بە دیمەن

لە ڕزگاری پانێڵێک دەربارەی مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر ئەنجامدرا

ئەمڕۆ لە شارەدێی رزگاری بە ناونیشانی "هۆشیارکردنەوەی گەنجان لە مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر" پانێڵێک ئەنجامدرا.

ئەمرۆ لە شارەدێی ڕزگاری، سەر بە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان. ڕێکخراوی شۆخ بە هاوکاریی گرووپی ژینگەدۆستانی ڕزگاری پانێلێکیان ڕێکخست بۆ هەریەک لە ڕۆژنامەنووس دڵشاد ئەنوەر و ئەندامی دواکاری گشتی بورهان ئەحمەد، بە ناونیشانی هۆشیارکردنەوەی گەنجان لە مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر.

لە سەرەتا لە لایەن هەیفا مەجیدەوە بە خێرهاتنی میوانەکان کرا و پاش  خولەکێک بێدەنگی بۆ شەهیدان، پانێڵەکە دەستی پێکرد.

'ڕێژەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە زیادبوونە'

سەبارەت بە پانێڵەکە حاکم بورهان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد. گوتی: "لە ئێستادا ماددەی هۆشبەر بووە بە گرفت و خێزانەکان بە دەستییەوە دەناڵێنن، لە ئێستادا ئامارەکان دەڵین ڕێژەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە زیادبوونە. هۆکارەکان زۆرن یەکێک لە هۆکارەکان بێکاری گەنجانە، زۆرکات کە کەسێک بێکار دەبێت وەک چۆن جگەرەیەک بۆ بێتاقەتی دەکێشێت، هەندێکجار بە کاردەهێنرێت بەر کۆمەڵێک خەڵک دەکەوێت ئاڵودەیی مادەی هۆشبەر دەبێت."

'ماددەی هۆشبەر لە کۆرۆنا و تیرۆر ترسناکترە'

وتیشی: "وەک چۆن لە سەردەمی کۆرۆنادا بە دوای چارەسەرکردن دەگەڕان ئێستاش دەبێت چارەسەر بۆ ماددەی هۆشبەریش بدۆزرێتەوە چونکە لە ڕاستییدا ماددەی هۆشبەر لە کۆرۆنا و تیرۆریش ترسناکترە. گەنج داینەمۆی کۆمەڵگایە کە گەنجان ئاڵوددەیی مادەی هۆشبەر دەبن ئەوکات ئەو کۆمەڵگایە دەبێتە کۆمەڵگەیەکی مردوو ناتوانرێت هیچی لەسەر بونیاتنرێت."

'دەبێت پشکنین لە سنورەکان و ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان توندتر بکرێن'

لە کۆتایی قسەکانییدا حاکم بورهان ئەحمەد باسی لەوەش کرد دادگا ناتوانێت بە تەنها بەرەنگاری ماددەی ببێتەوە، ئەوەی دادگا ئەنجامی دەدات سزادانی بەکارهێنەر و فرۆشیارە و بەمجۆرە بەردەوامبوو: "دادگا ناتوانێت لە خاڵە سنوورییەکان پشکنین ئەنجام بدات، داداگا مامەڵە لەگەڵ کەسێک دەکات کە بەکارهێنەر و یاخود فرۆشیاری ماددەی هۆشبەرە ئایا هەموویان دەدرێنە داداگا؟ ئەو ڕێژەیە کە دێتە دادگا ڕەنگە لە ٥٪ یش نەبێت.

ئەوانەی تر پەیوەندی بە لایەنی ترەوە هەیە وەک ئاسایش، ئەوانە دەبێت بە ڕاستی هەماهەنگی هەبێت لە نێوانیان بۆ ئەوەی بتوانرێت ڕێگری بکرێت لە هێنانی ماددەی هۆشبەر بە تایبەت لە سنورەکان ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانەی کە دێن پشکنینی وردیان بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی کەمترین حاڵەت ڕووبدات."