بانگەوازێک بۆ بەڕێوەچوونی شکۆداری چلەی دانیال پابەندی رادەگەیەندرێت

ناوەندی سەرهەڵـدانی گەلی شۆڕشگێڕی کوردستان داوادەکات، چلەی دانیال پابەندی لە سەقز بە شێوەی جەماوەری و بەشکۆ لەسەر گڵکۆی ئەو شەهیدەی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بەڕێوە بچێت.

لە بانگەوازەکەدا هاتووە: "ناوەندی «سەرهەڵدانی گەلی شۆرشگێڕی کوردستان» بانگی گەلی خۆڕاگر و ئازایخوازی شاری سەقز دەکات کە هەروەک لەسەرهەڵدانی ژینا و شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»دا دەستپێشخەر و پیشەنگایەتیان گرتە ئەستۆ و داری ئازادیان بە خوێنی پاکی ڕۆڵەکانیان ئاوداوە ، ئێستاش لە ڕێکەوتی ٥ ی بەفرانباردا کە هاوکاتە لەگەڵ چلەی شەهادەتی دانیاڵ پابەندی، جەماوەریانە لەسەر گڵکۆی ئەو شەهیدە ئامادە بن".

دەقی بانگەوازەکە:

بانگەوازی ژمارە ١٢ «ناوندی سەرهەڵدانی گەلی شۆڕشگێڕی کوردستان» بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی چلەی شەهید دانیاڵ پابەندی لە سەقز

بۆ ڕای گشتی و

خەڵکی بەغیرەتی سەقز

هەروەکوو گەلی بە غیرەت و ئازادیخوازان دەزانن، ڕژێمی منداڵ کوژ و کۆماری سێدارەی ئێران دەیان تازە لاوی بێ تاوانی لەکاتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» شەهید خستووە. شەهید کردنی «دانیاڵ پابەندی» تازە لاوی ١٧ ساڵان لە سەرهەڵدانی لاوان لە ٢٥ گەڵاڕێزان ١٤٠١ یەکێکی دیکە لە ئەڵقەکانی زنجیرە تاوانەکانی دژە مرۆڤانەی ڕژێمی کوژەر و سێدارەی ئێرانە. بەشداری خەڵکی بەغیرەتی سەقز بە شێوازێکی شکۆمەندانە لە ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی شەهید دانیاڵ پابەندی ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆڤانەیە.

لە ماوەی سەرهەڵدانی گەل و لاوانی شؤڕشگێڕی سەقز لە شەوی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ هێزە سەرکوتکارەکانی ڕژێمی سێدارە لە شەقامی فورقانی گەڕەکی شاناز دانیاڵ پابەندی ١٧ ساڵە بە تەقەی راستەوخۆ شەهید دەکرێ.خەڵکی شۆڕشگێڕ و ڕاپەڕیو نەیانهێشت تەرمی پیرۆزی شەهید لەلایەن هێزەکانی ڕژێمەوە بڕفێندرێ و بە ئامادەبوونی جەماوەریانە لە سەر گڵکۆی پابەندی لە قەبرستانی ئایچی شاری سەقز ئەرکی ئینسانی و ئەخلاقی خۆیان لە ئاست شەهیدان و شۆڕش پێکهێنا.

ناوەندی «سەرهەڵدانی گەلی شۆرشگێڕی کوردستان» بانگی گەلی خۆڕاگر و ئازایخوازی شاری سەقز دەکات کە هەروەک لەسەرهەڵدانی ژینا و شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»دا دەستپێشخەر و پیشەنگایەتیان گرتە ئەستۆ و داری ئازادیان بە خوێنی پاکی ڕۆڵەکانیان ئاوداوە ، ئێستاش لە ڕێکەوتی ٥ ی بەفرانباردا کە هاوکاتە لەگەڵ چلەی شەهادەتی دانیاڵ پابەندی، جەماوەریانە لەسەر گڵکۆی ئەو شەهیدە ئامادە بن. سەقز، ئەو شارەیە کە شۆڕشمان لەوێوە دەستپێکرد، وەرن جارێکی دیکە بە ئامادەبوونمان بەشێک لە دەینی خۆمان بە شەهیدانی لاو و تازەلاو بدەینەوە. ئامادەبوون لە گۆڕەپانەکانی سەرهەڵدان وشۆڕش، هاوکات یەکێکە لە ڕێبازە کاریگەرەکانی پێشگرتن لە سێدارەی لاوانی دەستبەسەرکراو و زیندانی. شەهید بوونی لاوگەلێک وەک پابەندی شایەنی ئەوەیە لە ڕۆژێکی وەهادا لە سەرجەم شارەکانی ئێران و کوردستان گەلی سەرهەڵدێر بە خۆپێشاندان یادیان بکەنەوە.

 شەهیدان نامرن

بژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی

ناوەندی سەرهەڵـــــــــدانی گەلی شۆڕشـــــــــگێڕی کوردســـــــــــــــــتان

٢ی بەفرانباری ٢٧٢٢

هـ . ب