بە دیمەن

داستانی کۆبانێ لە گێڕانەوەکانی شەهید سورخوێنەوە

شەهید سورخوێن وێڕای برینداربوونی هەر لەسەرەتاوە بەشداری داستانی کۆبانێ بووە، وە لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوەی کۆبانێدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگرێتە ئەستۆی خۆی.

شەهید سورخوێن دێرسیم

یەکێک لە شەرڤانەکانی ئازادی لە شاری ماکۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو دەکات شاری کۆبانێ و لە داستانی کۆبانێدا چاوێکی لەدەستدەدات، ئەو شەڕڤانە قارەمانەش شەهید سورخوێن بوو. شەهید سورخوێن وێڕای برینداربوونی هەر لەسەرەتاوە بەشداری داستانی کۆبانێ بوو، وە لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوەی کۆبانێدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگرێتە ئەستۆی خۆی. لە قۆناغی شەڕی کۆبانێدا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هاوڕێکانیدا هەبوو، وە بە هەموو توانای خۆیەوە خزمەت و پێشوازی لە بنەماڵەکان دەکرد کە بە هۆی شەڕەوە ئاوارەببوون. لە ١١ی شوباتی ٢٠٢٤دا لە شاری قامیشلۆ لەگەڵ ڕێهەڤاڵی خۆیدا؛ ئازاد دێریک لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی فاشیزمی تورکدا شەهید دەبێت. شەهید سورخوێن بە ڕوخسارە پڕ لە ژیانییەکەیەوە بەم شێوەیە باسی لە شەڕی کۆبانێ و هەستەکانی خۆی لەو داستانەدا کردووە:

'گەر لە ماوەی سێ ڕۆژدا شەهید نەبیت...'

شەهید سورخوین کە بەهەموو بوێری و بەرخۆدانێکی خۆیەوە لە شەڕی کۆبانێدا ڕوو بە ڕوو لە دژی چەتاکانی داعش شەڕی کردووە، لەو بارەیەوە بەم شێوەیە باسی کردووە: "لەو کاتەی گەیشتین بە کۆبانێ شەڕێکی سەخت دەگوزەرا، لە هەموو لایەکەوە دەنگی هاوەن و تۆپی تانکەکان دەهات. لە ئاسمانیشەوە بۆردومانێکی چڕ هەبوو. لەکاتژمێر ٣ی ئێوارەدا گەییشتینە کۆبانێ و چووینە ماڵێک. هێشتا دانەنیشتبووین، هاوەنێک بەر ئەو جێگەیە کەوت کە لێ بووین، بۆیە بۆ پاراستنی گیانی هەموو هەڤاڵانمان جێگەکەمان گواستەوە. ئەوەندەی دەنگی تەقە زۆر بوو، ئێمەش پرسیارمان دەکرد کە هێرشەکە لە کام ئاراستەوە دێت. لەو کاتەوە شەڕێکی قورس بوو، گەل سەریان سوڕمابوو کە هاوەن و فیشەک لەکام لاوە دەتەقینرێت .چەتەکانی داعش بە هاوارکردنی "الله اکبر"ەوە هێرشیان دەکرد. هەموو جۆرە چەکێکیان بەدەستەوە بوو.

کە گەیشتینە کۆبانێ هاوڕێی گەلهات بەخێرهاتنی کردین. پێی وتم؛ "ئەو بەرەیەی سەختە و زۆرترین شەڕی تێدایە دیوی ڕۆژهەڵاتە". ئەگەر بتەوێت دەتوانیت بچیتە ئەوێ. بۆیە چوومە بەرەی کانی کوردان . لەوێ هاوڕێکانم پێیان وتم؛ "ئەگەر لە ماوەی ٣ ڕۆژدا شەهید نەبیت، هیچت بەسەر نایەت. چونکە دواتر فێری شێوازی دوژمن دەبیت و دەتوانیت بەرگری لە خۆت بکەیت و شەڕ بکەیت." لە شەڕی کۆبانێدا لە هەموو جێگەیەکدا شەڕمان دەکرد. پێشتر شەڕی لەو جۆرەمان نەکردبوو. لە کۆبانێ فێری شەڕی ناو شارەکان بووین. هەموو ئەو ئەزموونانەی لەو شەڕانەدا بەدەستمانهێنا لەسایەی خوێنی هەڤاڵانی شەهیدمانەوە بوو. وێڕای هەموو سەختییەکانی شەڕەکە بە ئیرادەیەکی بەرزەوە شەڕمان دەکرد."

'گەلەکەمان سنوری کردەوە و وەک لافاو جوڵانەوە'

شەهید سورخوێن دێرسیم پەیوەست بە بەشداری نمونەیی گەلی باکوری کوردستان بۆ شەڕی کۆبانێ ئەمە دەڵێت: "لەسەر بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ گەلی باکورمان هەموو سنورە دەستکردەکانیان تێکشاندا و بە بوێرییەوە پەڕینەوە بۆ شاری بەرخۆدانی کۆبانێ.  تاکە شتێک دڵێ مرۆڤ ئازارد دەدات ئەوەیە چەندین گەنج بە ئاواتی ڕزگاری کۆبانێ شەهید بوون. بە تایبەت دەربارەی گەلی باکور دەڵێم توڕەی و حەسەرەتی ئەوان بۆ کۆبانێ زۆر بەکاریگەر بوو. هەموو بەشەکانی کوردستان  بۆ کۆبانێ ڕاپەڕین. شەڕی کۆبانێ بۆ هەموو گەلی کورد بوو بە هیوای ئازادی. چونکە هەبوون و لەناوچونی ئازادی پەیوەست بوو بە کۆبانێەوە. گەر کۆبانێ بکەوتبایە شتێک نەدەمایەوە بە ناوی کوردەوە."

'داعش و فاشیزمی تورک هاو-ئامانج بوون'

هەموو جیهان دەیزانی دەوڵەتی تورک هەموو هاوکارییەکەی دەدا بە چەتەکانی داعش، لە دەمی شەهید سورخوێنەوە کە خۆی شاهیدی ئەو حەقیقەتە بووە ئاوا باسی دەکات: "هەرچەندی چەتەکانی داعش لە شەڕەکاندا گورزی کوشندەی دەخوارد، بەڵام بە هاوکارییەکانی دەوڵەتی توک دووبارە خۆی کۆدەکردەوە. دەوڵەتی تورک نەخۆشخانەکانی خۆی خستبووە خزمەتی چەتاکانی داعشەوە. ئەوەی کە ئێستا دەیگڕێمەوە بە چاوی خۆم بینیومە. داعش وەک ئامرازێک لە دەستی دەوڵەتی تورکدایە. هەربۆیە ئەوەی داعش دەیکرد جێبەجێکردنی ئامانجەکانی دەوڵەتی تورک بوو، ئامانجی قڕکردنی ناسنامەی کورد و هەبوونی گەلی کورد بوو. بەڵام ئیرادەی گەل و تێکۆشانی شەڕڤانان ڕێگەی بەو ئامانجە قێزەونەیان نەدا."

'وشەکان بەشی نوسینەوەی قارەمانێتی شەهیدان ناکات'

شەهید سورخوین یادی شەهیدانی داستانی کۆبانێی کردەوە و دەڵێت: "لە کەسێتی هەموو ئەو شەهیدانەدا کە بەخوێنی خۆیان بەرگرییان لە کۆبانێ کرد، بەرگری لە بەها مرۆڤایەتییەکان دەبینین. دەتوانم بڵێم ڕزگارکردنی کۆبانێ لەسایەیی خۆێنی شەهیدانەوە بوو. وشەکان بەشی نوسینەوەی قارەمانێتی بەرخۆدانی شەهیدان ناکات. شەڕی کۆبانێ شەڕی هەبوون و لەناوچون بوو. دەمانزانی بەبێ شەڕکردن سەرناکەوین، گەرنا شکست دێنین و بۆ هەمیشە بە زنجیری کۆیلایەتییەوە دەژین. هەر بۆیە ڕێگەی شەڕ و سەرکەوتنمان هەڵبژارد و بە فیدایەتییەوە شەڕمان کرد و بەرگرییمان لە هەبوونی خۆمان کرد. هەموو ئەمانەش لە سایەیی خەبات و قارەمانێتی شەهیدانەوە پێکهات."