بایک: دەبێت ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ پرسی سەرەکی بێت لەهەموو گۆڕەپانێکدا

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەمیل بایک رایگەیاند، کە گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەموو رۆژێک دژوارتر دەبێت و وتی، "بۆ هەمووان لە سەرجەم بوار و گۆڕەپانەکاندا دەبێت گرنگترین پرس ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بێت".

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەشداری لە 'بەرنامەی تایبەت'ی ستێرک تیڤیدا کرد و رووداو و پەرەسەندنەکان لە کوردستان، تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەڵسەنگاند.

بایک باسی لەوەکرد، ئەو کۆنفڕانسەی لە ١٠٠ ساڵەی پەیمانی لۆزاندا بەسترا، زۆر گرنگە و ئەوەی خستەڕوو کە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنفڕانسەکە بزوتنەوەی ئازادیی کورد ئەرک و رۆڵی خۆی دەگێڕێت.

بایک باسی لەوەکرد کە دەوڵەتی تورک لە ماوەی ٨ ساڵی رابردوودا لە شەڕ لە دژی بزوتنەوەی ئازادی کورددا هەموو تواناکانی خۆی بەکارهێناوە و وتی، "لەو بڕوایەدام لە جیهاندا نەبووە لەم ئاستەدا هێرش کرابێتە سەر هیچ هێزێک و ئەو هێزە توانیبێتی خۆی رابگرێت. لە شەڕەکانی جیهاندا ئەم چەکانە بەکارنەهێنراون. ئەگەر لە بری پەکەکە هێزێکی دیکە هەبوایە، نەک هەشت ساڵ، هەشت مانگیش نەیدتوانی خۆی رابگرێت. سەرباری قوربانی زۆر کە بەخشیومانە، ئێمە نەمانهێشت کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئامانجەکانی بپێکێت". بایک سەرکەوتنی مێژوویی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستاری پیرۆز کرد، کە بەرخودانی مێژوویی لە دژی داگیرکەران ئەنجام دەدەن.

چاوپێکەوتنەکەی هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە جەمیل بایک کە لە ستێرک تی ڤییەوە بڵاوکرایەوە بەم جۆرەیە:

گۆشەگیری لە سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گۆڕدراوە بۆ ئەشکەنجە. ماوەی دوو ساڵە بە هیچ جۆرێک زانیاری لە بارەیەوە نازانرێت. ناڕەزایەتیش بەرامبەر بە گۆشەگیری بەردەوامن. لەم دواییەدا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە سەبری ئۆک لێدوانێکی دابوو. پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

سیاسەتەکان لە دژی رێبەر ئاپۆ نەک هەر بەتەنیا پەیوەندی بە کوردەکانەوە، بەڵکوو بە هەموو مرۆڤایەتیەوە هەیە. هەربۆیە رۆژ لەدوای رۆژ لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی ناڕەزایەتی لە دژی سیاسەتەکان بەرامبەر بە رێبەر ئاپۆش زیاتر دەبێت. لەم دواییەدا لە لۆزان کۆنفڕانسێک سازکرا، هەندێک بڕیار دران. لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆدا هەندێک بانگەواز کران. هەروەها بەر لە چەند رۆژ لە بەلجیکا سەندیکاکان، ژمارەیەک لە رۆشنبیران و سەرۆکایەتی شارەوانیەکان کۆبوونەوەیەکیان سازکردبوو. لەو کۆبوونەوەشدا داوای ئازادی جەستەیی بۆ رێبەر ئاپۆ کرابوو. ئەو کەسانەی ئەو بانگەوازەیان کردبوو و لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوو پیرۆزباییان لێدەکەم و سڵاویان بۆ دەنێرم. ئەو بانگەوازەیان زۆر گرنگە. لەو بڕوایەدام کە ئەوانەی ئەو بانگەوازەیان کردبوو، بە ئاراستەی هێنانەدی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ پێشەنگایەتی دەکەن. لەبەر ئەوەی ئەوان خۆشیان چەندین ساڵە لە سەر ئەو بنەمایە تێدەکۆشن.

هەم بە کۆنفڕانسی لۆزان و هەمیش بە کۆبوونەوەی بەلجیکا، لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدرایەوە، هەڵمەتێک و هەنگاوێکی نوێ بەرەوپێشبرا. بزوتنەوەی ئێمەش لەو هەڵمەتەدا بەشدار دەبێت. بەم نزیکانە لەسەر ئەو بنەمایە دەتوانین هەنگاو هەڵبگرین. بەم بۆنەوە بانگەوازێک ئاراستەی گەلەکەمان لە چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەم. دەبێت هەموو کوردێک لە پێناو ئازادیی جەستەیی رێبەرایەتی لەو هەڵمەتەدا بەشدار بێت و ئەرکی خۆی راپەڕێنێت. هەموان دەزانن کە لە بەرامبەر رێبەر ئاپۆ شەڕێکی زۆر چەپەڵ بەڕێوەدەبرێت. زیاتر لە دوو ساڵە لە ژێر ناوی گۆشەگیری رەهادایە. ئەگەر دوژمنی داگیرکەر بەو سیاسەتەی بەڕێوەی دەبەن بگەنە ئامانجەکانیان، کۆمەڵکوژی لە دژی گەلی کورد دەگاتە ئەنجام. خۆی لە بەرخۆیدا لەبەر ئەوەیە کە گۆشەگیرییەکی بەو رادەیە دژوار بەڕێوەدەبرێت. دەوڵەتی تورکی فاشیست بڕیارێکی مرۆیی، ئەخلاقی و یاسایی ناناسێت. هەربۆیە بە شێوەی هەڕەمەکی دەجوڵێتەوە.

لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی هێزەکانی دیموکراسی و ئازادی ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بەو سیاسەتەی لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا لە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدرێت، نیشان دەدەن. لەبەر ئەوەی ئەو ناڕەزایەتیانەی خۆیان بە چالاکی دەربڕی، دەوڵەتی تورک بەو هۆیەوە توڕە و بێزارە. دەوڵەتی تورک گرنگی رێبەر ئاپۆ بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتی دەزانێت. هەربۆیە ئەشکەنجەی سەر رێبەر ئاپۆ رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر و چڕتر دەکەنەوە. بۆ نمونە هەندێک کاربەدەستی تورک هەن؛ هەندێک قسەی لەو جۆرە دەکەن. بە رێبەر ئاپۆیان وت "ئەگەر تۆ داواکاریەکانمان جێبەجێ نەکەیت، رۆژ لە دوای رۆژ دەتکوژین". تونجەر کلینچ (سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی تورک) بەم جۆرەی وتبوو، "لە ئیمراڵی هەموو رۆژێک وەک لە سێدارەدانە، هەموو رۆژێک لە سێدارەی دەدەین". لە ئیمراڵی بە تەواوەتی لە سەر ئەم بنەمایە سیاسەت بەڕێوەدەچێت. هەربۆیە دەبێت لە هەموو گۆڕەپانێکدا بۆ هەموان گرنگترین بابەت پرسی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بێت. ئەگەر بابەتە گەرمەکان لە سەر ئەو ئەو بنەمایە دابنرێن، ئێمە دەتوانی ئەو سیاسەتەی لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا لە دژی کورد جێبەجێ دەکرێت، پوچەڵ بکەینەوە. ئەرکی ئێمەش ئەوەیە.

گەلەکەمان باس لەو سیاسەتە تێدەگات کە دەوڵەتی تورک بەڕێوەی دەبات. دەڵێن کە هەموو رۆژێک سزای دیسپلین بەڕێبەر ئاپۆ دەدەن، بەم جۆرەش رێگری لە سەردانی بنەماڵە و پاڕێزەران دەکەن. ئەگەر مرۆڤ دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پاڕێزەرانی ئەنجام نەدرێت، نامە نەگەیەندرێت، ئایا چ تاوانێکی کردووە؟ ئێمە لەوە تێدەگەین کە بەتەواوەتی بڕیاری سیاسی کاریان پێدەکرێت. رێبەر ئاپۆش لە دژی ئەو سیاسەتە چەپەڵە بەرخودانێکی مێژوویی بەڕێوەدەبات. هەربۆیە دەوڵەتی تورک لە رێگەی رق و نەفرەتەوە بەرامبەر بە رێبەر ئاپۆ بگاتە ئەنجام. بۆ ئەوەی دەنگی رێبەر ئاپۆ نەگاتە گەل، گۆشەگیرییەکی بەو ڕادەیە دژوار پەیڕەو دەکرێت. لەو بڕوایەدام کە ئەوانەی لە کۆنفڕانسی لۆزان و کۆبوونەوەکەی بەلجیکادا بەشداربوون، لە پێناو ئازادی جەستەیی رێبەرئاپۆ هەنگاوی نوێ دەگرنەبەر و وەک بزوتنەوەش ئێمە لەو هەڵمەت و هەنگاوەدا دەبین، لە رۆژانی داهاتووشدا ئەوە روون دەکەینەوە.

دەوڵەتی تورک بەر لە ٨ ساڵ لە ٢٤ی تەمووزی ٢٠١٥دا لە دژی گەلی کورد و هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا جارێکیتر هێرشی دژواری دەستپێکرد. ماوەی ٨ ساڵە بە شێوەیەکیی بێ پسانەوە ئەو هێرشە بەردەوامە. هەپەگە لە کۆتا راگەیەندراویدا باس لەوە دەکات کە پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک لە خواکورک بەشداری ئۆپراسیۆن دەکات، لە گۆڕەپانەکانی دیکەش لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکان پێکەوە دەجوڵێنەوە. شەڕەکەئێستا لە چ دۆخێکدایە؟

لە تێکۆشانی ئێمەدا ئەم ٨ ساڵەی دوایی گرنگە. هەڵبەت تێکۆشانی ئێمە بە زۆر قۆناغی دژواردا تێپەڕبووە، بەڵام لەم هەشت ساڵەی ئەم دواییەدا شەڕێکی یەکجار دژوارتر لەئارادایە. سوپای تورک دووەم گەورەترین هێزی ناتۆیە. هەربۆیە ناتۆ و هەندێک دەوڵەت چی چەکێک هەیانبێت دەیدەن بە دەوڵەتی تورک. لە هەموو روویەکەوە پشتیوانی لە دەوڵەتی تورک دەکەن. کاتێک بابەتەکە دەبێتە پەکەکە و کورد هەموو جۆرە چەکێک بەکاردەهێنن. لە چەکی کیمیاییەوە بگرە تا چەکی ئەتۆمی تاکتیکی بەکاردەهێنن. لە ٨ ساڵی رباردوودا دەوڵەتی تورک لەو شەڕەیدا لە دژی بزوتنەوەکەماندا بەڕێوەی دەبات، هەموو تواناکانی خۆی بەکارهێناوە. ٢٤ کاتژمێر بە شەو و رۆژ هێرش دەکاتە سەر گەریلا. بە تانک، تۆپ، چەکی کیمیایی شەو و رۆژ هێرش دەکات. هەپەگە لە راگەیەندراوەکەیدا باسی لەوەکردبوو کە لە رۆژێکدا زیاتر لە ٥٠٠ جار هێرش ئەنجامدراوە.

بڕواناکەم لە جیهاندا هێزێک هەبێت ئەو هەمووە هێرشی کرابێتەسەر. لە شەڕەکانی جیهاندا ئەو چەکانە بەکارنەهێنراون. ئامانجی دەوڵەتی تورک بریتیە لەوەی هەنگاوی کۆمەڵکوژکردنی کوردان کە دەستیپێکردووە، بگەیەنێتە ئەنجام. ئەمە راستیەکە. هەم رێبەر ئاپۆ، هەم گەریلاکانی پەکەکە، هەمیش گەلی کورد ٨ ساڵە بەرخودانی مێژوویی ئەنجام دەدەن. لەبەر ئەوەی بەرخودانێکی گەورە هەیە، ئێمە قوربانی دژوار دەدەین. لەبەر ئەوەی ئەو تێکۆشانەی بەڕێوەی دەبەین تەنیا لەپێناو خۆمان نییە، لە هەمان کاتدا بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتیە. هەربۆیە قوربانییەکانیشی گەورە و دژوارن. سەرباری ئەو قوربانییە دژوارەی دەیبەخشین، رێگەمان نەدا کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بگاتە ئامانجەکانی. لەبەر ئەوەی ئامانجیان ئەوەبوو کە لە ١٠٠ەمین ساڵەی لۆزاندا پەکەکە پاکتاو بکەن و گەلی کورد جینۆساید بکەن. هەربۆیەشە هەموو دەرفەتەکانی خۆیان بەکارهێنا. لەدژی ئەوە رێبەر ئاپۆ، پەکەکە و گەلی کورد بە قارەمانێتی خۆڕاگری دەکەن. بەم بۆنەوە من بە رێز و خۆشەویستیەوە سڵاو ئاراستەی سەرجەم گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار دەکەم کە لە تونێلەکانی شەڕ و گۆڕەپانەکاندا لە دژی داگیرکەران تێدەکۆشن و شەڕ و بەرخودانێکی مێژوویی ئەنجام دەدەن، بەرامبەر بەو گەریلایانە پێزانینی خۆم دەردەبڕم و بەبۆنەی سەرکەوتنەکانیانەوە پیرۆزباییان لێدەکەم.  

لە کوردستاندا دوو هێڵ هەیە

لەلایەکی دیکەوە دۆخی پەدەکە و بارزانی لە ئارادایە. هەموو کوردانی خاوەن ویژدان، بە هۆی ئەو دۆخەی پەدەکە و بارزانی گرتوویانەتە بەر، تووشی دژواری دەبن و خاوەن کاردانەوە و توڕەیین. لەبەر ئەوەی بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا هەنگاو دەنێن. هەموو تواناکانیان خستووەتە خزمەت دەوڵەتی پاکتاوکەر و ئەوەش وەک هەڵە دانانێن. دەڵێن ئێمە نوێنەرایەتی کوردان دەکەین، ئێمە خزمەتی کوردان دەکەین. دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە گەنجانی کورد شەهید دەکات. هەربۆیە دەبێت گەلەکەمان باش لە پەیوەندییەکانی پەدەکە-بارزانی و دەوڵەتی تورک تێبگەن و هەڵیبسەنگێنن. ئێستاش پەیوەندییەکانیان بەردەوامە.  

لە راگەیاندنیشەوە بڵاوکرایەوە. لە خواکورک دەوڵەتی تورک و پەدەکە لە دژی گەریلا ئۆپراسیۆن دەکەن. هەروەها لە زاپ ناسنامەی پێشمەرگەکان وەردەگرنەوە و جلوبەرگی سەربازانی تورکیان لەبەردەکەن. بەم جۆرە شان بە شنی سەربازانی تورک لە دژی گەریلا شەڕ دەکەن. سەربازانی تورک لە بنکە سەربازییەکانی بارزانییەکانەوە دێنە دەرەوە و هێرش دەکەنە سەر هەڤاڵان. رێک لەو رۆژەیدا کە کۆنفڕانسی لۆزان ئەنجامدرا- کۆنفڕانسێکی نەتەوەیی بوو بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی هاوپەیمانی نەتەوەیی- بارزانیەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورک لە دژی گەریلا ئۆپراسیۆنی ئەنجامدا. هەربۆیە دەبێت هەموو کەس ئەم راستیە ببینێت و تێبگات. واتای ئەوە چییە کە لەگەڵ دوژمندا یەکدەگرن و لە دژی گەریلا ئۆپراسیۆن دەکەن؟ دەبێت هەموو کەس لەوبارەوە بیر بکاتەوە و راوەستەی لەسەر بکات.

لە کوردستاندا دوو هێڵ هەیە؛ یەکەمیان هێڵی ئازادییە، ئەوەی دیکە هێڵی خیانەت و داردەستەیی. هیچ هێڵێکی دیکە نەماوە. نابێت کورد لەسەر هێڵی خیانەت و داردەستەیی جێبگرێت، نابێت گەلی کورد شان بە شانی دەوڵەتی تورک بوەستێت و نابێت کە لەگەڵ دەوڵەتی تورک دەستی بچێتە خوێنی گەنجانی کورد. هیچ پەیوەندییەکی بە کوردایەتیەوە نییە. دەبێت گەلەکەشمان ئەم راستیە ببینێت و بە گوێرەی ئەوە هەڵوێست نیشان بدات.

لە سەدەمین ساڵەی لۆزاندا جگە لە پەدەکە هەموو پارتەکان لە لۆزان کۆبوونەوە. لەو شوێنەی پەیمانی کۆمەڵکوژکردنی کوردان واژۆکرابوو تابلۆیەکی یەکڕیزی و یەکگرتووییان نەخشاند. ئێوە کۆبوونەوەی لایەنەکان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئەو کۆنفڕانسەی لە لۆزان ساز کرا بە چ واتایەکە؟

کۆنفڕانسی لۆزان لە مێژووی گەلی کورددا لە پێناو یەکێتیی نەتەوەیی هەنگاوێکە. ئەمە نەک هەر لە ناو گەلی کورددا، لە ناو گەلانی دیکە کە لە کوردستان دەژین، ئەو گەلانەی ئایینی جیاوازیشیان هەیە بووە سەرچاوەی هیوا و بڕوا. لۆزان بەڵگەی قڕکردنی کورد، ئەرمەنی، سوریانی- ئاشوری، عەلەوی و ئێزدییەکانە بەر لە ١٠٠ ساڵ. ئەوە پیلانگێڕییەکی شاراوەیە. رێبەر ئاپۆ لە رێگەی تێکۆشان لە دژی پەیمانی لۆزان وایکرد کە تێگەیشتن لە بارەی لۆزانەوە ساز بێت. ئەو کۆنفڕانسەی دوای ١٠٠ ساڵ لە لۆزان سازکرا راستی لۆزانی بە جیهان نیشاندا. کوردەکان رایانگەیاند کە پەیمانی لۆزان بە واتای کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی کوردانە و ئەو پەیمانە قەبوڵ ناکەن و لەگەڵیدا ناژین. ئەوان ئەو پەیمانەیان لەناوبرد. کۆنفڕانسی لۆزان دەرخەری ئەوەیە.

دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانی بۆ ئەوەی کۆنفڕانسەکە نەبەسترێت زۆر هەوڵیان خستەگەڕ. بەڵام نەیانتوانی بەری پێبگرن، هێزی ئەوان بۆ ئەوە بەس نەبوو. لەبەر ئەوەی بەرخودانی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات رۆژ لەدوای رۆژ گەورەتر دەبێت و ژمارەی دۆستانیشی زیاتر دەبن.

هەر ئەو رۆژە پەدەکە-بارزانی لەگەڵ تورکەکان ئۆپراسیۆنیان لە دژی گەریلا دەکرد

کۆنفڕانسەکەی لۆزان زۆر گرنگ بوو. بەم بۆنەوە سڵاو و پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ئەو کەسانە دەکەم کە رۆڵیان لە کۆنفڕانسەکەدا هەبووە، لە بڕیاردان لە بەستنی کۆنفڕانسەکەوە و تا بە کردارکردنی بڕیارەکە و بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسەکە. کارێکی زۆر مێژووییان کرد و خزمەتێکی زۆر گەورەیان بە گەلی کورد و گەلانی دیکە کرد. لەبەر ئەوەی خەباتێکی زۆر گرنگ بوو. هەموان دەیانویست پەدەکە و بارزانیش بەشدار بن. لەوپێناوەدا هەوڵ و خەباتیش خرایەگەڕ. لەو رۆژە مێژووییەدا داوایان کرد لە بری ئەوەی لەگەڵ دوژمن و داگیرکەران بێت، شان بە شانی گەلەکەی بوەستێت. داواکاری هەموو کەس ئەوەبوو. بەڵام پەدەکە و بارزانی لەبەر ئەوەی پەیوەندییەکانیان و چارەنوسیان بە دەوڵەتی تورکەوە بەستووتەوە بەشدارییان لە کۆنفڕانسەکەدا نەکرد. لە کۆنفڕانسی لۆزاندا ئەوانەی داوای یەکێتی و ئازادی کورد دەکەن، هاتنە لای یەک و کۆبوونەوە. ئەوەی نەهات بارزانی بوو. کوردەکان لە لۆزان کۆنفڕانس ساز دەکەن، پەدەکە-بارزانیش لەگەڵ تورکەکان لە دژی گەریلا ئۆپراسیۆن بەڕێوەدەبەن. گەلی کورد پەیمانی لۆزانی تێکشکاند، بەڵام پەدەکە-بارزانی خاوەنداریان لەوە نەکرد. واتای وەستانەوەیان لە تەنیشت دەوڵەتی تورک و بەشدارینەکردنیان لە کۆنفڕانسەکەدا ئەمەیە.

دەبێت ئەو هەنگاوە بەهێزانەی لە کۆنفڕانسەکەدا نران درێژەیان پێبدرێت

پەیمانی لۆزان بە واتای نکۆڵی و سڕینەوە و لەناوبردنی نەک هەر کورد، بەڵکوو هەموو گەلان و ئایینە جیاجیاکانی کوردستانە. لەبەر ئەوە گەلی کورد و گەلانی دیکە کە لە کوردستان دەژین، پەیمانی لۆزان قەبوڵ ناکەن. دەبێت جیهان ئیتر لەوە تێبگات. ئەو بڕیارانەی لە کۆنفڕانسەکەدا دراون گرنگن، بەڵام دەبێت جێبەجێ بکرێن. نەک هەر بڕیاردان، بەڵکوو پێویستە مرۆڤ بەدواداچوونیان بۆ بکات. بۆ ئەوەش نەک هەر پەکەکە، هەموو ئەو گەلانەی لە کوردستان دەژین بەرپرسیارن. رەنگە بەرپرسیارێتی هەر کەس جیاواز بێت، بەڵام دەبێت هەمووان شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتی و جێبەجێی بکەن. ئەوەی کە لە وڵات یاخود دەرەوەی وڵات بێت چەندە هێزیان هەبێت، دەبێت بە گوێرەی هێزی خۆیان جێبەجێی بکەن. دەبێت تەنیا بە کۆنفڕانسەکەوە سنووردا نەکرێت. لە کۆنفڕانسەکەدا هەنگاوێکی گەورە نرا و دەبێت بەردەوام بێت. تا ئەنجام بەدەست دەهێندرێت، دەبێت بە پلاتفۆڕم یاخود خەباتی جیاجیا جێبەجێ بکرێن. ئەمە ئەرکی هەموو کەسێکە.

ئامادەین بۆ جێبەجێ کردنی ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆمان

لە کۆنفڕانسەکەدا بانگەواز کرا کە ئازادیی جەستەیی رێبەری گەلی کورد مسۆگەر بکرێت. کورد لە نێو خۆیدا هاوپەیمانێتیەکی گەورە پەرەپێبدات و کۆنفڕانسی یەکێتی نەتەوەیی ببەستێت. وەک گەورەترین هێز لە کوردستاندا وەڵامتان بۆ ئەو بانگەوازە چییە؟

بەر لە هەموو شتێک دەمەوێت ئەوە رابگەیەنم کە ئێمە هەموو ئەو بانگەواز و بڕیارانەی لە کۆنفڕانسەکە دەرچوون بۆ خۆمان بە بنەما دەگرین. ئێمە بە هەموو جۆرێک دەبینە یارمەتیدەر بۆ ئەوەی ئەو بڕیارانە جێبەجێ بکرێن. بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان ئەرکی خۆمان رادەپەڕێنین، ئەوەی داوامان لێبکرێت ئامادەین بۆ سەرخستنی.

ئەو بڕیارەی لە بارەی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆوە دراون زۆر گرنگن. لە کۆنفڕانسەکەدا هەموان هیوای بەو جۆرەیان هەبوو. لەبەر ئەوەی رێبەر ئاپۆ نوێنەری گەلی کوردە. گەلی کوردیش وەک گەلانی دیکە دەیەوێت بە ئازادی بژی. ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ مەرجی سەرەکیە کە گەلی کورد لە سەر خاکی خۆی بە ناسنامە و کولتوری خۆیەوە بە ئازادییەوە بژی. تا رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی نەیاتەدەرەوە، ئازادی گەلی کورد دەستەبەر نابێت. دیموکراسی نەک هەر لە ناو کوردان، لە تورکیاش هەرگیز بەرەوپێش نابرێت. ئەوەی دەیەوێت پرسی کورد چارەسەر بکرێت، دەیەوێت کورد بە ئازادی بژی، خوازیاری دیموکراتیکبوونی تورکیایە، دەبێت لە دژی گۆشەگیری سەر رێبەر ئاپۆ بوەستێتەوە. ئەگەر لە دژی نەوەستێتەوە، لە کوردستان ئازادی و لە تورکیاش دیموکراسی نایاتەدی. ئەوەی بەخۆی دەڵێت دیموکرات، سۆسیالیست، هونەرمەند، رۆشنبیر، دەڵێت لە دژی فاشیزمم، دیموکراسی و ئازادی دەوێت، دەبێت ئەوە بە بنەما بگرێت. پێوانی دیموکراتیکبوون، سۆسیالیستبوون، کوردبوون وەستانەوەیە لە دژی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان. جگەلەوە هیچ پێوانێکی دیکە بوونی نابێت، با کەس خۆی نەخەڵەتێنێت. لەبەر ئەوە دەبێت هەموو کەس لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ تێبکۆشن. ئەو کاتە پرسی کورد چارەسەر دەکرێت، لە تورکیا پرسی دیموکراسی چارەسەردەبێت.

ئەگەر یەکێتیی نەتەوەیی بەرەوپێش ببرێت لەسەدا سەد ئازادی گەلی کوردیش دەستەبەر دەبێت

بڕیارێکی گەورەی دیکە کە لە کۆنفڕانسەکەدا درا سازکردنی کۆنفڕانسێکی نەتەوەیی کوردە. ئەو بڕیارەش زۆر گرنگە. لە جیهاندا هیچ گەلێک بوونی نییە هێندەی گەلی کورد دابەشکرابێت، پرش و بڵاوکرابێت، ئەشکەنجە درابێت و کۆچبەر کرابێت. هیج کەسێک هێندەی گەلی کورد لە ژێر دەسيڵاتی کەسانی دیکەدا نەژیاوە. ئەمە راستیەکە. هەربۆیە یەکێتیی نەتەوەیی بۆ گەلی کورد زۆر گرنگە. لە جیهاندا زۆر گەل یەکێتیی نەتەوەییان ساز کردووە. رەنگە هەندێک ریزپەڕ هەبن. لەناو ئەوانەدا کە یەکێتیی نەتەوەییان سازنەکردووە، یەکێکیان گەلی کوردە. گەلی کورد پارچەکراوە. بەجۆرێکی لێکراوە کە کورد داهێزراوە و سست کراوە. دوژمنی کوردان بوێری لەو دابەشبوونە وەردەگرن. ئەگەر یەکێتیی نەتەوەیی لە ناو کورددا بەرەوپێش بچێت ئازادی گەلی کوردیش دەستەبەر دەبێت. لەسەدا سەد بەم جۆرە دەبێت.

ئەمڕۆ کورد دەرفەتی لەباریان لەبەردەستدایە. بەڵێ، هەڕەشە و دۆخی مەترسیداریش هەیە، بەڵام دۆخ و هەلی گونجاویش بەردەستە. ئەگەر یەکێتی نەتەوەیی کوردان بە خێرایی پێکبێت، کورد دەتوانن بگەن بە ئازادی خۆیان. هەربۆیە ئەو بڕیارەی لە کۆنفڕانسەکەدا درازۆر گرنگ و مێژووییە. دەبێت کورد و تەنانەت هەموو ئەو گەلانەی لە کوردستان دەژین، لەپێناو دەستبەجێ بەستنی کۆنفڕانسی نەتەوەیی، تێبکۆشن. ئەگەر یەکێتی کوردان بەرەوپێش بچێت گەلی کورد سەردەکەوێت و هیواکانیان دێنەدی. گەلی کورد ساڵانێکی زۆرە تێدەکۆشێت، بە یەکێتیی نەتەوەیی خۆی دەتوانێت لە رێگەی ئەو تێکۆشانەوە بگاتە ئەنجام. بانگەوازی من بۆ هەموو کەس ئەمەیە کە لە سەر ئەو بنەمایە، بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن.

ئاکەپە و مەهەپە هەموو سیاسەتێکیان دژی گەلی کورد جێبەجێکرد لەسەر بناغەی "پیلانی هەڵوەشاندنەوە"، ئێستە لەنێوان ڕوسیا و ناتۆ دێت و دەچێت، هەروەها چەندین کۆبوونەوەی لە سعودیە کرد، چۆن ئەم دوایین ڕەوشە هەڵدەسەنگێنن...؟

وەک دەزانرێت، فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە هەموو تورکیایان برسی و هەژار کردووە، ئەمە هەواڵی ڕۆژانەیە. حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە سیاسەتێک لەسەر بناغەی درۆ و دیماگۆگیەت بەڕێوە دەبات، گەل لەگەڵ ئەم باوەڕانە دەژی، بەم ڕێگەیە دەیەوێت ڕەوشی خراپ لە گەل بشارێتەوە. چونکە دەزانن ناتوانن لە دەسەڵات بمێننەوە ئەگەر گەل ڕاستی بزانن، بە وشەی بێکەڵک گەل دەخەڵەتێنن. تیرۆر، جوداخوازی، کوردەکان تورکیا دابەش دەکەن، لەناومان دەبەن، بەم شتانە گەل دەخەڵەتێنن. دەڵێن دەبێت خۆمان بپارێزین و لە دەسەڵات بمێنینەوە، هەموو هێزیان لەسەر بناغەی شەڕ بەڕێوەدەبەن، ئەم سیاسەتە لەدەرەوەی تورکیاش پیادە دەکەن، دەڵێن مێژووی عوسمانیم هەیە، خاکی سەردەمی عوسمانی دەگەڕێنینەوە.

بەم هۆیەوە، دەوڵەتی تورک پێگەیەکی گەورەی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی نەماوە، هەموو سەرچاوەکانیان خستۆتە خزمەتی شەڕ، ئابوورییەکەی داڕما، سیاسەتی شکستی هێنا، گەل باجی ئەمە دەدات، هەموو ڕۆژ نرخەکان بەرز دەبنەوە، گەل هەموو شتێکی بیرچووە، تەنها بیری لای ئەوەیە چۆن بژی و مناڵەکانی تێربکات. ئەوان بەشێوەیەکی سیستەماتیک ئەم سیاسەتە بەڕێوەدەبەن، ئامانجەکە ئەوەیە، گەل بە برسێتی بهێڵنەوە تا شتەکانی تری بیرچێتەوە، ئاکەپە و مەهەپە وەها دەسەڵاتەکەیان دەپارێزن، ئەمە سیاسەتەکەیانە. ئۆپۆزیسیۆنێک نییە ئەم سیاسەتە بۆ جڤاک ڕوون بکاتەوە، ئەمە کێشەی سەرەکی تورکیایە، بۆیە دەبێت هاوپەیمانی ڕەنج و دیموکراسی کێشەکانی حکومەت بۆ جڤاک ڕوون بکاتەوە و تێی بگەن.

دەبێت جڤاک لەسەر ئەم بناغەیە ڕێکخستن بکرێت، بێجگە لە هاوپەیمانی ڕەنج و دیموکراسی هیچ هێزێکی تر لە تورکیا، ئەرکی ئەوانە، ئەگەر ڕاستییەکان بۆ گەل دەربخەن، گەل ڕێکبخەن، ئەوکات گەل سەرهەڵدان دەکات، چونکە گەل لە حکومەت ناڕازییە، کاردانەوەیەکی بەهێز هەیە لە دژی حکومەت، کاتێک هاوپەیمانی ڕەنج و دیموکراسی ئەم کارە دەکات، حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە ناتوانێت گەل بەم کێشەیە ڕابهێنێت، بەتایبەت وەختێک هەموو ڕۆژێک توندوتیژی لەسەر گەلە، گەل پێویستی بە ئاوی خواردنەوەیە، ئاو و کارە دەبڕێن، هەموو ڕۆژێک گەلەکەمان لە کوردستان بەهۆی زرێپۆشەوە دەشێلرێن و شەهید دەکرێن، کەس لێپرسینەوە ناکات. هەژارەکان هەژارتر و دەوڵەمەنەکان تا دێت دەوڵەمەندتر دەبن، برسێتی و تاڵانی و سەرکوت ڕۆژانە زیاد دەبێت، ژینگە تاڵان و وێران دەکرێت.

پێوستە گەلی تورک بزانێت ئەم شەڕە هۆکاری قەیرانە

لە ڕاگەیاندن بینیم دارستانەکان دەبڕنەوە، ژنێکی ٨٨ ساڵە باوەشی دەکرد بە دارێکدا تا نەیبڕنەوە، ژنێکیان لەم تەمەندا برد، ئەوان ژیانی مرۆڤ وێران دەکەن، بێگومان سنوری ئەم دەستدرێژیی و قڕکردنە نازانن، دژی ژن بێت یان گەنجان... هیرۆین... لەشفرۆشی... ئەم سیاسەتە بەتایبەت لە کوردستان پیادە دەکەن، هەروەها سیخوڕی و بەکرێگیراوی لە کوردستان پەرە پێ دەدەن، بەبێ سنوور، دەستگیرکردن و ئەشکەنجە بەڕێوە دەبەن. بۆیە هێزەکانی ڕەنج و دیموکراسی دەتوانن دژی ئەم کێشانە بوەستنەوە. کێ ئەنجامی دەدات، ئامانجەکە چییە، دەبێت شرۆڤەی بکەن و گەل تێبگەیەنن، کاتێک گەل ئەم ڕاستییە دەزانێت، ناڕەزایەتی دەردەبڕن، دەبێت هەمووان بزانن حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە لاوازە، خۆیان بەهێز دەردەخەن، بەڵام لاوازن چونکە تادێت کێشەکان زیاتر دەبن، قەیرانەکە مەزنە، نەوەک هەر قەیرانی ئابووری، بەڵکو قەیرانی جڤاکی و سیاسی و ئەخلاقی مەزن هەیە و ناتوانن چارەسەری بکەن.

ئامانجیان دەرچوونە لەم قەیرانانە لەڕێگەی پرۆژەی درۆینەوە، بۆیە هەموو شتێک دەفرۆشن، هیچ شتێک نەماوە بۆ فرۆشتن، سەردانی چەندین دەوڵەت دەکەن، دەیانەوێت بە پارە چارەسەری بکەن، ناتوانن بەم جۆرە کێشەکان چارەسەر بکەن، ئەگەر دەستبەرداری ئەم شەڕە قێزەونە نەبن دژی گەلی کورد، کێشەکان چارەسەر نابن. پێویستە هەموو گەلانی تورکیا بزانن، هەموو کێشەکانیان سەرچاوەکەی شەڕکردنە دژی کورد، ئەگەر دەیانەوێت کێشەکان نەمێنن، با بە حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە بڵێن: بەسە، ئەم شەڕە ڕاگرن؛ دەبێت بە حکومەت بڵێن، ڕاستی و داواکانی گەلی کورد قبووڵ بکەن، سیاسەتتان بەرامبەر کورد بگۆڕن، کێشەکان لەگەڵ کوردان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن، ئەگەر نا، ڕێگەی تر نییە بۆ دەرچوونی تورکیا لە قەیرانەکان.

داعش پێش ٩ ساڵ، کۆمەڵکوژیان دژی گەلی ئێزدی ئەنجامدا، لەو کاتەدا گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار گەیشتنە شەنگال و ڕێگریان لەوە کرد کۆمەڵکوژییەکە مەزنتر بێت، دەتانەوێت لە ساڵیادی ٧٤ هەمین کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان پەیامێک بنێرن؟

گەلی ئێزدی تا ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ٧٤ کۆمەڵکوژی بوونەتەوە، ئامانجی ٧٤ هەمین کۆمەڵکوژی، قڕکردن و لەناوبردنی هەموو ئێزدییەکان بوو، ئەگەر ئامانجەکەی نەپێکا، ئەوە لەسایەی پەکەکە بوو، چونکە پەکەکە ڕێگری لێ کرد، ڕێبەر ئاپۆ پێش کۆمەڵکوژییەکە ڕێنمایی پێداین، لەو ڕێنماییەدا ڕایسپاردین بۆ پاراستنی گەلی ئێزدی، لەسەر ئەم بناغەیە، تەڤگەرەکەمان گەلی ئێزدی پاراست، ئەگەر یەپەگە و یەپەژە نەگەیشتنایەتە شەنگال، ئەگەر هەپەگە نەڕۆشتایە بۆ شەنگال، ئەگەر ڕێڕەوێکی مرۆیی نەکرایەتەوە، گەلی ئێزدی لەم قڕکردنە دەرباز نەدەبوو.

پێویستە گەلی ئێزدی قارەمانانە درێژە بە تێکۆشان بدات

گەلی ئێزدی ناتوانن لە دەرەوەی شەنگال بژین، ئەگەر گەلی ئێزدی ئێستە لەسەر خاکەکەیان دەژین لەسایەی پەکەکە و هەوڵی یەپەگە و یەپەژەیە، ئەوان ڕێگربوون لە قڕکردنی ئێزدییەکان، داگیرکەران دەیانویست ئێزدییەکان بەتەواوەتی لە خاکەکەیان وەدەربنێن، دەیانویست بەشێکیان بکوژن و بەشەکەی تر دەربکەن، ئەگەر دەستوەردانی هێزەکانمان نەبوایە، ئێزدییەکان قڕدەکران، ئەگەر خاک و وڵاتەکەت جێبهێڵی ناتوانیت چیتر بژیت. ئەمە قڕکردنە، ئەم مەترسییە ڕوویدا و قوربانی گەورەی بۆ درا، لە ئەنجامدا، گەلی شەنگال ئێستە بە ناسنامە و باوەڕ و بەهاکانیانەوە دەژین.

گەلی ئێزدی ئێستە بەهێزترە لەپێش قڕکردنەکە، هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بەرزانییەکان هەیە، ئەمە مانای ئەوە نییە کێشەکانیان چارەسەر کراوە، گەلی ئێزدی ڕووبەڕووی کێشە دەبێتەوە، بەڵام سەرەڕای کێشەکان، خاوەنی دامەزراوەی سەربەخۆن، دەتوانن خۆیان بپارێزن، هاوپەیمانییەکیان لەسەر ئەم بناغەیە دامەزراند، ئەم هاوپەیمانییە گرنگە، دەبێت بەهێزتری بکەن، دەبێت ئەم هاوپەیمانییە ببێتە چارەسەرێک بۆ شەنگال، دەبێت پێگەیەک لەپێناو شەنگال و گەلی ئێزدی پەرەپێ بدەن، ئەم هاوپەیمانییە بێجگە لە ئێزدییەکان گەل و باوەڕی تر دەگرێتەخۆ. ئەگەر لەسەر ئەم بناغەیە کاربکەن دەتوانن پێگەی شەنگال بپارێزن. بەم بۆنەیەوە بەڕێزەوە یادی شەهیدانی گەلی ئێزدی دەکەمەوە، بەبێ قوربانی و بەرخۆدانی ئەوان، گەلی ئێزدی قڕدەکرا، نەوەک هەر دۆخی ئێزدییەکان، بەڵکو دۆخی کورد و گەلانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوین جیاواز دەبوو. ئەم بەرخۆدانە بەهای مەزنی ئافراند، نەوەک هەر بۆ ئێزدییەکان بەڵکو بۆ هەموو گەلان و مرۆڤایەتی. بۆیە سڵاو بۆ گەلی ئێزدیمان دەنێرم، سڵاو لە تێکۆشانە مەزنەکەیان دەکەم، پێویستە باوەڕیان بە خۆیان و هاوپەیمانییەکەیان هەبێت. ئەگەر لەسەر ئەم بناغەیە، بە قارەمانێتی و پێداگری تێکۆشان بکەن، دەگەنە ئامانجەکانیان.

 

هـ . ب