بە دیمەن

کۆمەڵکوژیی لە عەفرین، لە زیوریخ شەرمەزارکرا

کوردان لە زیوریخ کۆمەڵکوژی دەوڵەتی تورکیان لە عەفرین شەرمەزار کرد.

هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر گوندی کاخیری ناوچەی موباتای عەفرین لە شاری زیوریخی سویسرا شەرمەزار کرا. چالاکییەکە لەلایەن پەیەدە و کۆمیتەی پشتیوانی ڕۆژئاوای لە سویسرا ئەنجامدرا. لە چالاکییەکەدا وێنەی شەهیدەکان بەرزکرانەوە.

چالاکییەکە لە کەسێتی دوو ژنە شەهیدەکەدا بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێ کرد. لەسەر ناوی کۆمیتەی پشتیوانی ڕۆژئاوا لە سویسرا، جیگەر عەفرین قسەی کرد. تیشکی خستەسەر پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر گەلی هەرێمەکە و بێدەنگی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و دەوڵەتانی بەرامبەر هێرشەکە شەرمەزار کرد.

لە ڕاگەیاندراوی چالاکییەکەدا بانگەواز لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان کرا دەستبەجێ دەستوەردان بکەن و فشار لە تورکیا بکەن بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان و بەسزاگەیاندنی بکوژان و کۆتایی هێنان بە داگیرکاری، تاوەکو خەڵکی ڕەسەنی عەفرین بتوانن بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان.

پاشان نوێنەری پەیەدە لە ئەوروپا، زۆزان دێرک ڕایگەیاند ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرخۆدانێکی مەزن دژی داگیرکاری نیشان دەدات، ئاماژەی بەوە کرد لە هێرشەکەی دەوڵەتی تورک لە گوندی کاخیر ٤ کەس شەهیدبوون و دەیان کەس بریندار بوون، گوتی: "بە سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و بڕینی هێڵەکانی ئەنتەرنێت، پەیوەندی هەرێمەکە لەگەڵ دەوروبەر بڕاوە، بریندارەکان ڕفێنراون و چارەنووسیان نادیارە. دژی ئەم هێرشانە ناچارین هاوشانی گەلەکەمان لە عەفرین و ڕۆژئاوا بەرخۆدان بکەین".

دواتر درووشمەکان بۆ شەرمەزارکردنی کۆمەڵکوژی و هێرشەکانی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بەرزکرانەوە.