هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و بۆردومانەکانی دەوڵەتی ئێران جگە لە زیانی ماددی زۆر، لە چچەند ساڵی رابردوودا زیانی گیانی زۆریشی لێکەوتووەتەوە.
رێکخراوی ئاشتیپارێزی CPT ی ئەمریکی کە بە وردی کار لە سەر تۆماری ئەو هێرش و پەلامارانە دەکات، دۆسیەی ٨٦٨ شەهید و برینداری هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و بۆردومانەکانی دەوڵەتی ئێرانی بۆ سەر ناوچە چیاجیاکانی هەرێمی کۆکردووەتەوە.
ئەندامانی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی ئاشتی پارێزی CPT بە مەبەستی گرتنەبەری رێکار بۆ قەرەبووکردنەوەی بنەماڵەی شەهید و بریندارەکان دۆسیەی ئەو کەسانە لە نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراق لە گەڵ سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمان کۆبوونەوە و تاوتوێی ئەو باسەیان کرد.
ئەو رێکخراوە ناحکومیە لە رێگەی کۆکردنەوەی ناو و زانیاری تەواوی قوربانیانی هێرشە داگیرکەرییەکان و بۆردومانەکان، کار دەکات بۆ ئەوەی ئەو کەسانە لە رێگەی حکومەتی عێراقەوە قەرەبوو بکرێنەوە.
تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٦ هاووڵاتی مەدەنی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دوو هاووڵاتی مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە شەهید بوون و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی CPTی ئەمریکی لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە تائێستا نزیکەی ١٦٠ هاوڵاتی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکەوە شەهید بوون و ٢٢٨ کەسیش برینداربوون، ئەمە جیا لەسەدان کەسی مەدەنی دیکە، کە لە ساڵانی پێشووتردا بە هۆی هێرشەکانی ئەو دەوڵەتەوە شەهید و برینداربوون.
هەروەها بەهۆی تۆپباران و بۆردومانەکانی ئێرانیشەوە ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی مەدەنی هەرێمی کوردستان شەهید و برینداربوون.
هـ . ب