چالاکی ئێشکگری لە جولەمێرگ دەستی پێ کرد

شاندێک لە هەڵبژێردراوانی دەم پارتی وان و ئاگری، ڕایانگەیاند دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ چالاکی ئێشکگریان دەست پێ کردووە، تا کۆتایی هاتنی نادادییەکان درێژە بە چالاکی دەدەن.

دەستبەسەراگرتنی ئیرادە لە جولەمێرگ

پاش بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ لە ٣ ی حوزەیران بۆ دانانی قەیوم لە شارەوانی جولەمێرگ، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە شارەکە دەستی بە چالاکی کرد. لە ڕۆژی یەکەمدا هاوسەرۆکانی شارەوانی و ئەندامانی مەجلیسی شارەوانی لە ناوچەکانی پایزاوا و ئێلباک و ناوچەی ئاگری ئاڤکەڤر هاتنە شارەکە و بەشداری چالاکییەکە بوون. شاندەکە لەلایەن ڕێکخستنی دەم پارتی جولەمێرگ پێشوازیان لێ کرا، پانکارت و درووشمەکان دژی دانانی قەیوم بەرزکرانەوە.

"تا کۆتایی هاتنی نادادییەکان، چالاکییەکانمان بەردەوام دەبێت"

پاش ڕێپێوانێکی جەماوەر لە چوارڕیانی پەیکەر ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە، هاوسەرۆکی ڕێکخستنی جولەمێرگی دەم پارتی قادر شاهین ڕایگەیاند ئەم بەرخۆدانە ٣٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، گوتی: "هەتا ئەم نادادییە بە هەموو جیهان ڕادەگەیەنین و نەگەینە ئەنجام، چالاکییەکانمان بەردەوام دەبێت".

"دەست لە سیاسەتی قەیوم هەڵبگرن"

لەسەر ناوی شاندەکە مەجلیسی شارەوانی ئێلباکی دەم پارتی محەمەد ساڵەح ئۆزدەمیر ڕایگەیاند سیاسەتی قەیوم زیان بە گەل دەگەیەنێت، گوتی: "دەمودەست و لە زووترین کاتدا دەست لە سیاسەتی قەیوم هەڵبگرن. پشتگوێخستن و دەستبەسەراگرتنی ئیرادەی تاوانە. ئامانجی سەرەکی ئێمە لێرە ئەوەیە، دژی سیاسەتی قەیوم ئێشکگری دادپەروەری دەست پێ بکەین و داخوازی کۆتایی هێنان بە دەستبەسەراگرتنی ئیرادە بکەین. تاکە ئامانجی قەیوم دزی و لەناوبردنە. پێویستە ئەمە ڕاوەستێ، شارەوانی ڕادەستی ئیرادەی گەل بکرێت".

پاشان شاندەکە ڕوویانکردە گەڕەکەکان.