەلی کوردە.

"ئەگەر لە بریی ٤٠ فڕۆکەى جەنگی ٤ ئاشتیخوازیان بناردایە کێشەی دیلەکان بە ئاسانی چارەسەر دەبوو"

لەبارەی کوژرانی ئەو ١٣ دیلەوە قسەی زۆر کراوە و من دەتوانم بڵێم، ئەوە روون و ئاشکرایە، کە ئەو ١٣ کەسە لەلایەن سوپای تورکەوە کوژراون. فەرماندەیی بڕیارگەى ناوەندیشمان داوای لە رێکخراوە نێونەتەوەییەکان کردووە بڕۆن بۆ شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە بکەن. هەر خۆی هیچ کەس بڕوای بە بانگەشەکەى دەوڵەتی تورک نەکرد، چونکە هەموو کەس هەڵسوکەوت و رەفتاری هێزەکانمان بەرامبەر بە دیلەکانی شەڕ دەزانن. ئەوە ٦ ساڵ بوو لەلای ئێمە بوون. ئەگەر مەبەستێکی جیامان هەبوایە، لەو ٦ ساڵەدا مەبەستەکەمان ئەنجام دەدا، بەڵام رەفتار و هەڵسوکەوتی ئێمە بەرامبەر بە دیلەکان روون و ئاشکرایە. دەتوانرا ئەو دیلانە رزگار بکرێن. ئەگەر بە ڕاستی دەوڵەتی تورک بیخواستایە ئەوان رزگار بکات پێویستی نەدەکرد ٤٠ فڕۆکەى جەنگی بنرێت بۆ گارە، بەڵکو ٤ کەسی دیموکرات و ئاشتیخوازی تورکی لەگەڵ بنەماڵەی دیلەکان بناردایە، ئەو کێشەیە دەیتوانی بە ئاسانی چارەسەر ببێت.

تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر دیلمان ئازاد کردووە. چ دیلەکان لە ٢٠١٣ و چ دیلەکانی ناوچەى ئۆرەمار لە ٢٠٠٧ ، ئێمە بەبێ بەرامبەر، بێ دانانی شەرت و مەرج تاوەکو ئێستا دیلەکانمان ئازاد کردووە. ئەمجارەش دەیانتوانی ئازاد بکرێن، رێگا کراوە بوو. دەرفەت هەبوو، بەڵام حکومەتی ئاکەپە خواستی ئەو دیلانە سزا بکات. ئەوە ئامانج و هەڵسوکەوتی ئەوان بوو. ٣ کەس ئەو ئۆپراسیۆنەیان بەڕێوەبرد. لە رووی هەواڵگریی سیخوڕیی و زانیارییەوە هاکان فیدان، لە رووی پلانسازی و جێبەجێکردنەوە خولوسی ئاکار و ئەوەشی بڕیاری لەسەری دا ئەردۆغان بوو. ئەو ٣ کەسە بەرپرسی کوژرانی دیلەکانن. ئەگەر لە تورکیا یاسا و دادپەروەری هەبوایە، دەبوایە بنەماڵەی ئەو دیلانە سکاڵایان لە دژی ئەو کەسانە تۆمار بکردایە.

- بە ماوەیەکی کورت پێش هێرشەکە بۆ سەر گارە، ئەنجوومەنی فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کۆبوونەوەى ئاسایی ساڵانەى خۆی ئەنجامدا. گرنگیی ئەو کۆبوونەوەیە چی بوو و لێکدانەوەتان بۆ ئەنجامەکانی چین؟

کۆبوونەوەیەکی چڕوپڕمان ئەنجامدا و زیاتر لە ٩ رۆژ بەردەوام بوو. راگەیاندراوی کۆبوونەوەکەش بڵاوکرایەوە. شیکاری و ئانالیز بۆ هێرشە داگیرکەرییەکان و رێباز و تەکنیکی هێرشەکان کرا. هەڵسەنگاندن بۆ بەرخودانی گەریلا لە ساڵی ٢٠٢٠دا کرا، لە رووی بابەتی تاکتیک و شێوازەوە لێکدانەوەی پێوست کرا. بە تایبەتیش لێکدانەوە بۆ لاوازی و کەموکوڕییەکان لە بەرەی ئێمەدا کرا. ئەو کەموکوڕییانە، کە لەلایەن ئێمەوە روویانداوە، بە جدییەتێکی گەورەوە هەڵوەستەیان لەسەر کرا. ئێمە لەو بڕوایەداین، هەندێک لە دەستدانەکان، لە ئەنجامی کەموکوڕییەکانی ئێمەوە روویانداوە. ئەگەر دەستنیشانکردنی بەهێز هەبوایە، لە دەستدانیش نەدەبوو و گەریلاش دەیتوانی ئەنجامی زۆر بەهێزتر بە دەست بهێنێت. بە تایبەتی بابەتی رەخنە بۆ گەریلاکانی کوردستان ئەوەیە، کە هەڤاڵان زۆر بڕوایان بە خۆیان هەیە و ئەوەش هەندێکجار دەبێتە هۆی ئەوە دوژمن بە بچووک سەیر بکەن. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە لە دیسیپلین و ئاسایشدا لاوازی رووبدات.

کۆبوونەوەکەمان لەسەر ئەزموونی شەڕی ٣٧ ساڵان بوو و شیکاری بۆ هەموو ئەو بابەتانە کرا. ئێمە خاوەنی ئەزموونی شەڕێکی گەورەین. ئێمە سوپاکەى بەرامبەری خۆمان باش دەناسین. ئیمە هێزی خۆشمان باش دەناسین. لەو رووەوە ئێمە لەو بڕوایەداین، کە ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکەمان کاریگەریی باش لەسەر ئەدا و لێھاتوویی گەریلا لە ساڵی نوێدا دەبێت. ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکەمان جێبەجێ بکرێن، ئەوا ئەم ساڵ نەک گارەیەک، بەڵکو گارەکانی تریش روودەدەن. هیزەکانمان کێشەى ورە، ئیرادە و فیدابوون و قارەمانییان نییە. لەو رووەوە ئیرادەیەکی گەورەی هێرش و فیداکاری لە ناو هێزەکانماندا هەیە، خوێنگەرمی هەیە. ئەوەى کەمە هەندێک دیسیپلین و رێوشوێنی پێویستە. ئێمە لەو بڕوایەداین، کە کۆبوونەوەکەمان لە بونیاتنانی گەریلای نوێ و رێبازی شەڕ و خوڵقاریدا کاریگەریی خۆی دەبێت. گەریلاکانی کوردستان بە کردەوەی ساڵانی رابردوو ئەوەیان سەلماندووە.  

هەندێک دەڵێن، ئەم سەردەمە نوێیە، سەردەمی تەکنەلۆژیای جی پی ئێس و سەرپەرشتیکردنی و ئیدارەدانە و جموجوڵی گەریلایی دەرفەتیان زۆری لە بەردەستدا نەماوە، بەڵام ئەزموونی گەریلای کوردستان پێچەوانەى ئەوەى سەلماندووە. لە بەرەنگاریی حەفتانین و گارەدا ئێمە بینمان گەریلای نوێ لە دەوردایە. راگەیاندنی شەڕی تایبەت و بەرپرسانی دەوڵەتی تورک ئەوە بۆ خۆیان بە سەرکەوتن دەزانن، بەڵام ئەوە هیچ لایەنێکی سەرکەوتنی تیادا نییە. گەریلا بەپێی پێشکەوتن و نوێبوونەوە خۆی نوێدەکاتەوە و تاکتیک پێشدەخات. ئەوە سەرکەوتنی ئەوان نییە، بە پێچەوانەوە ئەوە لێهاتوویی و خوڵقاریی گەریلا دەسەلمێنێت. دوو رۆژ لەوە پێش دەیانگوت، 'ئێمە لە باکوور ئۆپراسیۆنمان کردووە، لە گارزان ئۆپراسیۆنمان کردووە و... هتد'. دەڵێن، 'ئێمە کامپی هەڤاڵان و کەلوپەلی ژیانمان بینیوە'، بەڵام لە راستیدا ئەوانە کامپە کۆنەکان و عەمبارە کۆنەکانن، رۆیشتوون زبڵ و خاشاکی دوای ٥ ساڵی هەڤاڵانیان دۆزیوەتەوە و بەوە دەستیان کردووە بە پڕوپاگەندە و بەسەرکەوتنی نیشان دەدەن. لەبەر ئەوانەش کۆبوونەوەکەمان و کرداری گارە نیشانی دەدات، کە گەریلا خۆی نوێکردووەتەوە، خۆی گۆڕیوە و باش سەردەمە نوێکەى خوێندووەتەوە، دەتوانێت ببێتە دڵنیایی و مسۆگەریی سەرکەوتن.

- دوای هێرش بۆ سەر گارە، دۆخی باشوور بووەتە رۆژەڤ، هەڵوێستی گەلی باشوور لە دژی ئەو هێرشانە و هەڵوێست لە ئاست و گۆڕەپانی سیاسیدا دەبێت چۆن لێکدانەوەى بۆ بکرێت؟

هەڵوێستی گەلی باشووری کوردستان زۆر هێژا و پیرۆزە. گەلەکەمان لە باشوور خاوەنی رۆح و ئیرادەیەکی وڵاتپارێزیی گەورەیە. گەلەکەمان لەوە تێگەیشتووە، کە ئیدی پەکەکە تەنها پاساوە بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک. گەل دەزانێت ئەگەر پەکەکەش نەبێت هەر دژومن بەڕێوەبەریی هەولێر بە پەکەکە بوون تاوانبار دەکات و هێرشی دەکاتە سەر. لەو روەوە گەل لە راستییەکان تێگەیشتووە و پەیوەندییەکی زۆر باش لە نێوان گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و گەلی باشووردا هەیە.

بۆ بەڕێوەبەریی باشووری کوردستان دوو شتی سەرەکی و گرنگ هەیە. یەکەم، گەلەکەمان و بزووتنەوەکەمان داوای هەڵوێستێکی باشیان لێدەکات، ئومێدی ئەوە دەکات. بەڕێوەبەریی کەجەکەمان بە شێوەیەکی روون وتی، ئێمە رێز لە بەڕێوەبەری و پێشمەرگەکانی باشوور دەگرین و ئەوانمان قبوڵە. لەو رووەوە هەڵوێستی ئێمە روون و دیارە. پێویستە بەڕێوەبەریی باشووریش هەستێت و بڵێت، ئێمەش رێز لە تێکۆشانی پەکەکە و گەلی باکوور دەگرین، ئێمە رێز لە بەڕێوەبەریی خۆسەر و گەلی رۆژئاوای کوردستان دەگرین. ئەوە ئەرکێکی کوردستانی و نەتەوەییە، کە دەکەوێتە ئەستۆی بەڕێوەبەریی باشووری کوردستان.

خاڵی دووەم ئەوەیە، دەبێت لەو مەترسییە تێبگەن، کە ئامانجی دەوڵەتی تورک داگیرکردنی باشووری کوردستانە. ئەوە لە بیر و پلانی دەوڵەتی تورکدایە و دەڵێن، لەبەر ئەوەى لە باشوور بەڕێوەبەرییەکی فەرمی هەیە، لە پارچەکانی تریش بزووتنەوە و تێکۆشانی کوردان بەردەوامیی دەبێت. هۆکارەکە بەوە دەزانن. ئامانجی ستراتیژییان بۆ کردنە ئامانجی گارە، شەنگال و خواکورک  داگیرکردنی باشووری کوردستان بوو. ئێستا بەڕێوەبەرانی باشوور، بە تایبەتی ئەوانەى پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەڵێن، هاووڵاتییانی گوندەکان لە هەندێک لە ناوچەکاندا ناتوانن بە ئاسانی بڕۆنەوە بۆ گوندەکانى خۆیان. ئەگەر دەوڵەتی تورک بێتە ئەو ناوچانە کەس ناتوانێت لە هەولێر و دهۆک بە ئارامی بمێننەوە. سوپای تورک تەنها بۆ ئێمە نایەت، دەبێت لەوە تێبگەن، کە بۆ ئەوانیشە و دەبێت بەپێی ئەوە هەڵوێست وەربگرن. ئەوە تەنها داوای بزووتنەوەکەمانە لە بەڕێوەبەریی باشووری کوردستان. ئەو هەڕەشە و مەترسییە بۆ سەر هەموو دۆزی کوردە. بەپێی ئەوەى گەلەکەمان لەو راستی و هەڕەشەیە تێگەیشتووە، ئێمە لەو بڕوایەداین بەڕێوەبەریی باشورویش ئاگاداری ئەو راستییەیە.

- خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورک لە کۆبوونەوەى ناتۆدا وتی، پەکەکە دوژمنی ناتۆیە، لەمپەرە لە بەردەم پرۆژەکانی ناتۆ. ئێوە لەوبارەیەوە چی دەڵێن؟

بەپێی خولوسی ئاکار پەکەکە هۆکاری هەموو خراپییەکانی جیهانە. بە بڕوای ئەوان پەکەکە سندوقی پاندۆرایە. دەڵێن، هۆکاری دۆخی عێراق و باشووری کوردستان پەکەکەیە، هۆکاری قەیرانی سوریا پەکەکەیە، هۆکاری قەیرانی ئابووری تورکیا پەکەکەپە، هۆکاری ئاڵۆزییەکەى قەرەباغ (کێشەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا) پەکەکەیە، لەم دواییانەشدا وتیان، هۆکاری هێرش بۆ سەر گۆنگرێسی ئەمریکا پەکەکەیە. سایکۆلۆژی و دۆخی دەروونییان زۆر ئاڵۆز و شێواوە، بەڵام راستییەکە ئەوە نییە. پەکەکە لە دژی بەرژەوەندیی هیچ دەوڵەتێک نییە.

ئەگەر پەکەکە نەبوایە چی رویدەدا؟ تورکیا دەستدرێژیی دەکردە سەر ئێران، ئاڵۆزی و قەیرانی لە قەوقاز دروست دەکرد، هەموو رۆژێک داعشە تیرۆریستەکانی دەنارد بۆ ئەوروپا و بە تیرۆرکاریی ئەوان ئەوروپای ملکەچی خۆی دەکرد. پەکەکە نەبوایە تورکیا لە بەرامبەر ئەمریکا بە کاردانەوەى زۆر توندتر، پلان و بەرژەوەندیی ئەمریکای لە ناوچەکە دەخستە مەترسییەوە، بەڵام بەهۆی پەکەکە و بە هۆی هەبوونی تێکۆشانی خۆیەوە، دەوڵەتی تورک تەنگاو و لاواز دەکات. ئەردۆغان ئێستا ناتوانێت ئەو کارانە بکات. ئەگەر ئەمڕۆ ئەردۆغان هەندێک حساب بۆ ئەمریکا دەکات، ئەوە بەهۆی تێکۆشانی پەکەکەوەیە. تێکۆشانی پەکەکە ئەردۆغانی ناچارکردووە، کە ناچاری ئەمریکا ببێت. تێکۆشانی پەکەکە وایکردووە، کە ئەردۆغان هەندێک حساب بۆ رووسیا و ئێران و دەوڵەتەکانی تر بکات. زیانی ئەمریکا، رووسیا و هیچ کەسێک لە تێکۆشانی پەکەکەدا نییە، بە پێچەوانەوە بەرژەوەندیشیان هەیە.

ئەردۆغان ئێستا درۆ دەکات و دەڵێت، 'هاوکاریمان بکەن ئێمە پەکەکە چارەسەر دەکەین' بە روسەکان دەڵێت، 'دواتر ئێوە چۆن دەتانەوێت کێشەى سوریا چارەسەر بکەن'، بە ئەمریکا دەڵێت، 'ئێوە چۆن دەتانەوێت کێشەى ئێس ٤٠٠ چارەسەر بکەن'، بە ئەوروپا دةلێت، 'ئێمە پێکەوە داعش پاکتاو بکەین'، بە رژێمی سوریا دەڵێت، 'لەو کاتەدا کێشە لە نێوان من و تۆدا نامێنێت'، بەڵام ئەوانە راست نین و ئەگەر پەکەکە نەمێنێت، ئەو عەقڵییەتەى عوسمانی – تۆرانییە فاشیست و نەژادپەرەستە، وەک ورچێک کە بچێتە ناو دوکانێک، دەبێتە هۆی شێواندن و تێکدان و ئاڵۆزی لە ناوچەکە و هەموو جیهاندا. ئەردۆغان لەو کاتەدا وەک هیتلەر یان سەدامێکی نوێ دەبێتە بەڵا بەسەر هەموو جیهانەوە. ئەگەر ئێستا ئەردۆغان لەوە زیاتر ناتوانێت ببێتە شەڕ و بەڵا و لەوە زیاتر ناتوانێت زیان بە ناتۆ و ئەمریکا و روسیا بگەیەنێت، لەبەر ئەوەیە، کە پەکەکە هەندێک هەوسارەکەی راکێشاوە و جڵەوی کردووە.

ئەمریکا بەهاوکاریکردنی کورد زیانی پێنەگەیشت، بەڵکو سوودی پێگەیشت

ئێمە دەمانەوێت بڵێین، ئێستا لە ئەمریکا بەڕێوەبەرییەکی نوێ لەسەر کارە. سیاسەتی ناوچەییان هێشتا بە تەواوی روون نەبووەتەوە، بەڵام دەبێت بۆ کێشەى کورد خاوەن سیاسەتێکی هاوبەش بن. ئەمریکا لەگەڵ کورددا کاریکرد و سوودی پێگەیشت و زیانی پێنەگەیشت. پەکەکە لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێزێکی گەورەیە. لەسەر هاوسەنگییەکان کاریگەریی هەیە. پەکەکە بۆ دیالۆگ کراوەیە، کە خزمەت بە ئارامی و ئاشتیی ناوچەکە بکات. سیاسەتی تا ئێستایان ئەنجامی نەبوو، هەر هاوکێشەیەک، کە پەکەکەی تیادا نەبێت و پەکەکەی لێ دوور بخەنەوە، تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی بە دەستنەهێناوە و ئەنجامیش بە دەست ناهێنێت.

ئەو بانگەوازە تەنها بۆ بەڕێوەبەریی ئەمریکا نییە، بەڵکو بۆ هەموو هێزە ناوچەیی  و نێودەوڵەتییەکانە. دیالۆگ لەگەڵ پەکەکە لە سوودی ئەواندایە. ئێوە ناچار نین، کە وەک تورکیا سەیری کێشەى کورد بکەن، وەک ئەردۆغان سەیری کێشەى پەکەکە بکەن. بەراستیش ئیدی کاتی ئەوە هاتووە و رای گشتیش ئەوەی دەوێت. ملیۆنەها مرۆڤ لە بەریتانیا، ئیتالیا و لە زۆربەى شوێنەکانی جیهان دەیانەوێت سەرۆک ئاپۆ ئازاد ببێت. دانانی پەکەکە لە ناو "لیستی تیرۆردا" بۆ دەوڵەتی تورک بووەتە پاساوی هێرش و رەوایدان بە داگیرکەرییەکانی. خەبات و تێکۆشان بۆ هێنانەدەرەوەی ناوی پەکەکە لە "لیستی تیرۆر" تاوەکو ئاستێک بەرەو پێش چووە. ئەو وڵاتە ئەوروپیانەش هەموویان قەرزاری پەکەکەن.

ئێستا هاوپەیمانییەک لە دژی داعش هەیە. دەیان دەوڵەت و هێزی تیادایە. ئەوەى لە دژی داعش زۆرترین شەڕی کردووە پەکەکەیە. لە شەنگال، مەخمور، کەرکوک  تاوەکو رۆژئاوا، ئەوەى زۆرترین فیداکاری و شەهید و برینداری دا پەکەکەیە. ئەوان دەبێت ئەو قەرزدارییەی خۆیان ببینن. پەکەکە دەبێت لە "لیستی تیرۆر" دەربهێنێرێت و دەتوانن بەوە قەرزەکەى خۆیان بدەنەوە. لەمپەری بەردەم پلانی هەموان، کە بووەتە بەڵا بەسەر هەموانەوە، ئەردۆغانە و ئێمە لەو بڕوایەداین هەموو کەس ئەوە دەبینێت.

لە باشور، ڕۆژئاوا و باکوور هەندێک کەس هەن کە بانگەشەی ئەوەدەکەن، هۆکاری هەرهێرش و کۆسپێک پەکەکەیە. پەکەکە تاوانباردەکەن، ئێوە ئەم بابەتە چۆن لێکدەدەنەوە؟

دەبێت ئینساف هەبێت. ئەردۆغان بە شەو و ڕۆژ دەڵێت کە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا ' من ڕێگە نادەم کە کورد ببنە خاوەن کیان'، دەڵێت لە کوێ بن دەکرێنە ئامانج. ئاشکرایە. بە بیانووی پەکەکە، ڕاستی داگیرکاری نەبینین هەڵەیەکی گەورەیە و دەبیت پێداچوونەوە بەم تێڕوانینەدا بکرێت. بە پێچەوانەی ئەوە، هەتاکوو ئیستا کێ هاوکاری لە پەکەکە نەدیوە؟ لە ڕۆژی سەخت و دژواردا پەکەکە هاوکاری کێی نەکردووە؟ لەو ڕۆژانەی کە ئەردۆغان دەیگووت؛ ' کۆبانی کەوت، دەبێت بکەوێت،' کێ یارمەتی کۆبانی دا؟ لە شەنگال کاتێک کە گەلی ئێزدیی لە لێوارەی کۆمەڵکووژییەکی گەورەدابوو، کێ چوو بۆ شەنگال؟ لە مەخموور کاتێک داعش نزیکی دەروازەکانی هەولێر بوویەوە، کێ پێشی لە داعش گرت؟ لە کەرکووک کێ بوو؟ لە باکوور ئەگەر پەکەکە نەبوایە ئیستاکە ناوی کورد نەدەما.

لە ڕۆژئاوا هەرکات گرفت و پێویستی بووە، پەکەکە فیداکاری هەرە مەزنی کردووە. ئەگەر پەکەکە نەبایە ئیستاکە لە رۆژئاوا شتێک هەبوو؟ لە باشووریش بەهەمان شێوە. ئەگەر پەکەکە نەبوایە  دەوڵەتی تورک بە تەحەموول نزیکی دەسەلاتی باشوور نەدەبوو. لە ئەنکەرا پیشوازییان لێناکات ولەهەولێر نەدەچوو بۆ سەردانیان. ئەگەر پەکەکە نەبوایە دوژمن حەسابی بۆ باشوور نەدەکرد .هەر کوردێکی خاوەن ویژدان دەبێت بزانێت لە هەر شوێنێکی کوردستان کە پێشکەوتنێک دەبێت بە سایەی پەکەکەیە و ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن.

پەکەکە نەبوایە لە کوبانی چی دەبوو؟ پەکەکە نەبوایە لە شەنگال چی ڕووی دەدا؟ پەکەکە نەبوایە لەهەرێم چی دەقەوما؟  خەبات و تێکۆشانی پەککە جێگەی سەربەرزیە. هەموو شۆڕشگێڕ و کادیرەکانی پەکەکە سەربەرزن کە پەکەکەیین. لە ژیانی ئەوان، لە ئەخلاقی ئەوان، لە فەلسەفە و فکر و قارەمانی و بوێری ئەواندا هیچ خەمساردییەک نییە. زیاتر هەکە کەمکاری نییە. ئەمە پرۆپاگەندەی دەوڵەتی تورکە کە دەڵێت پەکەکە نەبێت کێشەی من لەگەل دەوڵەتی کوردیدا نییە. لەلایەکیشەوە راستە ئەگەر پەکەکە نەمینێت دۆزی کوردیش  نامینێت. دەبێت هەر کەسیک ئەمراستیە بزانێت. ئەگەر کە نازانێت دەبێت مێژووی نزیک و دووری میلەتی کورد بخوێنێتەوە، ببینێت کە واتای پەکەکە چییە.

لە رۆژئاوای کوردستان پیشکەوتنی گرینگ هەیە ،لە دەمیکی نزیکدا چارەسەرییەک سیاسی هەیە. کۆبوونەوەکانی ئاستانە و ژێنێف-یش ڕاوەستا. ئێوە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا ، هەڵوێستی ڕژیمی سوریا چۆن لێکدەدەنەوە؟

لە ئیستادا ئاڵۆزییەکانی سووریا بەردەوامە، کۆبوونەوەکانی ژنێف و سوچی داخرا و بێ ئەنجام بوو. لە دۆخێکی ئاوەهادا چاوەڕوانی چارەسەرییەکی سیاسی ناکرێت. ئێمە وەک پەکەکە خاوەن کاریگەرین. کاریگەری رێبەر ئاپۆ لە سەر ڕۆژئاوا و سووریا بەگشتی، لەسەر کورد و عەرەب هەیە. ئێمە پێشنیارەکانی خۆمان بۆ کێشەکانی سووریا و هەرێمەکە بەگشتی کردووە. ئێمە وەک پەکەکە ئاوەها بیر دەکەینەوە. چارەسەری شام. مۆدێلی سیاسی سووریایەکی دیموکراتیک، بەڕێوەبەرییەکی نا ناوەندی بە پێێ دیموگرافیا وسیاسی سووریا چارەسەرییە. ئێمە لەگەل یەکپارچەیی خاکی سووریاین. کوردانی سووریا یەکێتی خاکی سووریا ناکەنە کێشە.

خاڵی دوهەمین، ئاڵای دەوڵەت کێشە نییە. بەڵام هزری بەعسی شۆڤینی و دژە دیموکراتیک قەبووڵ ناکرێت. دیموکراتیک بوونی بنگەیی بۆ سووریا پێویستە. لەسەر ئەم ئەساسە دەبێت کێشەکان چارەسەربکرێن. پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بۆ سووریا پرۆژەیەکی یەکسانە. پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک نەتەنیا بۆ  کورد، بۆ هەموو سووریا چارەسەرییە. هەندێک شۆڤینی بەعسی وا بیردەکەنەوە کە ئەگەر مافی کوردان بدرێت سووریا پارچە دەبیت. لەناو دام دەزگەکانی راگەیاندنی ئەواندا پرۆپاگەندای ئەوە دەکەن کە ئەگەر ئێمە نەرمی بنوێنین، سوریا پارچە دەبێت. داهاتووی نەتەوەی عەرەب بکەوێتە مەترسییەوە. لە راستیدا دیموکراتیک بوونی سووریا و قبووڵکردنی هەنگاوی ئازادی کوردان بۆ یەکێتی خاکی سووریا بنگەیە،بۆ پاراستنی سنوورەکانی سووریا بنگەیە، بۆ داهاتووی سووریا بنگەیە. بۆ ئەوەی کە داهاتووی سووریا ئارام ببێت دەبێت کورد ئازاد بێت. نەتەنیا کورد دەبێت دۆرزی، عەلەوی، ئەرمەن، چەرکەس-یش ئازاد بن.

کورد لە سووریا ئازاد ببن و ببنە هێزێکی سیاسی، ئەمە مەترسی نییە بۆ داهاتووی سووریا. بە پێچەوانەوە ئازادبوونی سووریا بەهێزبوونی سووریایە، کۆیلە بوونی کوردان لاوازی سووریایە.  ئێمە وەک پەکەکە ئاوەها بیر دەکەینەوە و پیشنیاری ئێمە بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا ئەمەیە.

' لە ڕۆژئاوا کوردان پیشەنگایەتی تێکۆشان دەکەن'

ئیستاکە ئەمەش ئاشکرا بوو کە دەوڵەتی تورک نەتەنیا دوژمنی کوردانە، دوژمنی عەرەبیشە، دوژمنی ئەرمەنە، دوژمنی هەرکەسێکە.

لە قەرەباخ ئەمە ئاشکرابوو. ئەمە هزری تورکە. خۆیان پێ ڕاناگرێت کە چۆۆن ٦٠٠ساڵ پیش دەسەڵاتی عوسمانی هەبووە و ئیستاکە نییە. باوەڕیان وایە کە لەشەڕی جیهانی یەکەمدا عەرەب، کورد و ئەرمەن و هەموو پێکهاتەکان خیانەتیان لێیان کردووە و پشتیان لەوان کردووە. دەخوازن تۆڵەی خۆیان بکەنەوە. سیاسەتی ئەوان لە لیبیا، میسر و کەنداو لەسەر ئەم بنگەیە دەروات. بەرەیەکی ئەرێنی کورد و عەرەب لەهەمبەر ئەم هزرە هێڕشکار و داگیرکەرەدا درووستبووە. پێشەنگی ئەم تێکۆشانە کورد و پەکەکە پیشەنگایەتی دەکات.

لە رۆژئاوا ئاوەهایە، کورد پیشەنگایەتی تێکۆشان دەکات. ئەڵبەت گەلی عەرەب و وڵاتە عەرەبییەکان خاوەن هەڵوێستن. گەلی سووریا ئازای ئەمەیان بینیوە. لە بەر ئەمە پێویستە وڵاتانی عەرەبی لەم بابەتەدا خاوەن هەڵوێستێکی بوێرانە بن. دەوڵەتی تورک بە نیازە ترسی دەسەڵاتی ٤٠٠ ساڵەی عوسمانی بەسەر وڵاتانی عەرەبیدا ئاوا بکات و کۆمەڵکووژییەکانی دووبارە بکاتەوە. ئەمەش ئیتر دەبینن کە کورد لە بەرەی پێشەوە لە هەمبەر ئەم هزرە تێکۆشان دەکات. ئەگەر ئاوەها نەبوایە دەوڵەتی تورک بەخێرایی ئەو وڵاتە عەرەبانەی داگیردەکرد. ئەوەی کە پێشی لێگرتووە گەل و تێکۆشانی ئێمەیە.

لەم کاتەدا ڕاستییەک ئاشکرا بوو، ئەویش راستی ڕۆحی گارێ بوو، سەرکەوتنی گارێیە. ئەمەش بۆ هەموو گەلی کورد سەربەرزییەکی گەورەیە. ئەمە بە ئاسانی رووینەدا، بە تێکۆشان و ڕەنجیکی مەزن مسۆگەر بوو. دوژمن لە هەمبەر ئێمەدا دوژمنێکی بێ ڕەحمە. هەموو دەرفەتەکانی خۆی لە دژی ئێمە بەکار دینێت. ئێمەش بە رۆحی گارێ بەرخۆدان دەکەین. دەبیت ڕۆحی گارێ ببێتە ڕۆحی هەموو گەلی کورد. هەموو مرۆڤە ئازادیخواز و دیموکرات. بە تایبەتی گەنجان بە ڕۆحی گارێ هەڵسووکەوت بکەن. دەوڵەتی تورک ئاوەها ئەفسانەیەک لە درۆ و چەواشەکاری و ترسیان درووستکردووە. دەبێت گەنجانی ئێمە ئەم پەردەیە شڕ وشیتاڵ بکەنەوە. گەنجێک بخرێتە زیندان، بەو واتایەیە کە کەنجێکی بە شەرەفە، بۆیە دەکرێتە ئامانج. گەنجێکی خاوەن شەرەفە بۆیە دوژمن دەیانکاتە ئامانج. ئەوان مرۆڤێکی وڵاتپاریز و خاوەن کەرامەتن. لە دەستی دوژمن تەنیا تیرۆی ئەو و زیندان ئەو هەیە. گەنجانی کورد دەبیت بە رۆحی گاری هەڵسووکەوت بکەن و بەروە لووتکەکان بێن.

ژ-ت/ک-ش