لە شەنگال لە ٢٦ هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی ٩ ی تشرینی یەکەم، لەسەر بناغەی فیکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆنفرانسێک ئەنجامدرا. ٦٠ کەس بەشداری کۆنفرانسەکە بوون کە بە ناونیشانی "دژ بە قەیرانی دەوڵەت و دەسەڵاتداریی، تێکۆشانی ئازادی و هاوپەیمانیی گەلان" ئەنجامدرا. کۆنفرانسەکە بە ئەنجامنایەک کۆتایی هات.
ئەنجامنامەکە لەلایەن وتەبێژی تاژێ، ڕیهام حەجۆ خوێنرایەوە، پوختەی ئەنجامنامەکە بەم جۆرەیە:
- ئەمڕۆ کاتێک چاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکەین، تەنها شەڕ، ئاڵۆزیی، ناکۆکیی و پشێوی دەبینین، لەناو کۆمەڵگاکانیش قەیرانی ئابووریی و سەربازیی و کۆمەڵایەتیی و ژینگەیی، گەلان لەناو ئەم دۆخەدا ورد و خاش بوون و کەوتوونەتە ژێر پێوە، وەک بڵێی ئەم دۆخە چارەنووسی ئەم ناوچەیە بێت و هەر لە بنەچەوە وابێت، هۆکاری ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسەش هەر ئەمەیە، لەپێناو بینینەوەی ڕێ و ڕێبازی چارەسەریی، دەبێت بپرسین، ئایا لە مێژوودا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هیچ کاتێک ژیانێکی ئارام و ئازاد و ئاسایش نەبووە؟ ئایا ئەم دۆخەی ئێستا ئەزەلییە؟ یان لە کەیەوە دەستی پێ کردووە و پاڵنەرەکانی چین؟ بەم پرسیارانە دەگەینە ئەنجامێک.
- ڕۆژهەڵاتی ناوین لە مێژووی مرۆڤایەتییدا خاوەنی ڕۆڵ و پێگەیەکی گرنگە، لانکەی مرۆڤایەتیی و لە دایک بوون و دەستپێکردنی ژیانە، چاند و ژیانی مرۆڤایەتیی لە لانکەی میزۆپۆتامیا لە نێوان دوو ڕووباری پیرۆز (دیجلە و فورات) فیچقەی کردووە و پاوەجێ بووە، ڕەوڕەوەی مێژوو، چاند، شارستانییەت، فەلسەفە، باوەڕی، زانست، سیاسەت و ژیان لێرەوە بەڕێکەوتووە و بە جیهاندا بڵاو بووەتەوە، بۆیە دەبێت هەموومان ئەو پرسیارە وشکە لە خۆمان بکەین، چۆن لانکەی مرۆڤایەتیی و ژیان ئاوا گۆڕا بۆ گۆڕستان؟
- ڕێبەر ئۆجالان، پێشکەوتنی چاندی دەوڵەت و دەسەڵاتداریی لەبەرامبەر، کلتووری کۆمەڵگای ئازاد و دیموکراتیک وەک سەرچاوەی کێشە و ئاڵۆزییەکان پێناسە دەکات، دەڵێت: کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەناو قوڵترین و زۆرترین قەیران و کێشە و شەڕ و ئاڵۆزییدا تێپەڕیون، هۆکاری سەرەکی ئەمەش ئەوەیە؛ پێنج هەزار ساڵە سیستمی دەوڵەت و دەسەڵاتدارێتیی خۆی سەپاندووە بەسەریاندا.
- پیلانگێڕیی ٩ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٨ـی سەر ڕێبەر ئۆجالان و ڕێککەوتنی ٩ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ لە دژی ئێزدییەکان دابڕاو نییە لە یەکتر و نابێت هیچ کەسێک لێکیان جیا بکاتەوە، دەوڵەتانی بەشدار لەو پیلانگێڕییە پێیان وابوو بەم پیلانگێڕییە، کۆتایی بە هەموو شتێک دەهێنن، بەڵام ڕێبەر ئۆجالان ئیمراڵی لە زیندانەوە گۆڕی بۆ شوێنی بەرخۆدان و تێکۆشان و تا ئەمڕۆش لەسەر خەبات بەردەوامە.
- یەکێکیتر لە هۆکارەکانی قوڵبوونەوەی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین سیستمی هەژموونگەرایی سەرمایەدارییە، کە ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوین، لەلایەک چاوچنۆکی و چاوتێبڕینیان بۆ زەنگینی و دەوڵەمەندی و خێر و بێری ناوچەکە و لەلایەکی ترەوە بە سیاسەتی خۆیان شەڕ و پارچەبوونیان خستووەتە ناو کۆمەڵگاکانەوە، بەتایبەتی لە ڕێی زەقکردنەوەی ناکۆکی و دەمارگیری نەتەوەیی و ئاینیی و مەزهەبیی، شەڕێکی خوێناوییان لە نێوان ئاین و مەزهەب و نەتەوە جیاوازەکانی ناوچەکە هەڵگیرساندووە، لەکاتێکدا مێژووی ئەم ناوچەیە پێمان دەڵێت، کە ڕۆژهەڵاتی ناوین مەڵبەندی پێکەوەژیان و ئاشتیی بووە، بەڵام سیاسەتی دەسەڵاتداریی و هەژموونگەرای سیستم و بەرژەوەندیی و دەستوەردانی دەرەکی دەرگای ئەم دۆزەخەی بەڕووی ناوچەکەدا کردووەتەوە.
- ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، شەڕ و دەمارگیری نەتەوەیی و مەزهەبیی و ئاینیی، گەلانی ناوچەکە دەخنکێنێت، بەتایبەتی بە شکاندنی ئیرادەی ئازادیی گەلان و ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین یەکێک لە هەرە زەقترین کێشە سیاسییەکانە، لە کاتێکدا ئەم مەڵبەندە لە مێژوودا بە بەهەشت پێناسە کراوە ئێستا بووە بە بیابان و چۆڵەوانیی و دۆزەخ، یەکێک لە کێشە گەورەکان نەمانی ئازادیی و دیموکراسییە، سا بۆیە لە دژی ئەمەش گەلان تێکۆشان و خەباتیی ئازادییخوازانە بەڕێوەدەبەن، چیتر سیستمی دەسەڵاتداریی کە ٥٠٠ ساڵە خۆی سەپاندووە لە فۆرمی دەوڵەت-نەتەوەدا، ناتوانێت بەبێ ئاڵنگاریی بەردەوامی بەخۆی بدات و خۆی بسەپێنێت بەسەر گەلاندا، چیتر گەلان بەدوای ئەڵتەناتیڤ دەگەڕێن.
- ئەمڕۆ لەم کۆنفرانسەدا بەدوای ڕێگاچارەی بنەڕەتیدا گەڕاین و ئەم دۆخەمان بە فراوانی تاوتوێ کرد، ئەمڕۆ خوشکان و برایانی ئێزدیی، شەبەک، عەرەب، تورکمان و شیعە لەگەڵمانبوون و ڕێگاچارە و چارەسەریان پێشنیار کرد، ئەمەش نموونەی نەتەوەی دیموکراتیک و سیستمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکی ڕێبەر ئۆجالانە، کە جەخت لە پێکەوەژیان و ئاشتیی و تەبایی گەلان و پێکهاتە جیاوازەکان دەکاتەوە، چۆن ڕێبەر ئۆجالان ٥٠ ساڵە بێوەستان بۆ ئازادیی گەلان تێکۆشان دەکات، بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی و ویژدانیی ئێمەشە بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان تێکۆشان بکەین.
کۆنفرانسەکە بە درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی بەرخۆدانی شەنگال" کۆتایی هات.