هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و کۆمەڵکوژی دژی هاووڵاتیانی عەفرین، لەبەردەم نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ شەرمەزار کرا.
کوردستانیان لەسەر بانگەوازی ئیدارەی خۆ بەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و نوێنەرایەتی پەیەدە لە سویسرا کۆبوونەوە، سەرەتا بە خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی ئەو کەسانەی لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا بۆ سەر گوندی کاخرێی لە ناوچەی مابەتا لە عەفرین کۆمەڵکوژ کران ڕێز دانرا.
بە ناوی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، مەهدی کوردی بەیاننامە ڕۆژنامەوانییەکەی بە زمانی عەرەبی خوێندەوە. مەهدی کورد وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشەکەی سەر گوندی کاخرێ، ڕەخنەی لە بێدەنگی دامەزراوە و دەزگا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا گرت و وتی: "بێدەنگی ئەو دامەزراوانە لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە کوشتن، دەستگیرکردن و کۆچی زۆرەملێ، ئەشکەنجە و دەستدرێژی، تاڵانکردن و ڕفاندنی هەزاران ژن و هاووڵاتی مەدەنی قبوڵکراو نییە.
هەروەها بە ناوی نوێنەرایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)ی سویسراوە گوڵستان سەعدۆن قسەی کرد و وتی: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە هێرشە داگیرکەرییەکانی بۆ سەر کوردستان کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات و بۆ زیندووکردنەوەی خەونەکانی عوسمانی نوێ، سیاسەتی چەوساندەنەوە و تاڵانکاری بەڕێوەدەبات. هەروەها گوڵستان داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دەوڵەتەکان کرد کە دەستبەجێ کۆتایی بە سیاسەتە داگیرکاری، تاڵانکاری و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک بێنن."
چالاکییەکە بە وتنەوەی دروشمە جیاوازەکان کە ئاماژە بوون بە تاوانە جەنگیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە کۆتایی هات.