بێهزاد مەحمودی لەبەردەم یو ئێن لە هەولێر ئاگری لە جەستەى بەردا و دوای ٦ رۆژ گیانی لە دەستدا

بێهزاد مەحمودی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هەلومەرجی قورس و سەختیی ژیانەوە لە هەولێری باشووری کوردستان لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگری لە جەستەى بەردابوو، گیانی لە دەستدا.

 

بێھزاد مەحمودی پێشتر پێشمەرگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. لەلایەن رژێمی ئێرانەوە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرکرابوو و بەو هۆیەوە ناچار بوو روو لە باشووری کوردستان بکات.

بێهزاد تەمەنی ٢٥ ساڵ بوو و لە هەلومەرجێکی سەخت و دژواردا لە هەولێر ژیانی بەسەر دەبرد. سەرباری ئەوەى لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان دۆسیەى بۆ کرابووە و کارتی پەنابەریی سیاسیی پێدرابوو، بەڵام هیچ هاوکارییەکیان نەکردبوو. لەبەر ئەوەش لە ١٨ی ئایاری ٢٠٢١دا رۆیشتبوو بۆ بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و داوای هاوکاریی کردبوو، بەڵام نەتەوە یەکگرتوەکان وەڵامی داواکەیان نەدابوییەوە.

بێھزاد هەم بۆ ئەوەى ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتوەکان دەرببڕێت و هەڵوێستی یو ئێن و حکومەتی هەولێر بەرامبەر بە پەنابەران ئیدانە بکات بە بەرچاوی کامێراکانەوە و لە پەخشی راستەوخۆدا بەنزینی بە جەستەی خۆیدا کرد و ئاگری لە خۆی بەردا.

مەحمودی، کە زۆر بە قورسی سوتابوو رەوانەى نەخۆشخانەى ئیمرجنسیی هەولێر کرا. دوای ٦ رۆژ مانەوەى لە ژێر چاودێریی ورددا لە بەرەبەیانی ٢٤ی ئایاری ٢٠٢١ دا گیانی لە دەستدا.

برسی و بێبەشیانکرد و بە هیچ شێوەیەک هاوکارییان نەکرد

مەحمودی پێش ئەوەى جەستەى خۆی ئاگر بدات لە بەردەم کامێراکاندا راگەیاندبوو، "...ئێمە لەبەر کوردایەتی لە ڕۆژهەڵات ئاوارە بووین و ئەوە وەزعەکەمانە، یانی کوردایەتی ئاوا دەبێ؟ ئەوە سیاسیبوونە؟ ئەوە ژیانە؟... ئەوە عاقیبەتی کوردایەتییە!... بچینەوە ڕۆژهەڵات لە سێدارەمان دەدەن و لێرەش هەر ئەوەمان ماوە بچین لە نێو حەدیقە و شت بخەوین. بچینە نێو مزگەوتەکان بخەوین".

بێھزاد مەحمودی خەڵکی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ساڵی ٢٠١٧دا بە ناچار پەنای بۆ باشووری کوردستان هێنابوو و  سەردانی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردبوو بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری. مەحمودی ئەوەى روونکردبووە، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) پەنابەرانی خستووەتە دۆخی برسیبوون و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەڵامی داوای پەنابەران ناداتەوە و هیچ هاوکارییەکی پەنابەران ناکات.

ژ.ت