فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل موراد قەرەیلان رایگەیاند، کە دەوڵەتی تورک ٣-٤ ساڵە بانگەشە دەکات کە گەریلا لە باکور کۆتایی هاتووە، چیتر نەماون، یاخود زۆر کەم ماون ، بەڵا ئەگەر نەمابێت بۆ چی تا ئێستاش ئۆپراسیۆنەکان بەردەوامن؟ قەرەیلان باسی لەوەکرد، کە دۆخەکە لە باکوری کوردستان بەو جۆرە نییە کە دەوڵەتی تورک باسی لێدەکات و وتی، "ئێمە هێزی خۆمان لە شوێن و کاتی دروست بەکاردەهێنین. ئێمە پەرە بە ستراتیژێک دەدەین؛ شارەزابوونی زیاتر، قووڵبوونەوە لە رێبازەکانی لەناوبردنی هەموو رێوشونە تەکنیکی و فیزیکییەکان. لە بری رێبازە ناپڕۆفیشناڵ، ئاسایی و کلاسیکیەکان، بەڵکوو بە ئەنجامی پشوودرێژانەتر، ستراتیژیکتر و رێبازی پڕۆفیشناڵتر. بابەتی کات و شوێنی راست و دروست گرنگە. ئێمە وەک بنەمایەک راوەستەی لەسەر دەکەین. لەم سەردەمەدا ئێمە ماوە ماوە پێدانی هەندێک پەیام بە پێویست دەبینین و ئەوەش بۆ ئێمە زۆر راستترە. هەم لە رووی سیاسی هەم لە رووی سەربازی بۆ هاوسەنگی قۆناغەکە، مامەڵەیەکی بەو جۆرە زۆر گونجاوترە.
بەشی کۆتایی چاوپێکەوتنەکەی فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) موراد قەرەیلان لەگەڵ رۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆیتیکا بەم جۆرەیە:
راگەیەندرا کە لە دژی شێوەی ئێوە بۆ شەڕی تیمی گەڕۆک و تونێلەکان، سوپای تورک لە دووری تونێلەکان جێگیربوو و گۆڕەپانەکەی گەمارۆدا؛ بەو جۆرەش هێڵی زارگەلی گیرا و ویسترا کە پەیوەندی نێوان گۆڕەپانەکان بپچڕێندرێت. ئایا دەتوانن هەندێک ئەوە روون بکەنەوە؟
فەرماندەیی گشتیی تورک یاخود وەزارەتی شەڕ سەبارەت بەو تاکتیکەی بگرنەبەر تەنگیان پێهەڵچنراوە. مرۆڤ دەتوانێت لە رووی کردەوەکانیان بگاتە ئەو ئەنجامە. سوپای تورک سەرباری ئەوە لە گۆڕەپانی زاپ ماوەی سێ ساڵە هەموو جۆرە رێباز و تەکنەۆژیایەیک بەکاردەهێنێت، ناتوانێت تونێلەکان لەناوببات. هێشتا لەو تونێلانە بەرخودان بەردەوامە. لەوێ لە ئەنجامی هێرشەکانی وەڵامدانەوەی گەریلادا سوپای تورک بەردەوام زیانی گیانی بەردەکەوێت. گەریلاش بە کەمترین زیانی گیانیەوە درێژە بەم شەڕە دەدات، رەنگە ئەم زیانە گیانیانە لە مێژووی شەڕدا کەمترین زیانی گیانی بن. بێگومان ئەم دۆخەش ژەنەڕاڵەکانی ئەو سوپایە زۆر دەترسێنێت.
فەرماندەی شەڕی ئێستا لە رێگەی ئەو ئەنجامانەی بەدەستی هێناوە، لەو گۆڕەپانانەی ئەمساڵ داگیریان کردوون، لە دژی تونێلەکان تاکتیکی جیاواز بەکاردەهێنن. لە شوینێک وتبووی، "من هەر وا بە ئاسانی هێزەکان خەسار ناکەم؛ بە ئاسانی نابەزن. کەواتە من لە دوورەوە گۆڕەپانەکان داگیر دەکەم، قۆڵی لۆجستی و هاوکاری گەریلاکان لە تونێلەکاندا دەبڕم. بەم جۆرە بە بێ ئەوەی زیانی گیانی بدەم، بە گەمارۆیەکی درێژخایەن دەگەمە ئەنجام". بەم جۆرە پراتیکێک هەیە کە پێیوایە بە تاکتیکی گەمارۆی درێژخایەن بگاتە ئەنجام. ئەمە هاوشێوەی ئەو گەمارۆیەیە کە لە مێژوودا لە دژی ئەو هێزانەی لە قڵاکاندا بوون ئەنجام دەدرا. ئەوە تاکتیکێکی بەو جۆرەیە کە بە شێوەی ماوەدرێژ گەمارۆیان دەدەن، چاوەڕێ دەکەن لۆجستیان تەوان بێت و ئەو هێزانەی بێ لۆجستی ماونەتەوە بە هۆی تەوابوونی لۆجستی دەستبەرداری ئەو گۆڕەپانانەی بەرخودان بن. واتە بە شێوەی مەیدانی ئەو تاکتیکە بەڕێوەدەبات.
لە دژی تونێلەکان هەموو جۆرە رێبازێک بەکاردەهێنن
لە هەمان کاتدا لە تونێلەکاندا کە ماوەی ٣ ساڵە شەڕ دەکەن، بە سیستمی شەڕی نزیک هەوڵ دەدەن لەناویان ببەن. هەم تاکتیکە کۆنەکەیان بەکاردەهێنن، هەمیش بۆ ئەو گۆڕەپانانەی تازە داگیرکراون، تاکتیکی نوێ بەکاردەهێنن. ئێستا لە مەتینا شاخی بەهار تاکتیکی گەمارۆدان لە دوورەوە بەڕێوەدەبرێت. لە بەرامبەر ئەو تونێلانەی کە پێشتر دەیویست بەدەستیان بهێنێت، وێڕای هەندێک گازی کیمیایی زیاتر و چەکی قورس، بە درۆن تەقەمەنی دەخاتە دەروزەی تونێلەکان و لە رێگەی سەگەکانیشەوە دەیەوێت ناو تونێلەکان بپشکنێت و هتد.. واتە هەموو رێبازەکان کە بە بیری مرۆڤدا دێن، بەکار دەهێنێت.بەپێویستمان نەزانی کە هەموو ئەوانە لە راگەیاندنەکانەوە بڵاوبکەینەوە، بەڵام هەموو ئەمانە لەئێستادا لە ئەیالەتی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ ئەنجام دەدرێن. ئەو شوێنە نوێیانەشی کە دەیانەوێت داگیرکیان بکەن، بە دووری زیاتر لە کیلۆمەترێک لە نزیکی تونێلەکانی شەڕ دەوەستن و بە چەکی قورس و ئاسمانی هێرش دەکەن و دەیانەووێت بەم جۆرە لۆجستی کۆتایی پێبهێندرێت.
ئەو تاکتیکانەی بەکاریان دەهێنن لە دوو سێ ساڵدا ناگەنە ئەنجام
ئێستا وەزیری بەرگریی تورک یاشار گولەر هەم تاکتیکێک بەکاردەهێنێت کە لە دوو سێ ساڵدا هیچ ئەنجامێکی بۆ ئەوان نابێت و هەمیش دەڵێت، 'ئێمە لە مانگی تشرینی دووەمدا قوفڵکردنەکە تەواو دەکەین'. ئەوە بە ئاشکرا خەڵەتاندنی رای گشتییە. هیچ شتێکی بەو جۆرە نییە کە لە مانگی تشرینی دووەمدا بگەنە ئەنجام. لە پرسی تاکتیکدا تووشی تەنگەزاری و بێچارەیی و دەستەوەستانی بوون، ئەوە روونە. گەیشتوونە بنبەست و چەقبەستوویی.
گروپە گەڕۆکەکانیشیان ناتوانن سەربکەون
تاکتیکێکی یاشار گولەر هەیە کە زۆر جار بە پێداهەڵدانەوە باسی دەکات. ئەوەی پێی دەڵێن "ئۆپراسیۆنی پێشبینی نەکراو، چاوەڕێ نەکراو وهەمیشەیی" کە لە بنەڕەتدا تاقمی ٢٠-٣٠ کەسین و بە شێوەی شاراوە دەچنە گۆڕەپانەکان و دواتر دەکشێنەوە. لەماوەی ئەمساڵەدا ئەوەی نوێ بوو ئەوەبوو. تاکتیکەکانی دیکەیان بێ ئەنجام بوون. ئەو تاکتیکە نوێیەی گروپە گەڕۆکەکان لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ناتوانێت بگاتە ئەنجام. رەنگە لە شوێنێکی بەرفراوانی وەک باکور لە هەندێک شوێن ئەنجام وەربگرێت، بەڵام لە شوێنێکی وەک بادینان کە شەڕ تیایدا زۆرە، ناتوانن بگەنە ئەنجام. خۆی لە خۆیدا هێزەکانیان لە ئاستێکدا گورزیان لێدرا، بەڵام بە بڕوای من دەتوانرا زیاتر گورزیان لێبدرێت. جارێک ویستیان بچنە گارە. بە دووری چەند سەد مەترێک لە گارە کەوتنە بۆسەوە. گورزی قورسیان لێدرا و گەڕانەوە. لە شوێنێی وەک داوێنی شاخی بەهار و لە هەندێک شوێنی دیکەش چەند جاری دیکە گورزیان لێدرا. وەک وتم؛ ئەو تاکتیکە نوێیە، بەڵام ئەمەش سودی نابێت بۆیان. ئەوە شتێکە پێشتر لە باکور بە کاردەهێنرا.
بە کورتی هێڵی سەرگەلێ، واتە لەو هێڵەدا بە گشتی بە بەشداربوونێکی چالاکانەی پەدەکە رێگە دروست دەکەن، هەموو ئەمانە لەبەر ئەوەیە. ئەمانە ئەو چالاکیانەن کە لە چوارچێوەی تاکتیکی گەمارۆدانی تونێلەکانی شەڕ ئەنجام دەدرێن.
بە گوێرەی ناوەندی یەژاستار؛ بە بەشداربوونی پەدەکە و عێراق لە ناو هێرشە داگیرکەرییەکاندا بە داخستنی هێڵی گۆشین، داگیرکەری تەواوی لۆلان و بەوەش پچڕاندنی هێڵی نێوان قەندیل و خنێرە، گارە وقەندیل، گارە، مەتینا و زاپ دەکرێتە ئامانج. ئایا لەو رووەوە هەنگاوێک گیراوەتەبەر. چی کراوە، گەریلا بۆ ئەو پێشبینییە چی دەکات؟
هاوڕێیانمان لە باسکە سیاسی وسەربازییەکان جار جار لەسەر پەرەسەندنەکان لە گۆڕەپانی سەربازی زوو روانینی خۆیان دەخەنە روو. هەندێک هەڵسەنگاندن وەک ئەوەی دوژمن بیری لێنەکردووەتەوە یاخود بیری لێکردووەتەوە و نەیخستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە بە ئامانجی ئاشکراکردنیان دەخرێنەڕوو. مامەڵەکردنێک وەک ئەوەی بەرەی دوژمن چ پلانێکی هەیە، بیر لە هەموو شتێک دەکاتەوە و بە شێوەی پلانبۆدانراو جێبەجێی دەکات، ئەوە راست نییە. دەبێت لە رووی سەربازییەوە هەندێک بە گرتنەبەری رێکار مامەڵە بکرێت. لە کات و شوێندا لێدوان و هەڵسەنگاندن رابگەیەندرێت.
ئەمساڵ لە هەڕێمی گۆشین ئۆپراسیۆنێکی بەو جۆرە لەلایەن هێزەکانی عێراق و پەدەکەوە وەک بیری لێدەکرایەوە ئەنجامنەدرا. هێزە پەیوەندیدارەکانیش ئەوە دەزانن؛ ئۆپراسیۆنێک لەوێ ئەنجام بدرێت، بە واتای شەڕێکی تەواوەتی دێت. تائێستا شتێکی لەو جۆرە نەبووە؛ ئێمە هیوادارین کە هەرگیز روونەدات. ئەگەر رووبدات وەک وتم رێگە لەبەردەم شەڕ و پێکدادانی ناچاری دەکاتەوە. لەبەر ئەوەی تەنیا دەتوانن لە سەر بنەمای پاکتاوکردنی هێزەکانمان بەرەوپێش بچن.
لە لایەکی دیکەوە راستە؛ دەوڵەتی تورک تاکتیکی گەمارۆدانی هەرێمەکان هەم لە باکور و هەم لە باشورەوە جێبەجێ دەکات. تاکتیکێک کە هەرێمەکان لەیەکتر دادەبڕێنێت، هاتووچۆ ئاستەنگ دەکات، بەر بە یەکگرتن و پێکەوە بەستنەوە هەرێمەکان دەگرێت و لەیکتر دایاندەبڕێنێت. ئەوە بەو واتایە نییە کە ئەم تاکتیکە راستەوخۆ لە بەهدینان جێبەجێ دەکرێت. دژواری و ئاستەنگی هەیە. لەبەر ئەوەش زۆرینەی ئەو پلانانەی کە ئەو هاوڕێیانە لەبارەی ئەمساڵەوە باسیان کرد، جێبەجێنەکران یاخود نەیانتوانی جێبەجێی بکەن.
لە ناو هەلومەرجی تەکنیکی ئەمرۆدا، ئێوەش دژوارییەکانی گەریلایەتی لە باکوری کوردستان پشتڕاست دەکەنەوە. لەمساڵیشدا لە ئەیالەتەکانی سەرحەدەوە تا بۆتان حاڵەتی گەورەی شەهیدبوون روویاندا. ئێوە رۆڵ و گرنگی هەبوون و تێکۆشانی گەریلا لە باکور لەم قۆناغەی ئێستادا بۆ تێکۆشانی ئازادیی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
راستە ئەمساڵ لە باکوری کوردستان زیانی گیانی گەورەمان بەرکەوت. پارەکەش لە باکوری کوردستان زیانی گیانی گەورەمان دابوو. فەرماندەی بەنرخی وەک لەیلا سورخوێن، ئاخین موش و دڵگەش گوزەڕەشمان لە ساڵی ٢٠٢٣دا شەهیدبوون. ئەمساڵیش وایە. شەڕ و پێکدادانی گەورە روویاندا و لە ئەنجامی ئەوەدا چەندین فەرماندە بە تایبەتی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیمان باوەڕ دێرسیم و شەڕڤانانی بەنرخمان شەهیدبوون. لە ئەیالەتەکانی سەرحەد، وان، بۆتان، گابار، ئامەد و مێردین پێکدادان روویدا و زیانی گیانیمان بەرکەوت.
دەوڵەتی تورک بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە ماوەی سێ- چوار ساڵی رابردوودا هێزەکانمانی لە باکور کۆتاییپێهێناوە و دەڵێت ئیتر گەریلا نەماوە یاخود کەم ماون. ئەوە لەلایەن وەزیری ناوخۆی ئەو کاتی دەوڵەتی تورک سولەیمان سۆیلۆ وترابوو. هەندێکیش ئەوەیان بۆ رانت و موزایەدەی سیاسی بەکاردەهێنا. ئێستا کەس ناتوانێت پاشەکشێ بکات، هەموان ئەوە دەڵێنەوە. لە رۆژانی رابردوودا چەندین شرۆڤەکاری سیاسیش لە قسەکانیاندا باسی ئەوە دەکەن. ئەگەر بەو جۆرەیە، بۆچی ئۆپراسیۆنە بێکۆتاییەکان لە باکوری کوردستان بەڕێوەدەچن؟ لەم ساتەشدا ئۆپراسیۆن هەیە. ئۆپراسیۆنێکی بەرەوام هەیە. ئەگەر کۆتاییان پێهێناون، ئەگەر لە دۆخێکدا بێت کە نەتوانێت بجوڵێتەوە، بۆجی ئەو هەموو ئۆپراسیۆن و تێچووە دەخرێتەگەڕ؟ لەبەر ئەوەی دۆخەکە وەک ئەوە نییە کە دەڵێن. هەندێک جیاوازە. هەموو ئەو قارەمانانەمان کە لەمساڵدا لە باکوری کوردستان شەهیدبوون لە کەسایەتی فەرماندەی بەنرخ شێخموس مەلازگرت، بەروار دێرسیم، هەرەکۆل شیار گەڤەر، بروسک کاتۆ و هاوڕێ هەبوون ئامەد بە رێز و پێزانینەوە یاددەکەیەنەوە. ئەو بەڵینەی بەوانمان دابوو دوپاتی دەکەینەوە.
لە باکور ئامانجی سەرەکی چالاکیی نییە
ماوەی چوار ساڵە ئامانجی ئێمە لە باکور لە چوارچێوەی 'پرۆژەی سەرلەنوێ رێکخستنەوە'دا نوێبوونەوە و گۆڕانکاری سازکردن بوو. بەڵام بە هۆی دژواری و ئاستەنگیەکانەوە تائێستا ئەو قۆناغەی گۆڕانکاریمان تەواو نەکردووە. ئەوەش دەتوانرێت وەک کەموکوڕییەکی ئێمە لە رووی شێوە و هاوسەنگی هەڵبسەنگێندرێت. ئەو گۆڕانکاری و نوێبوونەوەیەی پێشبینی دەکرێت، لە کاتی دیاریکراودا جێبەجێ نەکراوە. ئیتر شێوازی گەریلایەتی کۆن-کلاسیک تێپەرێندراوە. ئەوە بۆ ئێمە ئەنجامێکی روونە. دەبێت ئێمە پەرە بە گەریلایەتی سەردەمی نوێ بدەین کە پێی دەڵێین گەریلایەتی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک. ئێمە دەزانین تا ئەوە نەیاتە ئاراوە لە باکور هیج پێشکەوتنێکی گەریلا روونادات. لەو رووەوە دەمانەووێت شێوەیەکی نوێی گەریلایەتی بەرەوپێش ببەین. لەسەر ئەو بنەمایە، گەریلا دەتوانێت پێشبکەوێت و شەڕێکی پرۆفیشناڵ بەرەوپێش ببات. تا ئەوە نەکات، گورزی بەردەکەووێت. لەبەر ئەوە لەسەر ئەو بابەتە راوەستە دەکرێت. لەئێستادا ئامانجی بەردەم گەریلا لە باکور چالاکی نییە، سەرلەنوێ رێکخستنەوە و گۆڕانکارییە. زیاتر راوەستە لەسەر ئەوە دەکرێت. ئێمە وابیردەکەینەوە کە تا لەسەر ئەم بابەتە سەرلەنوێ رێکخستنەوەیەک نەیاتە ئاراوە، لە چالاکی و سێوەی جموجۆڵماندا گۆڕانکاری روونەدات، ئەو چالاکیانەی کە دەکرێن، واتایان نابێت. بۆ گەریلایەتی لە باکور خەباتێکی بەو جۆرە هەیە و راوەستەی لەسەر دەکرێت.
هەندێک یەکینەی سەر بە بزوتنەوەی ئازادیی کورد پێشتر لە گەورەشارەکانی تورکیا چالاکی سەربازییان وەک (کردنە ئامانجی ئۆتۆمبێلەکانی سەربازان-پۆلیسەکان و ناوەندەکانیان) ئەنجام دەدا. وەستاندنی ئەو چالاکییانە ئایا وەک دەوڵەتی تورک بانگەشەی بۆ دەکات لە ئەنجامی 'رێوشوێن و ئۆپراسیۆنی سەرکەوتوو'ە، یاخود لە ئەنجامی بڕیارێکی ناوەندییە؟
هەردووکیان کاریگەرییان هەیە. وەک ئێوە باستان کرد دیاردەیەک کە لە ناو هاوسەنگیدایە و تەواوکەری یەکترە لەئارادایە. ئێمە باش دەزانین کە لە بەرامبەر تەکنەلۆجیاکانی وەک کامێرا و هتد و تۆڕی سیخوڕی کە لەساڵانی رابردوودا پەرەی پێدراوە، بە شێوەی پێشکەوتوو و ورد نەبێت ئەمە ناکرێت، ئێمە بزوتنەوەیەکی خاوەن ئەزمونین. لەم کەشەدا کە هێرشەکان لە سەر بنەمای تەکنەلۆژیا لە رێگەی تۆڕی سیخوڕی پێشکەوتوو و سیستمی هەواڵگری کە بە تەکنەلۆژیای پێسکەوتووە بەهێز دەبێت، ئێمە راستەوخۆ هێزەکانمان رەوانەی ئەو شوێنە مەترسیدارانە ناکەین. لەماوەی رابردوودا ئەزمونی زۆری لەو جۆرەمان بەدەستهێنا. دۆخی ناردن و جێگیرکردنی هێز لە شوێنە ناسەلامەت و ناپارێزراوەکان، لە سآڵانی نەوەدەکانیشدا زۆر جار ئەنجام دران و بوونە مایەی زیانی گیانی زۆر. لەو رووەوە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی کە بەشێوەی پێویست رێوشوێن بەرامبەریان نەگیراوەتەبەر، دەبێت ئێمە بە وریاییەوە بجوڵێینەوە و هێزەکانمان بپارێزین. بۆ نمونە سیاسەتی سوککردنی نارندی هێزی زۆر بۆ ئەیالەتەکانی باکور، بە زانابوون یاخود بێ زانابوون لەلایەن کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکەوە بە شێوەیەکی جیاواز لێکدانەوەی بۆ دەکرێت و وەک ئامرازێک و بنەمایەک بۆ چەواشەکاری بەکاردەهێندرێت؛ بەڵام هەر کە کاتی هات ئەوان دەبینن کە راستی چییە.
رێبازی پرۆفیشناڵ پشوودرێژانە و ستراتیژیکن
ئێمە پەرە بە ستراتیژی دەدەین: لە رێگەی ئەو ستراتیژەوە ئامانجمان لەناوبردنی ئەم رژێمەیە و ئێمە لەپێکانی ئەو ئامانجەدا سەردەکەوین. لەو رووەوە ئێمە ئامانجمانە کە لە شوێن یاخود ئەو کاتانەی کە دەبێت وریابین شتی پێویست بکەین، رێگە لەبەردەم سەرکەوتن بکەینەوە. ئەنجامی سەرکەوتووانە تەنیا بە قووڵبوونەوە لەو رێبازانەی کە هەموو رێوشوێنەکانی هەواڵگری لە رووی تەکنیکی و فیزیکیوە تێکبشکێنێت، دەتوانرێت بەدەستبهێندرێت. تا ئەوە دەستەبەر نەبێت، بەو جۆرە بەشێوازی ناپرۆفیشناڵ، ئاسایی و کلاسیک رووبکەنە شەری ئەم سەردەمە، شکستی بەدواوە دەبێت. لەو رووەوە گرنگە کە مرۆڤ ئەنجامی پشوودرێژانەتر، رێبازی ستراتیژیکتر و پڕۆفیشناڵتر راوەستەی لەسەر بکات و لە ئەنجامدا ئەو شەڕە بگەیەنێتە سەرکەوتن. وەک لایەنگرانی ئاکەپە پێویستیمان بە پرپپاگەندە، وتار و جموجۆڵێک کە جەماوەری گەل چەواشە دەکات نییە. پێویستیمان بە سەرکەوتنی شۆڕشگێرییە و ئێمە لەسەر بنەمای وردبوونەوە دەیکەین. ئێستاش بە لێوردبوونەوە لەسەر ئەوە و قووڵکردنەوەی رێبازە ئەنجامگرەکان، ئێمە دەتوانین لەسەر بنەمای چالاککردنی هێزەکانمان لە شوێن و کاتی راستدا ئەنجامی سەرکەوتووانە بەدەست بهێنین. لەو بوارەدا شوێن و کاتی دروست گرنگە. ئەوەی راوەستیە لەسەر دەکەین ئەمەیە. لەم قۆناغەدا لە هەندێک کاتدا جار جار پەیام ناردن بۆ ئێمە راستترە. مامەلەیەک کە هەم لە رووی سەربازی و هەمیش لە رووی سیاسیەوە قۆناغەکە بخەنە ناو هاوسەنگیەوە گرنگە.
کاتێک لە توانستی سەربازی و پشتیوانی گەل لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەڕوانین کە تیشک دەخرێتەسەر رۆڵی هێزە جیهانی و هەرێمایەتیەکان، ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم بە سوپابوونی دژە-داگیرکەری کامانەن؟
رەنگە ئەمرۆ لە کوردستاندا لە بەردەم پێشخستنی شەڕڤانانی ئازادی و پەیوەست بەوەش لەبەردەم رێکخستنی سوپابووندا هەندێک دژواری هەبێت، بەڵام چارەسەرکردنی ئەوانە دژوار نییە. رێگە و رێبازی ئەوە بەردەستن کە هەموو دژواریە کردارییەکان چارەسەر بکات. لە بنەڕەتدا پرسی بە سوپابوونی گەریلای ئەنجامگر لە ئارادایە. لەو خاڵەدا زەحمەتی بوونی هەیە. بەر لە هەموو شتێک راستتێگەیشتنی سەردەم زۆر گرنگە. لە راستیدا گرنگترین خاڵ ئەمەیە.
فۆرمول و تیۆرییە کلاسیکەکان باویان نەماوە
رێبەر ئاپۆ لە سەرەتای سەدەدا شرۆڤەی بۆ ئەو گۆڕانکاریانە کردووە کە لەوانەیە لە رێگەی شۆڕشی زانستی و تەکنەلۆژیادا بێنەئاراوە، ئەمەش بۆ ئێمە ئیمتیازێکی گەورەیە. لە سەردەمی ئێمەدا شۆڕشی زانستی و تەکنەلۆژیا گۆڕانکاری و پێشکەوتنی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ڕۆژانە داهێنان و تەکنۆلۆژیای نوێ رادەگەیەندرێت، لەگەڵ ئەوەیدا ئەمە لە سەرانسەری جیهاندا کاریگەری لەسەر شێوازی ژیانی کۆمەڵگاکان، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ئابووریی ڕۆشنبیری هەیە، بەڵام کاریگەری لەسەر بواری سەربازیش هەیە و گۆڕانکاریی گەورەی بەدوادا دێت. ئەو چەکە تەکنەلۆژیانەی کە پەرەیان پێدەدرێت، زۆری نەماوە تیۆرە کلاسیکە کۆنەکان و فۆرمولی سەربازی پێچەوانە بکەنەوە. ئەوانەی گۆڕانکاریی زانست و تەکنەلۆژیا لەسەر واقیعی شەڕ نابینن، ناتوانن لە شەڕدا سەرکەوتن بەدەست بهێنن. ئەمەش نابێت تەنها لە چوارچێوەی گۆڕانکاری و پەرەپێدانی چەکدا لەبەرچاو بگیرێت. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئیتر سەربازانی ئاسایی ناتوانن ڕۆڵییان هەبێت لە شەڕدا. ئیتر هێزی پێکهاتەیەکی سەربازی بە ژمارەی ئەندامانی ناپێورێت. لەمڕۆدا ئەنجامەکان بە شەڕڤانانی متمانە بەخۆبوو، بەئیرادە و پرۆفیشناڵ و شارەزا بەدەست دەهێنرێن. تا ئەو ڕاستییە نەزانرێت، شێوازی جموجۆڵی دروست، گەشەسەندنی دروستی سەربازان، سەنگەرکردنی راست و چەکدارکردنی دروست ئەستەمە. هەر بۆیەش لە شەڕدا سەرکەوتن بە دەستناهێندرێت.
نمونەیەک بۆ شکست، سوپای ئەرمینیایە
ئەمە تەنها گەریلا ناگرێتەوە بەڵکو بۆ هەموو کەسێک راستە. ئەمڕۆ لە هەموو جیهاندا، کاتێک هێزێکی سەربازی بە دروستی لەم پرۆسەیە تێنەگات، ناتوانێت سوپاکەی نوێ بکاتەوە و لە دەرەنجامی ئەمانەش شکست دەهێنێت. دەتوانین وەک نموونەیەک لە سوپای ئەرمینیا بهێنینەوە. ئەگەر ژەنەڕاڵەکانی سوپای ئەرمینیا بە دروستی لەم بابەتە تێبگەیشتنایە، ئەوا جێگیرکردنی کلاسیکی تانک و جێگیرکردنی سەرباز لە سەنگەرەکانیان تێدەپەڕاند. جگە لەوەش سوپای ئازەربایجان ئەگەر پشتیوانی لە دەوڵەتی تورکیا وەرنەگرتایە، بەدەستهێنانی ئەنجام ئاسان نەبوو. بۆ نموونە لە شەڕی ساڵانی نەوەدەکاندا، سوپای ئەرمینیا سەرکەوتووتر بوو، بەڵام سوپای ئەرمەنی دواتر پشتی بەو سەرکەوتنە بەست و پەرەی بە خۆی نەدا؛ خۆی نوێ نەکردەوە و وەک سوپایەک بە سیستەمی کلاسیکی لە شوێنی خۆیدا مایەوە. هەر بۆیە نەیتوانی بەرەنگاری چەکی تەکنەلۆژی سەردەم ببێتەوە. ئەمە بە هەمان شێوە بۆ هەموو گەریلاکان راستە.
سەرەکیترین ئاستەنگ و لەمپەر لەبەردەم بەسوپابووندا کێشەی هێڵە
هەروەها له کوردستان تێگەیشتنی دروست له هێڵی رێبەرایەتی و داڕشتنەوەی لە چوارچێوەی فەلسەفەی رێبەرایەتیدا بۆ ئێمه زۆر گرنگه و سەرکەوتنیش بەوەوە بەستراوەتەوە. پراکتیک و رێبەرایەتیەک کە خۆی لە شەڕی شۆڕشگێڕێ گەلدا قوڵ نەکاتەوە، لە تاکتیک و وردەکارییەکانیدا خۆی قووڵنەکاتەوە و بە گوێرەی ئەوە هێز و کۆمەڵگا ئامادە نەکات، سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت. ڕاستە لەم بابەتەدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک دژواری و تەنگوچەڵەمەی جددی دەبینەوە. ئەگەر ئێمە بچوونایە ناو هێڵی شەڕی شۆڕشگێڕیی گەلەوە، ئەو خاڵانەی کە لە چوارچێوەی پرسیاری یەکەمی ئێوەدا باسم کرد، نەدەهاتنە کایەوە. شەڕی شۆڕشگێڕی گەل تەنیا شێوازێکی شەڕی گەریلا یان شەڕێک نییە کە تەنیا هەندێک جەنگاوەری تێدابێت. ئێمە باسی بناغەیەکی وا دەکەین کە گەلیش لەخۆ بگرێت و هەموو کۆمەڵگا لە پێگەی پاراستندا بێت. ئەگەر شتێکی لەم شێوەیە ڕوویدا، ئایا ٦٠ فێدایی دەتوانن بە تەنیا بۆ ماوەی ١٠٥ ڕۆژ لە گەمارۆدا شەڕ بکەن؟ دەبوایە هەموو شارەکەش بەشداری ئەو شەڕەیان بکردایە. نەکردنی ئەو کارە ئەوە نیشان دەدات کە ئێمە نەکەوتینە سەر هێڵی شەڕی شۆڕشگێڕی گەل. ئەوەتا لە هەمووی زیاتر لەم بابەتەدا تووشی دژواری دەبینەوە. نەچوونە ناو هێڵەکە بە تەواوی، مانەوە لە دەرەوەی ئەو هێڵە. ئەمەش بەربەستی سەرەکییە لەبەردەم گەشەسەندنی بەسوپابوونمان. هەڵبەتە لەم ساڵانەی دواییدا کۆمەڵێک بەرەوپێشچوونی ڕوون لەم بابەتەدا هاتوونەئاراوە؛ قاڵبوونەوەش زیاتر بووە. ئێمە لەو بڕوایەداین کە هێڵەکە هیچ کێشەیەکی نابێت.
گەورەترین دوژمنمان راهاتن و خووەکانمانن
هەروەها لە پراکتیکدا هەندێک جار هەڵوێستی کۆنەپەرستانە و ئەوانەی نوێ نین دەهاتنە بەردەممان. لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە کوردستان، پارێزگاریخوازی زۆرە؛ گۆڕانکاری ڕوونادات. پێش ئێستا ڕێبەر ئاپۆ زۆر کاتی بۆ ئەوە تەرخان کرد، شیکارییەکی زۆری کردووە، کتێبی ئامادە کردووە و لەو بارەوە پەروەردەی داوە. نەگۆڕین و نوێنەبوونەوەی کەسایەتی کلاسیکی کۆن کێشەیەکی گەورەیە. دەتوانین بە تێکۆشانی خۆمان بەرامبەر بەوە بە گوێرەی بارودۆخی سەردەم و هێڵی خۆمان، پەرە بە سوپابوونی ئاپۆیی خۆمان بدەین. بۆ ئێمە دوژمنی سەرەکی راهاتن و خووەکانمانن. بەرەوپێشنەچوون و دووبارە و دووبارەبوونەوەی هەمان شت هۆکاری سەرەکی زیانی گیانی گەورەن. گۆڕەپانی شەڕ بەردەوام پێویستی بە داهێنان و نوێبوونەوە هەیە. کاتێک مرۆڤ لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەچێت، دەبێت بۆ جاری دووەم لە هەمان شوێنەوە تێپەڕنەبێت. پێویستە مرۆڤ بە تاکتیکێکی نوێ و میتۆدێکی نوێ مامەڵە بکەن. کاتێک مرۆڤ لە چوارچێوەی فێربووندا هەمان شت دووبارە دەکاتەوە، زیانی و دۆڕانی لێدەکەوێتەوە.
تائەو کاتەی ئاستێکی فەرماندەیی پێشەنگی بە جەنگاوەربوو کە لە فەلسەفەی رێبەرایەتیدا قووڵبووەتەوە و بەرەوپێشیبردووە، نەخوڵقێنین و پەرەی پێنەدەین، ئەستەمە کە سەرکەوتن بەدەستبهێنین. بەتایبەتیش ژیانی ئازاد و یەکسانی مۆدێرن کە پشت بە ئازادی ژنان دەبەستێت، لە ناو سوپاکەماندا گرنترین بنەمای ژیانە. هەڵوێستی جەنگاوەری کە سەرکەوتنی لێدەکەوێتەوە، پشت بەستووە بەوەوە. لە پراتیکدا هەمووان باشیان بینی کە هاوڕێی ژنەکانمان کە پشت بەوە دەبەستن چی دەخوڵقێنن و چ جۆرە پێشەنگایەتیەکیان پەرەپێداوە. بەسوپابوونێک کە لە بەرامبەر سیستمی کلاسیکی کۆن، مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، دواکەوتوویی کە پشت بە هەڵوێستی دەرەبەگانە دەبەستن، خۆڕاگری دەکەن، خۆیان نوێ دەکەنەوە و ئاستی پێشەنگایەتی بەدەست دەهێنن و سەرکەوتن مسۆگەر دەکەن. ئێمە بەتایبەتی راوەستە لەسەر ئەو خاڵانە دەکەین و زیاتر بە هەندیان وەردەگرین.