لە نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باشووری کوردستان لە شاری سلێمانی، لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا، نوێنەرایەتییەکە و بەرەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا کرد.
لە سەرەتا کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، فەتحوڵا حسێنی، ئەندامی نوێنەرایەتییەکە وتی: ماوەی چوار ڕۆژە هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ژێر هێرشێکی دوژمنانەی دەوڵەتی تورکدایە، وێستگەی ئاو، نەوت و کارەبا و ژێرخانی ئابووریی بە ئامانج دەگرێت، ئەمەش لە بێدەنگی ئاستی نێونەتەوەییدا بەرێوەدەچێت، ئامانجی دەوڵەتی تورکیش هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە چونکە نایەوێت گەلی کورد خاوەنی قەوارەی خۆی بێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت دانیشتوانی ناوچەکە ئاوارەبکات.
ئاماژەی بەوەشدا، بۆ جاری چوارەمە دەوڵەتی تورک بەمشێوە چڕە هێرش دەکاتە سەر ناوچەکە و بۆ چوارەم جاریشە داوا لە هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەین کە بەر بەو هێرشانە بگرن و ناوچەیەکی دژە فڕین لە ناوچەکە دروست بکرێت.
دووپاتیشی کردەوە، دەوڵەتی تورک مەترسییە بۆ سەر هەموو ناوچەکە، چونکە دەیەوێت جارێکی دیکە داعش زیندوو بکاتەوە، کە لە باغۆز و ڕەقە تێکشکێندراون و تا ئێستاش شانەی نووستویان هەیە.
هەروەها شۆڕش خدر، ڕاگەیاندراوی نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لە باشووری کوردستان و بەرەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستانی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو: بە توندی ئیدانەی هێرشە ئاسمانیی و زەمینییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین، کە ماوەی چوار ڕۆژە ئامانجی ئەوەیە ژیان لەو بەشەی کوردستاندا بووەستێنێت، ئەمەش بەپێی ئەوەی هێرشەکان ناوچە مەدەنیی و خزمەتگوزارییەکان و ئاسایشی گرتووەتەوە، بەهۆشیەوە ١٧ شەهید و ٦٥ برینداری لێکەوتووەتەوە، کە ژمارەی زۆریان هاوڵاتی مەدەنین.
داواش کرا، هەڵوێستی ڕووسیا و وڵاتانی هاوپەیمانان ڕوونتر بێت و سنوور و بەربەست لەبەردەم تورکیا دابنرێت، جارێکی دیکە ئەم هێرشانە دووبارە نەبێتەوە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و داوا دەکەین ناوچەی دژە فڕین لە ناوچەکەدا دروست بکرێت، داواش لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ڕێخکراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی مافی مرۆڤ دەکەین، کە هەڵوێستی جددیان هەبێت لە بەرامبەر ئەو هێرشە قڕکەرییانەی دەوڵەتی تورکیا دەیکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، دەوڵەتی تورک دەیەوێت میساقی میللی زیندوو بکاتەوە، ئەمڕۆ هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوا ئەوا سبەی هێرشە دەکاتە سەر باشووری کوردستان.