دانیشتنی دادگای کۆمەڵکوژکردنی بنەماڵەى شەنیاشار دەستیپێکرد

دانیشتنی دادگا بۆ دۆسیەى کۆمەڵکوژکردنی بنەماڵەى شەنیاشار دەستیپێکرد، ئەو بنەماڵەیە لەلایەن پاسەوانان و خزمانی ئییراهیم یڵدزی پەرلەمانتاری ئاکەپەوە لە ساڵی ٢٠١٨دا کۆمەڵکوژکران.

پاسەوانان و خزمانی ئیبراهیم یڵدز پەرلەمانتاری ئاکەپە لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا لە ناوچەى پرسوسی پارێزگای رحا بنەماڵەیەکی کوردی وڵاتپارێزیان کۆمەڵکوژ کرد. ئەمڕۆ لە لقی ٣ی دادگای سزا قورسەکانی مەلەتی ٤هەمین دانیشتنی دادگا بۆ ئەو دۆسیە دەستیپێکرد.

پێش دەستپێکردنی ٤هەمین دانیشتنی دادگا، بەردەم دادگا لەلایە زرێپۆش و هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆدرا. ئەمینە شەنیاشار، کە لەو کۆمەڵکوژییەدا کوڕەکەى و هاوسەرەکەى کوژران، فەرید شەنیاشاری کوڕی بە بێ ئەوەى لە زیندان بێت دادگای دەکرێت و ئەندامانی بنەماڵەکەشی لە هۆڵی دادگان و بەشدارن لە پرۆسەى دادگایکردنەکەدا.

هاوکات نووسینگەکانى پارێزەرانی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە - OHD) لە رحا و مەلەتی بەشداری دانیشتنەکەى دادگابوون. هەندێک پارێزەر و کەسی بنەماڵەى یڵدزیش بەشداری دانیشتنەکەى دادگا بوون.

هەروەها پەرلەمانتارانی هەدەپە نوران ئیمیر، هشیار ئۆزسۆی و پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە بەهجەت یڵدرم-یش خواستیان بەشداری دانیشتنەکەى دادگا ببن، بەڵام لە هۆڵی دادگا رێگرییان لێکرا.

فازڵ شەنیاشار کە بە برینداری لە هێرشی پاسەوانان و خزمانی ئەو پەرلەمانتارەی ئاکەپە رزگاری بوو و دواتر دەستگیر و زیندانیکرا، لە زیندانی داخراوی خارپێت و ئەنوەر یڵدزیش لە زیندانی عوسمانییە لە رێگەى تەلەکۆنفرانسەوە بەشداری دانیشتنەکەى دادگا بوون.

ژ.ت