عەگید و جوامێری کانی کوردان: ئاپێ نەمر
وتەیەک هەیە دەڵێ؛ "عەگیدەکان بە مردنێکی ئاسایی نامرن..." ئەوان بە تێکۆشان چارەنووسیان دەنوسنەوە... ئاپێ نەمر یەکێک لەو عەگیدانەبوو. بە عەگیدی ژیا، بە عەگیدییەوە جەنگا و بە عەگیدییەوە کۆچی دوایکرد.
وتەیەک هەیە دەڵێ؛ "عەگیدەکان بە مردنێکی ئاسایی نامرن..." ئەوان بە تێکۆشان چارەنووسیان دەنوسنەوە... ئاپێ نەمر یەکێک لەو عەگیدانەبوو. بە عەگیدی ژیا، بە عەگیدییەوە جەنگا و بە عەگیدییەوە کۆچی دوایکرد.
هەرچەندە زۆر بەها و نرخییان نازانرێت، بەڵام عەگیدەکان گەل و کۆمەڵگەیان هەیە.
ئەوان لە نێو دڵی بەها ئەخلاقی و سیاسییەکانی کۆمەڵگەدا وەکو عەگید دەردەکەون و وەک عەگیدەکان دەژین و هەر وەک عەگیدانیش کۆچی دوای دەکەن.
وتەیەک هەیە دەڵێ؛ "عەگیدەکان بە مردنێکی ئاسایی نامرن..." ئەوان بە تێکۆشان چارەنووسیان دیاری دەکەن.
بەهاکانی کۆمەڵگەیان لەسەرشانە و دەیگەیەنن بە نەوەی نوێ. مێراتێک لە عەگید، جوامێری، قارەمانێتی و وڵاتپارێزییە.
عەگید و میرخاسان نکۆڵییان لێناکرێ. هەرچەندی هەوڵی بیربردنەوەیان بدرێت، سودی نیە چونکی لە بیر و یادەوەری کۆمەڵگەدایە.
لە هەندێک کۆمەڵگەدا پیان دەوترێت شۆڤالی، لە هەندێکی دیکەدا سامۆران، لە هەندێکی دیکەشدا پاڵەوان، لە کوردستانیشدا پیان دەوترێت عەگید...
لە کوردستان ئەو کەسانەی بەرگری لە کۆمەڵگە دەکات و بەهاکانی دەپارێزێت پێیان دەوترێت عەگید. چونکە لە دژوارترین و ئەستەمترین ساتەکاندا لەگەڵ کۆمەڵگەکەیان ماونەتەوە
**
ئاپێ نەمر یەک لەو عەگیدانە بوو. عەگیدی وڵاتێکی داگیرکراو، وڵاتێکی ناسنامە لێ زەتکراو و هەموو شت لێ وەرگیراوە.
ئێرنیست هیمونگوای دەڵێ، "لە شەڕدا هەرچەندی نزیکی بەرەی پێشەوە بیت، ئەوەندە مرۆڤی هێژا و عەگید دەناسی."
منیش ئەو عەگیدە حەفتا ساڵییەم لە سەرسنورێک ناسی، کە خەنجەرێک خرابووە سەر گەردنی وڵاتەکەم. تەمموزی ٢٠١٤ بوو، ئەو کاتەی ئاپێ نەمرم لە سنوری نێوان گوندی چارخلی-عاشمێی کۆبانێ ناسی.
بە جل و پۆشاکێکی دێرینی کوردییەوە ڕێک ببووە پاڵەوانێکی سەردەمی... پێ بە پێ بە تاخم و تفەنگەکەی شانییەوە بەرەو بەرەکانی جەنگ هەنگاومان هەڵدەگرت.
لە چرچولۆچییەکانی نێو چاوانیدا شوێنەواری ئێشی سەدساڵەی گەلەکی هەبوو، لەسەر پل و پەنجە کوڕبووەکانی هەستت بەو هەژاریییە دەکرد کا ساڵانێکە لەسەر گەلەکەی سەپێنرابوو...
بەڵام وەک هەمیشە بە هیوا و باوەڕداری بریسکانەوەی نێو چاوەکانی، بە شانازی ڕەسەنایەتی خۆییەوە بووە عەگید و هاوڕێی شەڕڤانە گەنجەکان...
**
سەرەتای تەمموز بوو، لەو کاتەی چەتەکانی داعش هێرشی سەر کۆبانێیان کرد، ئەو دەڤەرەی کە خاڵی دەستپێکی مێژووی تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ بوو.
٢ی تەمموز هێرشییان دەستپێکرد و دەیانگوت لە ساڵوەگەڕی شۆڕشەکەتاندا لە ١٩ی تەمموز نوێژی جەژن لە کۆبانێ دەکەین.
ئەو فەرمانەی لە ئەنقەرەوە وەریانگرتبوو ئاوها بوو. سیاسەتی دەوڵەتی تورکی سەدساڵە بوو: مردنی کۆبانێ، جەژنی سەردەستەی تورکان!
لە کاتێکی بەجۆرەدا، ئاپێ نەمر بۆئەوەی حەسرەت و هیوایی شۆڕشی سەدساڵەی بپارێزێت، پێ بە پێ بەرەو بەرەی شەڕ دەڕوات.
ناوی ڕاستەقینەی خەلیل عوسمان بوو. بە هۆکاری سیاسەتی هەژاری و بێ دەرتانی ساڵانێکی زۆر وەک کرێکار و کۆڵبەری لە شارە جیاوازەکانی کاری کردبوو. چونکی لە وڵاتی پڕ لە نان و بەرەکەت، بێ نان کرابوو...
کاتێک ئاڵۆزییەکانی سوریا دەستپێدەکات و چەرخی شۆڕش بەرە ڕۆژئاوا دەجوڵی، دەم و دەست بە تفەنگەکەی خۆییەوە ڕوو دەکاتەوە خاکی باو و باپیرانی.
پرسیاری مانای ناوی نەمریم لێکرد، بۆچی نەمر؟ لە وەڵامەکەی ئاپێ نەمر حەسرەت و باوەڕداری سەدساڵە هەبوو: "شۆڕشم بینی. ئیدی من نامرم. تا شۆڕش نەگات بە ئامانجەکەی هیچ هێزێک ناتوانێ من بکوژێت."
بۆ مەگەر لە وڵاتێکی ژێردەستە و داگیرکراودا ژیان هەموو ڕۆژێک مردن نیە؟ مردنی بە شکۆ و بەنەمری مانەوە پاش هەڵکێشانی یەک هەناسەی ئازادییە...
**
هێرشەکان بەردەوام بوو، ئاپێ نەمر وێڕای بە تەمەنێیەکەی لە بەرەیەکەوە دەڕۆشتە بەرەیەکی دیکە. هەنگاو بە هەنگاو عەگیدی لە خۆیدا هەڵگرتبوو...
شەڕ بەسەختی دەستپێکرد؛ من و هاوڕێی ڕۆژنامەوانم عەبدولڕەحمان گۆک لە سەنگەرێکی بەرەی ڕۆژهەڵاتی کۆبانێدا جارێکی دیکە ئاپێ نەمرمان بینییەوە.
لەو ڕۆژانەدا لە بەرامبەر ورتە ورتی گورگە بۆرەکاندا کە دیانگوت 'کۆبانی کەوت و لە کەوتندایە' هەڵهەڵەی ئارینانەکان لە مشتەنور بڵند دەبوویەوە، ئاپی نەمرمان لە سەنگەرێکی بەرخۆداندا بینی.
٧٠ ساڵی بوو، لە سەرنگەرەکەدا وەک عەگیدێکی پۆڵایین سەنگەری خۆی گرتبوو، مۆراڵ و هێزی دەدا بە شەڕڤانە گەنجەکان.
لە سەنگەرەکەی ئاپێدا گەریلایەکی تەمەن ١٨ ساڵی هەبوو، ناوی نەفەل بوو. نەفەلی کوێستانەکانی بۆتان کاتێک دەبینێت مەترسی لەسەر شۆڕش هەیە، ڕوودەکاتە کۆبانێ. ئێستا ئەو و ئاپێ نەمر لە هەمان سەنگەردان.
ئاپێ نەمر لە نەفەل دەڕوانێ و دەڵێ، "فەرماندەی منە، من شەڕڤانی ئەوم." کولتووری جوامێرێتی سەما یوجە و فکری بایگەلدیاندا زیندووبوەتەوە لەم سەنگەرەی کۆبانێدا پەڕێوەتەوە بۆ قۆناغێکی دیکە.
لەگەڵ یەکتردا قسەمان دەکرد، بەڵام ئەو بۆ یەکساتیش چاوی لەسەر بەرەی دووژمن لانەدەدا. داوای پاراستنی وڵات و شۆڕش دەکات و دەڵێت هیچ کاتێک خاکەکەمان بۆ داگیرکەران جێناهێڵیین.
وە ئەمەی وت: "من کەسێکی خاوەن موڵک و ماڵێکی زۆر نیم، لە کۆبانێ خانوویەکی دوو هۆدەییم هەیە. خۆم و دوو کوڕم بۆ پاراستنی ئەو دوو هۆدەیە شەڕ دەکەین. ئەوێ مەنزڵی بیر و باوەڕمانە چۆن دەکرێ دەستبەرداری ببین؟"
**
لە لایەکەوە هەندێک کەس لە چاوەڕوانی کەوتنی کۆبانێ و ڕاگەیاندنی خەلافەتی خۆیاندا بوون، لە لایەکی دیکەوە بەرخۆدانی عەگیدانی هاوشێوەی ئاپێ نەمر مەزنتر دەبوو.
قوربانیدانی بەرخۆدان پێویستی بوو. ئاپێ نەمر ئەو قوربانیییەی دا. بریندار بوو، بەڵام نەبووە نیگەرانی بۆی. لەبەرئەوەی عەگید بوو و لە باوەڕی عەگیداندا نیگەرانی بوونی نیە.
بۆ وەرگرتنی چارەسەر نێردرایە باکووری کوردستان، ئەما لە سنور دوورنەکەتەوە. چاو و دڵ و ڕۆحی لای کۆبانێ بوو.
دوای مانگێک ئاڵای سەرکەوتن و شکۆ لە کۆبانێ بەرزکرایەوە. ئاپێ نەمر گەڕایەوە و بە دەستەکانی ئاوەدانکردنەوەی شارەکەی دەستپێکرد. شارێکی وێران بوو، ئەما سیمبوڵی حورمەت و شەرفی کوردستان بوو بەرامبەر هێرشی تاریک پەرستان.
دیسانەوە قاڕەقاڕی خوێن مژ و نەیار لە ئەنقەرە بوو، شکستی قبوڵ نەدەکرد و هەڕەشەی 'ئەم شەڕە کۆتای نەهاتووە'ی دەکرد.
٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٥ چەتەکانی داعش جارێکی دیکە ڕوویان کردەوە لە کۆبانێ، دەیانویست تۆڵەی خۆیان لە گەلی بێ-چەک بکەنەوە. ئاپێ نەمر لەو بەرخۆدانەدابوو و کوڕێکی لەو پێناوەدا شەهید ببوو.
**
وێڕای ئەوەی ئاپێ نەمر موڵکەکەی لەدەستدابوو، بەڵام لە هەموو جێگە و شوێنی شارەکەدا لە کارکردندا بوو. قسەیەک هەیە دەڵێت ئەوەی بە ڕەنج بەدەسنەهێنرابێت قەدری نازانرێت. ئاپێ نەمر بەو قوربانیدانەوە بەشداری ئاوەدانکردنەوەی خاکەکەی بوو.
بەڵام لە دوای شەڕ، سەرباری ئەوەی هەموو دەرفەتێکی بۆ ڕەخسابوو، ئەو شتێکی دیکەی هەڵنەبژارد و گەڕایەوە خانووە بچووکەکەی خۆی لە کانی کوردان و لەگەڵ نەوەکانیدا لەوێ مایەوە...
**
ئاپێ کەسێکی بەوەفا و بەخشندەبوو. لەوکاتەی لە باکووری کوردستان مابوویەوە بەو بریندارییەوە یەکەم کاری سەردانیکردنی بنەماڵەی شەهید نەفەل بوو لە سێرت.
لە کاتی ڕزگارکردنی کۆبانێ و گوندەکانی کۆبانێدا، نەفەلی گەنج لە گوندی بەخدکێ شەهید ببوو. ئاپێ نەمر ئەمەی بە بنەماڵەی نەفەل وتەوە: "نەفەل کچ و هاوڕێ و فەرماندەی من بوو. ئازاری لە دەستدانی نەفەل لە ئازاری ئازاردانی کوڕەکەم زیاتر بوو."
ساڵی ٢٠٢١ جارێکی دیکە لە کانی کوردان بوومە میوانی ئاپێ نەمر، وێنەی شەهید نەفەلی بە دیواری هۆدە بچوکەیاندا هەڵواسیبوو و پیشانی دام و پێی گوتم: "ئەزانی هەموو ڕۆژێک لەگەڵیدا قسەدەکەم..."
**
١٠ ساڵ بەسەر ئەو رۆژگارە پڕ لە ئێش و بەرخۆداندا تێپەڕبوو و ئاپێ نەمریش تەمەنێکی پڕ لە عەگید و وڵاتپارێزی تێپەڕکرد و کراسەکەی خۆی گۆڕی.
بە عەگیدایەتییەوە ڕۆحی سپارد... لە لایەکی دیکەوە نەفەل ڕوکەن پێشوازی لێدەکات و بانگهێشتی دیوانی عەگیدانی دەکات...