'کورد سەردەکەوێت و خیانەتکاران تێکدەشکێن'

حەسینا ئەحمەد ئەندامی یەکێتی ڕۆشنبیرانی کانتۆنی جەزیر ڕایگەیاند، سیاسەتی جینۆساید دژ بە گەلی کورد بەڕێوەدەچێت و بەرامبەر بە خیانەتی پەدەکە و هاوکارییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا ناڕەزایەتی نیشاندا و وتی: "کورد سەردەکەوێت و دوژمن و هاوکارەکانیان تێکدەشکێن."

دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر باشوری کوردستان و لە هەموو هێرشەکانیدا پەدەکە هاوکاری دوژمن دەکات و ڕاستەوخۆ لە دژی گەریلاکان شەڕ دەکات. پەدەکە بۆتە دوژمنی دڵسۆزانی ئازادی کوردستان. حەسینا ئەحمەد ئەندامی یەکێتی ڕۆشنبیرانی کانتۆنی جەزیر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات باسی لە خیانەتی پەکەکە و هاوکارییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری  تورک کرد.

حەسینا ئەحمەد لەدەستپێکی قسەکانیدا وتی: "پرۆسەیەک کە تێداین زۆر سەختە هەموو هێزە دەسەڵاتدارەکان و حکومەتەکان پلانی جینۆساید لە دژی کورد بەڕێوە دەبەن. بەڵام ئەوەی زۆر جێگەی سەر سوڕمانە ئەوەیە کە پیلانی قێزەون لە دژی تەڤگەری ئازادی لە باشوری کوردستان پەرە دەسێنێت، دەسەڵاتداران و داگیرکەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان لەگەڵ یەکتر کۆدەبنەوە و لە هەوڵی لەناوبردنی کوردن. وەک دەزانرێت لەم دواییانەدا لە نێوانی دەوڵەتی تورک، عێراق و پەدەکە دا هاوپەیمانییەتێک دروست کراوە و پێکەوە لە دژی پەکەکە ژووری هەواڵگری و سەربازییان دامەزراندووە.

پێویسته گەلی باشور هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن

تەڤگەری ئازادیی کوردستان پەکەکە نەک هەر بۆ خۆی یان باکووری کوردستان بەڵکو بۆ هەموو گەلانی چوار پارچەی کوردستان تێکۆشان دەکات. پەکەکە هەموو دەرفەتەکانی بۆ ڕزگاری گەلان کۆدەکاتەوە، بێ جیاوازی هەر نەتەوەیەک ڕووبەڕووی هێرشی بێتەوە هاوکاریی دەکات. بەڵام لە بەرامبەردا پەدەکە حزبێکی خۆفرۆشه و ئاڵای دەوڵەتی داگیرکەری تورکی لە ناوچەکانی خۆیدا بەرز کردووتەوە و هەموو جۆرە هاوکارییەکیان دەکات. بەڵام پێویسته گەلی باشوری کوردستان لەدژی ئەو خیانەتکارییانەدا هەڵوێست بگرنە بەر. چونکە پەدەکە بۆ بەرژەوەندیی خۆی ئامادەیە ژێرخان و سەرخانی باشوری کوردستان بە دەوڵەتی تورک بفرۆشێت، بۆیە پێویستە ئەو سیاسەتانەی پەدەکە شەرمەزار بکرێت و ڕووبەڕووی ببنەوە."

حەسینا ئەحمەد لەدرێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک پەدەکە تەنیا وەک چەکێک بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاری دەهێنێت و وتی: "پەدەکەش کوردستان بۆ بەرژوەندییەکانی خۆی و بنەماڵەکەی بکار دێنێت و شانازی بەخۆیەوە دەکات. بۆیە پێویسته پێش لە خیانەتەکانی پەدەکە بگیرێت. ئێمە نامانەوێ لەگەڵ پەدەکە شەڕ بکرێت،  بەڵام دەمانەوێ پارتی لە هاوکارییەکانی پەشیمان بێتەوە ئەگەرنا لە مێژوودا پەدەکە بە خیانەتکار ناودەبرێت.

حەسینا ئاماژەی بەوەشدا کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک پەدەکە فریو دەدات دەڵێت ئێوە سیمبولی گەلی کوردن، بەڵام دەوڵەتی تورک بۆ فریودان و بەکارهێنان ئەو قسانەدەکات. بەداخەوە پەدەکە لەپێناو بەرژەوەندییە بنەماڵەکانی ئامادەیە هەر جۆرە سەودایەک بە گەلەکەی بکات. بە پارە هەوڵدەدات خەڵک بەلای خۆیدا ڕاکێشێت و دژی تەڤگەری ئازادیی شەڕیان پێ بکات.

فەرمانی ٧٤ دژ بە ئێزیدییەکان لەبەرچاوی پەدەکەوە جێبەجێکرا

حەسینا ئەحمەد لەکۆتاییدا وتی: "مێژووی ئێزدییەکان بەڕاستی مێژوویەکی پڕ ئازارە، کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لەبەرچاوی پەدەکەوە ئەنجامدرا بەڵام هیچیان نەکرد. گەلی ئێزیدی لە ژیانیاندا هێرشیان نەکردووەتە سەر هیچ کەس و لایەنێک، ئەوان گەلێکی ئاشتیخوازن. دەمەوێت بڵێم هەرچەندە کۆمەڵکوژ بکرێن و شەڕیان لەگەڵ بکرێت ئەوان لەناو ناچن چونکە ئێزیدییەکان کوردانی ڕەسەنی مێژووی ئەم گەلەن. کورد سەردەکەوێت و دوژمنیش تێکدەشکێت، دەبێت پەدەکە ئەوە بزانێت کە هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی تورک خیانەتێکی زۆر گەورە و قێزەونە."