چالاکی مانگرتن و خۆپیشاندان دژی شەهیدکردنی گەریلا لە دەروازەی سنوری سێمالکا بەردەوامە

ئەمڕۆش ٢٣ ڕۆژە چالاکیەکە بە پێشەنگایەتی دایکانی ئاشتی و ژنان دیسانەوە داوا لە پەدەکە دەکەن، تەرمی هەردوو شەهید تۆڵهەڵدان وسەردەم ڕادەست بکات.

لە ٥ی تشرینی یەکەمەوە، هاوڵاتیانی هەرێمی جزیرە چالاکی مانگرتن و خۆپیشاندان لە دەروازەی سنوری سێمالکا بەڕێوەدەبەن و داوای ڕادەستکردنەوەی تەرمی دوو گەریلای شەهیدانی خەلیفان دەکەن، کە لە ٢٨ی ئاب لەلایەن چەکدارانی پەدەکەوە کەمینیان بۆ دانراو هێرشیان کرایەسەر و شەهیدکران.

دایکانی شەهید لە ناوچەی تربەسپی و دایکانی ئاشتی چوونە دەروازەی سێمالکا و بەشداری چادری چالاکییەکەیان کرد و داوایان کرد، تەرمی هەردوو شەهیدی گەریلا( تۆڵهەڵدان ڕامان و سەردەم جودی) ڕادەستی خانەوادەکانیان بکرێتەوە.

بڕیاریشە سبەینێ چالاکییەکە بە بەشداری هاوڵاتیانی قامیشلۆ و ئەندامانی شارەوانی گەل سەر بە کانتۆنی قامیشلۆ بەردەوامی پێ بدرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوی هەپەگە، لە ڕۆژی ٢٨-٢٩ی ئاب هێزەکانی پەدەکە هێرشیان کردە سەر گروپێکی گەریلا کە پێکهاتبوون لە حەوت کەس لە خەلیفان، لە ئەنجامدا پێنج گەریلا شەهیدبوون و گەریلایەکیش بە برینداری دەستگیرکراوە و گەریلایەکیش دوای چەندین ڕۆژ ڕێکردن بە پێی پەتی و برسێتی خۆی گەیاندووەتەوە لای هاوڕێکانی و ڕاستی هێرشی چەکدارانی پەدەکەی بۆ سەر گەریلا ئاشکراکرد.

ف.ق