دوران کاڵکان: پێنوس، کامێرا و چەکی تۆ بە دەستی هاوڕێیانتەوەن!- نوێکراوەتەوە

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە دوران کاڵکان لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەبارەی شەهیدانی راگەیاندنی ئازاد و چالاکییەکانیان قسەی کرد و باسی لە دوانامەی شەهید سەید ئەڤران کرد. کاڵکان وتی: "پێنوس، کامێرا و چەکەکەت بە دەست هاوڕێیانتەوەن".

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە دوران کاڵکان باسی لە پێشەنگانی تێکۆشانی ئازادیی کورد، شەهیدانی راگەیاندنی ئازاد غوربەتلی ئەرسۆز، عەلیشێر کۆچگری و سەید ئەڤران کرد. کاڵکان رایگەیاند: "تا کۆمەڵگا هەبێت، ئیرادەی ئازاد، خواست، ئامانج و زانابوونەوە دەبێت، زۆر ئاشکرایە کە ئەو تێکۆشان و خەباتەی بەردەوام دەبێت".

کاڵکان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لە دوا نامەی سەید ئەڤران کرد و وتی: "وەک کۆتا وەسیەتی بە ئێمەی وت، 'لە خۆشی و خۆشەویستیدابن'. ئێمەش دەڵێین کە تۆ ئاسودە بە، پێنوس، کامێرا و چەکی تۆ لە دەست هاوڕێیانتدان. درێژە بە ئەرکی رۆژانەیان دەدەن".

چاوپێکەوتنەکەی ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دوران کاڵکان بەم جۆرەیە:

لەسەر ناوی بەڕێوەبەرایەتی پارتەکەمان هاوڕێ سەید ئەڤران بە رێز و پێزانینەوە یاد دەکەمەوە.

وەک دوا وەسیەت و راسپاردەش بە ئێمەی وت، لە خۆشی و خۆشەویستیدا بمێننەوە. ئێمەش دەڵێین تۆ ئاسودە بە. پێنوس، کامێرا و چەکی تۆ بەدەست هەڤاڵانتەوەیە. درێژە بە ئەرکە رۆژانەکانیان دەدەن. لەسەر شەهیدبوونی هاوڕێکەیان هەموو خۆسەویستانی جارێکیتر خۆیان خستە بەر لێپرسینەوە. پێداویستیەکانی ئەرک و بەرپرسیاری خۆیان هەڵسەنگاندەوە، بۆ ئەوەی لە سەر بنەمای رەخنە و رەخنەدان چەندەیان جێبەجێ کردووە. خۆیان بە ئیرادەتر، رژدتر و پێداگرتر کرد. ئەو تێکۆشانەی لەسەر بنەمای ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد بەڕێوەی دەبەین، لە قۆناغی بەردەمماندا بە بەهێزتر بەرەوپێش دەچێت. بە دڵنیاییەوە یادی هەموو شەهیدان بە زیندوویی رادەگرن، ئامانجەکانیان دەگەیەننە سەرکەوتن.

لە مەزڵوم دۆغانەوە تا سەید ئەڤران...

بەراستیش لە مەزڵوم دۆغانەوە تا سەید ئەڤران، سوپایەکی راگەیاندنی ئازادمان هەیە. بزوتنەوەی ئازادیمان توانی بەشێکی بەم جۆرە دابمەزرێنێت. سوپای شەهیدانی راگەیاندنی ئازادی هێنایە کایەوە. ئەمجارە ئێمە لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا ٢٨ی ئەیلول ١٢یەمین ساڵیادی شەهیدبوونی هاوڕێ عەلیشێر کۆچگرییە کە وەک هاوڕێ سەید ئەڤران، لە سەرەتای ١٩٩٠ بەشداربوونێکی گەورەی لە راگەیاندنی ئازاددا هەبوو. هاووڕێیان رۆستەم، چیچەک، رۆزەرین لە خواکورک لە هێرشی دوژمندا شەهیدبوون. ئەو کاتیش وەک ئێستا تێکۆشانمان دژوار بوو. بڕیارداری سەردەمیان دیاریکرد. لەو چوارچێوەدا هاوڕێیان عەلیشێر کۆچگری و هاوڕێیانی ئەو کە لەگەڵیدا شەهید بوون ، لە ١٢یەمین ساڵیادی شەهیدبوونیاندا بە رێز، خۆشەویستی و پێزانینەوە بە بیردەهێنمەوە.

هەروەها هەفتەی یەکەمی مانگی تشرینی یەکەم ٢٦ەمین ساڵیادی شەهیدبوونی هاوڕێ زەینەبە، واتە هاوڕێ غوربەتلی ئەرسۆز کە لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠ وەک هاوڕێ سەید و عەلیشێر رەنجی گەورەی لە راگەیاندنی ئازاد لە باکووری کوردستان و تورکیادا کێشابوو. لە ٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٧ لەگەڵ ٢٥ هاوڕێدا شەهیدبوو. کاتێک لە زاپ، مەتینا و گارە کە ئێستا داستانی بەرخودان دەنوسنەوە، خەباتیان کرد، تێکۆشان، شەڕیان کرد و شەهیدبوون.

ئەو دوژمنەی هێرش دەکات، هەمان دوژمن بوو. دەوڵەتی تورک خیانەتی پەدەکە هاوکارییان کردبوو و هێرشیان کردبوو. بە هێرشێکی لەو جۆرە یەک لە بەنرخترین خەباتکاران و جەنگاوەرانی راگەیاندنی ئازاد؛ هاوڕێ زەینەب شەهیدبوو. لە سەر ئەو بنەمایە غوربەتلی ئەرسۆز و ٢٥ هاوڕێی کە لەگەڵیدا شەهیدبوون، لە ٢٦ەمین ساڵیادی شەهیدبوونیاندا بە رێز، خۆشەویستی و پێزانینەوە بە بیر دەهێنمەوە.

بە زیندوویی راگرتنی ئەو هاوڕێیانە و سەرخستنی ئامانجەکانیان، بەڵێن و بڕیارداری بنچینەیی بزوتنەوەکەمان و هەموومانە. بۆ سەرخستنی ئامانجەکانی هاوڕێ زەینەب ٢٦ ساڵە، ئێمە بە بڕیارداری تێدەکۆشین. لە ئێستا بە دواشەوە بەردەوام دەبین. وەک هەڤاڵ سەید رایگەیاند ئەو چیرۆکە بەردەوام دەبێت. رێبەر ئاپۆ وتی؛ پەکەکە رۆمانێکی بێ کۆتاییە، هۆنراوەیەکە. بەڵێ نوسینەوەی رۆمان بەردەوامە، چیرۆک بەردەوامە، تێکۆشان بەردەوامە. ئێمە لەو بڕوایەداین کە تا دەسەڵاتداری و سیستمی دەوڵەتپارێز، ئەقڵیەت، هەست و سیاسەت کە ئافرێنراوە، لە ئارادا نەمێنێت و تا مرۆڤایەتی نەگاتە ئاستێک کە لە سەر بنەمای ئازادی ژن بە ئازادی بژی، ئەو تێکۆشانە بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەر و پێشەنگی خەباتی راگەیاندن رێبەر ئاپۆیە

کاتێک لە مێژووی تێکۆشانی ئازادی خۆمان دەڕوانین، ئێمە مێژووی خەباتی راگەیاندنی ئازادیش بە لقێک لەو مێژووە دادەنێین. بە دەربڕینێکی دیکە، یەک لەلایەنە مێژووییەکەمان، بواری خەباتی پڕۆپاگەندە و بانگەشەیە. ئێمە لە سەرەتدا ئەوەمان بە زارەکی دەکرد. دواتر ئێمە لێکۆڵینەوەمان لەسەر بنەمای پڕۆپاگەندەی چەکداری کرد. هەڵبەت لەو قۆناغەدا راگەیاندنیش دەستیپێکرد. لە ساڵانی ١٩٩٠ەوە ئێمە بە زۆری لە رێگەی راگەیاندنەوە خەباتی پڕۆپاگەندە و بانگەشەمان ئەنجام دەدەین.

بێگومان پێشەنگ، بەڕێوەبەر و رێبەری ئەو خەباتە، زیاتر لە هەموو خەباتەکان رێبەر ئاپۆیە.

لەو خەباتانەدا هەنگاوە سەرەتاییەکان چۆن هەڵگیران، من دەیزانم. لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکەم ساڵیادی شەهیدبوونی هاوڕێ حەقی قەراردا رێبەر ئاپۆ بە ناونیشانی "بۆ یادی حەقی قەرار" یادکردنەوەیەکی ٧ لاپەڕەیی نوسی. هەڤاڵ فوئادیش هۆنراوەیەکی نوسی، ئێوە دەزانن، هۆنراوەی "من مرۆڤ بووم". بەراستی دەتوانم بڵێم وێژەی حزبەکەمان بەوانە دەستیپێکرد.

رێبەر ئاپۆ پێشتر رەشنوسی بەرنامەی حزبی ئامدەکردبوو. پرۆپاگەندەی زارەکی و خەباتی پەروەردەیی ئێمە کە تا ئەو کاتە بەڕێوەدەچوو، هەنگاو بە هەنگاو گۆڕدرا بۆ ماددە و کەرستەی نوسراو. لەو کۆبوونەوەدا کە لە بەهاری ٧٨ سازکرا بڕیاردرا کە دەستەی بڵاوکردنەوەی ناوەندی دروست بکرێت و بڵاوکراوەیەکی ناوەندی وەک گۆڤار لەسەر بنەمایەکی ژێرزەمینی و نایاسایی بڵاوبکرێتەوە. لە ناوەندی ئامەد دەستەیەکی بەو جۆرە دامەزرا. منیش تیایدا بەشداربووم.

رێبەر ئاپۆ سەرپەرشتی دەکرد. هەڤاڵانمان مەزڵوم و خەیری ئەندامی سەرەکی بوون. فاتمەش لەناو ئەو دەستەیەدابوو. لە مانگی حوزەیراندا کۆبوونەوە سازکرا. ئێمە لە کاتی جیاجیادا کۆبوونەوەی دەستەی نوسینمان سازکرد. رێبەر ئاپۆ هەڵسەنگاندنی کرد. ئێمە چۆن ئەو کارە بکەین؟ ئێمە چەندین جار گفتوگۆمان کرد. پلان، پڕۆژە و بەرنامەمام ئامادە کرد. لەلایەکەوە، ئێمە بەرنامەی وتارەکانمان سازکرد. هەڤاڵ مەزڵومیش دەستی بە نوسین کرد. لەلایەکی دیکەوە هەوڵماندا کە ئامێر و کەلوپەلی چاپکردن بەدەستبهێنین.

چاپی یەکەم ژمارەی سەرخۆبوون

رێبەر ئاپۆ لە مانگی تەمووزدا لە ئامەد مانیفیستۆی "رێگەی شۆڕشی کوردستان"ی نوسی. بەراستیش ئەوە بۆ خەباتی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئێمە زۆر گرنگ بوو. ئێمە لە مانگی ئابدا رێگەی شۆڕشی کوردستانمان بۆ چاپکردن ئامادەکرد. وەک دەستەی بڵاوکردنەوە ئێمە ئەوەمان لەبەر چاوگرت، لە سەر کاغەزی مۆمی تایپمان کرد. ئێمە چوارچێوەیەکمان ئامادەکرد. ئێمە ئەو لێکۆڵینەوانەمان لە ئامەد کرد. ناوەندی سەرەکیەکەی لە ئامەد بوو، بەڵام ئێمە بەرەو دیلۆک و چەولیگیشمان گواستەوە. یەکێکیشیان بەرەو دێرسیم چوو. ئێمە کارەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی رێگەی شۆڕشی کوردستانمان تا ئەو شوێنانە برد.

لە ئەنجامدا ئێمە بەو سیستمی چاپەمەنیەی کە ئامادەمان کرد، چوارچێوەکەیمان لە ئامەد چاپ کرد. ئێمە ئەوەمان بەو کەلوپەلانە دروست کرد کە خۆمان دۆزیبووماننەوە و ئێمە چاپێکمان دروست کرد کە بەراستیش لە چاپی ئۆجیناڵەوە نزیک بوو. ئێمە شەوێک تا بەیانی لە ماڵێک کە لە باغڵەر ئامادەمانکردبوو، چوارچێوەکانی پێنج-شەش ژمارەمان چاپ کرد. رێبەر ئاپۆ تا بەیانی هات و رۆیشت. ئەو چاودێری کرد و وردبینی کارەکانی ئێمەی کرد. بە راستیش حیسابی کرد کە ئایا ئێمە چی بکەین، ئێمە چۆن بکەین، ئێمە چەندە دەتوانی ئەنجامی بدەین، ئایا دەتوانین بیکەین. ئەوەی هەڵدەسەنگاند ئێمە چەندە لێهاتووبین و ئێمە چەندە بتوانین ئەو کارانە بگەیەنینە سەرکەوتن.

لە کۆتاییشدا ئێمە هەم بەرگەکە و هەمیش ئامادەکارییەکانی دیکەمان برد بۆ چەولیگ. ئێمە لە چەولیگ بە ئامێری تایپ نوسیمان. ئێمە لە ماوەی پشووی جەژندا لە سەرەتای مانگی ئەیلول لە رێگەی بەکارهێنای ئامێری چاپەوە سەرلەنوێ چاپمان کردەوە. پێموابێت جەژ لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا کۆتایی هات و ئێمە چاپکردنەکەمان گەیاندە کۆتایی. کاتێک ئەوەمان تەواو کرد زۆر دڵخۆش و پڕ جۆش بووین. ئێستاش کاتێک سەرخۆبوون چاپ دەبێت و هەموو رۆژێک بڵاودەبێتەوە، هاوڕێیان لە دڵخۆشی سەرکەوتندان، ئەو کاتیش وەک ئەو کەسانەی چاپخانە بەڕێوەدەبەن، ئێمەش بەو جۆرە دڵخۆش بووین. ئێمە چەند سەد دانەمان چاپ کردبوو. ئێمە ئەوەمان گۆڕی بۆ گۆڤار و خستمانە سەر بەرگ. بڕیارماندا کە یەک لە سەر سێیان یاخود نزیکەی نیوەیان بۆ دواتر بشارینەوە و نزیکەی زیاتر لە نیوەشی سەرەتا بڵاوبکەینەوە. نزیکەی یەک لە سەر سێ یاخود نیوەیمان رادەستی هەڤاڵ حسێن دورموش کرد کە هەڵیانبگرێت. ئەو کاتە بەرپرسیاری چەولتگمان بوو. کاتێک کە بردنی تا بیانشارێتەوە ئەویش گیرا. دەستیان بە سەر هەموو ژمارەکانی گۆڤاری سەرخۆبووندا گرت کە دابوومانە ئەو. هەربۆیە ئەم بڕیارەمان دا؛ ئێمە لە سەرەتای سەرەتاوە و لە ئاستی باڵادا بڵاوی بکەینەوە. با لە هەموو شوێنێک بڵاو ببێتەوە تا کۆکردنەوەی لەلایەن دوژمنەوە ئاسان نەبێت، چونکە ئەگەر بە تەواوەتی دەستیان بەسەردا بگیرێت هەموو شت لە دەست دەچێت.

ئەو دەست بەسەرداگرتنە بۆ ئێمە بووە وانەیەکی گەورە. ئێمە ئەوەی مابووەوە بڵاومان کردەوە، ئەگەر مرۆڤ سەرنجی بداتێ، بۆ کۆنگرەی دامەزراندنی پەکەکە کە لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ١٩٧٨دا سازکرا، سەرەکیترین و بنچینەیی ترین بابەت نوسین و بڵاوکردنەوەی مانیفیستۆی رێگەی شۆڕشی کوردستان بوو. ئەوەش بووە یەکەم ژمارەی گۆڤاری سەرخۆبوون.

دواتر ئێمە وەک ژمارەیەکی تایبەت بە ٤ پێنج جۆری دیکە تا تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی ٧٩ درێژەمان پێدا. دواتر هەڤاڵ مەزڵومیش دەستگیرکرا، دەست بە سەر چاپخانەکەمانیشدا گیرا. خەباتی چاپ و بڵاوکردنەوەمان راگیرا.

من دەزانم کە ژیاندنەوەی رێکخستن لە دەرەوەی وڵات، لە گۆڕەپانی لوبنان- فەلەستین بە ئەنجام گەیشت. لە پلانێک کە دوای کۆنفڕانسی یەکەمی پەکەکە لە تەمووزی ١٩٨١ لە دۆڵی بیقاع سازکرا، یەک لە بڕیارە گرنگەکانیش چاپکردنی گۆڤاری سەرخۆبوون لە ئەوروپا بوو وەک ئۆرگانی بڵاوکردنەوەی ناوەندی. بەڕێوەبەری ناوەندیمان بە گوێرەی ئەوە کارەکانی دابەش کرد. گروپێک لە هەڤاڵانی ناوەندەکەمان بۆ ئەوەی ئەو خەباتە بەڕێوەببەن بەرەو ئەوروپا ئەرکدار کران.

ئەوەی بە زۆری لە ناوخۆی وڵات خەباتی تیۆریکی بەڕێوەدەبرد رێبەر ئاپۆ بوو. لە زستانی ٨١-٨٢دا رێبەر ئاپۆ خەباتێکی تیۆریک، لێکۆڵینەوە و شرۆڤەی بەڕێوەبرد. ئەو ئەندێشەکانی خۆی بە زارەکی باس کرد. ئەوانە نوسرانەوە، پێداچوونەوەیان بۆکرا و گۆڕدران بۆ کتێب و هێڵی سەرەکی ستراتیژییان لە خۆدەگرت. کۆنگرەی دووەم ئەو کتێبانەی پەسەند کرد. سەردەمی دووەمینی بە پارتیبوون، قۆناغی هەڵمەتی ١٥ی ئاب، لە سەر لێکۆڵینەوەیەکی تیۆری قووڵی بەو جۆرە بەرەوپێشچوو.

سەرخۆبوون.. درێژخایەنترین چاپ و بڵاوکردنەوە

ئەمانە لە هەمان کاتدا ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی سەرخۆبوون بوون. ئێمە لە ئەنجامی کۆنفڕانسەوە دەستمان پێکرد و هەموو خەباتی تیۆریکمان کۆکردەوە، ناردمان بۆ ئەوروپا و لە کانونی دووەمی ١٩٨٢ یەکەم ژمارە بڵاوکرایەوە.

زۆر باش لەبیرمە کە ژمارەی یەکەم گەیشتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لوبنان و سوریا. رێبەر ئاپۆ بۆ بەرەوپێشچوون چەندین رۆژ هەوڵیدا. کاتێک بیستی کە گەیشتووەتە فڕۆکەخانە، لەبەر دەرگا بە جۆش و خرۆش چاوەڕێی وەرگرتنەوەی بوو. ئێمە هێشتاش لەبەر چاومانە کەچۆن پاکەتەکانی هەڵدەپچڕی و بەوردی سەیری یەکەم ژمارەی دەکرد. ئەوەندە جۆش و خرۆشی دەبەخشی و ئەوەندە کاریگەر بوو! ئێستا سەرخۆبوون هەژماری ٥٠٠ەمینی مانگی ئابی رابردوو بڵاوکرایەوە. لە ئەیلولدا دەست بە ٥٠٠ دووەم دەکەین، ژمارەی ٥٠١ەمین بڵاودەکرێتەوە. هەڵبەت ٢٠-٣٠ ژمارەی تایبەتیش هەیە، جگە لە ژمارەی ئاسایی مانگانە، ژمارەی تایبەتیش هەبوون. لە ساڵانی ٧٨-٧٩ لە کوردستان یەکەم سەرەتای ئەوەیە کە وەک نایاسایی پێنج – شەش ژمارەی بڵاوکرایەوە. ئەگەر مرۆڤ هەموو ئەوانە لەبەر چاوبگرێتم دەگتە ژمارەی ٥٢٠-٥٣٠. چاپ و بڵاوکردنەوەی سەرخۆبوون بە شێوەی رێکوپێک و بێ پچڕان لە مێژووی کورداندا یەکەمینە. لە راستیدا لە مێژووی شۆڕشەکاندا یەکەمینە. یەک لە گەورەترین رووداوەکانی مێژووە کە بزوتنەوەیەکی وەک پەکەکە کە لەهەلومەرجی دژواردا سەرباری هێرشی داگیرکەری و قڕکردن لە کوردستان و وێڕای پیلانگێڕی نێونەتەوەییش تێکۆشانی ئازادی بەڕێوەبرد و خەباتی راگەیاندنی کرد و٤٢ ساڵە بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی مانگانە. وێڕای هێرشەکانی وەک پیلانگێڕیی نێونەتەوەییش بە شێوەی بێ پچڕان بڵاوکرایەوە. ئەمە یەک لە گەورەترین سەرکەوتنەکانی شۆڕشی ئازادیی کوردستانە. ئەوە گەورەترین سەرکەوتنی شۆڕشە. سەرخۆبوون لێرەبوو بە دەنگی شۆڕش. بووە یادگە و زیندووبوونی. هەست، رامان و تێزەکانی رێبەر ئاپۆ هەموویان لەوێ بڵاوکرانەوە. حزب، شەڕڤانەکانی ئازادی، گەلە وڵاتپارێزەکەمان و مرۆڤایەتی پەروەردەکرد و رۆشنی کردنەوە. هێشتاش بەردەوامە لە رۆشنگەری. ئەرکی رۆشنگەرانەی خۆی بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەبات.

دۆستان هێزی گەورەی لێوەردەگرن و بە دڵنیاییەوە دوژمنیش رقی لێیەتی. لەبەر ئەوەی لە رابردوودا دەیانگوت کە بۆچی نەمانتوانی رێگری لێبکەین. دیارە کە گوشارەکانیان زیاتر دەکەن، زیاتریش دەبێت.

خەباتی ڕاگەیەندنمان سەرلەنوێ گواستەوە بۆ باکوور

دووەمین خەباتی ڕاگەیاندنمان لە ساڵی ١٩٨٢ بەدواوە لەسەر ئەوروپا بوو. ئەویش یەکێک له بەرھەمەکانی دیموکراسی ئەوروپایە بۆ گەلی کوردستان و تێکۆشانی ئازادی کوردستان، کە تا چ ڕادەیەک پێی دەڵێن دیموکراسی. دواتریش بەرەوپێشچوون و گەشەکردنی ڕاگەیاندن لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتە. لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکان لە تورکیا و باکووری کوردستانەوە دەستپێدەکات و بەرەو باشوور دەگوازرێتەوە. لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووش، لە ڕۆژئاوا، لەسەر ھێڵی لوبنان-سوریا، چاپ و بڵاوکردنەوەی عەرەبی و کوردی بە شێوەی گۆڤار پەرەی سەند. پاشان لە ھەرێمی ڕۆژهەڵات بڵاوبووەوە. بێگومان خەباتی ڕاگەیەندنی ئێمە لە ئیستەنبوڵ و ئامەد ئەنجام دەدرێن کە لە گرنگترین شوێنەکانن کە تێیاندا زۆرترین شەڕ و زۆرترین تێکۆشان دەکرێت. ئەوانەم بە باشی لەبیرە. ئەزموون و ئامادەکارییەکان لە ئەوروپاوە گواسترانەوە.

وەک لە وڵاتدا؛ ئەگەر لە ئامەدەوە دەستی پێکردبێت، لەسەر هێڵی ئامەد، خارپێت و چەولیگ جێبەجێ بوو و لەوێشەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا بڵاوبووەوە، لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا جارێکی دیکە لە ئەوروپاوە بەرەو تورکیا و کوردستان گواسترایەوە. لە ساڵانی ٨٧-٨٨دا لەسەر ئەو بابەتە خەباتی گەورەی ئامادەکارمان کرد. ئێمە ئامادەکاری و لێکۆڵینەوەی زۆرمان کرد. ھەلومەرجەکان تاچەند گونجاون، دۆخی یاسایی چەندە ڕێگە دەدات؛ لەبارەی ھەموویان لێکۆڵینەوەمان کرد. هەندێک کۆمەڵە دامەزران، گۆڤار و ڕۆژنامە چاپ و بڵاوکرانەوە. پێمان وابوو ئێمەش دەتوانین یەکێک لەوانە بین و سوود لەو ژینگەیە وەربگرین. لە بەهاری ساڵی ١٩٨٨ دەستمان بە دەستپێشخەرییەکی گواستنەوە لە ئەوروپاوە کرد. دواتر دەستگیرکراین؛ دەزانرێت لە زینداندا چاودێری دەکراین.

ئەوانەی ئێمەیان گرتبوو، بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی ئەو کار و خەباتانەمان هەوڵیان دەدا تاوانبارمان بکەن. چاودێری کار و خەباتمانیان لە بواری ڕاگەیاندن، چاپ و بڵاوکردنەوە دەکرد و خەباتی بانگەشەیان بە تاوان دادەنا. لەڕادەبەدەر دژی فکری پەکەکە بوون. دژی ئازادی، یەکسانی و دیموکراسی بوون. دژی ئازادی کورد بوون. وەک ئەوەی لە تاعون بترسن، لەوە دەترسان و هەڵدەھاتن. لەسەر ئەو بنەمایەش دەیانویست ڕێگری بکەن. بەڵام ئێمە پێشکەوتنمان بەدەستهێنابوو. نەیانتوانی ڕێگری لە ئامادەکارییەکانمان بکەن. ساڵی ١٩٨٩ یەکەمین خەباتی ڕاگەیاندنمان لە ئیستەنبوڵ بە گۆڤاری "ڤەژینی جڤاکی" دەست پێکرد. هەڤاڵانمان و وەڵاتپارێزانمان لە ساڵانی ١٩٧٨-١٩٧٩ وەک گۆڤاری سەرخۆبوون، گۆڤاری "ڤەژینی جڤاکی"یان چاپ و بڵاوکردەوە. ھەڵبەت ئەو گۆڤارە بە شێوەیەکی یاسایی بڵاوکرایەوە، کارێکی نایاسایی نەبوو، بەڵام تەنیا ٥-٦ ژمارەی بڵاوکرایەوە. پاشان داخرا.

سیستەمی ١٢ی ئەیلول کە بەردەوام بوو، لەوە زیاتر بەرگەی بڵاوکراوەی لەو شێوەیەی نەگرت. بەڵام دایشی بخەن، قەدەغەشی بکەن، ئیرادە و هێرشەکانیان شکستی هێنابوو. گەریلا ئەوەی تێکشکاندبوو. خەڵک خۆڕاگری دەکرد. کاتێک ئەوان بڵاوکراوەکانی ئێمەیان قەدەغە کرد، لە جزیر و نسێبین سەرھەڵدان دەستی پێکرد. کۆمەڵگا لە سیستەمی داگیرکەر و قڕکەر دابڕا. دەرگا بەڕووی سیاسەتی دیموکراتیک کرایەوە. بەم شێوەیە بۆ ڕاگەیاندنی ئازاد دەرفەت و ھەلومەرجەکانی بەڕێوەبردنی خەبات ڕەخسا. زۆرێک لە شۆڕشگێڕان، وڵاتپارێزان، مرۆڤە بەنرخەکان، ژن و پیاو، لەسەر ئەو بنەمایە لەژێر ناوی جیاجیا کار و خەباتی ڕاگەیاندنیان بەرەوپێش برد، کە کاریگەری خۆی لەسەر تێکۆشانی ئازادی لە کوردستان، دیموکراسی و ڕۆشنگەریی تورکیا دانا و زۆر زیاتر هێرشەکانی پیلانگێڕی و شەڕی تایبەت شەرمەزار کرا. وەک ئۆزگور گوندەم، ئۆزگوڕ هاڵک، یەنی ئولکە زۆریەک لەوانەن. هەندێکیان دوای چەند مانگێک قەدەغە کران. هەندێکیان دوای چەند ساڵێک داخران. بەڵام ڕاگەیاندنی ئازاد زۆر زیاتر خەباتەکانی بەهێزتر کرد و پەرەی پێدا. هێندەی تر گەورەتری کرد.

لە ڕاستیدا وەک گۆڕەپانێکی شەڕ وابوو. نووسیگەکان بە بۆمب تەقێنرانەوە. ئەو کەسانەی کە رۆژنامە و گۆڤارەکانیان بڵاودەکردەوە تیرۆر کران، پەیامنێران دەستگیرکران. بە شێوەیەک، کە ئەو گۆڕەپانە گەورەیەی خەبات کە غوربەتلی ئەرسۆزەکان و سەید ئەڤرانەکان و کۆچگریەکان بونیادیان نا، تەنانەت ئاپێ موساکان هێزێکی زۆریان خستەکار و شۆڕشێکی ڕۆشنگەریان زیندوو کردەوە.

کەس ناتوانێت ڕێگری لەم تێکۆشانە بکات

هەرچەندە ڕۆژانە لەژێر گوشاردا بوو و ھەموو کات شەهیدیش دەدرا، ئەو تێکۆشانە بەڕێوەچوو. سەدان و هەزاران شەڕڤانی ئازادی لەسەر ئەو بنەمایە خۆیان پەروەردە کرد. لەسەر ئەو بنەمایە پەروەردەکران و بەشداری نێو ڕیزەکانی ئازادی بوون. بوونە ئازاترین و فیداکارترین جەنگاوەری تێکۆشانی ئازادی کوردستان و دیموکراتیکبوونی تورکیا. ئەو نەریتە تا ئێستاش بەردەوامە. وەک هەڤاڵ سەید ئاماژەی پێکرد، چیرۆکەکە بەردەوامە، تێکۆشان بەردەوامە. تا ئەو کاتەی کۆمەڵگا هەبێت، خواستی ئیرادەی ئازاد هەبێت، ئامانج و زانابوونی زیندوو بێت، زۆر ئاشکرا ئەو تێکۆشان و خەباتە بەردەوام دەبێت. کەس ناتوانێت ڕێگری لەم تێکۆشانە بکات.

دەبێت ھێڵی کرداری حزب بە شێوەی مەزڵوم دۆغان بێت

لەگەڵ هاوڕێ مەزڵوم دۆغان زۆر خەباتم کردووە. لە دەستەی چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوەندی لەگەڵیدا کارم کردووە. هەڤاڵ مەزڵوم چی بوو؟ ڕێبەر ئاپۆ وتی؛ "هەوێنی هۆشمەندی حزبەکەمان بوو". ڕۆژانە پێداچوونەوەی بە ٥٠٠ لاپەڕەدا دەکرد. بە بیر و باوەڕی گەیشتە ئێمە و تا کۆتایی بەڕێوەی برد. بەڕاستی مامۆستایەکی گەورە بوو. لە تێکۆشانی ئایدیۆلۆژیدا وەک چەقۆیەکی تیژ بوو. مامۆستا بوو، پەیوەندی لەگەڵ خەڵکدا باش بوو. درک و ھۆشمەندی ئەو لەبارەی چالاکبوونی سیاسی زۆر بەرفراوان بوو. خەباتی بانگەشی لە خەباتی ڕێکخستن و چالاکی ھەرگیز دانەدەبڕاند. نەتەنیا مامۆستا بوو. لە هەمان کاتدا لە بەرزترین ئاستدا بەرپرسیارێتی ڕێکخستنی لە ئەستۆ گرتبوو. کاری ڕێکخستنی دەکرد و چالاکوان بوو. بەرخۆدانی زیندانەکان دەستی پێکرد. ئەوە بەسە بۆ ئەوەی ڕاستییەکان ببینین و درکی پێبکەین. ڕێبەر ئاپۆ بە "کاوەی هاوچەرخ" ناودێری کرد. ڕایگەیاند دەبێت پراکتیکی حزب بە شێوەی مەزڵوم دۆغان بێت. هێڵی مەزڵوم دۆغان پێویستی بە هێڵێکی وەھایە. هێڵی شۆڕشگێڕی بە تەواوەتی... بەوجۆرە نەبێت مرۆڤ خەباتێک بکات و بەشداری ئەوی دیکە نەکات.

عەلیشێر کەسێکی بیرتیژ بوو و ڕقی بەرامبەر بە دوژمن زۆر بوو

هاوڕێی تریشم؛ عەلیشێر کۆچگریم دەمێک بوو دەناسی. پێکەوە کارمان کرد. هاوڕێ عەلیشێریش هەمان هەستیاری هەبوو. ئەو هەر چوار ھاورێیە لە تایبەتمەندییەکانیاندا زۆر لەیەک دەچوون. عەلیشێر کۆچگری لە ڕووی بیرتیژی و بەبڕوابوون لە بەرزترین ئاستدا بوو. ڕق و توڕەیی بەرامبەر بە دوژمن زۆر بوو. زۆر ھێمن دیار بوو. بەڵام لەناوەوە وەک گڕکانێک بوو. ئەوانەی لە دەرەوە دەیانبینی دەیانوت زۆر ھێمن و لەسەرخۆیە، زیاتر لە ناو خۆیدایە. بەڵام ئەوانەی لە نزیکەوە دەیانناسی، دەیانزانی کە بەوجۆرە نییە. هاوڕێ عەلیشێر بانگەشەی لەگەڵ ڕێکخستن و چالاکی یەکخست و بەرپرسیارێتی ڕێکخستنی لە ئەستۆ گرت. بوو بە فەرماندە و شەڕی کرد. لە کۆچگرییەوە تا باشوور، لە زۆرێک لە گۆڕەپانەکان ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ کرد.

غوربەتلی دژوارترین کێشەکانی چارەسەر دەکرد

مرۆڤ دەتوانێت لەبارەی زەینەب؛ هاوڕێ غوربەتلی ئەرسۆەوە شتی سەرنجڕاکێشتر بڵێت. وەک ژنێکی شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێز لە خەباتی راگەیاندندا لە پێشی پێشەوە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی رادەپەڕاند و هەمیش لەناو گەریلادا. لە دژوارترین دۆخەکاندا پێشەنگایەتی کرد و بۆ رێکخستنکردنی راگەیاندنی ئازاد، بووە بەرپرسیار، دژواری و لەمپەرەکانی نەهێشت. دژوارترین کێشەکانی چارەسەرکرد. ئەوەمان لە هەڤاڵان بیست. نوسینەکانیمان خوێندەوە. بەڵام ئەو کەسایەتیەمان لە سەر چیاکان و لە ناو تێکۆشاندا ناسی.

هاوڕێ زەینەب زۆر زوو خۆی لەگەڵ هەموو خەباتێکی گەریلادا رادەهێنا، لە شارەوە زوو بەرەو چیا پەڕیەوە. مرۆڤ وایدەزانی چەندین ساڵ پەروەردەی گەریلایەتی بینیوە، رووبەڕووی کێشەکانی گەریلا بووەتەوە؛ کاتێک لە شار، لە خەباتی پرۆپاگەندە و بانگەشەوە دەهات بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا، زاپ، ئاڤاشین، مەتینا بەشداری لە خەباتەکانی بڕیارگەی ناوەندی دەبوو، مرۆڤ دەیگوت وەک ئەوەیە دەیان ساڵ لەوێ ماوەتەوە. زۆر بە ئەزمون بوو.

هەم خۆیان پەروەردەکرد، لەگەڵ مرۆڤەکان دەگونجا، هەمیش وەک پەروەردەکارێک پەروەردەی دەدا، کێشەکانی چارەسەردەکرد، بە هەموو جۆرێک فەرماندەیی گەریلای کرد. سەرەتای هاوینی ساڵی ١٩٩٦ لە فەرماندەیی بڕیاگەی ئارگەکە بوو. لە زاپ، گارە و مەتینا ئێمە پێکەوە کارمان کرد. پێکەوە بەشداریمان لە کۆبوونەوەکان دەکرد، گفتوگۆمان لە سەر کێشەکانی رێکخستنکردن، بە کێشەکانی شەڕ و پەروەردەوە سەرقاڵ بووین. لە چارەسەرکدنی کێشەکاندا، قایلکردنی مرۆڤەکان و پەروەردەدا، لە سازکردنی پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤەکان، لە پێشەوەی هەموان بوو. هەڤاڵ زەینەب گەورەترین کێشەکانی چارەسەر کرد. بەر لە هەموو کەس لە شوێنێکەوە دەچووە شوێنێکی دیکە، لە ناوچەیەکەوە دەچووە ناوچەیەکی دیکە. خۆی لە خۆیدا شەهیدبوونیشی بەم جۆرەبوو. لەبەر ئەوەی هەندێک کێشە چارەسەر نەبوون خۆی بۆ چارەسەرکدنی تەرخان کرد و بەو بڕوا و هەستی بەرپرسیارێتیە زیاتر رووبەڕووی دژواری و بەربەستەکان دەبووەوە و لە بۆسەی دوژمندا بە شێوەی دڕندانە شەهیدبوو.

دەبێت مرۆڤ هەڤاڵ زینەب بەم جۆرە بناسێت. لە یەکەم ژنەکان نەبوو کە بەشداری لە گەریلا کردبوو، بەڵام زۆر زوو خۆی بەرەوپێش بردبوو، زۆر شانی دەدایە بەر ئەرک و بەرپرسیارێتی، لە دژوارترین سەردەمدا زۆرترین خاوەنداری لە خەباتی ئایدۆلۆژی، رێکخستنی و سەربازی کرد، خەباتی گەریلابوونی ژنانی زیاتر بەرەوپێش برد. بۆ بەرێککخستنبوون و دامەزراندنی یاژک و بەپارتیبوونی وەک پێشەنگێک بەشداری لە کارەکاندا کرد.

سەید ئەڤران ئەنجامی دەدا و بیری دەکردەوە، بیری دەکردەوە و ئەنجامی دەدا

ئەوانەی هاوڕێ سەید ئەڤرانیان دەناسی زۆرن. بۆ ساڵانێکی زۆر لەگەڵ گەریلادا مایەوە. سەرەتا لە هێڵی ئامەد-دێرسیمی باکووری کوردستان، لە زۆر گۆڕەپاندا مایەوە، تێکۆشا، دوای پیلانگێڕیی سەرلەنوێ بەشداری لە خەباتی پڕۆپاگەندە و بانگەشە و راگەیاندندا کردەوە، زۆر راوەستەی لەسەر کرد و زۆر هەوڵ و ماندووبوونی لەپێناویدا خستەگەڕ، بە دەیان و سەدان کادری راگەیاندنی ئازادی پەروەردەکرد و زۆر بەرهەمی خوڵقاند. هەڤاڵ سەید کاتێک شتێکی بکردایە بیری دەکردەوە، بیری دەکردەوە و ئەنجامی دەدا.

بەشداری لە زۆر خەباتی دژواردا نەکرد، کتێبی زۆر گەورەی نەنوسی، لێکۆڵینەوەی تیرۆریک، توێژینەوە و گفتوگۆی زۆر قووڵی نەکرد. یان من نەمبینیوە. کەم کەس دەتوانی وەک ئەو پێناسەی ژیانی زۆر خۆڕسک و کورت بکات. هەندێک جار بە وشەیەک، بە بزەیەک، جوڵەیەک دەیتوانی زۆر شت باس بکات.

وەستانی پێنەدەکەوت، نەدەسرەوت؛ یاخود بۆ ئەوەی تێکۆشانی ئازادی بەرەوپێش بچێت، بۆ ئەوەی گەل و مرۆڤایەتی تێکۆشان بناسێت، بۆ پەروەردەبوونی کۆمەڵگا لەسەر ئەو بنەمایە بە شەو و رۆژ خەباتی کرد. نەخۆش و ماندووبوونی بۆ خۆی نەدەکردە لەمپەر، لە چوار لای کوردستان لە سەر هێڵی رووسیا-ئەرمینیا، لە هەموو شوێنێک کە توانی خۆی بگەیەنێت، هەوڵی زۆری دا. زوو بیریدەکردەوە و زوو بڕیاری دەدا و پلانی دادەنا. تا کۆتا هەناسەی زۆر هەوڵیدا.

بووە ئافرێنەری میراتێکی گەورە

کۆتا وەسیەت و راسپاردەی ئەو... لە وەها دۆخێکی دژوار و ئەستەمدا ئەو هەمووە وردبوونەوەی هەست و ئەندێشە لە ماوەیەکی ئەوەندە کەمدا، پێناسەکردنی ئاسان نییە. هەڤاڵ سەید راستی خۆی بە باشی پێناسە کرد. بە تێگەیشتن و خۆشەویستی بۆ ژیان، بە خۆشەویستی، زانین و خۆبەرێکخستنکردن تێکۆشانی بەڕێوەبرد. ئەوەی لەدەستی هات کردی. زۆر ئەزمون و بەهای هێنایە کایەوە و خستیە خزمەت تێکۆشانەوە. لە هەموو کایەکانی تێکۆشاندا بەشداربوو و بووە ئافرێنەری میراتێکی گەورە.

بەهۆی دژواری و ئاستەنگەکان ئازاری دەبینی، بەڵام هەرگیز لە ئامانجەکەی دانەبڕا. لە دژوارترین هەلومەرجدا کاتێک دەرفەتی بۆ خزمەت بە تێکۆشان و رۆشنگەری دەبینیەوە، بە بێ گوێدان بە لەمپەر، ئازار و دژواریەکان پڕۆپاگەندە و بانگەشەی بۆ خەباتی شۆڕشگێڕیی دەکرد.

بە هێز و تامەزرۆیی رۆژنامەوانی و پەروەردەکاری و خەباتی پرۆپاگەندە-بانگەشەی کرد. زۆر هەوڵیدا، بە شێوەی کرداری تێکۆشا. دەستکەوت و بەرهەمی زۆر بوو.

پڕۆپاگەندە بوار و مەیدانێکی پەروەردەیە

خەباتی راگەیاندن و بڵاوکردنەوە، بەتایبەتی لە سێهەم سەردەمی بە پارتیبوونماندا، گۆڕەپان و مەیدانی سەرەکی پرۆپاگەندە و بانگەشەیە. گۆڕەپان و بوارێکی پەروەردەییە. پڕۆپاگەندە- بانگەشە، پەروەردەیە. پەروەردەی پارتی، پەروەردەی گەلی وڵاتپارێز، پەروەردەی گەنجان و دۆستان، پەروەردەی مرۆڤایەتی. پێشتر وەک بزوتنەوە پرۆپاگەندە و بانگەشەی زارەکیمان دەکرد و سەرکەوتوو بووین. لە سەر بنەمای پرۆپاگەندەی چەکداریش لە رێگەی گەریلاوە؛ ئێمە لەوەشدا سەرکەوتوین. ئێمە لە رێگەی چاپەمەنی- بڵاوکردنەوەش کردمان. لە راستیدا لە سەروو سەرووەوە ئێمە لەوەدا سەرکەوتین. بەڵام قۆناغەکە هێشتاش بەردەوامە.

دەبێت ئێمە ئەوە باش بزانین؛ مرۆڤ لە چالاکیدا تەنیا بە رێکخستن سەردەکەوێت. رێکخستنت هەبێت، هێزیشت دەبێت، تۆ چالاکی بەهێز ئەنجام دەدەیت. بە شێوەیەکی دیکە نابێت. رێکخستنیش لە رێگەی پەروەردەوە ساز دەکرێت. بە بێ پەروەردە مرۆڤ ناتوانێت کەس رێکبخات و قایلیان بکات. ناتوانێت شێوە بە هەست و هزری ئەوان ببەخشێت. خەباتی رێکخستنی، لە بنەڕەتدا خەباتی پەروەردەییە. پەروەردەش پرۆپاگەندە و بانگەشەیە و ئێمە لەم سەردەمەدا، لە سەردەمی سێهەمینی بە پارتیبووندا لە رێگەی ئامرازی راگەیاندن- بڵاوکردنەوە ئەوە ئەنجام دەدەین.

خۆی لە خۆیدا رێکخستنبوون لە رێگەی خەباتی راگەیاندن- بڵاوکردنەوەیە کە بە پەروەردەوە بەڕێوەدەچێت. هێزی بەرەوپێشبردنی تێکۆشانی ئازادی و شۆڕشگێڕی خەباتی چاپەمەنی- بڵاوکردنەوە، پرۆپاگەندە و بانگەشەیە. دەبێت ئەوە لە دەرەوەی تێکۆشان و پراتیک نەبینین. نابێت هەرگیز لەبیری بکەین کە خەباتی راگەیاندن- بڵاوکردنەوە، پڕۆپاگەندە، بانگەشە، خەباتی پەروەردەکردنە. دەبێت مرۆڤ پەروەردە لە رێکخستنبوون و چالاکی دانەبڕێت و جیای نەکاتەوە.

مەزڵوم دۆغان ئەوەی بە تەواوەتی ئەنجامدا. عەلیشێر کۆچگری، غوربەتلی ئەرسۆز، سەید ئەڤران ئەوەیان بە تەواوەتی ئەنجامدا. هێڵی دروست  و راست ئەوەبوو. پرۆپاگەندە و بانگەشە لە بەرێکخستنبوون و چالاکی داببڕێت، بێ ناوەرۆک و بێ واتایە. هیچ ئامانجێکی نییە. هیچ واتا و بەهایەک بۆ خەباتی بە بێ ئامانج بوونی نییە.

هەروەها بەرێکخستنبوون کە پێویستی چالاکی نەبینێت و بە گوێرەی تایبەتمەندی ئەوە شێوە نەگرێت، خەباتی پرۆپاگەندە- بانگەشە بەو رۆڵی کە دەخوازرێت ناتوانێت بە ئەنجامی بگەیەنێت. دەبێت ئێمە ئەو کارە بە گوێرەی ئامانجەکان بکەین. چۆنێتی ئەو کارەی کە دەیکەین دەبێت بە گوێرەی ئەو جەوهەرە بێت. وتن، نوسین، شێوازی دەربرینمان، جموجۆڵ، جلوبەرگ، هەموو شتێکمان بە گوێرەی ئامانجەکەمان بێت. ئەو ئامانجەی ئێمە دەکەوێتە خزمەتی سەرکەوتنمان. ئەوە چۆن دەکرێت؟ رۆڵی پەروەردەکردن رادەپەڕێنێت. ئەوەش بۆ بەرەوپێشبردنی بەرێکخستنبوون و چالاکی بۆ ئازادی دەبێت.

پشت بەستن بە کۆمەڵگا لاوازە

لەم رووەوە کەموکورتی و لاوازی هەیە؟ بەرای من هەیە. ئێمە گفتوگۆ دەکەین، رەخنە و رەخنەدان دەکەین. بەڵام تێنەگەیشتن لە ئامانج و ئەقڵەیەتی دوورکەوتنەوە لە ئامانج هەیە. هەڵوێستی بەئامانجنەگرتنی سەرکەوتن هەیە. ئێمە بۆچی پرۆپاگەندە- بانگەشە دەکەین یاخود بۆچی خەباتی راگەیاندن- بڵاوکردنەوە دەکەین، ئەوانەش هەن کە ناتوانن وەڵامی بدەنەوە. لەم رووەوە ناوریایی هەیە. هەڵوێست و جموجۆڵی بە جێنەگەیاندنی ئەرک و بەرپرسیارێتی هەیە.

پشت بەستن بە کۆمەڵا لاوازە. ئێمە راگەیاندنی ئازاد، خەباتی پەروەردەیی گەل و کۆمەڵگا بەڕێوەدەبەین. ئامانجی خەباتی راگەیاندنی ئێمە ئەوەیە. دەبێت مرۆڤ ئەو ئامانجە بگرێتەبەر و کۆمەڵگا پارێز و کۆمەڵگا تەوەر بێت. لەگەڵ کۆمەڵگا بێت. پشت بە هێزی کۆمەڵایەتی ببەستێت، زیاتر کۆمەڵگا بگرێتەخۆی. ئەوە کەم دەکرێت.

گۆڕەپانەکەی زۆر بەرتەسک کراوە. وەک کارێکی جیاوازی لێهاتووە. بەڵام لە راستیدا نابێت بەو جۆرە بێت. خۆی لە خۆیدا بە زۆری دەوترێت؛ خەباتی پیشەیی و ناپیشەیی. ئەو جیاکردنەوەیە هەڵەیە. راستە تایبەتمەندی پرۆپاگەندە- بانگەشە هەیە. بۆ سەرکەوتن، بەجێگەیاندنی رۆڵی پەروەردەیی، دەبێت مرۆڤ ئەو تایبەتمەندیانە بزانێت. بەڵام هەندێک کەس ئەوە دەکەن، دەبێت ئێمە نەڵێین کە ئەوە بە هەندێک کەس دەکرێت. تا ئێمە بتوانین گەنجان و ژنان بەشداری پێبکەین. دەبێت گۆڕەپانێک بە رێکخستنکردنی بەو جۆرە هەبێت، گۆڕەپانی پەروەردە و رێکخستنکردن هەبێت. ببێتە ناوەندێکی سەرنجڕاکێش. دەبێت ببێتە ناوەندێکی هاندانی کۆمەڵگا بەرەو تێکۆشان.

ئەگەر ئێمە لە مەزڵوم دۆغانەوە تا سەید ئەڤران لە راستی شەهیدانی راگەیاندنی ئازاد، هێڵی ئاپۆیی بە دروستی تێبگەین، ئەو کاتە دەبێت ئێمە بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ خەباتی پرۆپاگەندە- بانگەشە بکەین. مامەڵەکردنمان بەو جۆرە بێت ئێمە سەردەکەوین.

ئەوانەی بۆ ئامانجێکی گەورە کار دەکەن، باشترین دەکەن

ئەمە کارێک نییە کە بە هێز، دەرفەت و تەکنیک ئەنجام بدرێت. تەکنیکەکەشی گرنگە. شتەکانی تریش گرنگن، بەڵام نابێت مرۆڤ زۆر خۆی بەوانەوە ببەستێتەوە. ئەو کاتەی ھێشتا ئامراز و کەرەستەیەکی نووسراو نەبوو، ڕێبەر ئاپۆ و ئەو کەسانەی لەگەڵیدا بوون بە شێوەیەکی زارەکی ئەو کارەیان دەکرد. ڕۆژنامەنووسێک لە ڕێبەر ئاپۆ دەپرسێت؛ گەورەترین چەک چییە؟ بێ دوودڵی دەڵێت؛ "زمانی من". گەورەترین ئامراز و چەک کە ڕێبەر ئاپۆ لەڕێگەیەوە لە هەموو ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو بوو، زمانی بوو. ئەو کارەی بە زمانی خۆی ئەنجامدا. بە بانگەشە و هەروەها لەڕێگەی گەریلاشەوە ئەو کارەی کرد. گەریلا ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکان بوون بە پەروەردەکارترین هێزی کۆمەڵاتی. ئەگینا بەوشێوەیەش دەبێت. بە ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەش دەبێت، لە ڕێگەی ڕۆژنامە، گۆڤار، ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، دیجیتاڵ میدیا، بە هەموو شێوەیەک مرۆڤ دەتوانێت ئەنجامی بدات. ئێمە لە هەموو کەسێک باشتر دەتوانین ئەنجامی بدەین. ھەربۆیە ئێمە ئەمە لە پێناو ئامانجێک دەکەین. بۆ ئافراندنی ژیانێکی نوێ ئەمە دەکەین. بۆ لەناوبردنی ئەقڵیەت و سیاسەتی فاشیزم، داگیرکاری و قڕکاری ئەنجامی دەدەین. ئێمە بۆ کۆتایی ھێنان بە سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمراڵی، بۆ بەدیهێنانی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، ئەو کارە دەکەین. بۆ چارەسەری کێشەی کورد، کوردستان و تورکیایەکی ئازاد، دیموکراتیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمە دەکەین. ئێمە لەپێناو ئەوەی مرۆڤایەتی بتوانێت بە ئازادی بژیت ئەو کارە دەکەین. ئەوە لە پێناو ئامانجێکی گەورە دەکەین و بۆ بەرژەوەندیەکی بچووک ناکەین. ئەوانەی بۆ ئامانجێکی گەورە کار دەکەن، بە باشترین شێوە ئەنجامی دەدەن. ڕاستترین قسە دەکەن، باشترین جموڵە ئەنجام دەدەن، بە باشترین شێوە هەواڵ ئامادە دەکەن، نووسینی قووڵ دەنووسن، بە باشترین شێوە وتە پێشکەش دەکەن. دەبێت مرۆڤ لە ناخیشەوە باوەڕی پێی ھەبێت. چونکە دووڕوو و ساختەکار نین. قسە و ژیانیان یەکێکە. بەو جۆرەی دەژین بەو شێوەیەش دەینووسن، ھەر بۆیە کاریگەری دادەنێن و ھێزی باوەڕپێھێنانیان ھەیە. دەبێت ئێمەش بەوشێوەیە بین.

هێڵی ڕاگەیاندنی ئازاد، هێڵی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازادە. تێکۆشانی بنەڕەتی بۆ ئازادی، هێڵی گیانبازانی ڕێبەر ئاپۆیە. نابێت کەس بە شێوازێکی تر بیبینێت. ئەگەر مامەڵەی ئێمە بەوجۆرە بێت، تا ئێستا چۆن سەرکەوتوو بووین، لەمەودواش سەردەکەوین. ئێمە بڕوامان بەوە هەیە. دژواری و ڕێگری هەیە. ئەگەر مرۆڤ بتوانێت بە عەشق و خۆشەویستی، بە هەوڵ و ماندووبوون، بە تامەزرۆییەوە دەرەقەتی ئەو دژواری و لەمپەڕانە بێت. خۆی لە خۆیدا ئەوە جێبەجێ دەبێت. تێکۆشانی گەورە بە خۆشەویستییەوە بەردەوامە. کۆمەڵگا زیاتر بەمشێوەیە پەروەردە دەبێت، ڕاستی دەردەکەوێت.

شۆڕشی ڕۆشنگەری کە لە ڕێبەر ئاپۆوە، لەسەر بنەمای تێپەڕاندنی لە کورد و بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو مرۆڤایەتی دەستی پێکرد، لەسەر بنەمای لە ئامێزگرتنی ژنان و گەنجان بەردەوامە و گەشەتر دەبێت. بزوێنەرکەی، خەباتی ڕاگەیاندنی ئازاد و بڵاوکردنەوەیە. ئەو بزوێنەرەی بە دروستی کار بکات، شۆڕشی ڕۆشنگەری گەشتر، قووڵتر و بەرفراوانتر دەبێت و بەرەو پێش دەچێت. من لەو بڕوایەدام، لەسەر ئەو بنەمایە، لە کەسایەتی مەزڵوم، عەلیشێر، زەینەب و سەید دا یادی هەموو شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد، شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی، بە ڕێز و خۆشەویستی و پێزانینەوە دەکەمەوە. ھیوای سەرکەوتن بۆ هەموو ئەو هاوڕێیانە دەخوازم، کە لەسەر ڕێچکەی شەھیدان بە تامەزرۆییەوە خەباتی بانگەشە و پڕوپاگەندە دەکەن.