چیاکۆ: پەژاک لە گەشەی بەردەوامدایە و خەڵکیش ترسی لە حکومەت شکاوە

ئەهوەن چیاکۆ ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لەبارەی پێشهاتەکانی ساڵی ٢٠٢٢ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ناوچەکە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە.

ئەهوەن چیاکۆ ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لەبارەی پێشهاتەکانی ساڵی ٢٠٢٢  لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ناوچەکە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە.

دەقی چاوپێکەوتنەکەى ئەهوەن چیاکو:

وەكوو پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) خوێندنەوەتان بۆ روداوەكانی ساڵی ٢٠٢٢ چییە، یاخود ساڵی ٢٠٢٢ بەتایبەتی بۆ گەلەكەمان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بزووتنەوە ئازادیخوازەكەی چۆن دەرباز بوو؟

ئەهوەن چیاکۆ:  لە ڕاستیدا ساڵی ٢٠٢٢ ساڵێکی زۆر گرنگ بوو. لەبەر ئەوەی دوو ساڵی پێش ساڵی ٢٠٢٢ لە ناو دۆخی پاندێمیی کۆرۆنادا بووین. هاوکات بەر لە کۆرۆناش چەند سەرهەڵدانێک لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کڵپەیان سەند کە کۆماری ئیسلامییان وەتەنگ هێنابوو. بەڵام کۆماری ئیسلامی لە دۆخی کۆرۆنا بۆ دامرکاندنەوەی سەرهەڵدانەکان کەڵکی وەرگرت، دۆخی کۆرۆنا شەقامەکانی لە خەڵک چۆڵ کرد و خەڵکیش بە ناچار بڵاوەیان لێ کرد.

 لەو سەرهەڵدانانەدا کۆماری ‌ئیسلامی گەلێ توندوتێژیی نواند و ئەمەیش تۆوی تووڕەییەکی گەورەی لە ناو گەلدا چاندبوو و کۆمەڵگا بۆ دەرفەتێک دەگەڕا تاکوو تووڕەیی خۆی لەو ڕژێمە سەرکوتکارە هەڵڕێژێت و حیسابی لێ بخوازێت. بێگومان لە پاڵ سیاسەتە شکستخواردووە دەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامیدا، دۆخی کۆرۆنایش لە بواری ئابوورییەوە گوشاری هەژاری و بێدەرەتانیی سەر خەڵکی گەلێ زیاتر کردەوە. دەوڵەتی ئیبراهیمی رەئیسیش کە لە هەموو دەوڵەتانی پێشووتری کۆماری ئیسلامی ناکارامەتر و پەڕپووتترە، بە شێوەیەکی بەربڵاوتر ئازادییەکانی خەڵکی کردە ئامانج، هەر بۆیە ناکۆکییەکانی نێوان کۆمەڵگای گەلانی ئێران و دەوڵەتی ئێران هێندەی‌تر قووڵ بووەتەوە و درزە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێستەدا گەیشتوونەتە لووتکەی خۆیان.

هەر بۆیە ساڵی ٢٠٢٢یش کۆمەڵگا لەگەڵ ئەم ڕەوشە پڕ لە ناکۆکی و قەیراناوییە و لێکەوتەکانیدا دەستەویەخە بوو و ناچار بوو هەموو بەستەڵەکەکانی پێش کرۆنا و سەردەمی کرۆنا، واتە ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١، بشکێنێت. وەک ئاگادارین هەر لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشوازیی بەهەیبەتی خۆی لە نەورۆز هەنگاوێکی کرداریی گەورەی بۆ پووچەڵکردنەوەی سیاسەتی دەوڵەتی رەئیسی هەڵەگرت کە دەیویست نەورۆز بە پێی ویستی خۆی ئاڕاستە بکات، جەماوری ڕۆژهەڵات چوونە گۆڕەپانەکە و بە دەسپێشخەریی خۆیان نەورۆزیان پیرۆز کرد و نەیانهێشت ئاشی سیاسەتی داگیرکاری و ئاسیمیلاسیۆنی رژێم بە ئاوی ئەوان هەڵبسووڕێت.

هاوکات هەر لە سەرەتای ساڵەوە نارەزایەتییەکانی کۆمەڵگا بوێرانە لە گۆڕەپانی تێکۆشاندا ڕەنگی دایەوە، بەڵام ئەوەی گەیاندیە لووتکە، سەرهەڵدان و دواتر شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» دوای کوشتنی ژنەکوردی سەقزی «ژینا ئەمینی» بوو کە بە دەستی رژێمی سەرکوتکاری کۆماری ‌ئیسلامی گیانی بەخت کرد. لە ڕاستیدا ئەم سەرهەڵدانە نەتەنها هەموو تووڕەیی پەنگخواردووی گەلانی ئێران بەتایبەت گەلی کوردی لەوپەڕی ورەبەرزیدا هێنایە سەر شەقامەکان و هەموو ترسەکانی شکاند و بەستەڵەکەکانی دوای سەردەمیی پاندێمیی کۆرۆنای تواندەوە، بەڵکوو ڕووبەڕووی هەموو چەشنە زۆرداری و پاشڤەڕۆییەکیش بوویەوە. واتە هاوکات کە دیواری ترس و دۆخی بەستەڵەکاویی کۆمەڵگای شکاند، لە هەمان کاتدا بە گژ هەرموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم ژن و ژیان و ئازادییشدا چوویەوە.

لەساڵی ٢٠٢٢دا هێڵی بەكرێگیراوێتی ویستی بە ڕەشكردن و چەواشەكردنی ڕای گشتیی كۆمەڵگەی كوردیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ئاست هێڵی ئازادیخوازیی گەلەكەمان بە پێشەنگایەتیی پەژاك و حەرەكەتی ئاپۆیی، هەندێ ئەنجام وەربگرێت. ئەو هێڵە لە لایەن کامە ڕەوت یان کەسانێکەوە بەرێوە دەبردرێت و ئامانجی چییە؟

ئەهوەن چیاکۆ:  بێگومان لە شوێنێکدا شۆڕش و شۆڕشگێڕی هەبێت، هاوکات دژەشۆڕش و بەکرێگیراوێتییش سەرهەڵدەدات. ئەمە پێوەرێکی نەگۆڕە و هیچ نەتەوە، کۆمەڵگا و جوغرافیایەک لەم ڕاستییە بێبەری نیین. گرنگ ئەوەیە کە هێزی شۆڕشگێڕ بە وردبینی و رێگا و رێبازی توکمە و ڕاست هەلسوکەوت بکات بۆ ئەوەی بازنەی شۆڕش بەرین و بازنەی دژەشۆڕش بەرتەسک بکاتەوە.

تەڤگەری ئاپۆیی و بەتایبەت پژاک وەک پێشەنگی ئەم تەڤگەرە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئاوێلکەدانی نەتەوە و کۆمەڵگایەک و لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تێکۆشانی خۆی دەست پێ کرد و خوێنێکی تازەی پڕ لە هیوا و شۆڕشگێڕیی خستە دەمارەکانەوە و گیانێکی تازەی بە جەستەی ئەم نەتەوە و کۆمەڵگایە بەخشی. لەو کاتەوە تا ئیستاش سەرەڕای هەموو کەموکۆڕییەکان لە گۆڕەپانی تێکۆشاندایە و ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەکەوێتە نێو دڵی خەڵکەوە.

بێگومان ئەو تێکۆشانەی کە پژاک بەڕێوەی دەبات بە ئاڕاستەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و کۆمەڵگادایە و هەر بۆیەش تێکۆشانەکەی لە بەرانبەر بەرژەوەندیی هێزە داپڵۆسێنەرەکانی مودێرنیتەی سەرمایەداری، داگیرکەرانی کوردستان، هێڵی بەرژەوەندی‌پەرست و هێڵی خەیانەت لە کوردستاندا جێ دەگرێت. هەموو ئەو لایەنە دژەکۆمەڵگایانەش هەم بە شێوەی جیاجیا و هەم بە شێوەی هاوبەش هەوڵی پێشخستنی شەڕی تایبەت لە بەرانبەر پژاکدا دەدەن تا لەو ڕێگایەوە ڕاستیی پژاک چەواشە و ئاوەژوو بکەنەوە. ئەوان بۆ بەرەوپێشبردنی شەڕی تایبەتی خۆیان دژ بە تەڤگەری ئاپۆیی و بەتایبەت دژ بە پژاک، هەوڵ دەدەن لە هەموو دەرفەتێک کەڵک وەربگرن. تەنانەت کەسانی لۆمپەن، نەفس‌نزم و بەرژەوەندی‌پەرست دەدۆزنەوە و بە هێزی کڕین و پارە ڕاگەیەندنکار، ڕۆشنبیر، ئاکادیمیسیەن، هونەرمەند، چالاکی سیاسی، مەدنی، کۆمەڵایەتی و...ی ساختە دروست دەکەن و بە پۆپیلارکردنی ئەو جۆرە کەسانە خۆڵ دەکەنە چاوی خەڵک و دەیانەوێت بە هەموو شێوازێکی دزێو و قڕێژ ئەم شەڕە تایبەتە بەرەوپێش بەرن.

 بەتایبەت ماوەیەکی زۆرە کە ئیتلاعاتی ئێران، میتی تورکیا و پاراستنی پارتی بە شێوەی هەماهەنگ و هاوبەش ئەم شەڕە تایبەتە دژی پژاک دادەڕێژن و ئاڕاستەی دەکەن. بێگومان ساڵی ٢٠٢٢ بە شێوازێکی چڕوپڕتر بەڕێوەیان برد و لە داهاتوویشدا بەردەوامی دەکەن. بەڵام لەبەر ڕاستینەی شۆڕشگێڕی و هاوکات جێگە و پێگەی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیی پژاکەوە، بەردەوام سەریان لە بەرد دەکەوێت و پژاک زیاتر لە جاران گەورەتر دەبێت.

لە ساڵی ٢٠٢٢دا لەلایەك ڕژێمی داگیركەر و فاشیستی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە لایەكی‌ترەوە هێڵی بەكرێگیراوێتی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، دژی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلەكەمان هەوڵێکی زۆریان خستە گەڕ، هاوکات گەلێ جار هەندێ لە لایەنەکانی ڕۆژهەڵات خوێندنەوەی ناڕاستیان لەسەر پژاک کردووە، خوێندنەوەتان بۆ ئەو هێرشانەی کۆماری ئیسلامی و هێڵی خیانەت و بەکرێگیراوێتی چییە؟ هاوکات کۆماری ئیسلامی و هێڵی خیانەت و بەکرێگیراوێتی تا چەند دەتوانن لە خوێندنەوەی ناڕاستی لایەنەکانی‌تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پژاک، دژی پژاک کەڵک وەربگرن و پێویستە پژاک چۆن لەگەڵ ئەم بابەتە بجووڵێتەوە؟

ئەهوەن چیاکۆ: کۆماری ئیسلامی کینەیەکی زۆر قووڵی لە تەڤگەری ئاپۆیی و پژاک هەیە. هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە پێی وابوو بە پاشەکشەکردن بە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و مارژیناڵکردنی لایەنەکانی کۆنتر لە پژاک، ئیدی کۆتایی بە پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێناوە و جارێکی‌تر تێکۆشانی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرۆکی ناگرێتەوە. بەڵام شتەکە پێچەوانە کەوتەوە و ئەوەش کە مژارەکەی بە پێچەوانەی چاوەڕوانیی کۆماری ئیسلامی سووڕاندەوە، تێکۆشانی پژاک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بوو.

 هاوکات پژاک دەسپێشخەری شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو ئێران بووە و ئەم تێکۆشانە هەرچەند هاوینی ساڵی ٢٠٢٢ بە کوشتنی «ژینا ئەمینی» و کاردانەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلی کورد بە تەواوی ئێراندا بڵاو بۆوە، بەڵام لە ڕاستیدا بنەمای ئەم شۆڕشە لە سەرەتای تێکۆشانی پژاکەوە دانرا. لەخۆڕا نییە کە تێکۆشان بۆ ئازادیی ژن بنەمای تێکۆشانی پژاکە و هاوکات دوو چەمکی‌تری دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، واتە ژیان و ئازادی، لە نێو ناوی «پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ـ پژاک»دا دانراوە. کە واتە پژاک خاوەنی پارادایم (دونیابینی)، بیروڕا، فەلسەفە و گوتارێکە کە لەگەڵ بناغەی کۆماری ئیسلامیدا ناکۆکە و هەر بۆیەش قین و دوژمنیی سەرسەختانەی پژاک و کۆماری ‌ئیسلامی مژارێکی زۆر ئاساییە و نابێت لە دەرەوەی ئەوەش بێت. لە چوارچێوەی ئەم ڕاستییەشدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ و بەتایبەت لە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا کە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی کڵپەی سەند، جارێکی‌تر وەک ساڵانی ڕابردوو پژاکی کردە ئامانج و لە زۆر شوێن گوتی پژاک هۆکاری سەرەکیی ئەم سەرهەڵدانانەیە و پێویستە بە توندی وەڵام بدرێتەوە. ئاشکرایە بە تەنیایش بۆی ناکرێت و هەر بۆیە پەنا بۆ دەوڵەتی تورکیا دەبات تاکوو پێکەوە پلانەکانیان لە دژی پژاک بەڕێوە ببەن. لە ڕاستیدا پژاک هێزێک نییە لە شوێن یان کامپێکی دیاریکراودا بێت و کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بە ئاسانی درۆن و مووشەکی بۆ بهاوێ، هەر بۆیە کەرەستەی سەربازیی ئێران لەو ئاستەدا نییە تەدبیرەکانی پژاک و گریلا بشکێنێت، هەر ئەمەش وای کردووە زیاتر بە هاوکاری و هاوبەشی لەگەڵ دەوڵەتی فاشیستی تورکیادا هێرش بکەنە سەر پژاک. بێگومان سووڕانەوەی بەردەوامی درۆنەکانی ئێران و تورکیا، هاوکات تۆپباران و بوردومانی هاوبەشی ئەم دوو وڵاتە بۆ سەر شوێنەکانی پژاک بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٢، بەتایبەت لە هاوینی ٢٠٢٢ بەدواوە، نیشاندەری ئەم ڕاستییەن.

لە بیر نەکەین کە لە کاتی سەرهەڵدانەکانی گەلی کورد و گەلانی‌ ئێران لە ساڵەکانی ١٣٩٦ و ١٣٩٨ی هەتاویدا، دیسان کۆماری ئیسلامی پژاکی وەک هێزێکی سەرەکیی داڵدەدەری ئەو سەرهەڵدانانە دەستنیشان کرد و کەوتە ڕەشبگیریی ئەو کەسانەی کە شیمانەی دەکرد پێوەندییان لەگەڵ ڕێکخستنەکانی پژاکدا بووبێت. کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر پژاک لە ساڵی ٢٠٢٢یشدا درێژەی هەمان دوژمنایەتیی قووڵی کۆماری ئیسلامییە لەگەڵ پژاکدا کە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو لە ئارادا بووە و بێگومان تا کۆتایی‌پێهاتنی کۆماری ئیسلامییش ئەم دوژمنایەتی و هێرشانە هەر بەردەوام دەبن. هاوکات کۆماری ئیسلامی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پژاک جیا لە شەڕی زبر و  هێرشی ئاشکرا، لە شەڕی نەرم و ڕێبازەکانی شەڕی تایبەتیش بە تەواوی کەڵک وەردەگرێت. هەروەها بۆ ئەو ئامانجە لە خەتی خەیانەت و بەکرێگیراوێتیی نێو کوردستانیش کەڵک وەردەگرێت.

پێویستە ئاماژە بکەین کە خەتی خەیانەت و بەکرێگیراوێتی جیا لە ئاڕاستەی سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژی پژاک، هاوکات بۆ خۆیشی هەبوونی پژاک لە کوردستاندا دژ بە هەبوون و بەرژەوەندیی خۆی دەبینێت. بەتایبەت نابێ هەوڵەکانی بارزانی بۆ قووڵکردنەوەی چاندی بەکرێگیراوێتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و ئاوەڵاکردنی دەستی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە بەرچاو نەگرین و پێویستە بە هەموو شێوەیەک ڕووماڵی بکەین و لە قاوی بدەین.

مخابن داگیرکاریی کۆماری ئیسلامی و هێڵی خیانەت بەردەوام لە بەرچاوتەنگیی هەندێ لایەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرانبەر پژاکدا کەڵک وەردەگرن و هەوڵ دەدەن بە شێوەیەکی نەرم ئەم بەرچاوتەنگییە بخەنە خزمەتی شەڕێ تایبەتی خۆیانەوە، شەڕێک کە لە بەرانبەر هێڵی ئاپۆیی بە گشتی و پژاک بەتایبەتی لە ئارادایە. هیوادارم شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» هەمووانی ڕاچڵەکاندبێت و بە شێوەیەکی ڕاست هەبوونی پژاک هەڵبسەنگێنن. بێگومان پێویستە پژاک و ئەندامانی پژاکیش بە هوشیارییەوە هەڵسوکەوت بکەن و نەخوازراو ئاو بە ئاشی شەڕی تایبەتی داگیرکەرانی کوردستان و خەتی خیانەتدا نەکەن. پێویستە وێڕای هەموو ڕەخنەکانمان لە لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، حیسابیان لەگەڵ هێڵی خیانەت بە سەرکردایەتیی بارزانی جیا بکەینەوە و بە ئاوا پێودانگێک رخنەیان لێ بگرین. چونکوو ئەو لایەنانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ هەموو کەموکورتییەکاندا بەشێکن لە تێکۆشانی ڕزگاریی نەتەوەیی، بەڵام هێڵی بارزانی نەتەنها پەیوەندیی بە هێڵی تێکۆشانی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی کوردەوە نییە، بەڵکوو بە تەواوی لە بەرانبەر تێکۆشانی ڕزگاریی نەتەوەییدا رۆڵێکی بەکرێگیراوانە و خیانەتکارانە دەگێڕێت.

دیارە گەلێک کەس و گرووپ وەک دەست‌وپێوەندی هێڵی بارزانی و ئەندامی دەزگای پاراستنی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دزەیان کردووەتە ناو ڕیزی هەندێ لە لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە و تا ئاستی بەڕێوەبەری و بەڕێوەبەریی باڵایش گەیشتوون و لەو ڕێگەیەوە دەیانەوێت سیاسەتی ئەو لایەنانە بەپێی ویستی هێڵی بارزانی بەتایبەت لە بەرانبەر هێڵی ئاپویی و پژاکدا ئاڕاستە بکەن، بەڵام گەلێ کەسی دڵسۆزیش لە ڕیزی ئەو حیزبانەدا هەن کە لە بەرانبەر ئەم هێڵەدا هەڵوێستیان هەیە و بە شێوەیەکی دڵسۆزانە و دۆستانە سەیری پژاک و تەڤگەری ئاپۆیی دەکەن. بەتایبەت لە ڕیزی جەماوەری ئەم لایەنانەدا هەڵوێستێکی وڵاتپارێزی هەیە و پێویستە بە ڕێزەوە سەیری بکەین. لە ڕاستیدا ئەگەر پژاک و ئەندامان و لایەنگەرەکانی بە شێوەیەکی هەستیارانە و وردبینانە هەڵسوکەوت نەکەن، دەشێت بارزانی و دەست‌وپێوەندەکانی لە ناو لایەنە ڕۆژهەڵاتییەکان و ڕای گشتی و جەماوەریی ئەم لایەنانە و سەرجەم ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چەواشەکاریی زیاتر بکەن و دژ بە تەڤگەری ئاپۆیی و پژاک بەکاری بێنن.

بە ڕای ئێوە ئاستەنگییەکانی بەردەم گەلەكەمان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەساڵی ٢٠٢٢دا چی بوون و چۆنیان دەخوێنیتەوە؟

ئەهوەن چیاکۆ: لە ڕاستیدا ئاستەنگییەکانی بەردەم گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٢، هەمان ئەو دۆخەیە کە ماوەی ٤٣ ساڵە کۆماری ئیسلامی خولقاندوویەتی. ئەڵبەت لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەلەکەمان بە شێوەیەکی توندتر و زەقتر لە جاران ڕووبەڕووی توندوتێژی و سیاسەتە نگریسەکانی کۆماری ئیسلامی بووەتەوە. سیاسەتی داگیرکاریی کۆماری ئیسلامی تا دەچێت توندتر دەبێت و زیاتر هەوڵ دەدات کە گەلی کورد لە ئیرادەی سیاسی و هەبوونی کولتووری و نەتەوەیی خۆی دابڕێنێت و بیتوێنێتەوە.

 بێکاری و برسێتی یەکێکە لەو ئاستەنگییانەی ژیان کە بەرۆکی بەشێکی یەکجار زۆری گەلەکەمانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گرتووە. ڕژێم دۆخێکی خولقاندووە کە ئەژمارێکی زۆری گەلەکەمان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان ناچارن بۆ کارکردن ڕوو لە شارەکانی‌تری ئێران بکەن، کە دیارە لەوێش تووشی کێشەی دەروونی، کۆمەڵایەتی و کولتووری دەبن و زیاتر لە ڕاستیی خۆیان دوور دەکەونەوە و تووشی تواندنەوە دەبن، یاخود دەبێ لە خودی کوردستاندا پەنا بەرن بۆ هەندێ کاری ئەستەم و تاقەت‌پڕووکێنی وەک کۆڵبەری. تەنانەت گەلێ جار ئەوەشی پێ ڕەوا نابینرێت و دەزانین کە کۆڵبەرکوژی بووەتە یەکێکی‌تر لە کردەوە نامرۆڤەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. خۆ ئەگەر کەسانێکیش توانای ئەو کارە تاقەت‌پڕووکێنانەیان نەبێت بێکار دەمێننەوە و ناچارن ئەستەمترین دۆخی هەژاری بژین. لە ڕاستیدا سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستان، بەتایبەت داگیرکاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، وڵاتی پڕ لە کانزا و سەرچاوەی ژێرعەرز و سەرعەرز و دەولەومەندی ئێمەی کردووەتە دۆزەخێک بۆ ژیان. واتە وڵاتێک کە ژێرعەرزی تژییە لە گەنج سەرعەرزەکەی تژی کراوە لە ڕەنج.

ئەگەر سیاسەتی سەرکوتکاری، گرتن، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان و میلیتاریزەکردنی هەرچی زیاتری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانیشەوە بەم دۆخە زیاد بکەین، ئەوکات تێدەگەین کە ئاستی ئەو ئاستەنگی و ئێش و ئازارانەی بەرۆکی گەلەکەمانی گرتووە، ئێستا لە چ ئاستێکدایە. بەتایبەت هێڕشی داگیرکەرانە و سەرکوتکارانەی کۆماری ئیسلامی لە چوار مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ و لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، لە لایەکەوە ئاستی وەحشیگەریی ڕژێمی گەیاندووەتە لووتکە و لە لایەکی‌تریشەوە گەلەکەمانی تووشی دژوارییەکی لەڕادەبەدەر کردووەتەوە. لەم چوار مانگەدا بە دەیان شەهید و هەزاران گیراومان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە. گەلێ کەس و بنەماڵە لە ترسی رژێم ناچار بوون خۆیان بشارنەوە و تووشی کێشەی لەڕادەبەدەر بوون. هۆکاری هەموو ئەمانەیش هێچ نییە جگە لە سیاسەتی سەرکوتکارانە و داگیرکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەڵبەت گەلەکەیشمان لە ئاست ئەم دۆخەدا کۆڵی نەداوە و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی نیشانی دا کە ورەی گەلەکەمان لەوپەڕی بەهێزیدایە. لە ڕاستیدا ئەو ترسەی کە کۆماری ئیسلامی بە درێژایی ئەم ٤٣ ساڵە لە نێو گەلەکەماندا چاندبووی، قەڵشی بردووە و ئیدی لە مێشکی خەڵک و وڵاتی ئێمەدا دوژمن شکاوە و جێگای نابێتەوە و چیتر ناتوانێ بە ئاسانی درێژە بە داگیرکاریی خۆی بدات. گەلەکەمان لە بواری ورە و چاونەترسی، هۆشیاریی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری و ڕۆشنبیریدا گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر بەرز و من دڵنییام هەر ئەم شتەیش کۆتایی بەم دۆخە و دواجار کۆتایی بە داگیرکاری، سەرکوتکاری و داپلۆسێنکاریی کۆماری ئیسلامی دێنێت. 

لە سێ مانگی كۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» یاخود بەواتایەكی دیكە «شۆڕشی ژن» دەستی پێ كردووە، ئەم شۆڕشە گەیشتووەتە چ قۆناخێك و بە ڕای ئێوە چ دەرئەنجامگەلێكی لێ دەكەوێتەوە؟

ئەهوەن چیاکۆ: لە ڕاستیدا «ژن، ژیان، ئازادی» هەرچەند بووەتە دروشمی سەرەکیی شۆڕشی ساڵی ٢٠٢٢ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەڵام تەنها دروشمێکی ڕواڵەتی نییە و هەڵگری  بیرۆکە (ئایدیا)، فەلسەفە و پارادایمی زانستیی خۆیەتی کە هەم ڕاکێشەرە (جذاب)، هەم ڕادیکاڵە و هەم دەستی بۆ پرسە بنچینەییەکان بردووە. بە واتایەکی‌تر، فەلسەفەی بوونی (فلسفە وجودی) ژن، ژیان، ئازادی فەلسەفەی بوونی کۆماری ئیسلامیی خستووەتە ژێر پرسیاری گەورەوە.

گوتنێکی مارکس هەیە کە دەڵێت «بیرۆکە (ئایدیا) دەتوانێت ببێت بە کردەوەی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگیر ببێت، بەڵام پێویستە ڕاکێشەر بێت، بۆ ئەوەی ڕاکێشەریش بێ پێویستە ڕادیکاڵ بێت، بۆ ئەوەش رادیکاڵ بێت پێویستە دەست ببات بۆ بناغە و ڕیشەکان.» لە ڕاستیدا ژن، ژیان، ئازادی کە هەڵقوڵاوی بیری ڕێبەر ئاپۆ و تێکۆشانی ئێمەیە، هەموو ئەم تایبەتمەندییانەی هەیە. هەر بۆیە ئەم بزاڤە بەتەنها سەرهەڵدانێک نییە کە دابمرکێتەوە یان بتوانرێت سەرکوت بکرێت. لە ڕاستیدا ڕێنێسانسێکە، شۆڕش و هەستانەوەیەکی قاییمە کە هێزی کۆماری ئیسلامی و هەموو هێزە پاشڤەڕۆکانی‌تریش، ناتوانن بیشکێنن. چونکوو هێزێکی هزرییە کە بووەتە هێزێکی مادی و کۆمەڵایەتی. هێزێکە بە توانای هزری و مادیی خۆی توانای لەڕادەبەدەری بۆ شکاندنی هێزی هزری و مادیی دوژمن هەیە.

شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی تا ئێستاش دۆخەکەی بە چەشنێک گۆڕیوە کە بە هێچ شێوەیەک رێگا نادات بگەڕێتەوە بۆ دواوە. واتە ناهێڵێت دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کۆماری ئیسلامی ئێرانی ڕەزیل و زەویگیر کردووە، توانای لێ سەندووە و بە تاکتیکی جۆراوجۆر دەیدا بە عەرزدا. تا دەیەوێت هەستێتەوە دیسان بە شێوەیەکی‌تر و هەرجارەیش توندتر لە جاری پێشوو دەیدا بە عەرزدا و ڕێگای هەناسەدانی لێ دەبڕێت، ماندووی دەکات و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بێهێزتری دەکات، ئەمەش بەردەوام دەبێت تا کاتێک کە کۆتایی پێ دەهێنێت. هەموو ئەم ڕەوتەش بە واتای بەرزبوونی ڕۆحی هۆشیاریی کۆمەڵگایەکی زیندوو و شێوازی گەلی شۆڕشگێڕییە، هاوکات بە واتای بەرەوپێشچوونی ڕەوت و پرۆسەی هۆشیارانەی شۆڕشە.

من لە نووسراوێکدا لە ژێر ناوی «شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەرەنگاری هەموو چەواشەکاری و دزێوییەک دبێتەوە» کە لە ژمارە ١٣ی خولی سێهەمی گۆڤاری «ئاڵتەرناتیڤ»دا بڵاو بووەتەوە و هاوکات لینکەکەیشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە، هەوڵم داوە لایەنی تایبەتمەندیی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی شرۆڤە بکەم، هەر بۆیە باشتر وایە لێرە دووبارەی نەکەمەوە. بەڵام بە بۆچوونی من، لەبەر ئەو دۆخەی کە کۆماری ئیسلامی لە ئاستی جیهانی، هەرێمی و ناوخۆییدا تێی کەوتووە، هەروەها بەو هێزەوە کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی خولقاندوویەتی، ئەگەر ئێمە باش کار بکەین و ئەرکی خۆمان بە باشی جێبەجێ بکەین، ئەنجامی لانیکەمیی ئەم شۆڕشە لەدەستدانی کونترۆڵی کۆماری ئیسلامییە بەسەر گەلێک شوێنی ژێر حاکمییەتی ئێستایدا. یەکەم شوێنیش کە لە ژێر کونترۆڵی دەردێت ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەمەش بێگومان دواجار کۆتاییهاتنی ئەم سیستەمە ستەمکارەی لێ دەکەوێتەوە. بە ڕای من هەروەک چۆن بەرخۆدانی کۆبانی ژماردنی بەرەوخواری (شمارش معکوس) هەرەسهێنانی داعشی لێ دا، بەرخۆدانی ژن، ژیان، ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ژماردنی بەرەوخواری هەرەسهێنانی کۆماری ئیسلامیی لێ داوە. تەنها پێویستە ئێمە بەردەوام و یەکگرتوو بین. لە بیر نەکەین کە یەکێکی‌تر لە بەرهەمەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی خولقاندنی وێژە (ئەدەبیات) و کولتوورێکی نوێ و هاوبەشە، بەتایبەت لە گۆڕەپانی سیاسیدا. ئەمەش چ لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چ لە ئاستی ئێراندا، زەمینەی بۆ نزیکبوونەوەی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ڕەخساندووە و ئەم هێزانە دەتوانن لەسەر زەمینەی «شۆڕشی ژن» چەشنێک یەکگرتوویی و پێکەوەژیانی باشتر لە پێشوو ئەزموون بکەن. بێگومان پێویستە ئەم دەستکەوتە مەزنە بپارێزین، پەرەی پێ بدەین و توکمەتر و بەڕێکخستنی بکەین.

سیاسەتی لەسێدارەدان وەكو چەكێك لە لایەن ڕژێمەوە بە درێژایی تەمەنی خۆی بەرامبەر بە ئازادیخوازان کەڵکی لێ وەرگیراوە و دیسان بۆ سەركوتی گەلان لەم ساڵدا پەرەی پێ درایەوە. رژێم بەم سیاسەتەی دەیەوێت چی بسەلمێنێت و دەبێت گەل چۆن ڕووبەڕووی ئەو سیاسەتە ببنەوە؟

ئەهوەن چیاکۆ: سیاسەتی لەسێدارەدان یەکێکە لە کردەوە نامرۆڤانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە تا ئێستا بۆ مانەوەی خۆی کەڵکی لێ وەرگرتووە. ڕژێم ویستوویەتی لەم ڕێگایەوە کۆمەڵگا چاوترسێن و بێ‌ئیرادە بکات. کەسیش نییە کە ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێران ببیسێت و نەکەوێتەوە بیری سێدارە. هەر چۆن مامۆستا شێرکۆ بێکەس ناوی کۆماری سێدارەی لێ نا، بە ڕاستی ئەو ناوە پڕبەپێستییەتی.

هاوکات کەس نییە ئاگاداری لەسێدارەدانەکانی سادقی خەڵخاڵی، وەک جەللادی نوێنەری خومەینی، لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری سێدارە لە کوردستاندا نەبێت. لەسێدارەدانی زێندانییانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی، بەتایبەت لەسێدارەدانەکانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، لە بیری کەس نەچووەتەوە. تیرۆرەکان و قەتڵە زەنجیرەییەکانی دەیەی ٦٠ و ٧٠ی هەتاویشمان هەر لە بیرە. وەکووتر، لەسێدارەدانی شۆڕشگێرانی وەک ئێحسان فەتاحیان، فەسێح یاسەمەنی، حوسەین خزری، شیرینی عەلەمهوولی، فەرزادی کەمانگەر، فەرهادی وەکیلی، عەلی حەیدەریان، حەیبەڵڵا گوڵپەریپوور، ڕەزا مامەدی، زانیار مورادی، لوقمان مورادی و ڕامین حوسەینپەناهی و... دەیان تیرۆر و لەسێدارەدانی‌تری دەیەی ٩٠ی هەتاویمان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە بیرە و هیچ‌کات لە بیری ناکەین. لە ڕاستیدا ئیدی لەسێدارەدان بووەتە یەکێک لە پێوەرە سەرەکییەکانی شوناسی ئەم ڕژێمە نگریس و پڕ لە دزێوییە.

بێگومان کۆماری ئیسلامی بۆ شکاندنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییش دیسان دەیەوێت پەرە بە سیاسەتی لەسێدارەدان بدات و دەستیشی پێ کردووە. هەر بۆیە پێویستە بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی ئەم سیاسەتە نامرۆڤانەیە ببینەوە و ڕایبگرین. لە هەندێ شوێنی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گەلێ جەسارەت و ورەبەرزیی گەوەرەمان بینی و گەل بە سەرهەڵدان و پێداگریی بەردەوامی خۆی ڕژێمی ناچار کرد لە هەندێ لەو حوکمانەی دەیویست بەسەر هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراودا بیسەپێنێت، پاشەکشە بکات. چەندین کەس لە بەردەم سەپاندنی حوکمی لەسێدارەداندا بوون و ڕژێم نەتەنها ئەیویست ئەو حوکمەیان بۆ ببڕێتەوە، بەڵکوو بەتەما بوو دەستبەجێ جێبەجێیشی بکات، بەڵام پەرچەکرداری گەل پلانەکەی لێ تێک دا و ئێستە بە ناچار تا ڕادەیەک لەسێدارەدانی خێرای ڕاگرتووە.

پێویستە ئەم جەسارەت و ورەبەرزییە و هاوکات ئەم هێزی بەرپرسایەتییە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییە ستایش بکرێت و پەرەی پێ بدرێت. هاوکات پێویستە سیاسەتی سێدارەی ڕژێم لە ئاستی دونیادا لە قاو بدەین و بە شێوەیەکی ورد لەسەر کەیسی ئەو کەسانەی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە یان لە بەردەم ئەو حوکمەدان، لە ئاستی شەقام، ڕاگەیاندن و گۆڕەپانی مافی مرۆڤ و...دا کار بکەین. بەڵام ئەوەی کە زیاتر لە هەرشتێک دەتوانێت پێش بە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ بگرێت و ڕژێم تەنگاو بکات، درێژەدان و بەگوڕکردنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییە لە ساڵی ٢٠٢٣دا بۆ گەیشتن بە ڕزگاری، ئازادی و ژیان. بە واتایەکی‌تر، تاکە ڕێگاچارەی بنەڕەتی بریتییە لە سەرکەوتنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی.

وەكوو پژاك پلان و بەرنامەتان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ چی دەبێت و گەلی كورد لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دەبێ چی بكەن؟

ئەهوەن چیاکۆ: هەرچەند دوایین پرسیارە بەڵام لەبەر ئەوەی پرسەکە سەبارەت بە هاتنی ساڵی تازە واتە ساڵی ٢٠٢٣یە، دەمەوێ بەر لە هەرشتێک ساڵی نوێی زایینی لە ئێوە و خوێنەرانی ئەم بابەتە پیرۆز بکەم و هیوادارم ساڵێکی پڕ لە سەرکەوتن و بەختەوەری بۆ ئێوە، خوێنەرانی ئەم وتووێژە و سەرجەم گەلی شۆڕشگێڕی کورد و مرۆڤایەتی بێت.

لە ڕاستیدا ساڵی ٢٠٢٣ ساڵێکی چارەنووسسازە. وەک دەزانرێت ساڵی پڕبوونەوەی سەدساڵەی گرێبەستی نگریسی لۆزانە کە داگیرکەرانی کوردستان دەیانەوێت جارێکی‌تر تازەی بکەنەوە و تازەکردنەوەیشی واتە تازەکردنەوەی داگیرکاری لە سەر کوردستان لە سەدەی بیست و یەکەمدا. بێگومان ئێمە وەک پژاک لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەشێکی گەورەی تێکۆشانمان تەرخان دەکرێت بۆ شکاندنی ئەم داگیرکارییە و پێشگرتن بە سەرلەنوێ بەستنەوەی گرێبەستی لۆزان یان هەر گرێبەستێکی داگیرکەرانەی‌تر لەسەر کوردستان.

هاوکات لە هەموو چالاکییە نەتەوەییەکاندا بۆ بەرگرتن بە لوزانێکی نوێ بەشدار دەبین و لە ئۆرگانیزەکردن و بەڕێوەبردنیاندا ئەرکی خۆمان وەئەستۆ دەگرین. بێگومان بۆ ئەم ئامانجە لە هەر تێکۆشانێکدا کە بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلەکەمان لە پارچەکانی‌تر بەڕێوە ببرێت، چالاکانە بەشدار دەبین و رۆڵ دەگێڕین. بەتایبەت دەبین بە هێزی بەرەنگاربوونەوەی هێرشی داگیرکارانەی دوڵەتە داگیرکەرەکانی ئێران و تورکیا لەسەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان کە گەلی کورد لەو بەشانەی کوردستاندا بە تێچوویەکی فراوان بووەتە خاوەنی کۆمەڵێک دەسکەوت کە دەبێ ئەو دەسکەوتانە بپارێزین.

لە ساڵی ٢٠٢٣دا سیستەمی ئیمرالی ٢٥ ساڵەی خۆی تەواو دەکات و دەکەوێتە نێو ٢٦ ساڵەوە، بێگومان تێکۆشان بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە ئەرکێکی ئینسانی، نەتەوەیی، هەڤاڵێتی، شۆڕشگێڕیی و ئەمەگناسانەیە و ئەو ئەرکەش دەبێتە یەکێک لە ئەرکە هەرەگرنگەکانمان. لە راستیش دا مانەوەی رێبەر ئاپۆ دوای ٢٥ ساڵ لە زینداندا بۆ ئێمە هەڵگری رخنەدانێکی گەورەیە کە تەنیا بە کردار دەتوانین سەمیمیەتی خۆمان لەو رخنەدانەدا نیشان بدەین. پێویستە هاوکات کە ساڵی ٢٠٢٣ دەکەینە ساڵی تێکشکاندنی داگیرکاری لەسەر کوردستان، هاوتەریبیش بیکەینە ساڵی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ. بێگومان هەر لەو پێناوەدا تێکۆشان بۆ ئازادیی هەموو زیندانییە سیاسییەکان لە زیندانی داگیرکەراندا بۆ ئێمە ئەرکێکی بنەڕەتی، ئەخلاقی، سیاسی و شۆڕشگێڕییە.

لە ڕاستیدا بەگوڕکردن و سەرخستنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ئەرکە سەرەکیەکانمان و لووتکەی پلانەکانمانە. لەو بوارەدا رۆڵی پێشەنگایەتیی خۆمان بەرجەستەتر لە جاران دەکەین و ئەو توانا و هێزەیش لە خۆماندا دەبینین. هێزی ئێمەیش لەم خاڵانەی ژێرەوە سەرچاوە دەگرێت:

)         پژاک هێزێکی تاک و دابڕاو (منفرد و مجرد) نییە، بەڵکوو هێزێکە پەیوەستە بە تەڤگەرێکی نەتەوەیی، هەرێمی و جیهانییەوە کە لە پاڵ کردەوەی ڕاستەوخۆیدا، ئەم تەڤگەرە نەتەوەیی و جیهانییەیش پاڵپشتی تێکۆشانی پژاکە و هێزی سەرخستن و سەرکەوتن دەبەخشێت بە کار و خەباتی پژاک.

)         خاڵێکی‌تر، هێزی پارادیگماتیکی پژاکە کە لە چوارچێوەی پارادایم (دونیابینی)ی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک-ئێکۆلۆژیک و لەسەر بنەمای ئازادیی ژن، هێزی بەردەوامی تێکۆشان و هێزی چارەسەری دەبەخشێت و ئەو ڕاستییەش لە دروشمی ژن، ژیان، ئازادیدا کۆ بووەتەوە و ڕەنگی داوەتەوە. پارادایمێک کە وێڕای ئەوەی وڵامدەری پرسە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد و کوردستانە، هاوکات لایەنی جیهانگیر (جهان‌شمول)یشی هەیە و داخراو نییە. واتە دەتوانێت لەگەڵ هەموو چین، توێژ، لایەن، نەتەوە و پێکهاتێکی دیکەی کۆمەڵگای کوردستان و دەرەوەی کوردستاندا پێوەندی دروست بکات و لەگەڵیان خەباتی هاوبەش بکات، لەو پێناوەشدا هەم ببێتە هێزی پشتیوان و هەم پشتیوانی وەربگرێت. ئەمەش لە تێکۆشانی سیاسی و شۆڕشگێڕیدا خاڵێکی یەکجار گرنگە.

)         هاوکات ئەوەی کە هێز دەدات بە پژاک، پاشخان و میراتی تێکۆشانمانە لە ساڵانی دورودرێژی پێشوودا. بۆ وێنە گوتنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هەروا و بە خۆڕسک لە سەر مەزاری ژینا ئەمینی لە سەقز ناگوترێتەوە تا لە چرکەساتێکدا ببێتە دینامۆی بڵاوبوونەوەی شۆڕش بە کوردستان، ئێران و جیهاندا. لە ڕاستیدا ئەوە بەرهەمی تێکۆشانی ساڵانێکی دوورودرێژە کە لە چرکەیەکدا دەتەقێتەوە. هەرکەس دەزانێت ئەوانەی کە سەرەتا دوای گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی دروشمی ژن، ژیان، ئازادییان گوتەوە و کردیان بە هێزی بڵاوبوونەوەی شۆڕش، کەسانێک نین جیا لەوانەی کە لە تێکۆشانی پژاک و تەڤگەری ئاپویی کاریگەرییان وەرگرتووە، ئیدی پاش دەستپێکردنی شۆڕشەکە لەسەر مەزاری ژیناوە کەسانێکی‌تر پەرەیان بەو فەلسەفە و رێبازەدا کە بەشێکی زۆریان لە قۆناغێکدا پەروەردەی تەڤگەری ئاپۆییان بینیوە یان بە چەشنێک لە چەشنەکان پەیوەستبوونێکیان بە پژاک و تەڤگەری ئاپۆییەوە هەبووە.

)         یەکێکی‌تر لە سەچاوەکانی هێزی پژاک بریتییە لە فیداکاری و کردەوەی رۆژانەی تەڤگەرەکەمان. فیداکاریی هەڤاڵانمان لە چیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان تواناکانی گەریلای مودێڕنە کە لەگەڵ شێوازی شەڕ و گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی سەدەی بیست و یەکدا خۆی نوێ کردووەتەوە و ئەمڕۆ ماندوونەناسانە و فیداکارانە لە گۆڕەپانی تێکۆشاندایە. هاوکات فیداکاریی وڵاتپارێزان و خەباتکارنی تەڤگەری ئاپۆیی و ئەندامانی پژاک لە نێو گوندەکان و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیشدا کە بە شێوازی شۆڕشگێڕانە سەرقاڵی بەڕێکخستنکردنی خەڵکن، لایەنێکی دیکەی ئەم هێزەیە. بەتایبەت لە کاتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا کە لەوپەڕی بوێری و قارەمانیدا بەرەنگاری ساردی و بڵاوبوونەوەی ڕێکخستن بوونەتەوە کە بە هۆی لێکەوتەکانی سەردەمی کۆرۆنا و هەروەها ڕەشبگیرییەکانی چەند ساڵی رابردوو لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هاتبووە ئاراوە، ئەوان خەریکن ڕێکخستنەکە سەرلەنوێ کۆ دەکەنەوە و ڕێکخستنی تۆکمەتر لە جاران ئاوا دەکەن. بێگومان ساڵی ٢٠٢٣ ئەم تێکۆشانە و ئاواکردن و پێشخستنی ڕێکخستن لە ناوخۆی وڵات بە پێشەنگایەتیی ژنان و لاوان بەردەوام دەبێت و ئاستی بەرزتر پەیدا دەکات. هاوکات کۆمیتەکان و ئەندامانی پژاک لە دەرەوەی وڵات هەروەک چۆن لە ساڵانی رابردوو و بەتایبەت ساڵی ٢٠٢٢ و بەتایبەتیتر لەم ٤ مانگەی دوایی و لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا پێشەنگی ڕێکخستنی چالاکیەکان بوون، لە ساڵی ٢٠٢٣یشدا ڕۆڵی پێشەنگایەتی لە ئاواکردن و تۆکمەکردنی ڕێکخستن و پێشخستنی چالاکییەکاندا دەگێڕن و بۆ ئەو مەبەستەش پژاک خۆی پلانێرە دەکات.

بێگومان گەلێک خاڵی‌تر هەن کە وەک سەرچاوەی هێزی خۆمان دەتوانین ئاماژەیان پێ بکەین، بەڵام ئەم چەند خاڵە گرنگ بوون و بە دڵنیاییەوە ئێمە وەک پژاک بە پشتبەستن بە هێزی جەوهەریی تەڤگەرەکەمان و کۆمەڵگاکەمان، لە ساڵی ٢٠٢٣شدا وەک پێشوو بەرەنگاری هەرجۆرە ستەم و چەوساندنەوەیەک دەبینەوە و دڵنیاین کە ئێمە دەتوانین دوژمن بشکێنین و سەرکەوتن مسۆگەر بکەین. لە کۆتاییدا جارێکی‌تر سپاسی ئێوە دەکەم بۆ ئەم وتووێژە و دوایین رستەم با ئەوە بێت کە «خاڵی بەهێزی ئێمە ئاپویی‌بوونمانە!».

ژ.ت