بوڵدان: تا ئەوکاتەی بکوژان لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت دۆسیەی رۆبۆسکی داناخرێت!

هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە پەروین بوڵدان بەشداری لە یادکردنەوەی رۆبۆسکیدا کرد و وتی: "تا ئەو کاتەی بکوژەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت دۆسیەی رۆبۆسکی داناخرێت".

 

هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاران و بەڕێوەبەرانی هەدەپە بەشدارییان لە مەراسیمی یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی رۆبۆسکیدا کرد، کە لەگوندی رۆبۆسکی سازکرا.

لە یادەکەدا کە نوێنەرانی ژمارەیەکی زۆر رێکخراویش ئامادەبوون بوڵدان قسەی کرد و وتی، "ئێمە جارێکی تر سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو ٣٤ کەسانەمان دەکەین کە لە رۆبۆسکی ژیانیان لەدەستدا و هەروەها سەرەخۆشی لە گەلەکەمان دەکەین. سەرباری ئەوەی ١١ ساڵی بەسەردا تێپەڕبووە لێپرسینەوەیەکی جددی لەسەر نەکراوە، بکەران ئاشکرا نەکراون. ئەمە بۆ تورکیا شەرمەزارییەکی گەورەیە. لە هەمان کاتدا برینێکی قوڵە".

بوڵدان دەستنیشانی کرد کە ئەوانەی فەرمانیان کردووە و کۆمەڵکوژییەکەیان ئەنجامداوە ئاشکران و وتی، "تاکە شتێک کە لە ئارادانییە دادپەروەری و یاسایە. ئێمە رووبەڕووی عەقڵیەتێکی بەو جۆرەین کە ئەوانەی دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت هێرش دەکەنە سەر ئەوانەی داوای لێپرسینەوە دەکەن. ئەو مێسک و بیرکردنەوەیەی زلـلەی لە فەرهاد ئینجودا هەمان ئەو مێشکەیە کە لە رۆبۆسکی بۆردومان ٣٤ مرۆڤی کرد".

بوڵدان جەختی کردەوە کە ئەو دۆسیەیە داناخرێت و وتی، "تا ئەو کاتە بکەران لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و باجەکەی دەدەن، تا ئەو کاتەی ئەوانەی فەرمانیان بەو هێرشە کردووە و ئەوانەی بەرپرسیارن لەو کۆمەڵکوژیە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت ئێمە درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین.

ئەو برینە برینی هەموومانە، ئێش و ئازاری هەموومانە. ئەو برینە تا دادپەروەری نەچەسپێت ساڕێژ نابێت، جارێکی تر دەڵێین، کە لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیانداین و پشتیوانی تێکۆشانی گەلەکەمانین".

هـ . ب