داگیرکەران ١٠ جار بە چەکی کیمیایی هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی بەرخودان

سوپای تورکی داگیرکەر لە ٢٣ی کانونی یەکەمدا ١٠ جار سەنگەرەکانی بەرخودانی گەریلای لە نزیک گۆڕەپانی چەمچۆی سەربە شارۆچکەی شێلادزێی ئامێدی بە چەکی کیمیایی بۆردومان کردووە.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە رایگەیاند: "لە ئەنجامی چالاکی هێزەکانماندا داگیرکەرێک سزادراوە.

سوپای تورکی داگیرکەر سەنگەرەکانی بەرخودانی گەریلای؛ ١٠ جار بە چەکی کیمیایی بۆردومان کرد، ماددەی پلاستیک و تایەی ئۆتۆمبێلی سوتاند و دوکەڵە ژەهراوییەکەی کردە ناو سەنگەرەکانی بەرخودان. لەهەمان کاتدا ٤ جار بە فڕۆکەی شەڕ، ١٢ جاریش بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر و بە دەیان جاریش بە کاتیوشا، تانک و چەکی قورس گۆڕەپانەکانی بەرخودانی بۆردومان کردووە".

زانیاری لەسەر چالاکی و هێرشەکان بەم جۆرەیە:

لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی هەڵۆکانی زاگرۆس لە هەرێمی زاپ؛

لە ٢٣ی کانونی یەکەمدا کاتژمێر ٠٩:٠٠ داگیرکەران لە دەوروبەری گوندی سیدای سەر بە شارۆچکەی شێلادزێی ناوچەی ئامێدی لەلایەن تیمە گەڕۆکەکانمانەوە بە تاکتیکی نیشانشکێن کرانە ئامانج و داگیرکەرێک سزادرا.

هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بە بۆمبی قەدەغە و چەکی کیمیایی؛

سوپای تورکی داگیرکەر لە ٢٣ی کانونی یەکەمدا لە سەرلەبەیانییەوە تا شەو ١٠ جار سەنگەرەکانی بەرخودانی گەریلای لە نزیک گۆڕەپانی چەمچۆیی سەر بە شارۆچکەی شێلادزێی ئامێدی بە چەکی کیمیایی بۆردومان کرد. لە هەمان کاتدا داگیرکەران ماددەی پلاستیک و تایەی ئۆتۆمبێلیان سوتاند و دوکەڵە ژەهراوییەکەیان کردە ناو سەنگەرەکانی بەرخودان.

هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر؛

لە ٢٣ی کانونی یەکەمدا سەنگەرەکانی بەرخودانی گەریلا لە نزیک دەشتاییەکانی چارچەلی مەتینا و گوندی سیدای سەر بە شارۆچکەی شێلادزێی ئامێدی ٤ جار بە فڕۆکەی شەڕ بۆردومان کران.

لە ٢٣ی کانونی یەکەمدا گۆڕەپانەکانی بەرخودانی ساجا و کوڕەژارۆ ١٢ جار بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر بۆردومان کران.

لە ٢٣ی کانونی یەکەمدا گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی ئێف ئێم و گوندی سیدا دەیان جار بە کاتیوشام تانک و چەکی قورس بۆردومان کران".

هـ . ب