به‌ختیار عه‌لی سه‌ره‌تایه‌كی باشی ده‌ستپێكرد
داگیركه‌ری ده‌وڵه‌تی تورك له كوردستان به‌گشتی وه‌ك به‌جێكردنی شۆڤینزمی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌ی تورك هاوشان له‌گه‌ڵ شۆڤینزمی مه‌زهه‌بی سوونه‌ی ئیسلامیه.
داگیركه‌ری ده‌وڵه‌تی تورك له كوردستان به‌گشتی وه‌ك به‌جێكردنی شۆڤینزمی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌ی تورك هاوشان له‌گه‌ڵ شۆڤینزمی مه‌زهه‌بی سوونه‌ی ئیسلامیه.
رۆمانی داگیركردنی تاریكی رۆمان نووسی به‌توانا و خاوه‌ن سه‌لیقه به‌ختیار عه‌لیم خوێنده‌وه. له‌گه‌ڵ ده‌ستخۆشی و ماندوونه‌بوون، هیوادارم ئیدی له‌مه‌ودوا پێنوسه‌كه‌ی رووی نه‌ته‌وه‌یی زیاتر ده‌ركه‌وێت، چونكه له رابردوو له‌سه‌ر بویه‌ره‌كانی ساڵانی حه‌فتاكان تاڕۆژی ئه‌مڕۆی باشووری كوردستانی نووسیوه‌و حه‌قی خۆی پێداوه. ئه‌و كاره ناوازهیهیی كه به رۆمانی داگیركردنی تاریكی ده‌ستی پێكردووه، هیواخوازم به‌رهه‌می تری به‌دوادابێت چ سه‌باره‌ت باكووری كوردستان هه‌مانكات سه‌باره‌ت به رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش به‌رهه‌می له‌و جۆره جێگای ستایش كردنن. چونكه هێشتا تاكی كوردی و رۆشنبیری كوردی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له ناسینی دوژمن و داگیركه‌ره‌كانی لاوازماوه، زۆرتر ته‌نها به‌چاوێكی سیاسی رۆژانه‌ی سه‌یری ده‌كات، تاكو لایه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و كولتوری و ده‌روونیه‌كانی شیكار بكات و به‌چاوێكی كوردانه پێناسه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی بكات.
داگیركه‌ری ده‌وڵه‌تی تورك له كوردستان به‌گشتی وه‌ك به‌جێكردنی شۆڤینزمی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌ی تورك هاوشان له‌گه‌ڵ شۆڤینزمی مه‌زهه‌بی سوونه‌ی ئیسلامیه. بۆیه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵكوژیه‌كانی به رێگای رێكخستنه‌كانی وه‌ك ئیتحاد و ته‌رقی ده‌ستی پێكرد، به كهمالیستهكان به‌رده‌وامیان كردوو، به هێزه شاراوه‌كانی به‌ناوی "ئولكچی، وڵاتپه‌روه‌ر" یان به‌زمانێكیتر وه‌ك نووسه‌ر به‌ناوی كردووه گورگه بۆره‌كان كۆمهڵكوژهكانیان گه‌یانده لوتكه. رێبه‌ر ئاپۆ ئه‌و قۆناخه‌ی دوای له‌ناوبردنی به‌رخودانی شێخ سه‌عیدی پیران به‌ناوی توركی سپی به‌ناو كردووه، دوژمنایه‌تی و كۆمه‌ڵكوژی گورگه بۆرهكانیش به‌سه‌رۆكایه‌تی مه‌هه‌په‌ی به توركی ره‌ش به‌ناو كردووه، ده‌بێ ئه‌وه‌شی بۆ زیاد بكه‌ین قۆناخی ئهكهپهشی به‌ناوی توركی سه‌وز به‌ناو كردووه.
رۆمانی داگیركردنی تاریكی تائاستێك ئه‌و دوژمنایهتیهیی شۆڤینزمی توركی سپی و توركی ره‌شی ئاشكرا كردووه، له‌بنه‌مادا ئه‌وه‌ی تاریق ئاكنسو به‌ڕێوه‌ی ده‌بات ئه‌وا پڕۆژه‌ی كه‌مالیسته‌كانه دوای له‌ناوبردنی به‌رخودانی شێخ سه‌عید به‌ناوی " شه‌رق ئیسلاحات پلانی" ده‌یخسته بواری جێبه‌جێكردن. واتا ده‌بوا نووسه‌ر ههندێكتریش شۆڕببوایهوه بۆ سه‌رده‌می ئیتحاد و ته‌رقی و هه‌مانكات ئه‌و پرۆژه و پیلانانه‌ی دوای ئه‌وه‌ی ئه‌تاتورك له پرۆژه‌ی خودموختاری بۆ كورد په‌شێمان بووه‌وه و ده‌ستی به‌كۆمه‌ڵكوژی كرد.
رێبه‌ر ئاپۆ له په‌ڕتووكی پێنجه‌می له مانیفستۆی شارستانی دیموكراتیدا به‌ناوی " نه‌ته‌وه‌یه‌ك لهنێوبهرداشی له‌ناوبردندا" به‌ناوی ئاسیملاسیۆن به‌ناوی كردووه. ئاسیملاسیۆن ته‌نها كرده‌یه‌كی سه‌ربازی نییه بۆ كۆمه‌ڵكوژ كردن، به‌ڵكو به‌واتای توانه‌وه‌و وه‌ك خۆ لێ‌كردن دێت. كۆمه‌ڵناسی تورك م. ئیسماعیل بێشكچی به كۆلۆنیالیزم " مستعمرة" به‌ناوی كردووه، به‌ڵام رێبه‌ر ئاپۆ گووتی كۆلۆنیالیزم بۆ كوردستان كه‌مه، ئه‌وه‌ی له‌كوردستان به‌ڕێوه‌چووه ژینۆسایده، واتا نه‌ته‌وه‌یه‌ك ژینۆساید كراوه، ته‌نها داگیرنه‌كراوه.
زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی رۆمانی داگیركردنی تاریكیان خوێنده‌وه گووتیان با وه‌رگێڕانی بۆ زمانی توركی بۆ بكرێت و تاكو خه‌ڵكی باكووری كوردستان بیخوێنه‌وه‌و له‌و كرده‌وانه‌ی شۆڤینزمی توركی ئاگاداربن، بێگومان پێشنیاریكی باشه وه‌رگێڕان بۆ ئه‌م شاكاره بكرێت بۆ كورمانجی ژوورین و زمانی توركیش، به‌ڵام له‌بنه‌ڕتدا ئه‌وه‌ی پێویسته باش ئه‌و رۆمانه بخوێنێته‌وه به‌گشتی خه‌ڵكی باشوور و به‌تایبه‌ت سیاسیهكانیهتی، ئه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك و گورگه بۆرهكانی مه‌هه‌په به دۆست ده‌زانن و بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی باكووری كوردستانیش به داگیركه‌ر به‌ناو ده‌كه‌ن، ئه‌وانه ئه‌گه‌ر نه‌خوێنه‌وه ئه‌وكات هیچ گۆڕانكاریه‌ك نه‌بووه. خۆی له‌خۆیدا رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه له تێكۆشانی په‌نجا ساڵه‌یدا به ده‌یان هه‌زار لاپه‌ڕه‌یان له‌سه‌ر زهنیه‌تی ئه‌و داگیركهریهی له باكوور به‌ڕێوه‌ده‌چێت نووسیوه، ئه‌گه‌ر ئه‌و تێكۆشانه زهنی و ئایدیۆلۆژی و سیاسیه نه‌بووایه، ئه‌وا نه‌ك ته‌نها شۆڕش له‌باكوور نه‌ده‌گه‌یشته ئه‌مڕۆ، هه‌مانكات رۆمانووسیش ئه‌و زانیاری و هێزه‌ی له‌لا دروست نه‌ده‌بوو كه ده‌ست بۆ كارێكی وا نه‌ته‌وه‌یان درێژ بكات.
ده‌كرا رۆمانووس ههندێكیتر رۆڵی كوردی به‌رخودێری زیاتری دهرخستبوایه پێش به‌تایبه‌ت له دوای ساڵانی په‌نجا و شه‌ست، نمونه‌ی مو‌سا عه‌نته‌ر و مه‌حمه‌د ئوزن و یه‌شار كه‌مال، هه‌روه‌ها له‌دوای حه‌فتاكانیش به‌ده‌ركه‌وتنی رێبه‌ر ئاپۆ و گرووپه چه‌په شۆڕشگێڕه‌كانی وه‌ك ده‌نیز گه‌زمیش و ئیبراهیم كهیپهكایه و ماهیر چایان، ئیدی سه‌رده‌مێكی نوێ له توركیا و باكووری كوردستان ده‌ستپێده‌كات. ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم نووسه‌ر ساڵی 1978ی كردۆته پێوانه‌ی كۆتا ساڵ له رۆمانه‌كه‌دا، تاكو قۆناخی دوای ئه‌وه ده‌ستپێبكات، كه وه‌ك قۆناخی رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه یه، ئه‌گه‌رنا ته‌نها له دووشوین له‌كۆتایی رۆمانه‌كه‌دا ناوهێنای په‌كه‌كه ناتوانێ وێنای تێكۆشانی نزیكه‌ی په‌نجا ساڵه‌ی په‌كه‌كه و بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی له باكووری كوردستان بكات. لایه‌نێكی راسته، چونكه مێژووی فه‌رمی په‌كه‌كه له پایزی 1978 به‌ڕێده‌كه‌وێت، به‌ڵام وه‌ك رێبه‌ر ئاپۆ خۆشی ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و حه‌وت ساڵه‌ی به‌ر له دامه‌زراندنی په‌كه‌كه وه‌ك حیزب نه‌بینین، ئه‌وا ناتوانین واتا بده‌ین به دامه‌زراندنی په‌كه‌كه و ئه‌و قۆناخه‌ی دوای كه دێت. ده‌كرا رۆمانووس له دوای حه‌فتاكان ته‌نها قاره‌مانی رۆمانه‌كه ئارسین ئاكنسو وه‌ك چه‌پێكی تورك نه‌بێ، یان به‌رخودانی كوردان ته‌نها له گرووپێكی خه‌یاڵی كه له‌لایه‌ن رۆمانووس دروست كراوه به‌ناوی دووی نیوه شه‌و نه‌بێ، به‌ڵكو ئه‌و گرووپه نوێیه ئازادیخوازانه بوونایه كه به‌ناوی ئاپۆچیه‌كان ده‌ركه‌وتبوون كه پێكهاتهیهكبوون له به‌شێك له توركه چه‌په‌كانی نمونه‌ی حه‌قی قه‌رار و كه‌مال پیر و دوران كه‌لكان، هه‌روه‌ها كورده عه‌له‌ویه‌كانی نمونه‌ی عه‌لی حه‌یده‌ر قه‌یتان و مه‌زڵوم دۆغان و خه‌یری دورمووش و ساكینه جانسز و مسته‌فا قه‌ره‌سو، هه‌روه‌ها كورده‌كانی رۆژئاوای فورات وه‌ك عه‌بدوڵڵا ئۆجالان و عه‌لی چیچه‌ك و جه‌میل بایك و مزفه‌ر ئایه‌تا، هه‌روه‌ها كوردانی هه‌رێمی سه‌رحه‌د له كه‌سایه‌تی عاكف یه‌ڵماز، كوردانی هه‌رێمی ماردین له‌كه‌سایه‌تی فه‌رهاد كورتای. واتا ئه‌وانه سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی قۆناخێك بوون. راسته هیچ كۆنگره‌و كۆنفڕانسێكیان نه‌به‌ستبوو، به‌ڵام به‌و دوو كۆبوونهوهیهیی كردبوویان له دیلۆك و له چه‌ولیك، ئیدی سه‌رۆكایه‌تی گرووپیش ئاشكرا ببوو كه عه‌بدوڵڵا ئۆجالان سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و گرووپه شۆڕشگێڕه ده‌كات و له‌به‌ر ناوی ئه‌ویش گرووپه‌كه ناوی ئاپۆچیهكانیان پێ‌بڕا كه‌تا رۆژی ئه‌مڕۆ هه‌موو ئه‌ندام و دۆستیكی په‌كه‌كه‌ی به ئاپۆچی به‌ناو ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش بووه ناسنامه بۆ بزووتنه‌وه‌یه‌كی شۆڕشگێڕی سه‌رده‌میانه. ئه‌مه‌شی له‌سه‌ر زیاد بكه‌ین، دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران له ساڵی 1979 كۆنسوڵی ئه‌ده‌نه‌ی ئه‌مریكا له‌و راپۆرته‌ی كه ئاراسته‌ی بالیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له تاران كردبوو گووتویه‌تی؛ گرووپێكی نوێ له كوردستان ده‌ركه‌وتوون به‌ناوی ئاپۆچییه‌كان له‌هه‌موو گرووپه‌كانیتر به‌هێزتر و مه‌ترسیدارترن. واتا ئه‌مه به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بگوترێت له سه‌ره‌تای حه‌فتاكانه‌وه، تاكو دامه‌زراندنی په‌كه‌كه، گرووپی ئاپۆچییهكانی به‌هێزترین گرووپی شۆڕشگێڕ بووه له باكووری كوردستان.
ده‌بێ رۆمانووسی به ئه‌زمون به‌ختیار عه‌لی پلانی بۆ ئه‌وه هه‌بێ كه به‌رده‌وامی به رۆمانه‌كه‌ی بدات له باكووری كوردستان، چونكه له دوای ئه‌و به‌رواره‌ی دایناوه واتا ساڵی 1978، سه‌رده‌مێكی نوێی به‌رخودان له ئاستێكی بڵند ده‌ستی پێكردووه. ناكرێ به‌رخودانی زیندانیه شۆڕشگێڕه‌كانی په‌كه‌كه له ئامه‌د وه‌ك وه‌رچه‌رخانێك له بزووتنه‌وه‌ی سیاسی كوردی نه‌بیندرێت، هه‌مانكات قه‌ڵمبازی شه‌ڕی شۆڕشگێڕی و ئه‌زمونی گه‌ریلای له 15ی ئابی 1984 و دواتریش سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی گه‌ل و به‌شداربوونی كورده وڵاتپارێزهكان له‌سیاسه‌تی دیموكراتیانه‌دا له‌ناوه‌ندی ئه‌نقه‌ره. هه‌روه‌ها به‌رده‌وامی شۆڤینزمی تورك ئه‌ویش به كوشتنی توركۆت ئۆزال و ده‌ركه‌وتنی كۆنترا گه‌ریلا و كوشتنی 17 هه‌زار كوردی وڵاتپارێز به‌ناوی بكه‌ری نادیار. هه‌روه‌ها پرۆژه‌و پلانه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی كوردستان بۆ دانوستان و رێگای چاره‌سه‌ری دیموكراتیانه. پاشانیش دیلكهوتنی رێبه‌ر ئاپۆ و ئه‌و قۆناخه‌ی له‌دوای 15ی شوباتی 1999 ده‌ستیپێكردوو، ئه‌و به‌رخودان و رێباز و شێوازه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ له‌زیندان په‌یڕه‌وی كرد، كه توانی ئه‌و داگیركه‌ره‌ی ئه‌وان به‌پیلانگێڕی رێبه‌ر ئاپۆیان هێنابووه زیندا، به‌ڵام ئه‌ویش ئه‌وان بێنێته سه‌ر مێزی گفتووگۆ و قۆناخێكی نوێی له تێكۆشانی دیموكراتیانه‌ی له نه‌ورۆزی 2013ی نیشاندا. واتا رێبه‌ر ئاپۆ گه‌وره‌ترین شه‌ڕی له ئیمرالی به‌ڕێوه‌برد، هه‌مانكات گه‌وره‌ترین پرۆژه‌ی سیاسیشی په‌یڕه‌و كرد، به‌ناوی سیاسه‌تی دیموكراتیانه، ئه‌وه‌ش هۆكاربوو تاكو تێكۆشانی دیموكراتیانه له باكوور و توركیا به‌توانێ هه‌شتا په‌رله‌مانتار بگه‌ێنێته په‌رله‌مان و ئه‌وا سێ خولیشه سه‌ره‌ڕای هه‌موو رێگریه‌كان، به‌ڵام به‌ڕێگای هه‌ده‌په توانی به‌ربه‌ستی %10 تێپه‌ڕێنیت، هه‌روه‌ها له ساڵی 1999 وه توانیویه‌تی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌شت گه‌وره شار و ده‌یان شارۆچكه و ناوچه به‌ده‌ست بخات و نمونه‌یه‌كی نوێی له بڕێوه‌بردنی دیموكراتیانه‌ی نیشانداوه.
ده‌بێ رۆمانووس و خه‌ڵكی باشوور و سیاسیه‌كانیشی ئه‌وه بزانن كه به‌بێ گۆڕانكاری له‌و زهنیه‌ته‌ی كه كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نی و یۆنانی و مه‌ره‌ش و دێرسیم و زیلانی پێكراوه ناكرێ هیچ كێشه‌یه‌ك له توركیا چاره‌سه‌ر بكرێ، نمونه تاریق ئاكنسو پاڵه‌وانی فاشیست له رۆمان‌دا دوژمنی مرۆڤ، زمان، كو‌لتور، دار، به‌رد، ئاژه‌ڵ و سه‌رجه‌م هه‌بوونه له كوردستان، به‌هه‌مانشێوه گورگه بۆرهكانیش. خۆ ئێستاش حكومه‌تی ئه‌ردۆغان و باخچه‌لیش دوژمنی هه‌موو شتێكن له كوردستان، نمونه سه‌رجه‌م گۆڕستانه‌كان له‌ناوده‌بردرێن و ئێسك و پروسكی شه‌هیده‌كانیش ده‌بردرێن بۆ شاره‌كانی توركیا له‌ژێر جاده و پیادهڕۆكان ده‌شاردرێنه‌وه، نمونه‌ی گۆڕی شه‌هیدانی گۆڕستانی گارزان. سه‌رجه‌م گۆڕستانه‌كانی تریش ده‌سوتێندرێن، كێڵی گۆڕه‌كان ده‌شكێندرێن و وێران و تاڵان ده‌كرێن، هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م دارستان و جه‌نگه‌ڵی كوردستان هه‌موو ساڵێك ده‌سوتێندرێن و دارهكانیشی ده‌بڕدرێنه‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆكار هیچ زینده‌وه‌رێك له شاخ و دۆڵ و چه‌م و نزارهكان نه‌توانێ بژی و له‌ناوده‌چێ. ئه‌وه‌شی بۆ زیاد بكه‌ین له‌پێناو له‌ناوبردنی مێژووی شارستانیه‌ت و هه‌بوونی مرۆڤی كورد به‌نداو له‌شوێنه مێژوویه‌كان دروست ده‌كه‌ن، نمونه‌ی به‌نداو له ههسكیف كه بۆته هۆكار مێژووی 12 هه‌زار ساڵه‌ی كورد له‌ناوببردرێت. له‌لایه‌كیتر له‌ژێر ناوی تیڕۆر نزیكه‌ی ده هه‌زار سیاسه‌تمه‌دار و شۆڕشگێڕ و كه‌سایه‌تی وڵاتپارێز و رۆژنامه نووسی كورد له زینداندان و هه‌ریه‌كه‌یان به ده‌یان ساڵ حكومی ناڕه‌وایان به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه، چ جیاوازیه‌ك هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و زیندانیانه‌ی كه رۆمانووس له ئه‌لازیگ به‌ناوی ده‌كات وه‌ك شێتخانه ناساندوویانه و دواتریش سه‌رجه‌میان كۆمه‌ڵكوژ ده‌كه‌ن. وه‌ك شه‌هید رۆسته‌م جودی له په‌ڕتووكی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ڵێت؛ تاكو گۆڕانكاری له ئه‌قڵی شۆڤینستی توركی نه‌كرێت، هیچ گۆڕانكاریه‌ك له توركیا ناكرێ ئه‌نجامبدرێت. واتا ئێمه كێشه‌مان له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی توركیا نییه، به‌ڵكو كێشه‌مان له‌گه‌ڵ سیسته‌مێك هه‌یه كه كۆمه‌ڵگه و كو‌لتور و زمان و ژیانێكیتر به‌ناوی كورد و كوردستان نانسێ و په‌سندی ناكات. بۆیه ئه‌و مێشكه‌ی ئێستاش له توركیا ده‌سه‌ڵاتداره له‌گه‌ڵ هیچ كوردێك رێككه‌وتن ناكات، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت وه‌ك به‌كرێگیراو بۆخۆی به‌كاری بێنێت، نمونه ئه‌مڕۆ به‌شێك له كوردی به‌ناوی رێككه‌وتن كردۆته بكرێگیراوی خۆی، وه‌كو په‌ده‌كه و ئه‌نه‌كه‌سه، یان وه‌ك سیخوڕ بۆخۆیان به‌كاریان دێنیت به‌ناوی پاره و سه‌فه‌ر بۆ توركیا وه‌ك ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی نمونه‌ی، روودا و كه‌ی 24 و باس‌نیوز. بۆیه ئێستا به‌زه‌حمه‌ت ده‌توانی جیاوازیه‌ك بدۆزیته‌وه له نێوان ده‌زگای پاراستنی په‌ده‌كه و چه‌ته‌كانی رۆژ و ده‌زگای میتی تورك، چونكه زهنیه‌تی شۆڤینزمی تورك به‌كرێگیراوی ده‌وێت نه‌ك كوردێكی خاوه‌ن ئیراده و باوه‌ڕی.
له‌كۆتایدا، ئه‌و هه‌وڵه‌ی به‌ختیار عه‌لی به رۆمانی داگیركردنی تاریكی به‌بێته قۆناخێكی نوێ بۆ رۆمان نووس و رۆشنبیرانی باشوور تاكو پرسی نه‌ته‌وه‌ی له په‌نجه‌ره فراوانه‌كه‌یدا ببین و به ئه‌قڵی كوردی بویهرهكان بخوێنه‌وه‌و كه‌سایه‌تی خۆشیان له‌گه‌ڵ ئێش و ئازاری نه‌ته‌وه‌كه‌یاندا بكه‌نه یه‌ك، ئه‌وكات رزگارمان ده‌بێت له ئه‌قڵیه‌تی پارچه‌گه‌ریی و زهنیه‌تی خۆفرۆشتن به داگیركه‌ران و به‌كرێگیراویه‌تی و هه‌روه‌ها زیاتر ئاشنابوون به ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ی و كولتوری و زمان و ژیانی كه‌سایه‌تی نیشتمان په‌روه‌رانی تاك و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان.
وه‌كو هه‌ڵه‌یه‌ك له ناوه‌كانیش ناوی مسته‌فا سوبحی به مسته‌فا سۆفی نووسراوه، گومان ده‌كه‌م هه‌ڵه‌یه‌ك بێ له‌به‌رچاوان تێپه‌ڕیبێت، چه‌نكه مسته‌فا سوبحی كه‌سێكی دیاری كۆمه‌نیسته‌كانی توركیایه و له‌ناوبردنیشی یه‌كێكه له كردووه تیڕۆریستیهكانی م. ئه‌تاتورك.
ف.ق