عەبدولرەحمان کزل بە مەراسیمێک بە خاکسپێردرا
عەبدولرەحمان کزل کە لە پاریس تیرۆر کرا لە ناوچەی قاخزمانی قەرس بەخاکسپێردرا. پۆلیسی تورک و شارەوانی دەستبەسەرداگیراو هەوڵیاندا کە رێگری لە بەخاکسپارنەکە بکەن.
عەبدولرەحمان کزل کە لە پاریس تیرۆر کرا لە ناوچەی قاخزمانی قەرس بەخاکسپێردرا. پۆلیسی تورک و شارەوانی دەستبەسەرداگیراو هەوڵیاندا کە رێگری لە بەخاکسپارنەکە بکەن.
لە دژی ناوەندی کولتوری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لە ٢٣ی کانونی یەکەمدا هێرشێکی چەکداری ئەنجامدرا. لە هێرشەکەدا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ئەمینە کارا (ئەڤین گۆیی)، ئەندامی بزوتنەوەی کولتوری هونەرمەند میر پەروەر (محەمەد شیرین ئایدن) و وڵاتپارێزی کورد عەبدولرەحمان کزل تیرۆرکران. لە گیانبەختکردووان عەبدولرەحمان کزل لە ناوچەی قازمانی قەرس بە مەراسیمێک بە خاکسپێردرا.
هاوسەرۆکی دەبەپە ساڵیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتارانی هەدەپە سەعید دەدە، رەمزیە توسون، بنەماڵەی کزڵ و بە سەدان کەس لە فرۆکەخانەی هاراکانی پێشوازییان لە تەرکەمە کرد و بەرەو قاخزمان بەرێیان کرد.
رێگری بۆ گواستنەوەی تەرمەکە
شارەوانی قەرس کە لە ژێر بەڕێوەبەری قەیومدایە، ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی تەرمی پێنەدان. بەوهۆیەوە ئەمبوڵانسی شارەوانی پانۆس کە لە ژێر بەڕێوەبەری هەدەپەدایە هێنرایە فڕۆکەخانە. بەڵام پۆلیسەکان بە پاساوی بەڵگەنامەی فەرمی، رێگەیان نەدا کە تەرمەکە بە ئەمبوڵانسەکە بگوازرێتەوە. تەرمی کزڵ بە بارهەڵگرێک لە فڕۆکەخانەوە هێنرایە دەرەوە.تەرمەکە لە رێگەی کاروانێکی ئۆتۆمبێلەوە بەرەو گوندی قەرەگونی قاخزمان کەوتەرێ.
'گەلی کورد هەرگیز هەنگاو بۆ دواوە هەڵناگرێت'
هاوسەرۆکی دەبەپە ساڵیحە ئایدەنیز بە بیری هێنایەوە کە عەبدولرەحمان کزل بۆ چەندین ساڵ لە تاراوگە ژیاوە و وتی، "کورد یان زیندانی دەکرێن، یان دەکوژرێن، یانیش دووردەخرێنەوە بۆ تاراوگە. نەیانهێشت تەرمەکەمان بە گوێرەی نەریتی ئیسلام بەخاکبسپێرین. دەبێت هەموو کەسێک بزانێت عەبدولرەحمان کزل شەهیدی گەلی کوردە. ئێمە درێژەپێدەری داوا و تێکۆشانی ئەو دەبین. سەرباری ئەم چەوساندنەوانەش گەلی کورد هەرگیز هەنگاو بۆ دواوە هەڵناگرێت. پێویستە حکومەتی فەرەنسا بکوژانی راستەقینەی کزڵ ئاشکرا بکات. ئەگەر ئەوە ئاشکرا نەکات، ئۆباڵی ئەو کۆمەڵکوژیە لە ئەستۆی حکومەتی فەرەنسادا دەبێت. دەبێت حکومەتی فەرەنسا هێزەکانی پشت ئەو هێرشە ئاسکرا بکات و هێرشەکە وەک هێرشێکی تیرۆریستی رابگەیەنێت".
دوای قسەکان گەل بێ پسانەوە دروشمەکانی "شەهید نامرن"یان وتەوە. گەل لە گوندەکە هاتنە دەرەوە و روویان کردە شوێنی پرسەکە لە ناوەندی ناوچەکە.
هـ . ب