چالاکوانانی باشوور: ئامانجی هێرشەکانی تورکیا ئەوەیە کوردستان بکاتە تورکستان
چالاکوانانی باشووری کوردستان پێیانوایە لە ئاستی هێرشەکانی تورکیا نابێت حزبیانە بیر بکەینەوە، بەڵکوو دەبێت هەموو کوردانە و بە کۆدەنگی ڕووبەرووی داگیرکاریی تورکیا ببینەوە.
چالاکوانانی باشووری کوردستان پێیانوایە لە ئاستی هێرشەکانی تورکیا نابێت حزبیانە بیر بکەینەوە، بەڵکوو دەبێت هەموو کوردانە و بە کۆدەنگی ڕووبەرووی داگیرکاریی تورکیا ببینەوە.
چالاکوانانی چەمچەماڵ دەربارەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) قسەیان کرد، ئەو چالاکوانانە ئاماژەیان بە مەترسییەکانی پشت هێرشەکانی تورکیا کرد و پێشیانوایە ئەو هێرشانە لە دژی هەمووی گەلی کوردە نەک لایەنێکی سیاسی. هاوکات داوای یەکڕیزی و کۆ دەنگی دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا.
ئارام شێخ عەزیز چالاکوانی مەدەنی وتی: "دەوڵەتی تورکیا لە تەواوی مێژووی خۆیدا هەموو هەوڵێکی داوە، کە کورد کیانێکی نەبێت، دژی زمان، کلتور و نەتەوەی ئێمەن، بۆیە لە ڕێی چەند پرۆژەیەکی سەربازی، سیاسی، کلتوری و زمانییەوە دەستی بە سڕینەوەی نەتەوەی کورد کردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم، پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەکان لە ئاستی ئەو داگیرکاری و هێرشانەی تورکیا بێدەنگن لەبەر ئەوەی بەرژەوەندیی ئابوورییان لەگەڵ ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە هەیە."
هەروەها ئەوە چالاکوانە پێشیوایە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان وایکردوە، کە پرسە نەتەوەیەکە بخەنە لاوە، ئەوەش بووەتە دەرفەت بۆ تورکیای داگیرکەر، کە دەست کراوەتر بێت بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد: "پێویستە هێز و ولایەنە سیاسییەکانی کوردستان یەک وتاریان هەبێت و بێنە سەر هێڵ و هێرشەکانی تورکیا ڕەتبکەنەوە و هاوکات دەبێت هێزە نێودەوڵەتییەکانیش ئەو بێدەنگییە بشکێنن و لە ئاستی ئەو هێرشانەی تورکیا دەنگ هەڵبرن".
چالاکوانێکی تر بەناوی پێشوا شێخ ڕەئوف دەڵیت: "ئەو هێرشانە، کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان تەنها هێرش نییە بۆ سەر لایەنێکی سیاسی، بەڵکو هێرشە بۆ سەر تەواو گەلی کورد و خاکی کوردستان، هەموو ئەو هێرشانەش ناڕەوان و دژی یاسای نێودەوڵەتیەکانە، بەڵام تورکیا گوێی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان نادات."
هەروەها پێشەوا شیخ رەئوف ئاماژە بەو گرفتانە کرد، کە وایکردوە هێرشەکانی تورکیا بەردەوامیی هەبێت و دەڵێت: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان کۆدەنگیمان نییە، بێدەنگین لە ئاستی ئەو هێرشانە، ناکرێت وا پێناسەی بۆ بکەین، کە تەنها دژی لایەنێکی سیاسییە، چونکە ئامانجی ئەو هێرشە لەوە فراونترە، بەڵکو بۆ لە ناوبردنی کیانی کوردە".
ئەو چالاکەوانە ڕەخنەی ئەوەش دەگرێت کە تا ئێستا وەک پێویست لە باشووری کوردستان لە ڕووی چالاکیی مەدەنی و سیاسییەوە وەک پێوست وەڵامی تورکیا نەدراوتەوە و دەڵێت: "دەبوو لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانەدا کۆدەنگی هەبا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانە، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا کۆ دەنگییەک دروست نەبووە و وڵامێکی پێویستی تورکیا نەدراوەتەوە لە شەقامی کوردی، هاوکات لە ئاستی ئەو هێرشانە میدیای کوردیش کەموکوڕیی زۆرە و کاری نەکردووە بۆ وشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە ئاستی مەترسییەکانی ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر."
چالاکوانێکی تر بەناوی کاروان عوسمان شوانی قسەی کرد و هاوشیوەی هەردوو چالاکوانەکەی تر ڕەتی کردەوە، کە ئەو هێرشانەی تورکیا تەنها لە دژی لایەنێکی سیاسی بێت وەک ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ئاماژەی پێدەکات و وتی: "ئەوانەی پێیانوایە ئەو هێرشانە تەنها بۆ لایەنێکی سیاسییە لە ڕاستیدا هەڵەن، چونکە ئامانجەکانی ئەوەیە خاکی کورد بکرێت بە تورکستان و نەتەوەی کوردیش لە ناوببات."
ئەوەشی وت، "بۆ ڕاوەستاندنی ئەو هێرشانە دەبێت ڕایگشتی دروست بکرێت، نابێت جێاوازی بکرێت و بڵێین ئەوە پارتییە، یاخود ئەوە یەکێتییە یان پەکەکە-یە، ئەم قۆناغە هی ئەوە نییە بە شێوازی حزبی بیر بکەینەوە، بەڵکو کاتی ئەوەیە وەک کورد بیر بکەینەوە، چونکە ئەو هێرشە بۆ سەر هەموو کوردە."
ژ.ت