بەرنامەی چالاکیەکانی یەکی ئەیلول: لە ٣ شار لە دژی گۆشەگیری و شەڕ دەڕژێنە گۆڕەپانەکان
دەم پارتی نەخشەرێگە و بەرنامەی چالاکیەکانی ١ی ئەیلول رۆژی جیهانی ئاشتی راگەیاند و لەو رۆژەدا لە ٣ شار لە دژی گۆشەگیری، نادادپەروەری و شەڕ دەڕژێنە شەقام.
دەم پارتی نەخشەرێگە و بەرنامەی چالاکیەکانی ١ی ئەیلول رۆژی جیهانی ئاشتی راگەیاند و لەو رۆژەدا لە ٣ شار لە دژی گۆشەگیری، نادادپەروەری و شەڕ دەڕژێنە شەقام.
رێکخستنی دەم پارتی لە ئامەد سەبارەت بە چالاکیەکانی ١ی ئەیلول رۆژی جیهانی ئاشتی لە بینای خۆی نەخشەڕێگەیەکی ئاشکرا کرد. پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئامەد سەرحەد ئەرەن، بەڕێوەبەرانی دەبەپە، چالاکوانانی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا) بەشدارییان لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا کرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە لە ١ی ئەیلولدا لە ئامەد، وان و ئیزمیر گردبوونەوەی هەرێمی ساز دەکرێن. گردبوونەوەکەی ئامەد لە گۆڕەپانی شێخ سەعید بەرێوەدەچێت. بەر لەوە لە بەردەم باڵەخانەی ئەی زی سی کۆدەبنەوە و بەرەو گۆڕەپانەکە رێپێوان دەکەن.
هاوسەرۆکی دەم پارتی لە ئامەد گوڵشەن ئۆزەر لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا قسەی کرد و باسی لەوەکرد کە ماوەی ١٠ ساڵە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕێکی دژوار بەڕێوەدەچێت و هەموو گەلانی ئەم جوگرافیایە پێویستیان بە ئاشتی و ئارامی هەیە. ئۆزەر رایگەیاند کە ئەوان لەگەڵ گەل گردبوونەوەیەک رێکدەخەن و کۆدەبنەوە و بەشداری لە گۆڤەندی ئاشتی دەکەن.
لای خۆشیەوە هاوسەرۆکی رێکخستنی دەبەپەی ئامەد محەمەد شیرین گوربوز وتی، "چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ئاشتیەکی شکۆمەندانەدا تێپەڕدەبێت. بۆ ئاشتیەکی کۆمەڵایەتی دەبێت سەرەتا لە دژی شەڕ یەکبگرین. گرنگترین رۆژەڤیش هەڵبەت گۆشەگیریە و دەبێت گۆشەگیری هەڵبگیرێت و بەڕێز ئۆجالان بتوانێت دیدار ئەنجام بدات. "
هاوکات پەرلەمانتاری بازنەی ئامەدی دەم پارتی سەرحەد ئەرەن وتی، " لە زۆر گۆڕەپانی تورکیا نادادی بەردەوامە، هەر دادپەروەریەک رێگە لەبەردەم نادادپەروەری دیکە دەکاتەوە. ئەو دۆخەش وادەکات توندوتیژی زیاتر بێت. لە تورکیا قەیرانی فرەلایەن لە ئارادایە. قەیرانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری و دادپەروەری بەردەوامە".
راشیگەیاند، هەرگیز هێرشەکانی سەر کولتور و زمانی کورد و هێرشەکانی سەر جوگرافیای کوردستان قەبوڵ ناکەین. ئێمە لە دژی هێرشەکانی سەر بەها، یەکێتی، زمان و موزیکی گەلین. دەبێت گەلەکەمان لە دژی هەموو هێرشەکان لە سەر هەبوونی گەلی کورد لە ١ی ئەیلولدا بڕژێنە گۆڕەپانەکان. بۆ ئەوەی خاوەنداری لە ناسنامە، بەها و خاکی خۆمان بکەین دەبێت ئێمە بە گۆڤەند هەلهەلە لە گۆڕەپانەکان بین. داوا لە هەمووان دەکەین کە لە دژی ستەم و نادادی و لەپێناو ئاشتی بڕژێنە شەقامەکان و بە شێوەیەکی بەرز دەنگ هەڵبرن".