دەستگیرکردنی ژنان لە وان شەرمەزارکرا

دەستگیرکردنی چالاکوانانی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) بە چالاکیەک لە وان شەرمەزارکرا.

تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) دەستگیرکردنی ئەندامانی بە ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی سیاسی لە ئەنقەرە، لە وان شەرمەزار کرد.

بەم ئامانجە لە کۆڵانی هونەر راگەیەندراوێک خوێندرایەوە. لە کاتی خوێندنەوەی راگەیەندراوەکەدا پانکارتی 'ژن ژیان ئازادی' خوێندرایەوە.

موعەزەز ئۆرهان پەرلەمانتاری هەدەپەی وان دوای راگەیەندراوەکە قسەی کرد و رایگەیاند کە دەسەڵات بۆ ئەوەی کارە نایاسای و تاڵانەکانی بشاریتەوە هێرش دەکاتە سەر ژنان.

موعەزەز ئۆرهان وتی، " دەسەڵاتی ئاکەپە بۆ رزگاکردنی دەسەڵاتە تێکشکاوەکەی لەبەرامبەر ژنان کە گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنن، دەستی بە ئۆپراسیۆن کردووە. ئێمە باش لە مەبەستی ئۆپراسیۆنەکە دەزانین. بە یاسا و سیاسەتیەکانیان هەوڵ دەدەن دەسەڵاتی خۆیان لەسەر ئیرادە، جەستە و ژیانی ژنان بنیات بنێن. بۆیەش بە فشار، دەستگیرکردن دەیانەوێت ژنان سەریان دانەوێنن و لە ماڵەوە رایانگرن."

موعەزەز ئۆرهان رایگەیاند، لەبەرامبەر سیاسەتی زۆردەستی دەسەڵات هەموو کاتێک لە گۆڕەپانەکان دەبن و وتی، " سەرمان لەبەرامبەر فشارەکان دانانەوێنین. ئەم ئۆپراسیۆنە لەبەرانبەر تەژەئا لەدژی هەموو ژنانە کە بۆ ئازادی و دوارۆژیان تێدەکۆشن. جارێکی دیکە بەبیری دەهێنینەوە کە بە سەدان هەڤاڵمان، ژنانی ئازاد بۆ ئازادی گەلان تیدەکۆشن ئەمڕۆ لە زیندانەکاندان. چەندین ساڵە فشار، چەوساندنەوە و شەڕی تایبەت بەرانبەر ژنان بەڕێوە دەبریت. ژنان ئاگاداری ئەوەن. ئێمە لەدژی مێشکی تاکپەرەست تیدەکۆشین و خۆمان رێکدەخەین. فشار، توندی، هێرش ناتوانن هەنگاوەکانمان خاو بکەنەوە. تاوەکو ئێستا گۆڕەپانەکانمان چۆڵ نەکرد و لە ئیستاش بەدواوە چۆڵی ناکەین."

چالاکی ژنان بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' و 'بژی بەرخۆدانی ژنان' کۆتایی هات.

ف.ق