بڕیارێکی بەعس هەڵدەوشێتەوە و ناحیەی مەندەلی دەبێتەوە بە قەزا
وەزارەتی پلاندانانی عیراق بڕیارێکی ساڵی ١٩٨٧ی حزبی بەعسی هەڵوەشاندنەوە و بەو پێیەش دووبارە مەندەلی دەکرێتەوە بە قەزا .
وەزارەتی پلاندانانی عیراق بڕیارێکی ساڵی ١٩٨٧ی حزبی بەعسی هەڵوەشاندنەوە و بەو پێیەش دووبارە مەندەلی دەکرێتەوە بە قەزا .
مەندەلی یەکێکه لە ناوچەکانی دابڕێندراوەکان (ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان) له پارێزگای دیالە و بەدوری ٩٣کم لە بەعقوبەی سەنتەری پارێزگاکەوە، دانیشتوانەکەى لە کورد، عەرەب و تورکمان پێکدێت.
تا ساڵی ١٩٨٧ مەندەلی قەزابووە، هەردوو ناحیەی بهلهدروز و قەزانیە لە چوارچێوەی ئەو قەزایەدا بوون، دواتر بهلهدروز كرایە قەزا و مەندەلی بووە ناحیەیەكی سەر بەو قەزایە، بەڵام لە ئێستادا تەنیا ناحیەی قەزانیە بۆ مەندەلی گەڕێنراوەتەوە، قەزای مەندەلی لە باكورەوە هاوسنورە لەگەڵ قەزای خانەقین، لە رۆژهەڵاتەوە لەگەل ئێران، لە باشورەوە ناحیەی قەزانییە و لە خۆرئاواوە ناوەندی قەزای بهلهدروز.
وەزارەتی پلاندانانی عیراق رەزامەندی نیشاندا بە دووبارە ناساندنەوەی ناحیەی مەندەلی وەكو قەزا، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ژیان بۆ قەزاكە، كە بەپێی وەزارەتی پلاندانان "بەدەست پشتگوێخستنەوە دەناڵێنێت".
مەندەلی لە ساڵی ١٩٤٧ کرایە قەزا و بە یەکێک لە کۆنترین قەزاکانی عیراق دادەنرێت، بەڵام دوای ٤٠ ساڵ و له ساڵی ١٩٨٧ بە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی حزبی بەعس، كرا بە ناحیە و به قهزای بهلهدروزهوه لکێنرا.
عەبدولزەهرا هەنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق دووشەممە ١٢ی ئادار لە بەیاننامەیەكدا رەزامەندیی وەزارەتەكەی بۆ دوبارە بە قەزا ناساندنەوەی مەندەلی ئاشكراكرد، لەگەڵ جەختكردنەوە لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی ساڵی ١٩٨٧ حزبی بەعس دا.
هەنداوی ووتی: "وردبینی تەواوی دۆسیەی بە قەزابوونی مەندەلی كراوە، لەڕوی ستانداردەكانی پلاندانان، ژمارەی دانیشتووان و یەكەی نیشتەجێبون، چالاكی ئابوری و هەموو پێوەرانەی كە پێویستە لە قەزایەکدا هەبێت".
جەختیشیكردەوە "ئەو بڕیارە یەكانگیرە لەگەڵ بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران لە ساڵی ٢٠١٠ كە تایبەتە بە هەڵگرتنی كاریگەرییە خراپەكانی سەر مەندەلی و هەنگاونان بەرەو بە قەزابوونی ناحییەكە و گەڕاندنەوەی بۆ پێش ساڵی١٩٨٧".
ئەو بەیاننامەیەی هەنداوی دوای ئەوە دێت، كە وەزارەتی پلاندانان بە واژۆی محەمەد تەمیم وەزیری پلاندانان و جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق نوسراوێكیان ئاراستەی دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاكان كردووە بۆ نوێكردنەوەی بڕیاری بە قەزابونی مەندەلی.
لە نوسراوەكەی وەزارەتی پلانداندا، كە ٩ی ئادار ئاراستەی دەستەكەی كردووە تیایدا هاتووە، "ئامانج لەمە دوبارە گەڕاندنەوەی ژیانە بۆ مەندەلی، چونكە بەدەست پشتگوێخستن و گرنگیپێنەدانەوە دەناڵێنێت، سەرباری ئەوەی ئیمكانیەتێكی فرەچەشنی هەیە و زیانلێكەوتوی ئەو جەنگانە بووە، كە لەو ناوچەیە رویانداوە و بە هۆیەوە خەڵكەكەی روبەڕوی ئاوارەبون بوونەتەوە".
هەروەها هاتووە، "ئەمە بۆ هەڵگرتنی هەموو ئەو كاریگەرییە خراپانەیە، كە لە ئەنجامی ئەو بڕیارانە دروستبووە، كە دەرهەق بە كوردی فەیلی كراوە لە مەندەلی".
ژ.ت