بنەماڵەى شەنیاشار: پەرلەمانتارە بکوژەکەی ئاکەپە پارێزگاریی لێدەکرێت

فەرید شەنیاشار وتی: "پەرلەمانتارێک لە ناو ئاکەپەدا هەیە، کە کۆمەڵکوژیی کردووە. ئەو پەرلەمانتارە تا ئێستاش هەر پارێزگاریی لێدەکرێت".

چالاکیی ئێشکگری بۆ دادپەروەری لەلایەن بنەماڵەی شەنیاشارەوە لە ٣٠٨هەمین ڕۆژیدایە. بنەماڵەی شەنیاشار لە شارۆچکەى پرسوسەوە ٤٢ کیلۆمەتر دەبڕن و دەڕۆنە بەردەم دادگای رحا و سەرەڕای سەرمای زۆر، بەردەوامن لەسەر چالاکییە ئێشکگرییەکەیان.

فەرید شەنیاشار وتی: "ئەگەر رحا ٨ پەرلەمانتاری هەبێت، کاتێک دەچنە ناو گەل، گەل پرسیاری ئەم ئێشکگرییەى ئێمەیان لێدەکەن. دەپرسن: 'بۆچی ئەم دایکە ماوەی ٤ وەرزە لەبەردەم دادگادایە'. لەناو ئاکەپەدا نوێنەرێک هەیە، کە ئەو کۆمەڵکوژییەی ئەنجام داوە. ئەم نوێنەرە هێشتا لەلایەن هەندێکەوە پارێزگاریی لێدەکرێت. لەبەر ئەوەى پارێزگاریی لێدەکرێت، داواکاری گشتیش بێکاریگەر کراوە و ناتوانێت ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و بەوەش تاوان ئەنجام دەدات. ئەگەر پەرلەمانتارانی ئاکەپە بچنە ناو گەلەوە، ئەم تێکۆشانەی ئێمە، کە لە هەموو شارەکانی تورکیادا لە رۆژەڤدایە، گەل لە پەرلەمانتارەکان دەپرسێت: 'بۆچی ئەو دایکە لەبەردەم دادگا راوەستاوە، کێ ٢ کوڕ و هاوسەرەکەی لە نەخۆشخانە دا کوشت؟ ئەگەر پەرلەمانتارێک لە ناو ئاکەپەدا هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، با بێتە دەرەوە و بچێتە ناو گەل، با وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە".

ژ.ت