بۆکان؛ بریندارێکی خۆپیشاندانەکان سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا

یەکێک لە بریندارانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩ کە بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران چاوێکی لەدەستدابوو، لە لایەن دادگای بۆکانەوە سزای ٣١ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەگوێرەی زانیارییەکان مەتین حەسەن کە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩ لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی کە زۆرینەی ناوچەکانی ئێرانی گرتەوە، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای سزادانی بۆکانەوە سزای ٣١ مانگ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە.

مەتین تۆمەتبارکراوە بە "هاندانی خەڵک بۆ نانەوەی پشێوی" و "چالاکی لە دژی دەسەڵات".

ئەو گەنجە کوردە کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩دا ١٩ ساڵی بوو، لە میانی خۆپیشاندانەکانی شاری بۆکاندا بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران چاوێکی لەدەستدا.

لە پاییزی ٢٠١٩ لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و سووتەمەنی بە رێژەی لەسەدا ٢٠٠ خۆپیشاندان زۆرینەی پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و هاوکات لەگەڵ خراپی دۆخی دارایی، هاوڵاتیان دژی دۆخی سیاسیش ناڕەزایەتیان دەەربڕی.

باس لەوەدەکرێت لەو خۆپیشاندانانەدا بەسەدان کوژراون و هەزاران کەسیش برینداربوون.

هـ . ب